Red Purple Black

نازك سه‌لیم .. نه‌ ئه‌ڤینداری ده‌كه‌م، نه‌ شوو ده‌كه‌م ... چاوپێكه‌وتنی زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

كچه‌ گۆرانیبێژی لاو نازك سه‌لیم، له‌ده‌ڤه‌ی ئامێدی ده‌ستی به‌ گۆرانی گوتن كردووه‌، ئه‌و ده‌ڵی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ هه‌موویان ده‌نگیان خۆشه‌، "به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی گۆرانیبێژی كچ له‌ ده‌ڤه‌ری ئامێدی نه‌بوو، ماڵه‌وه‌ ته‌نیا هاوكاری منیان كرد وه‌ك كچه‌ گۆرانیبێژێكی كورد له‌و ده‌ڤه‌ره‌ ده‌ركه‌وم و گۆرانی بڵێم".نازك به‌ مه‌به‌ستی به‌شداربوونی له‌ فیستیڤاڵی "رێزگرتن له‌هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ" كه‌ له‌ هۆڵی پێشه‌وا سازكرا، دوو رۆژ له‌ هه‌ولێر مایه‌وه‌ و به‌ جله‌ كوردییه‌كی ره‌نگ شین له‌سه‌ر شانۆ سی گۆرانی پێشكه‌شكرد، دواتر له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌ به‌شداربووه‌كانی دیكه‌ خه‌ڵاتی فیستیڤاڵه‌كه‌ی وه‌رگرت و هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌یدا بۆ هه‌ولێر، "سڤیل" ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ سازكرد.

نازك سه‌لیم، له‌ 1989 له‌ دێره‌لوك له‌ دایبكبووه‌، خاوه‌ن چوار كلیپ و ئه‌لبوومێكی گۆرانییه‌، ده‌ڵی ئه‌لبوومێكی دیكه‌م ئاماده‌كردووه‌، كه‌ ده‌نگ و موزیكه‌كه‌ی ته‌واوبووه‌، گۆرانییه‌كی له‌و ئه‌لبوومه‌ له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر عادل ئاكره‌یی كلیپ كردووه‌، به‌ڵام هێشتا بڵاوی نه‌كردۆته‌وه‌، نازك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وان هه‌موویان ده‌نگیان خۆشه‌، به‌ڵام له‌ناو بنه‌ماڵه‌كه‌یان ته‌نیا نازك وه‌ك گۆرانیبێژ ده‌ركه‌وتووه‌، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌ به‌ ده‌نگخۆشی ناوبانگی هه‌یه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌من كه‌سی دیكه‌ به‌ره‌سمی له‌سه‌ر شانۆ گۆرانی نه‌گوتووه‌، ئه‌گه‌ر پێیان بڵێم گۆرانییه‌كم له‌گه‌ڵ تۆمار بكه‌ن ده‌یكه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ گۆرانی ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر بیانه‌وی له‌ گۆرانییه‌ك هاوكاریم بكه‌ن وه‌ك كۆرس، بۆ نموونه‌ خوشك و برام و خاڵم ده‌نگیان زۆر خۆشه‌، هه‌روه‌ها دایكیشم ده‌نگی خۆشه‌، به‌ڵام دایكم به‌س له‌ ماڵ گۆرانی ده‌ڵێت و هاوكاری منه‌".نازك ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ سه‌ره‌تا خۆی حه‌زی به‌وه‌ نه‌كردووه‌ گۆرانی بڵێت، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كه‌یان زۆر پشتگیری و هاندراوه‌ گۆرانی بڵێت، نازك ده‌ڵێت "له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ده‌ڤه‌ری ئامێدی كچی گۆرانیبێژ نه‌بوو، ماڵه‌وه‌مان زیاتر هاوكاری منیان كرد، بۆئه‌وه‌ی وه‌ك كچه‌ كوردێكی ده‌ڤه‌ری ئامێدی گۆرانی بڵێم و خزمه‌تی كوردستان بكه‌م".نازك به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر قسه‌كانی خۆی، گوتیشی "بۆمن جێگه‌ی شانازییه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری بادینیان ده‌ركه‌وتم و هه‌ر له‌وێش ناوبانگی باشم دروستكرد، به‌ڵام تائێستا نه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و نه‌ حكومه‌تی كوردستان هاوكاری منی نه‌كردووه‌، خۆشم داوای هاوكاریم نه‌كردووه‌".

نازك باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌و به‌رده‌وام حه‌ز ده‌كات به‌رهه‌می نوی بڵاوبكاته‌وه‌ و "كچێكی پڕبه‌رهه‌م" بێت، هه‌میشه‌ كلیپ و گۆرانی نوی له‌ كه‌ناڵه‌كان په‌خش بكرێت، نازك ئه‌وه‌شی گوت "به‌ڵام مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر حه‌زبكه‌م ژماره‌ی گۆرانییه‌كانم زیاد بكه‌م، من ده‌مه‌وێت خزمه‌ت بكه‌م و كچه‌ شۆڕشگێرێكی كورد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆر شت هه‌یه‌ به‌حه‌زی مرۆڤ نابێت، به‌تایبه‌ت كاری هونه‌ری زۆر سه‌خته‌، ئه‌گه‌ر هاوكارییه‌كی باشی مادی له‌پشت كاره‌كانته‌وه‌ نه‌بێت".نازك سه‌لیم هێنده‌ گوێگری گۆرانییه‌كانی شه‌هریبانا كوردییه‌، ئاوات به‌وه‌ ده‌خوازێت هونه‌رمه‌ندێكی وه‌ك شه‌هریبانی لی ده‌رچێت "پێم خۆشه‌ رۆژێك له‌رۆژان بێمه‌ ئاستی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند شه‌هریبانا كوردی، هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و كوردپه‌روه‌ره‌، زۆر گوی له‌گۆرانییه‌كانی ده‌گرم" نازك ده‌شڵی "به‌رده‌وام به‌ ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ شه‌هریبانا كوردی قسه‌ ده‌كه‌م و هه‌ر كارێك بكه‌م بۆچوونی ئه‌و وه‌رده‌گرم و ئامۆژگاریم ده‌كات، ده‌ڵێت نازك كچێكی خۆڕاگربه‌ و خزمه‌تی كوردستان بكه‌، به‌رده‌وام به‌ جلوبه‌رگی كوردی وه‌ره‌ سه‌ر شاشه‌".نازك حه‌زی به‌ لاوكه‌، هه‌مووش ده‌ڵێن نازك لاوكمان بۆ بڵی، چونكه‌ نازك ده‌ڵی "خه‌ڵك پێم ده‌ڵێن ده‌نگت خۆشه‌ بۆ لاوك، بۆ هه‌ر پرۆگرامێك بچم داوای لاوكم لی ده‌كه‌ن، خۆشم گه‌له‌ك حه‌ز به‌ لاوك ده‌كه‌م، به‌ڵام هه‌موو كه‌س ناتوانی به‌ جوانی لاوك بڵێت و بڵێ من لاوكبێژم، ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌ جوانی لاوك بڵێ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانی به‌ سه‌ركه‌وتوویی گۆرانیش بڵێ، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی بتوانی گۆرانی بڵێ له‌لاوك گوتن سه‌ركه‌وتوو بیت"

نازك ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌بیستنی بڕینداركردنی گۆرانیبێژی ناودار ئیبراهیم تاتلیساس زۆر دڵگران بووه‌، نازك ده‌ڵی غه‌مباری من له‌وه‌دایه‌ "له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆژێك له‌رۆژان گۆرانیم له‌گه‌ڵ ئیبراهیم تاتلیساس گوتووه‌، ئه‌وه‌ یادگارییه‌كی خۆشی له‌ ژیانی من تۆماركرد، كه‌ له‌ ئاهه‌نگێك له‌ هوتێل خانزادی شاری هه‌ولێر پێكه‌وه‌ گۆرانی (وه‌لاته‌ ناگرم) ـمان گوت، ئینجا گوتی نازك ده‌نگی تۆ كچێكی زۆر جوان و ده‌نگخۆشی، حه‌زده‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆم بێی بۆ توركیا، منیش پێمگوت سوپاست ده‌كه‌م، به‌ڵام حه‌زده‌كه‌م له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆم كوردستان خزمه‌ت بكه‌م، نازك ده‌ڵی سوپاس بۆ خوا ئێستا ئیبراهیم سه‌لامه‌ته‌ و هیوادارم به‌ زووترین كات جارێكی دیكه‌ ده‌ست به‌ گۆرانی وتن بكاته‌وه‌.

نازك، ئه‌وه‌شی شكراكرد جگه‌ له‌كاری هونه‌ری له‌ لقی 18ی پارتی دیموكراتی كوردستان كادیره‌، "به‌ڵی راسته‌ له‌ لقی 18 پارتی كادیرم، به‌ڵام زۆر ده‌وام ناكه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زانن سه‌رقاڵی كاری هونه‌ریم زۆر هاوكاریم ده‌كه‌ن، لێره‌وه‌ سوپاسیان ده‌كه‌م".به‌ڵام نازك ئه‌وه‌ك خۆیشی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ئاماده‌ نییه‌ نه‌ ئه‌ڤینداری بكات و نه‌شوو بكات، كه‌ به‌ قسه‌ی خۆی ته‌نیا له‌به‌ر پێشكه‌وتنی هونه‌ره‌كه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی داوه‌، گوتی " له‌ ئێستادا نه‌ ئه‌ڤینداری ده‌كه‌م نه‌ شوو ده‌كه‌م، جاری بچووكم و رێگای زۆرم له‌به‌رده‌م ماوه‌، حه‌زده‌كه‌م زیاتر په‌ره‌ به‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانم بده‌م، ئه‌گه‌ر خۆم به‌ ئه‌ڤینداری و شووكردن گرێبده‌م ده‌به‌سترێمه‌وه‌ و له‌ كاری هونه‌ری دواده‌كه‌وم، خۆم به‌ ماڵی باوكم و هونه‌ره‌كه‌م گرێبده‌م باشتره‌ نه‌ك شووكردن، زۆر داخوازیم بۆ هاتووه‌ و كه‌سی زۆر باش و رۆشنبیر داوای زه‌واجیان لیكردووم، به‌ڵام وه‌ك گوتم ئێستا شووكردن له‌ مێشكی مندا نییه‌ و نامه‌وی نه‌ ئه‌ڤینداری بكه‌م نه‌ شوو بكه‌م".ئه‌و كچه‌ گۆرانیبێژه‌ خۆیشی دان به‌وه‌دا ده‌نێت كچێكی زۆر شه‌رمنه‌، ده‌ڵێت "بۆ ئاهه‌نگ و پڕۆگرامێك ده‌چم، له‌به‌ر شه‌رمه‌كه‌م نان له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك ناخۆم و ئیلا ده‌بی به‌ ته‌نیابم، به‌ڵام له‌فیستیڤاڵی محه‌مه‌د شێخۆ زۆر هونه‌رمه‌ند تێیدا به‌شداریان كرد كه‌ خۆشم ده‌ویستن، پێم باش نه‌بوو له‌وێش هه‌ر شه‌رمن بم، له‌و رۆژه‌دا شه‌رمه‌كه‌م فڕێدا" نازك هه‌ر له‌باره‌ی به‌شداریكردنی له‌فیستیڤاڵی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ و وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی فیستیڤاڵه‌كه‌ وتی "جێگه‌ی شانازی من بوو، وه‌ك كچه‌ هونه‌رمه‌ندێكی كورد خه‌ڵاتی فیستیڤاڵی رێزگرتن له‌ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆم وه‌رگرت، به‌شداریكردنم له‌و فیستیڤاڵه‌ گه‌وره‌یه‌ك بوو كه‌ به‌من به‌خشرا، ئه‌و رۆژه‌م له‌بیر ناچێت، هه‌ر له‌و رۆژه‌دا گه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی باش و شاعیری به‌ توانام له‌و فیستیڤاڵه‌ ناسی".

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.