Red Purple Black

په‌کخستنی توانه‌ماکانی ئافره‌ت، په‌کخستنی کۆمه‌ڵگایه‌ ... تابلۆ حه‌سه‌ن

PDFPrintE-mail

جیهانی نوێ فێری کردین که‌ هه‌مو کارێک پیاو بتوانێت ئه‌نجامی بدات ئافره‌تیش ده‌توانێت ئه‌نجامی بدات، ته‌نانه‌ت ئه‌م ڕاستیه‌‌ مه‌یدانی جه‌نگ و پارتیزانیش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ تا کاتێکی نزیک به‌ جوهدێکی پیاوانه‌ ده‌ناسرایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ردو نیوه‌که‌ی جیهان، رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، تا ئێستاش وه‌کو رێژه‌ ده‌بینین هێشتا ئافره‌ت له‌ فارگۆنه‌کانی دواوه‌ی ترێنی یه‌کسانیدا هه‌ناسه‌بڕکێی گه‌یشتنن به‌ وێستگه‌ی ژیان .

تاوه‌کو ئێستا هه‌مو ئه‌و ئافره‌تانه‌ی ده‌رباره‌ی ژن ده‌نووسنه‌وه‌ جگه‌ له‌ یه‌کێکیان که‌ باسه‌کانی بۆ یه‌کسانی ته‌رخان کردووه‌ هه‌مو دێن باس له‌ مافی ئافره‌ت ده‌که‌ن و هه‌ندێ بیرۆکه‌ی لاواز ده‌ڵێن و ده‌ڵێنه‌وه‌ بێئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌نجام و نووسینه‌کانیان هیچی لێسه‌وزباێته‌وه‌، هۆکاریش ئه‌وه‌یه‌ که‌ بیرۆکه‌که‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌، چونکه‌ تۆ که‌ باس له‌ شتێک ده‌که‌یت که‌ ناوی ( ماف ) ه‌ و هی ئافره‌ته‌ و گوایه‌ زه‌وت کراوه‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ ده‌ستهێنانی ئه‌و مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌ پرۆسه‌که‌ په‌کی ده‌که‌وێت و مه‌سه‌له‌ی یه‌کسانی ده‌بێته‌ قوربانی چه‌ند مافێکی سه‌ره‌تایی و کۆمه‌ڵگاش هه‌ر به‌ ئه‌فلیجی ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ که‌ گه‌وره‌که‌ بکرێته‌وه‌ و بکرێت به‌ مه‌سه‌له‌ی یه‌کسانی پیاو ژن له‌ پرۆژه‌ی سه‌رله‌نوێ بیناکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و پرۆژه‌ی به‌ره‌و پێشچوونی کۆمه‌ڵگا و پرۆژه‌ی به‌گڕخستنه‌وه‌ی هه‌مو هزر و وزه‌کان له‌ بواره‌کانی سیاسه‌ت و ئابوری و کلتوور وهتد ده‌توانین به‌ ده‌ره‌نجامی گه‌وه‌ره‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورت یان درێژدا ده‌رچین، ئه‌م پێناسه‌ خاڵێ ناوه‌ندی ناوه‌رۆکی پرۆژه‌که‌ی خاتو مه‌هاباد قه‌ره‌داغی بوو کاتێک به‌ وزه‌ و هزرێکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه‌ هاته‌وه‌ وڵات پۆستی راوێژکاری سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی گرته‌ ئه‌ستۆ به‌ڵام ئه‌فسوس دوای ماوه‌یه‌کی کورت که‌وته‌ ژێر پاڵه‌په‌ستۆی ئه‌وانه‌ی ده‌خوازن کۆمه‌ڵگای کورده‌واری له‌ نێو دوو که‌وانه‌ی حیزبایه‌تیدا به‌ند بکه‌ن و پرۆژه‌که‌ش له‌ ناو دیلانه‌دا خنکێندرا .

ئێستا له‌ وڵاتانی جیهان و له‌ کوردستانیش کۆمه‌ڵێک ئافره‌ت له‌ مه‌یدانی سیاسه‌تدا کار ده‌که‌ن به‌ڵام ره‌نگه‌ مرۆڤ بتوانێت خاڵی جیاوازی نێوانیان بدۆزێته‌وه، هه‌ر بۆ نمونه‌ ئه‌وانه‌ی خۆمان زوربه‌ی زۆریان یان له‌ رێگه‌ی حزبه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ مه‌یدان، یان پێناسه‌ی باوک یان برایان هه‌ڵگرتووه‌، هه‌ر ئه‌وانه‌ش له‌ فرسه‌تێکدا ده‌بینین پیتی دالێک ده‌لکێت به‌ ناوه‌کانیانه‌وه‌‌ بێ ئه‌وه‌ی نه‌ له‌ نووسیندا نه‌ له‌ وتووێژدا توانه‌مای خوێندکارێکیان هه‌بێت، هه‌ر ئه‌مانه‌ش ده‌بینین له‌ پۆسته‌ جیاوازه‌کاندا دووباره‌ و سێباره‌ ده‌کرێنه‌وه‌ و هه‌میشی له‌ ژێڕ ناونیشانی به‌شداری ئافره‌ت له‌ ئیداره‌ و حوکمڕانیدا به‌ شێوه‌یه‌کی وا له‌ زاری هه‌مو تاکێکی کۆمه‌ڵگای کوردستان نیشانه‌یه‌کی پرسیاری ڕاست کردوه‌ته‌وه‌، ئه‌ی کوا مافی به‌شداری کردن بۆ هه‌زاران ئافره‌تی خاوه‌ن ئه‌زموون و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رز و خاوه‌ن دڵسۆزی ڕاسته‌قینه‌ بۆ خزمه‌تکردنی نه‌ته‌وه‌ و وڵاتی خۆیان ؟.

ده‌بێت سه‌رتاپای حزبه‌کان نه‌ک ته‌نها هه‌ردو حزبی ده‌سه‌ڵات به‌ جدی موراجه‌عه‌ی که‌یسی به‌شداریکردنی ئافره‌ت بکه‌ن له‌ حوکمڕانیدا، ئێستا بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ بۆ هیچ ناوێک بکه‌ین ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی ئه‌نجامی کاره‌کانی ئافره‌ته‌ درووستکراوه‌کان بکه‌ین ده‌بینین جگه‌ له‌ رووکه‌شی ته‌نکی به‌شداری کردنی ئافره‌ت هیچ ئه‌نجامێک به‌دی ناکه‌ین بۆ خزمه‌تی کوردستان، ئه‌مه‌ش وامان لێده‌کات که‌ به‌ سه‌رکردایه‌تی کورد بڵێین، فه‌رمون، یان به‌شداری کردنی ئافره‌ت به‌ جدی وه‌رگرن، یان هه‌مو پۆسته‌کان ببه‌خشنه‌ پیاوه‌ سمێلقه‌یتانه‌کان و چیتر باس له‌ پرۆسه‌ی به‌شداری ژن مه‌که‌ن .

لێره‌دا پێویسته‌ بڵێین که‌ ده‌کرێت کچ یان کورانی سه‌رکرده‌ یان شه‌هیدی ( تایبه‌ت ) یان ژنانی به‌رپرسه‌کان که‌سانی به‌ توانا بن، مه‌رج نیه‌ هه‌مویان بێبه‌رهه‌م بن، به‌ڵام خۆ ده‌بێت به‌ پرۆسه‌یه‌کی شه‌فاف و ئاشکرا و به‌ پێی کۆکردنوه‌ی خاڵ پۆست بگرنه‌ ده‌ست نه‌ک وه‌کو ئه‌وه‌ی تا ئێستا کراوه‌، به‌و شیوه‌یه‌ش ده‌توانین بڵێین کارێک ئه‌نجام ده‌ده‌ین که‌ تێیدا نه‌ شیش بسووتێ و نه‌ که‌باب و یه‌کێک له‌ ده‌رگاکانی گه‌نده‌ڵی هه‌تا هه‌تایه‌ داده‌خه‌ین که‌ ناوی ده‌رگای مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسووبیه‌ته‌، به‌و کاره‌ش هه‌م کۆمه‌ڵگا و هه‌م خودی پارته‌کان و هه‌م ژنانیش به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی سووتمه‌ند ده‌بن له‌و پرۆژه‌دا.

ده‌با هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ بکه‌وینه‌ جێبه‌جێکرنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌، هه‌ر ئێستا، نه‌ک به‌یانی چونکه‌ وه‌کو ده‌ڵێن کات وه‌کو تیغی خه‌نجه‌ر وایه‌ گه‌ر نه‌یبڕی ده‌تبڕێت .‌


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.