Red Purple Black

رونكردنەوەیەك لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن

PDFPrintE-mail

دەرباری ڕاگرتنی خزمەتگوزاریەكانی كۆمپانیایی ( ئاڵای نەورۆز تیلیكۆم ) لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ئێمە وەك وەزارەت بە جەماوەری بەرێزی كوردستان ڕادەگەیەنین كەوا كۆمپانیای ناوبراو مۆڵەتپێدراوی وەزارەتمانەو مافی خۆیەتی خزمەتگوزاری لە هەموو كوردستان پێشكەش بكات و بریاری ڕاگرتنیشی لە پارێزگای سلێمانی دەرچووە بە بێ ئاگاداری وەزارەتمان، بۆ چارەسەر كردنی ئەم گرفتە چەند كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام داوە و ئێستاش لە چاوەروانی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانین بۆ چارەسەركردنی كێشەكە  .

دەنگۆی وا بڵاو بۆتەوە كە مۆڵەت بە هەندێك كۆمپانیا نادرێت لە سەرتاسەری هەرێم كار بكەن، ئێمە ڕایدەگەیەنین ئەو مۆڵەتانەی لە دەسەڵاتی وەزارەتمانە بە پێی دەستوری عێراق و ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتمان وەزارەتی گەیاندنی عێراقی فیدرالە.

 هەروەها لەلایەن وەزارەتمان و   ((CMCوە تا ئێستا پتر لە (20)مۆڵەتمان بە كۆمپانیاكان داوەو بە پێی داواكاری خودی كۆمپانیاكان، هەندێكیان لە سەرتاسەری هەرێم و هەندێكیشیان لە سنووری پارێزگایەك كاردەكەن.

لە ڕابردوو دا بە حوكمی ئەوەی دوو ئیدارەیی هەبوو و هەر كابینەیەك بە پێی زروفی سیاسی ئەوسا لە هەرێم و عێراق بە مەزەندەی خۆی كاریكردوە، ئێمە هەوڵماندا ئەم بوارە ڕێك بخەینەوە، هەر لەبەر ئەوەش بوو مۆڵەتی ژمارەیەك كۆمپانیامان بەپێی یاسا هەڵوەشاندەوە چونكە پابەند نەببون بە ناوەڕۆكی گرێبەستەكانیان و خزمەتگوزاریان پێشكەش نەكردبوو  .

سەبارەت بەو پڕوپاگەندەیەی كە وەزارەتمان خزمەتگوزاری هەندێك كۆمپانیای ڕاگرتوەو ناهێڵێت لە سەرتاسەری هەرێم كار بكەن ئەمە هیچ بنەمایەكی نیەو ئەم مافەمان لە هیچ كۆمپانیایەك زەوت نەكردووە و كەسیش لەم بوارە سكاڵای پێشكەشمان نەكردوە.

ئێمە وەك وەزارەت، بە گەڕانەوە بۆ سیاسەتی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە هاندانی وەبەرهێنان و پاڵپشتی كردنی كەرتی تایبەت، هەردەم هاوكاری و هەماهەنگی كۆمپانیاكانمان كردوە بەبێ‌ جیاوازی و هەوڵمانداوە كەش و هەوایەكی لەبار بڕەخسێنین بۆ كێبڕكێ كردن بەمەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر و گونجاوتر، هەر لەسەر ئەم بنەمایە ڕسوماتێكی كەم لە كۆمپانیاكان وەردەگرین تاوەكو لە ئەنجامدا هاوڵاتی سودمەند ببێت.

هەروەها ڕایدەگەیەنین كە وەزارەتمان پەیڕەوی ستراتیژیەتی خۆی بە پێی یاسا و ڕێنماییەكان و ڕێكەوتنەكانمان لەگەڵ بەغدا دەكات و نەهاتوینەتە ژێر گوشاری هیچ كام لە كۆمپانیا و لایەنە سیاسیەكان.

 لەگەڵ رێزماندا

راگەیاندنی وەزارەتی

گواستنەوە و گەیاندن

29-12-2011


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.