Red Purple Black

ئێواره‌یه‌ك په‌نجه‌ره‌كه‌م به‌كراوه‌یی جێدێڵم ... چنوور نامیق

PDFPrintE-mail

ئێواره‌یه‌ك

په‌نجه‌ره‌كه‌م به‌كراوه‌یی جێدێڵم

وه‌رزێكی تر ئه‌به‌خشمه‌

ئه‌و عاشقانه‌ی كه‌ دوای خۆم دێن

تارمایییه‌ك به‌مه‌یلی خۆی كێشم ئه‌كا

بۆنی زه‌وی له‌ خه‌یاڵی شعرم ئه‌ڕژی

زڕه‌ی شكانی پیاڵه‌كان هۆشم ئه‌به‌ن

بۆ عه‌سره‌چایه‌كی بۆنخۆش

له‌ناو ته‌مدا

تۆقه‌ ره‌نگاوڕه‌نگه‌كانم له‌سه‌ر تاقی بێئاگایی له‌بیرئه‌چی

پرچم له‌گه‌ڵ خه‌یاڵاتی بادا ئه‌ڕوا

له‌وه‌ ئه‌چی سه‌ردانێكی میتشل1

بكا و زوو بێته‌وه‌

عه‌سره‌چایه‌ك له‌گه‌ڵ خۆمدا

له‌وبه‌ری ماڵی ته‌نیایی بانگم ئه‌كا

پیاڵه‌كه‌م له‌چاوم ئه‌چی

 زوو پڕ ئه‌بی. . . .

پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ وڵاتدا زۆر دووباره‌ی كردینه‌وه‌

ئێستا تاوی به‌ ئیزنی تۆ

پڕم له‌ له‌رزی دیمانه‌ و ترسی ئه‌وه‌ی ببم به‌دوان

پڕم له‌ ئیعتیرافی ناڕه‌وا و گمه‌ی كۆتری سینه‌ زامار2

له‌سه‌ر ریتمی وه‌رینی گوڵ

ئه‌م وه‌رزی ته‌مه‌نه‌یش ببه‌

به‌مه‌یلی خۆت گه‌ڵاكانم لی بكه‌وه‌

به‌هه‌ناسه‌ت ئارایشتی رومه‌تی لیمۆییم بكه‌

جۆلانه‌ به‌تاڵه‌كانی ژوان به‌تارمایی پڕكه‌ره‌وه‌

به‌ته‌ماشای ئاونگاویت لێوم ره‌نگكه‌

شوێن بێئاگایی رۆح كه‌وه‌

قومی له‌ خۆزگه‌ی رژاوی چاوم هه‌ڵده‌

ئه‌م وه‌رزه‌ی ته‌مه‌نیش بۆ تۆ

نازانم چه‌ند گه‌ڵای كه‌مه‌

دوایی به‌ با بۆت ئه‌نێرم

مه‌رگی په‌پووله‌ و كات ئه‌مبا

بۆ پیاسه‌یه‌كی به‌ سێبه‌ر

پیاسه‌یه‌كی تاكڕه‌وانه‌ی پڕ له‌ عوزله‌ته‌كه‌ی ماركیز3

هه‌موو كاتی ئه‌مباته‌وه‌

بۆلای ده‌رگه‌ داخراوه‌كان

ئێستا ژنێكی سه‌ره‌ڕۆم

پڕم له‌ ناڕه‌وایی دوور

له‌ ڕۆینی بێ ناونیشان

ئێستا مه‌ستم

به‌درودی ئه‌و سۆفیانه‌ی

له‌حه‌شمه‌تی عه‌شقی حه‌وا

گۆرانی بۆ خودا ئه‌ڵێن

په‌نجه‌ره‌كه‌م له‌ بیرئه‌كه‌م

له‌وێڵبوونی دوا روانینی كه‌رنینادا 4

له‌ خۆ ئه‌چم

له‌وێشه‌وه‌گوێم له‌ مه‌دام بۆڤارییه‌5

ماڵئاوایی له‌عه‌شق ئه‌كا

پیاڵه‌یه‌كی پڕ له‌ خه‌یاڵ

به‌ده‌ستمه‌وه‌

وه‌كو چرپه‌ هه‌ڵچۆكانی ناخم

هه‌ر زوو به‌ زوو خاڵی ئه‌بی

وه‌كو دییه‌م زوو هه‌ڵئه‌چی

ئه‌م وه‌رزه‌ی ته‌مه‌نیش بۆ تۆ

نازانم چه‌ند گه‌ڵای كه‌مه‌

هه‌ر به‌ میتشل بۆت ئه‌نێرم

ره‌نگه‌ به‌ قه‌د چاوه‌ڕوانیم

دیداری ونی پێوه‌ بی

هه‌واری من لای عه‌سره‌چایه‌كی دووره‌

پڕه‌ له‌ داڵغه‌ی سه‌رسپی

له‌وی گوناه

خۆی به‌ هه‌ناسه‌ی من ئه‌شوا

هه‌تا سه‌مای گوڵه‌كانیش

له‌رزی قامه‌تمیان گرتووه‌

ئێستا رووم پڕ له‌سێبه‌ره‌و

نوقمم له‌ خه‌ڵوه‌ت و زیكری

ئه‌و سۆفیانه‌ی

تاكو ئێستاش له‌ حه‌شمه‌تی عه‌شقی حه‌وا گۆرانی بۆ خودا ئه‌ڵێن

په‌نجه‌ره‌كه‌م به‌كراوه‌یی جێهێشت و

گمه‌ی كۆتری سینه‌ زامار

سه‌ری كردووم به‌ هێلانه‌. . .

عه‌سره‌چایه‌كی فره‌ دوور

كێشم ئه‌كا

بۆ ئه‌ودیوی تاراوگه‌كان

زڕه‌ی پیاڵه‌ شكاوه‌كه‌

هۆشم ئه‌با

وه‌ك چاوانم هه‌راسانی لی هه‌ڵئه‌چی

ئێستا پڕم له‌ درودی سۆفیه‌كان و

له‌ خه‌یاڵاتی ڤێرمینا6

ئه‌بمه‌ هه‌ڵم

له‌و فه‌زایه‌ی زیاتر له‌ بێئارامی تۆ

سه‌رده‌می كولێرا ئه‌چی!!

تێبینی:

1-میتشل:مه‌به‌ست له‌ (مارگریت میتشل) ی خانمه‌ نووسه‌ری رۆمانی (له‌گه‌ڵ بادا رۆی) ه‌.

2-كۆتری سینه‌ زامار: ئاماژه‌یه‌ به‌و كۆتره‌ی (كۆشكی باڵنده‌ غه‌مگینه‌كان) ی به‌ختیار عه‌لی.

3-عوزله‌ته‌كه‌ی ماركیز:مه‌به‌ست له‌ رۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) نووسه‌ری گه‌وره‌ گابریل گارسیا ماركیزه‌.

4-كه‌رنینا:مه‌به‌ست له‌ ئه‌ننا كه‌رنینای تۆلستۆیه‌.

5-مه‌دام بۆڤاری:پاڵه‌وانی (الزوجه‌ الخائنه‌) ی گۆستاف فلۆبیره‌.

6-ڤێرمینا:خانمه‌ پاڵه‌وانی رۆمانی (خۆشه‌ویستی له‌ سه‌رده‌می كۆلێرا) ی ماركیزه‌.

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.