Red Purple Black

چی ده‌بێت گه‌ر رۆژێك بۆ منداڵان بێت ... سه‌یران سه‌ڵاح

PDFPrintE-mail

له‌ ووڵاتانی دونیا هه‌ریه‌ك به‌ شێوازی خۆی ئه‌م رۆژه‌ بۆ منداڵان تایبه‌ت ده‌كات به‌ سازكردنی ئاهه‌نگ و شانۆو گه‌شت و گه‌ران و تا دێ. هه‌رولاتێكیش به‌پێی داب و نه‌ریتی خۆیان ده‌توانن ئه‌م رۆژه‌ بكاته‌ رۆژێكی نمونه‌یی بۆ ئه‌وه‌ی منداڵان له‌م رۆژه‌دا بزانن رۆژی خۆیان چیه‌و ئه‌م رۆژه‌یان بۆ تایبه‌ت كرا وه‌.

بۆ ئه‌م رۆژه‌ چی بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی بتوانین به‌ شێوازێكی تازه‌ پێ له‌ پێشوازی و ئاماده‌كاری بۆ منداڵه‌كانی كوردستاندا بین.

من لێره‌دا پێشنیارو داواكارم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌و رۆژه‌دا پێشوازی له‌ كۆمه‌لێك منداڵی كورددستان بكات جا چ منداڵانی شارو گوند و بگره‌ منداڵه‌كانی كه‌مپ و سنووره‌كانیش بێت له‌ دانیشتنه‌كانی ئه‌و رۆژه‌ی په‌رله‌مان ئاماده‌ و به‌شدار بن و نه‌ك ئه‌وه‌ش به‌ڵكو پێم باشه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگرو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خۆیان رێگه‌ بده‌ن منداله‌كان له‌ شوێنه‌كانیان رۆڵی ئه‌وان ببین ته‌نیا بۆ كات ژمێرێكیش بێت. چی ده‌بێت رۆژێك په‌رله‌مان بۆ ئه‌و بچكۆلانه‌ بێت مافی خۆیانه‌.

 دیسان داواكارم ده‌رگاكانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ مه‌سه‌له‌ی منداڵان كراوه‌بن بۆ پێشوازیكردن له‌ منداڵان و گوی بگرن له‌و مناڵانه‌ی كه‌ ئیشكار و ده‌ست فرۆشن بگره‌ ئه‌وانه‌ی سوالیش ده‌كه‌ن، چی ده‌بێت ته‌نیا كاتژمێرێكیش بێت گوێ له‌ داخوازی و گله‌ییه‌كانیان بگرن... و بزانن له‌ چ نه‌هامه‌تیه‌كانیاندا ژیانی ساده‌و ساكاری پڕ مه‌ینه‌تیه‌كان بۆ بژێوی ژیانی خانه‌واده‌ هه‌ژاره‌كانیان به‌سه‌رده‌به‌ن و داواكانیان جی به‌جی بكه‌ن با ئه‌و رۆژه‌ ئازادی بدرێته‌ منداڵه‌كانی كوردستان... چی ده‌بێت ته‌نیا رۆژێك بۆ منداڵه‌كان بێت، ئه‌گه‌ر من به‌رێوه‌به‌ری ته‌له‌فزیۆن و ستلایت بومایه‌ ئه‌و رۆژه‌ پێشوازیم له‌ كۆمه‌ڵێك منداڵ ده‌كرد و ماوه‌ی دوو كاتژمێریش بایه‌ منداڵه‌كانم له‌ ستۆدیۆكاندا به‌ په‌خشی زیندو كامێره‌و مایك و هه‌موو ئه‌و پێویستیانه‌ بۆ مناڵه‌كانم به‌رده‌ست ده‌كرد، بێگومان ئه‌م كاره‌ به‌ هاوكاری كارمه‌ندانیان ئه‌نجام بدرابا... چی ده‌بوو با به‌ ئاره‌زووی خۆیان هه‌ریه‌ك به‌هره‌یه‌كی خۆی پێشاندابوایه‌ له‌ گۆرانی و نوكته‌و وێنه‌كێشان و نواندنی شانۆیی كه‌ هه‌ر هه‌مووی گوزارشت له‌ دونیای پاكی خۆی بكردایه‌ با هه‌له‌ش هه‌بی و په‌خشیش به‌رده‌وام بوایه‌ (چی ده‌بوو) ئی خۆ له‌ژێر نووسه‌كاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ كرابوایه‌ ئه‌مرۆ تایبه‌ته‌ بۆ منداڵه‌كان،، نه‌ك هه‌ر له‌ TV یه‌كاندا بگره‌ رادیۆكانیش ئه‌م رۆژه‌ بۆ منداڵان ته‌رخان بكرابایه‌ چی ده‌بوو.

له‌ باره‌گای رۆژنامه‌كانیشدا كۆمه‌ڵێك منداڵ كامێرایان بدرێته‌ ده‌ست و رۆژنامه‌نووسه‌كان له‌ گه‌ڵیانا ئه‌و رۆژه‌ له‌ هه‌موو كوچه‌و كۆڵانه‌كانی شاردا له‌پارك و باخچه‌كان دا بگره‌ له‌ هه‌موو شوێنه‌گشتیه‌كاندا یاوه‌ریان بن و هه‌رچی دیمه‌ون و گرته‌یه‌كی ئه‌وان پێیان جوان بوایه‌ ئازادانه‌ تۆمار بكه‌ن و له‌سه‌ر رووپه‌ری رۆژنامه‌كاندا ناوو وێنه‌ی خۆیان و به‌رهه‌مه‌كانیان بۆیان بڵاوبكرێته‌وه‌.

چه‌ند جوانتر ده‌بێت له‌ و رۆژه‌دا جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشوازی كۆمه‌ڵێك منداڵان دابێت و له‌ نزیكه‌وه‌ گوێی له‌ ترپه‌ له‌رزۆكه‌كانی دڵی منداڵه‌كان بگرێت و بزانێت خه‌ونه‌كانیان چین و چ داواكارییه‌كیان هه‌یه‌ ئه‌وانیش به‌ دونیای پڕ پاك و ساده‌یی خۆیان گفتوو گۆ ئالوگۆر بكه‌ن..

زۆركاری تریش هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موومان كاری بۆ بكه‌ین ته‌نیا بۆ رۆژێكیش بێت هه‌رباشه‌ كه‌ منداڵان له‌و رۆژه‌دا هه‌ست بكه‌ن رێز له‌ حه‌زو ئاره‌زووه‌كان و خه‌ونه‌ ساده‌و ساكاره‌كانی ده‌گیرێت و ده‌بێته‌ رۆژێكی نمونه‌یی و دوور له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی رۆژه‌ رۆتینه‌یكانی ژیانی منداڵان و به‌خشینی متمانه‌بوون به‌ كه‌سایه‌تی خودی منداڵه‌كان و هه‌ست كردنیان به‌ به‌رپرسیاریه‌تی بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ ئه‌وان.

. ئه‌مانه‌ ته‌نیا خه‌ون و داواكاریه‌كانی منه‌ بۆ منداڵانی كوردستان..



ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.