Red Purple Black

ئه‌م پیاوستانه‌ ئه‌مكوژێ ... چنوور نامیق

PDFPrintE-mail

له‌م كه‌ناری خه‌ڵوه‌ته‌دا، قه‌سیده‌یه‌ك ئه‌نووسمه‌وه‌

خێرا دێیت و هه‌راسانیم

له‌ بۆ دێنی

دڵم لای تۆ و

پرچم له‌ لای زیكری گوڵاندا بیر ئه‌چێ

پیته‌كان پچڕ پچڕن

لێ ناگه‌ڕێی

خه‌یاڵ بیانهۆنێته‌وه‌

جه‌سته‌م لای تۆ و

روحم له‌ بۆنی گوڵه‌كاندا ون ئه‌بێ

نووكه‌ له‌ ته‌لقینی ساتێكی ژیان بوومه‌وه‌ و فریای غه‌ریبی نه‌كه‌وتم. . .

گه‌رمم گه‌رم

دڵم شوێن په‌پووله‌یه‌كی

نه‌زان و تازه‌ فڕیو كه‌وتووه‌

ڕێگا ئه‌بڕم

به‌ره‌و ئه‌شكه‌وته‌كانی ئارامی

ته‌نیا من و سه‌گێكی خه‌واڵووتر له‌ من

له‌م درامای بێدارییه‌

زینده‌خه‌ون ئه‌مانباته‌وه‌

خه‌یاڵ دیسانه‌وه‌ ئه‌مبا

به‌ نیازم دڵۆپه‌یه‌ك

له‌ خه‌ونی ئاو بخۆمه‌وه‌

كه‌چی لێوم له‌ لای تۆ بیرچووه‌

به‌ نیازم

بگه‌ڕێمه‌وه‌ لای ژیان

وه‌لێ كه‌شیده‌ به‌سه‌رێك

خه‌ونه‌كانم به‌تاڵ ئه‌كاو

نۆته‌كانی نه‌سره‌وتنم

له‌ بۆ دێنێ. .

وه‌ك ڕاهیبه‌یه‌كی به‌جێماو

پڕم له‌ وه‌نه‌وزی بڕیارله‌ نزای تازه‌ زه‌یستان

ژیان له‌ خۆڕا ئه‌مگێڕێ

ئه‌و

له‌ موبته‌لابوونی گوڵێك ئه‌چێ

به‌ نه‌هاتنی هه‌نگه‌كان

فیراق له‌ بێ شه‌وقی ڕووم چإ بووه‌

چ ڕێیه‌كی دی شك نابه‌م

له‌ بۆ گه‌یشتنم به‌خۆم

له‌به‌ر مۆمێكی له‌رزۆكدا

ڕه‌نگ بۆ لێوم هه‌ڵئه‌بژێرم

تۆش دێیت و به‌ ڕووی سارده‌وه‌

ئارامیم لێ ئه‌كه‌یته‌وه‌

له‌م خه‌ڵوه‌سێبه‌رانه‌دا

ڕێگا بۆ ئه‌لای تۆم ئه‌با

ئا له‌وێشدا

من و سه‌گێكی خه‌واڵوو

باس له‌ وه‌فای مرۆڤ ئه‌كه‌ین

باس له‌ شوێن پێی قه‌ده‌ری

كه‌هفه‌كان ئه‌كه‌ین

باس له‌ كورتبڕی نووستن و

چاوی سووری عه‌شق ئه‌كه‌ین

له‌وێش دوو فاتیحه‌ی

به‌تاڵ بۆ

عه‌شق و وه‌فا دائه‌ده‌م

له‌ ئه‌دای فه‌رزه‌كانی پێكه‌نین نابمه‌وه‌

شیعرم ملوانكه‌یه‌كی پچڕاوه‌

به‌ گه‌ردنی خه‌یاڵه‌وه‌

فه‌نا ئه‌بێ

روحم به‌ شوێن په‌پووله‌یه‌كی نه‌زاندا

سه‌رگه‌ردانه‌

بیری ئاده‌میش خه‌واڵوو

له‌ كه‌هفه‌كاندا جێ ماوه‌

جارنه‌ جارێ

پێكه‌ به‌تاڵه‌كه‌ی ده‌ستم

ژیانم بیر ئه‌خاته‌وه‌

چه‌ند به‌تاڵه‌!

 

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it


 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.