Red Purple Black

خۆشمان ئه‌وێی ... گه‌لاوێژ بابان

PDFPrintE-mail

له نێو هه‌موو نه‌ته‌وه‌ێکدا و له زۆربه‌ی ووڵاتانی جیهاندا جگه‌ له نه‌ته‌وه‌که‌ی من، هه‌ر شتێک هه‌تا کۆن و کۆنتر بێت، لای گه‌له‌که‌ی به نرختر ئه‌بێت و باشتر ئه‌پارێزرێ و ڕێزی زیاتری لێ ئه‌گیرێ و شانازی پێوه‌ ئه‌که‌ن و بۆ مانه‌وه‌یان و ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی فه‌رهه‌نگی کولتوری و مێژوویی خۆیان و له بیر نه‌چونه‌وه‌یان، بۆ ئه‌وه‌ی گرینگی و بایه‌خی خۆی له‌ ده‌ست نه‌دات‌، هه‌وڵیان داوه‌ له‌ نێو شووشه‌ و باڵه‌خانه‌ی تایبه‌تدا، شوێنیان بۆ ته‌رخان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر شۆڕشگێڕ و سه‌رکرده‌ و پاشا و ئه‌فسه‌ر و زانا و داهێنه‌ر و هونه‌رمه‌ند و شاعیر و نوسه‌ر بوو بێت، ئه‌وا له‌سه‌ر دراو و پولی پۆسته‌، ناو و وێنه‌یان ‌نه‌خشێنراوه‌ یاخود کراون به نامیلکه‌ و کتێب و خراونه‌ته‌‌ نێو به‌رنامه‌کانی قۆناغه‌کانی خوێندن بۆ ئاشنا بوونی هه‌موو نه‌وه‌کانی داهاتوو و هه‌ست کردن به تێکۆشان و ماندو بوون و لێهاتوویی و تواناکانی ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ ! کاتێک گوزه‌ر ئه‌که‌ی به نێو کۆڵان و شه‌قامه‌کانی هه‌ر شارێک له شاره‌کانی ئه‌ورووپا هه‌یکه‌لێکی گه‌وره‌ یان بچوک له برونز یا له وورده‌ کریستاڵ هتد . . له ناوه‌ندی گۆڕه‌پان و باخچه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌کان و گه‌شت و گوزاره‌کاندا، به‌دی ئه‌که‌ی، مڕۆڤ کاتێک نزیکی ئه‌بێته‌وه‌ پێی خۆشه‌ نوسراوی به‌شی خواره‌وه‌ی هه‌یکه‌له‌که‌ بخوێنێته‌وه‌ و بزانێ ئه‌م که‌سایه‌تییه‌ کێیه‌ و چی کردووه‌ که شایانی ئه‌م ڕێزه‌یه‌ و هه‌میشه‌ ڕێبواران هاوشان وێنه‌ی ئه‌گرن ! جگه‌ له ژماره‌ێکی زۆری مۆزه‌خانه که پڕن له هه‌موو سه‌روه‌رییه‌کانی دوێنێی ئه‌و ووڵاته‌ که بوونه‌ته‌ جێی بایه‌خی نه‌ک ته‌نها خه‌ڵکی ووڵاته‌که‌، به‌ڵکو گه‌شتیارانیش به نرخێکی ته‌رخان کراو سه‌ردانی شوێنه‌واره‌کان ئه‌که‌ن و مێژووی ڕه‌نگینیان ئه‌خوێننه‌وه‌ . نه‌وه‌کانی ئه‌م ووڵاتانه‌ تێ ئه‌گه‌ن و ئه‌زانن که خه‌بات و ماندوو بوونی ئه‌وان بوو، دوێنێ بناغه‌ی ووڵات و سه‌رچاوه‌ی ژیانییان بۆیان دابین کردووه‌ و به مڕۆڤ بوونییان مسۆگه‌ر کردووه‌ و سنور و ئاڵای ووڵاتیان بۆیان ده‌سته‌به‌ر کردووه‌، ئه‌مڕۆ ئه‌وان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن بیپارێزن و بره‌وی پێ ئه‌ده‌ن بۆ سبه‌ینێ و ڕۆژانی داهاتووش، ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌رفه‌تیان نه‌بوو بیکه‌ن، ئه‌وا ئه‌مان ئه‌و کاروانه‌ به‌ڕێ ئه‌که‌ن ! که‌چی له نێو گه‌لی کوردا به پێچه‌وانه‌وه، بێ ڕێزی به هه‌موو سه‌روه‌رییه‌کانی گه‌له‌که‌مان ئه‌کرێ، چ کۆن و دێرین بێت یاخود نوێ، بگره‌ له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ناو و نازناو و شوناسنامه‌ی کوردستانیش قۆڕخ بکه‌ن ! دوژمن که‌می نه‌کرد پێمان، به‌رده‌وامیش بیکات، بێشک که کۆڵیان نه‌داوه‌، گله‌ییان لی ناکرێ، نه‌ک خۆمان به خۆمانی بکه‌ین به ناوی ڕه‌خنه‌ و چاکسازی و به‌رگری کردن له مافی ئه‌م و ئه‌و و به‌رژه‌وه‌ندی ووڵات ! ئه‌گه‌ر هه‌وڵێکیش هه‌بێت بۆ باشتر کردنی سیسته‌می حوکمڕانی و خۆشگوزه‌رانی باری ژیانی هاونیشتیمانیان، ناکرێ ته‌ڕ و ووشک به یه‌که‌وه‌ بسوتێنرێ ! که‌س ناتوانێ مێژووی کورد و ڕه‌نجی خه‌باتکارانی کورد ڵێڵ بکات، چونکه ته‌نها تاکی کورد ئاگاداری چالاکی و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌ی نه‌بووه‌ و نییه‌، به‌ڵکو ژیری و لێهاتوویی بارزانی نه‌مر وای له چاودێرانی سیاسی ڕۆژئاوا کرد بوو که له‌ ڕێگه‌ی په‌ل کێش کردنی ڕۆژنامه‌ نووسان و سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌ورووپاوه‌ بۆ نێو شاخ و ئه‌شکه‌وته‌کانی کوردستان، ڕۆژ به ڕۆژ خه‌بات و به‌رخودان و به‌رگری و سه‌روه‌ری و قاره‌مانێتی سه‌رکرده‌ و ڕۆڵه‌ گیان له‌سه‌ر ده‌سته‌کانی ئه‌م کوردستانه‌ تۆمار بکه‌ن، له دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد، خۆ چه‌ند سه‌ده‌ێک پێش ئێستا نه‌بوو ! جگه‌ له بارزانی نه‌مر، که‌سێکی قاره‌مان و شۆڕشگێڕی تر له باشوری کوردستان، بۆچی خه‌می کوردی نه‌گرته‌ کۆڵ ! بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌مر، هه‌ر وه‌ک نه‌وه‌ی فه‌یس بووک ئه‌ڵێن . . بنه‌ماڵه‌ی خێڵ و مه‌لا و شێخن، له‌ کار که‌وتوون بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ناشێن، مسته‌فا بارزانی هه‌ر ئه‌و مه‌لایه‌ بوو که‌ له ژیانی شاخیدا، نه‌ خاوه‌نی په‌سه‌پۆڕت و نه ئینته‌رنێت و نه مۆبایلی به ده‌سته‌وه‌ بوو، توانی له سۆڤییه‌ت و ئه‌ورووپاو ئه‌مریکا کێشه‌ و دۆزی نه‌ته‌وه‌ێک وه‌ک کورد بخاته‌ ڕوو، ئه‌و مه‌لایه‌ بوو که له‌و کاته‌دا ئه‌ی ووت ( فیدریالیزم باشترین چاره‌سه‌ره‌ بۆ کێشه‌ نیشتیمانییه‌کان له هه‌موو ووڵاتانی فره‌ نه‌ته‌وه‌ ) یاخود ئه‌ی ووت ( ڕۆژنامه‌ی نیشتیمانی ئازاد، نابێ هیچ ڕه‌قیبێکی به‌ سه‌ره‌وه‌ بێت، جگه‌ له ویژدانی سه‌رپه‌رشتکارانه‌ ) هه‌موو کاتێک بیری له ڕووداوی پێش وه‌خته‌ کردووه‌ته‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌نێکی له‌ به‌ر چاو بووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ دێڕێکدا ده‌ڵێ ( دڵنیام که سه‌ر ده‌که‌وین، به‌ڵام ترسم له‌وه‌دایه‌ ئه‌وانه‌ی زه‌حمه‌تیان کێشاوه‌ و خه‌باتیان کردووه‌ له بیر بکرێن ) که‌سایه‌تی و خه‌بات و ماندوو بوونی بارزانی نه‌مر و هه‌ڤاڵانی، شه‌ڕی به‌رگری کوردیان کرده‌ مافێکی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌ێک له هه‌موو جیهاندا . بارزانی نه‌مر بریتی بوو له قوتابخانه‌ێک له زانست و زانیاری، پاکی نه‌بوو له هه‌موو ئه‌و گورزانه‌ی که له دوور و نزیکه‌وه‌ بۆ تیرۆر و هه‌ره‌س پێ هێنانی لێی ئه‌درا، چونکه دۆزی نه‌ته‌وه‌که‌ی به مافێکی ڕه‌وای ئه‌زانی، بۆیه‌ کۆڵی نه‌ئه‌‌دا . هه‌ر بۆیه‌ شاعیری ناودار و خۆشه‌ویستی کورد مامۆستا ( شێرکۆ بێکه‌س ) سه‌باره‌ت به ژیری و‌ دڵسۆزی و به‌رگری بارزانی نه‌مر، ئه‌فه‌رمێ . .      

 

   خۆشمان ئه‌وێی

به‌ قه‌د ڕقی شمشێری ناو چاوی ئه‌وان

خۆشمان ئه‌وێی

به‌ قه‌د کینه‌ی گوله‌ تۆپ و

کوێره‌ بۆمبای فڕۆکه‌یان . . خۆشمان ئه‌وێی

به‌ قه‌د ناڵه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی (تی، ئێن، تی ) ناو

جانتاکانیان . . خۆشمان ئه‌وێی

به‌ قه‌د داوی پیلانی ژێر

مێزه‌ر و جبه‌ی پێداویان

خۆشمان ئه‌وێی

ئه‌مانه‌وێی

وه‌ک گوله‌ بۆ چه‌که‌کانمان ئه‌مانه‌وێی

وه‌ک چه‌ک بۆ پێشمه‌رگه‌کانمان

ئه‌مانه‌وێی

وه‌ک باران بۆ کێڵگه‌کانمان

ئه‌مانه‌وێی

هه‌ر بۆ مه‌رگ نامه‌نه‌وێی

ئه‌ی بارزانی

مسته‌فا بارزانی، ناسنامه‌ی گه‌لی کورده‌، ناکرێ وه‌ک ناوێکی لکێنراو، ته‌نیا وابه‌سته‌ بکرێ به پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ ! چونکه خه‌باتی ئه‌و و هه‌ڤاڵانی ته‌نیا خه‌باتێکی سنوردار نه‌بوو له چوارچێوه‌ی ناوچه‌ی بارزان و بنه‌ماڵه‌که‌ی، مێژووش شایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌یه‌، نه‌ک هه‌تا ئێستا هه‌یکه‌لێکی بۆ دانه‌تاشراوه‌، بگره ته‌نانه‌ت گۆڕه‌که‌شی بێ ناو و نیشانه‌ هه‌ر وه‌ک گۆڕی پێشمه‌رگه‌ێکی فیداکاری ئه‌م کوردستانه‌، خۆ ئه‌کرێ ئێمه‌ش وه‌ک هه‌موو نه‌ته‌وه‌ێکی تر ڕێز و وه‌فا و خۆشه‌ویستیمان هه‌بێ بۆ خه‌باتی کوردایه‌تی تێکۆشه‌رانی ڕێگای ڕزگاری نه‌ته‌وه‌که‌مان و قین و ڕقه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کان تێکه‌ڵ کێش نه‌که‌ین به بێگه‌ردی ڕابردوومانه‌وه‌ !

شاعیری به‌ڕێزی کورد مامۆستا ( عه‌بدوڵا په‌شێو ) له گیانی برسی خۆی ده‌پرسێ . .

له‌م ڕۆژانه‌، ئازیزه‌که‌م

خۆشه‌ویستی گیانی برسیم

زۆر به‌ تاسه‌ و په‌رۆشه‌وه‌

هات لێی پرسیم

ووتی . . گه‌ر بڵێم په‌یکه‌رێ

داتاشه‌ بۆ کورد په‌روه‌رێ

 بۆ کێ ی ده‌که‌ی ؟

منیش ووتم . .

کوردستانم له زه‌مینی تا ئاسمانی

تێیدا نییه‌ دڵسۆزتر بێ له بارزانی

 

 

 

 

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.