Red Purple Black

ئه‌گه‌ر هاتی به‌گه‌ڕه‌كی باخا وه‌ره‌ ... چنوور نامیق

PDFPrintE-mail

ده‌نگێك له‌غه‌یبه‌وه‌ ئه‌رژی

ریزه‌ موروویه‌كی سپییه‌

به‌گه‌ردنمه‌وه‌ ئه‌ئاڵی

پوشی له‌بیرچووی هێلانه‌یه‌ك

كۆشم ئه‌كاته‌وه‌ وڵات

وڵاتی جریوه‌ی سپی

ئه‌ڕۆم و رووم جێ ئه‌مێنی

به‌نه‌شئه‌ی سێبه‌ر مه‌ست ئه‌بم

باخچه‌ به‌ناونیشانی گوڵ ئه‌ناسمه‌وه‌

رێگه‌ی چوونم هاوته‌ریبی

هه‌ورێكی چاو به‌ ئۆغره‌

سات نه‌ ساتی

لێم وێڵ ئه‌بی

ده‌نگێك له‌غه‌یبه‌وه‌ئه‌ڕژی

چوون كریستاڵێكی سپی

له‌ قۆڵمدا بازنه‌ ئه‌كا

سروشت وه‌ك منی پۆشیوه‌و

لاڕی ئه‌گری

جار نه‌ جاری

هه‌واڵی زه‌مه‌ن ئه‌پرسی

وه‌ڵام به‌شی وشه‌ ئاونگاوییه‌كانی لێوم ناكا

خه‌ونه‌كانم نایه‌نه‌ رۆژ

تا چه‌ند چرگه‌یه‌كی عومرم

له‌ئامێزتا به‌سه‌ربه‌رم

سه‌فه‌ر له‌ منه‌وه‌ فێربوو

خه‌ونی هه‌ور بكاته‌ ماڵ

عه‌شق له‌منه‌وه‌ فێربوو

گوی به‌وانه‌ی خه‌یاڵ بدا

ژیان له‌منه‌وه‌ خووی گرت

نه‌گاته‌ جی

هاوڕی فه‌لسه‌فه‌ ئه‌مگوژی و

لێم تێناگا

رێگه‌كان هه‌ر ونم ئه‌كه‌ن

دوو گه‌ڵای سه‌وز

ده‌بنه‌ گواره‌ و چرپه‌ی به‌هار

به‌بیستنم ئاشنا ئه‌كه‌ن

به‌هاری دووری مه‌نفاكان. .

له‌تینووبوون بمبینه‌وه‌

چرپه‌ی ئه‌و شه‌وه‌ دوورانه‌

بخۆره‌وه‌ به‌منه‌وه‌ خه‌یاڵ ئه‌بووی

 ئێستا پڕم له‌ ختووره‌ی

ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ری ژیان

سه‌دایه‌ك له‌ غه‌یبه‌وه‌ دی

وه‌كو كراسی بوكێنی شه‌ڵاڵی سپێتیم ئه‌بی

ته‌ماشام لێ ئه‌كاته‌وه‌ و ئه‌یدا

له‌ ره‌نگی گوڵه‌كان

به‌سوحبه‌تی نمایشی گوڵه‌كان هه‌ڵچوونی من

هه‌ورێك ئه‌ڕژی و

چاوه‌كانم تاپۆ ئه‌كا

گه‌ر به‌ دیده‌نیم شاد ئه‌بی

به‌گه‌ڕه‌كی ته‌ڕوتوتوشی باخا وه‌ره‌

گوڵه‌كان لی مه‌كه‌ره‌وه‌

ته‌نیا بۆنیانم بۆ بێنه‌

ناونیشانم له‌ولاتری ماڵی به‌ ئاژاوه‌ی پایزه‌

به‌ڵام نه‌كه‌ی بیرت بچی

پڕ هه‌ناسه‌ت بۆنی گوڵ و

پڕ به‌ده‌ستت مورووی سپیم له‌تۆ ئه‌وی

چاوه‌ڕێمه‌ تا ناو ماڵی خه‌مێكی تازه‌ ئه‌ماڵم

پایزێكی تر به‌ په‌له‌

دی به‌سه‌رم ئه‌كاته‌وه‌

كه‌چی گواره‌ سپییه‌كانم بانگی به‌هارێكی تازه‌

به‌بیستنم رائه‌دێرن

گه‌ر ئه‌ته‌وی بمناسییه‌وه‌

به‌كوچه‌ رێی به‌هاری رابوردوو وه‌ره‌

هه‌ندی سێبه‌ری پاڵكه‌وتوو له‌ چاو بده‌

به‌لام نه‌كه‌ی

خه‌ونی ره‌نگه‌كان ببینی

ته‌نیا ئه‌و ره‌نگانه‌ نه‌بی

كه‌ تامی لێوی من ئه‌ده‌ن

ده‌نگێك له‌غه‌یبه‌وه‌ ئه‌ڕژی

ته‌ماشام ئه‌كاته‌ ئاسمان

پووشی له‌بیرچووی هێلانه‌یه‌ك

به‌رئه‌بێته‌وه‌ ناو ده‌ستم

فه‌لسه‌فه‌ی فڕینی دوور و

كاڵبوونه‌وه‌ی ساته‌كانم بۆ باس ئه‌كا

گه‌ر ئه‌ته‌وی بمبینیه‌وه‌

نزیك سایدی شاری خه‌ونه‌كان مه‌كه‌وه‌

له‌وی ره‌نگی مردووه‌كانت لێ ئه‌نیشی

له‌وی چرپه‌ خه‌واڵووه‌كان لێوت ئه‌به‌ن

له‌وی خه‌ونی حه‌وت ئه‌ستێره‌ هۆشت ئه‌به‌ن

به‌شوێن گه‌ڵا په‌خشه‌كانی ده‌ستما وه‌ره‌

ملوانكه‌یه‌ك له‌ڕه‌نگی غه‌یب

كریستالێكی بازنه‌یی و

جوتی گواره‌ی پڕ له‌ حه‌دیسه‌كانی گه‌ڵا

كۆتم ئه‌كه‌ن

به‌ڵام هێشتا له‌وانه‌یه‌

نه‌مناسییه‌وه‌

باڵام نوقمی سپێتییه‌ و

چاوم پڕه‌ له‌وێنه‌ی تۆ و

دڵم له‌هیچ!!

24/2/2011

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it



ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.