Red Purple Black

چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ مامۆستای شانۆكار و نووسه‌ری بوێر (حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س) دا - به‌شی یه‌كه‌م ... سازدانی : هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی

PDFPrintE-mail

1ـ ده‌ستگایه‌کی تایبه‌ت به‌ سینه‌ما، شانۆ و کاره‌ هونه‌رییه‌کانی دیکه‌ی کوردی هه‌تا ئێستا نییه‌.  بۆ؟

خۆزگە ئەو لەشکرە بێتوانایەی خۆیان بە نواندنا هەڵواسیوە (ئێستا یەکێکن لە هۆکارەکانی پووکاندنەوەی شانۆ) نەبوونایە، ئەوکاتە ئەتوانرا دەستگایەکی شانۆش و سینەماش وەک کەرتی تایبەت بهاتایەتە دامەزراندن، ئێستا لەم نەهامەتیی شانۆ و سینەمایەدا ئەگەر هەنگاوێکی وا بنرێت ئەوا هەر زوو تاپی ئەبێت و ناتوانێت بۆ ماوەیەکی کەمیش خۆی بە پێوە بگرێت، بۆ نموونە ئەگەر تیپێکی شانۆیی بکەینە نموونەیەکی بچووککراوەی ئەو دامەزراوە سەیر ئەکەین دەرامەتی بەرهەمەکانی بەشی کرێی ئەو هۆڵە ناکات کە شانۆگەرییەکەی تیا پێشکەش کراوە، چجای کرێی ئەرکی هونەرمەندان و پێداویستییەکانی تر.

کەواتە ئەو دەزگایە بە کەرتی تایبەت دەستەبەر ناکرێت. ماوەتەوە ئەوەی ناچار پەنا بۆ کەرتی گشتی و دەوڵەت ببرێت، ئەوەش وەک ئاشکرایە ئەچێتەوە بازنەی ئەو گەندەڵی و ناپاکییەی ئەمڕۆ کوردستانی وێران کردووە، جا لەم رەوشەدا نەبوونی باشترە، چونکە لە باتی ئەوەی برەو بە هونەر بدات، ئەوەندەی تر کوێرەوەریی بۆ دروست ئەکات. من وای بە چاک ئەزانم، ئەو دەستگایانە لە لایەن کەرتی تایبەتییەوە بکرێنەوە، جا کە ئێستا وەک وتمان کاتی خۆی نیە، ئەبێت لە هەلومەرجێکی لەباردا ئەوە بێتە دی، ئەو هەلومەرجەش ئەوەیە جەماوەر روو لە شانۆ و سینەماکان بکەنەوە و داهاتی بەرهەمەکان هەڵکشێن.

هەر بۆ نموونە لە حەفتاکان و هەشتاکاندا، دروستبوونی ئەو دەستگایانە ئاسان بوو، چونکە داهاتێکی زۆری ئەبوو ئەگەر بویسترایە، بەڵام ئەو کاتانە هەرچەندە شانۆ جەماوەرێکی زۆری هەبوو، بەڵام دەسەڵات رێگەی ئەوەی نەدەدا، ئەبوایە بە ژمارەیەکی دەستنیشانکراو بلیت چاپ بکەین، جگە لەوەش تەگەرەی زۆریان ئەخستە بەردەممان، خۆ سانسۆر هەر لە سەر دەق نەبوو، هەرچی ووردەکاری تریش هەبوو ئەبوایە لە رێی مۆڵەتەوە بوایە. جا من مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ئێستا ئەو جەماوەرەی جاران رووی بکردایەتەوە شانۆ، ئەوە ئەتوانرا دەستگای فراوان بۆ ئەو مەبەستە دروست بکرایە، خۆ ئێستا ئەگەر دروستیش ببێت وەک روونمان کردەوە ئەو کاریگەرییەی نابێت، دیارە بەم جۆرەی من بیرم لێکردۆتەوە، ئەوا لە لایەن کەرتی تایبەتیش و دەوڵەتیشەوە هەمان بیر کراوەتەوە.

2 ـ شانۆ و درامای کوردی له‌ گه‌شه‌کردندایه‌ یاخود قه‌یران؟ دیارده‌کانییان چین و چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێن؟

شانۆی کوردی جگە لەو هەموو قسە کردنەم لەسەری، ئەویش لە توێ رۆژنامە، گۆڤار، سایتەکان، لە چاوپێکەوتنە تەلەفیزیۆنی و رادیۆییەکان، لە شی کردنەوە و رێگاچارەی برەودان، با ئێستا شتێکی نوێی تر بڵێین: شانۆ ئیستا وەک زۆریی لە گەشەکردندایە، بەڵام وەک بۆری لە قەیراندایە. جاران کە شانۆ ئەو جەماوەرە بێشومارەی هەبوو، لە شارێکی وەک سلێمانی ساڵی لە سێ بۆ چوار شانۆگەری زیاتر پێشکەش نەدەکرا، کەچی ئێستا مانگی وا هەیە ئەوەندە شانۆگەری پێشکەش ئەکرێت، بارتەقای ساڵێکی جارانە و بگرە زیاتریش بەڵام بە هەموویان نیوەی جەماوەری یەک بەرهەمی جارانیان نیە، قەیرانەکە لێرەدایە ئەویش کاڵ و کرچی بەرهەمەکانە لە هەموو بارەیەکەوە.

3ـ باشترین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی شانۆی کوردییان پێ کارا بکرێت کامانه‌ن ؟

با بڵێین: کارا کردنەوەی شانۆی کوردی، چونکە شانۆی کوردی لە کارخراوە، یان سست کراوە. بۆ ئەم مەبەستە لێرەدا نامەوێت یەک یەک ئەو هەنگاوانە رێز بکەم، کە دەبنە هاندەر بۆ کارا کردنەوەی شانۆی کوردی. بەڵام من پێشنیاری رێگا چارەیەک ئەکەم، پێم وایە ئەگەر هەنگاوی دڵسۆزانەی بۆ بنرێت، ئەوا لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامێکی باش ئەدات بە دەستەوە، ئەویش ئەوەیە لە شارەکانی کوردستان هەر یەکەو بە جیا کۆنفرانسێکی شانۆکارانی تیروتەسەل بگیرێت، بە مەرجێک هەموو خەڵکی شارەکە خۆی بن، ئەوانەی بە راستی هونەرمەندی شانۆن و پێگەیەکی جەماوەرییان هەیە، نەک ئەوانەی خۆیان لە شانۆ هەڵقورتانووە، بێن لەو کۆنفرانسەش خۆیان هەڵقورتێنن و رای ناپسپۆر و بێ عافوا بدەن، هەر کەسەو بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە، بخاتە روو ئینجا هەموو بۆچوونەکان تاوتوێ بکرێن و ببێتە نەخشەرێگایەک و کاری لەسەر بکرێت بۆ ئایندە، هەر لەو کۆنفرانسەشدا جەند لێژنەیەکی جۆراوجۆر بێتە هەڵبژاردن و دەسەڵاتی تەواویان هەبێت لە بڕیاردانا. بۆ نموونە لێژنەی مۆڵەتدانی دەقی شانۆیی، لێژنەی هەڵسەنگاندنی دەرهێنانی شانۆیی، لێژنەی تاقیکردنەوەی توانای ئەکتەرەکان، لێژنەی هەڵسەنگاندنی بەرهەمی شانۆیی، ئەگەر ئەمانە لە کوردستانا بێتە دی، ئیتر شانۆ لەو گەڕەلاوژێیە رزگاری ئەبێت و متمانەی جەماوەر بۆ خۆی ئەهێنێتەوە و، ئەو کاتە هونەرمەندی شانۆ پێشەکی ئاگای لەوەیە کە بەرهەمەکە سەرکەوتووە و بارستایی ئەوەی هەیە پێشکەش بکرێت و جەماوەر لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە.

ئێستا لە کوردستان هەر گروپە و کۆئەبنەوە و شانۆگەرییەک یان فیلمێکی سینەمایی بەرهەم دێنن و، رادەکەن بۆ لای ئەم لایەن و ئەو لایەن بە ریگای ناڕەوا پارەیەکی زۆریان بۆ تەرخان ئەکرێت و دین ئەو بەرهەمە وێرانە لە شانۆ و تیڤییەکاندا بڵاو ئەکەنەوە و تام و چێژ بە هونەرەکە ناهێڵن. راست کردنەوەی ئەم کارانە بەراستی خەمخۆری ئەوێت.

4ـ له‌م دواییانه‌دا له‌ رێگای تیڤییه‌کانی کوردستانه‌وه‌ هه‌ندێ درامای ته‌له‌فزیۆنی بێگانه‌ی دوبلاجکراو‌ تورکی و فارسی به‌ تایبه‌ت و عه‌ره‌بی به‌ گشتی نیشان دران ته‌نگژه‌ و ئالۆزییه‌کی خرابیان له‌سه‌ر دیارده‌کان دروست کرد. به‌ رای ئێوه‌ پێشکه‌شکردنی به‌رهه‌می له‌م چه‌شنه‌ بۆ خرابه‌ و چی بکرێت بۆ رێگه‌گرتن له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌یان باشه‌؟

ئەمڕۆ لە کوردوستانێکی نیمچە رزگار کراودا، ڕاگەیاندن ئەبێت رۆڵێکی پێویست بگێڕێت لە هۆشیار کردنەوەی نەتەوەکەدا، لە جیهانی سۆز و زیادەڕۆیی و خەو و خەیاڵاتی بێهوودە دووریان بخاتەوە بۆ ناسینەوەی کەلتوور و رۆشنبیری و مێژووی نەتەوەکە، بیانخاتە سەر کەڵکەڵەی کۆشش کردن بۆ پەرەپێدان و درووست بوونی کەسایەتی تاک وەک کلتوورێکی تایبەت بە مێژوو و ئێستا و داهاتوومانەوە. نیشاندانی دڕامای بیگانە بە خۆمان بەو چڕییە، بینەر خۆی لێ بزر ئەبێت و لەناو کاراکتەرەکانی ئەو دڕامایاندا ئاشنایەتی دروست ئەبێت و لە هەست و نەستیا ئاوێتە ئەبن، ژیری وەلا ئەخات و سۆز داگیری ئەکات، کاتێکی زۆری بە دیارەوە بە فیڕۆ ئەدات و پاش ئەوەش لە هەستیا هەر کاڵ نابێتەوە و ئەبێتە کەرەسەی مشت و مڕی تاکەکانی ناو کۆمەڵگا و لە مەسەلە چارەنووسسازەکان ئەیانخەوێنێت و، ئەبنە کۆپیەکی کاراکتەرەکان هەر لە شێوە و جلوبەرگ و جووڵانەوەیانەوە، تا ناوەرۆک و فەلسەفەی ئەوانەی رۆڵی تیا ئەگێڕن، لە بەر ئەوە هەڵبژاردن و کڕینی ئەو بەرهەمانە ئەبێت لە لایەن لێژنەیەکی پسپۆڕەوە بێت و، هەڕەمەکی نەیخەنە بەر دیدی جەماوەر تا نەزانن ئەنجامی ئەرێنی ئەدەن بە دەستەوە و، خزمەتی ژیریی بینەر ئەکات.

وام پێ باشە بە پارێزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا بکرێت و، هۆکار نەبێت بۆ داگرتن و بێ بەها کردنی دڕامای کوردی، شارەزابوونی بینەر بە هونەری بێگانە خراپ نیە، بەڵام نەك بەو چڕییەی لەم دواییانەدا دەستیان دابوویە.

ئەگینا هەندێك دڕاما، بۆ تێک دانی کۆمەڵگا لە تلیاک کاریگەر ترە، لەبەر ئەوە ئەبێت بە ئاگایەکی پسپۆڕییەوە ئەو دڕامایانە هەڵبژێرن، بزانن لە چ کات و ساتێکدا نیشانی ئەدەن.

5ـ چ کاتێک ئه‌کته‌ر ده‌گاته‌ ئاستی پرۆفیشیۆناڵی له‌ کاره‌کانیدا؟ تۆ ئه‌م سیفه‌ته‌ له‌ کام هونه‌رمه‌ند یان ئه‌کته‌ر دا له‌ هه‌نووکه‌دا ده‌بینیت؟

بەلای منەوە ئەو کاتە ئەکتەر ئەگاتە ئاستی پڕۆفێشناڵی کە توانی ببێتە خاوەنی فەلسەفەیەکی زیندوو بۆخزمەتی کۆمەڵگا و، لەگەڵ بەهرەکەیدا بە دوو هێڵی تەریبی بیانهێنێت و لە یەکتر دابڕیان نەکات، خۆڕۆشنبیر کردنی ئەکتەر لە بواری کارەکەی و لە بواری فەلسەفەکەیدا ئەو سەرمایەیەن دەستەبەری پێشکەوتنی ئەکەن، هەر هەژاریی ئەو دوو چەمکەشە ئێستا بۆتە یەکێک لە دەردەکانی قەیرانی شانۆ. لەو بڕوایەدام زۆربەی ئەوانەی ئێستا لە کوردوستان روویان لە بواری شانۆ کردووە لەو بارەیەوە زۆر هەژارن، جا ئەوانە بە کڵۆڵی خۆشیانەوە دانانیشن، دێن تەم و مژ درووست ئەکەن و، گۆمەکەش لێڵ ئەکەن بۆ ئەوەی خۆیان لەو هەلومەرجەدا بزر بکەن و بەردەوامی بدەن بە کوێرەوەریی هونەری کوردی.

کەسانێکیش هەن وشەی هونەرمەندیان بە پڕاوپڕی تیا بەرجەستە ئەبێت و، هەمیشە لە پێشکەوتن و داهێناندان، لە کۆشش و خۆ پێگەیاندندان و ئەگەر گرنگیان پێ بدرێت زووتر قەیرانەکە لە ناو ئەبرێت و شانۆ ئەبووژێننەوە. ناوی کەس ناهێنم نەوەک ناڕەوایی بەرامبەر بە کەسانێک بکەم و ناوی نەکەوێتە بیرم، بە تایبەتی زۆرن ئەوانەی لەبەر دوورییم لە کوردوستانەوە، نەچوونەتە ناو تەرازووی هزرمەوە تا بەراستی هەڵیانسەنگێنم.

6ـ له‌ باشووری کوردستان له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی سانسۆر نه‌ماوه‌، که‌چی هه‌ندێ به‌رهه‌م هه‌ر ده‌بێت به‌ فلته‌ری ده‌سه‌ڵاتدا بڕوات. له‌مه‌ش ترسناکتر به‌رهه‌می پوخت و به‌ پێز و به‌هێز زۆر که‌مبوونه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ بۆ؟ کاتێ ئێوه‌ی هونه‌رمه‌ندان له‌سه‌رده‌می کوردستانی داگیرکراودا به‌رهه‌مه‌کانتان گیانی به‌رگرییان له‌ خۆ ده‌‌گرت.

ئەو کاتانەی ئێمە بەرهەمی بەرگریمان پێشکەش ئەکرد دژی دەسەڵاتی بێگانە بوو، هەر چیەکیان بەرامبەر ئەکردین لە توند و تیژی، لە هەڕەشە، لە بەرتیل دان و بەخشیش و پلە و پایە، ئەمانە هونەرمەندی لە ئەرکە نەتەوەییەکەی دوور نەدەخستەوە و، زیاتر لە هەوڵ و کۆششدا بوین بۆ ئەفراندن و داهێنان. بێگومان لە زۆربەی بەرهەمەکاندا پەنامان ئەبرد بۆ سیمبوڵ(رەمز) ئەوەش بینەر بە ئاسانی ئەیناسییەوە و، مەبەستەکانمان ئاشکرابوو لای بینەری کورد. هەر ئەو کاتانەش زۆرێک لەم لێپرسراوانەی ناو دەسەڵات برادەرمان بوون و شارەزای نەخشەی کارەکانمان بوون و، زۆر جاران لە دانیشتن و مشتومڕەکاندا بە یەکەوە بە راشکاوی مەبەستەکانمان ئەخستە بەر دیدی ئەوانیش، بگرە هەر وەک یەکێک لە خۆمان ئەژمارمان ئەکردن زۆر جارانیش، تێبینی خۆیانیان هەبوو یان ئاراستەی بیرۆکەی بەرهەمەکەیان شرۆڤە ئەکرد و، وەک تەواوکەرێکی شۆڕشەکە ئەیانڕوانیە ئێمە. بە کورتی ئاگاداری ئەوەن هۆنەرمەندی شانۆ نایەوێت جەماوەر مەڕ بێت، ئەگەر دەسەڵاتیش هەمان فەلسەفەی هەبێ ئەوا خۆیانی پێ جوان ئەبن، چونکە دەسەڵاتێکی کوردی ئەگەر خەمی نەتەوەکەیی بێت ئەوا ئەبێت لە توێی شانۆوە خۆی ببینێتەوە و، کەموکووڕییەکانی هەست پێ بکات و لە هەڵوەدای چاککردنی بێت. من لەو بڕوایەدام ئەگەر شانۆ وەک جاران لە برەودا بوایە و ببوایەتە هەناسەیەکی پاک بۆ کۆمەڵگا و هونەرمەندانیش، ئەوا دەبوو لە جیاتی خۆپیشاندانی خوێناوی، ئەوا شانۆیەکی شایستە ئەو کەڵێنەی پڕ ئەکردەوە و نەتەوەکە دووچاری کوشتوبڕ نەدەبوو، دەسەڵاتیش ئەو کاتە خۆی ئەناسییەوە و بارەکەی ئاوا لاسەنگ نەدەکرد.

7ـ گه‌ر تۆ سه‌رپشک بکرێت جێ بۆ

شانۆی کوردی

درامای کوردی

ده‌قی کوردی

ئه‌کته‌ر و هونه‌رمه‌ندانی کوردستان

ده‌که‌یت؟ کام خه‌ڵات ئاماده‌ ده‌که‌یت و به‌ کێی ده‌به‌خشی؟

وەک لە وەڵامەکانی سەرەوە ئاماژەم پێدا، کۆمەڵێک هونەرمەندی خەمخۆر کۆ ئەبینەوە، ئەو بەشانەی باستان کردووە هەمووی لێژنەی سەربەخۆی لە کەسانی لێهاتوو و دڵسۆز و پرۆفێشناڵ بۆ دروست ئەکەین و هەموو مانگێک بە پێی توانا و پێداویستی کارەکان ئەو لێژنانە راپۆرتی خۆیان لە بارەی ئەو ئەرکانەی ئەنجامیان داوە ئەخەنە روو و تاوتوێی ئاستەنگ و کێشەی کارەکانیان ئەکرێت و بە مەرجێک لە هەموو دانیشتنێکدا، رێژەی سەرکەوتن بە بەراورد لەگەڵ جاری پێشوودا هاتبێتە دی، بە پێی توانا و لێهاتوویی ئەو لیژنانە وەک خۆی بهێڵرێتەوە یان گۆڕینی بەسەردا بێت، ئەمانە هەمووی لە کەشێکی دۆستانە و خەمخۆرانەدا بەرەو پێش بڕوات و لە هەموو بەرهەمەکانی شانۆدا رەنگ بدەنەوە. ئەوەی بەلای منەوە زۆر گرنگە ئەویش هەڵبژاردنی دەقی شانۆییە، ئەگەر بە شارەزاییەوە دەقی شانۆیی هەڵبژێردرێت، ئیتر ئەکەوێتە سەر دڵسۆزی هونەرمەندەکان بۆ بەرهەمەکە و لەو کاتەدا بێگومانم، ئەو کارەساتەی ئێستا تووشی شانۆ هاتووە دوای یەک دوو بەرهەمی بە‌هێز دیسانەوە شانۆ ئەبووژێتەوە. بۆ بابەتی بەخشینی خەڵات ئەویش هەر لە لایەن لێژنەیەک لە هونەرمەندان و رەخنەگران و نووسەرانی شانۆوە بڕیاری لەسەر بدرێت چاکترە لەوەی لە گۆترە خەڵات بدرێت بە کەسێک، ببێتە مایەی نیگەرانی لەو لە پێشتر و شایستە تر، ئەو کەسەی هەر خەڵاتێک وەرگرێت ئەبێت زۆر لایەنی هونەریی و کۆمەڵایەتی و کەسایەتیی تیا رەچاو بکرێت و دوور بێت لە خۆخۆیی و دەستیاو و رووپاماڵی.

8ـ وه‌ک ئاگادار بیت چه‌ند ساڵێکه‌ فلیمی کوردی به‌شداری فیستیڤاڵه جیهانییه‌کانی به‌رلینانه‌ی به‌رلین و کانی فه‌ره‌نسا ده‌که‌ن و خه‌ڵاتی باشیش به‌ده‌ست دێنن. ئه‌مه‌ بۆ تۆ هیوابه‌خشه‌ به‌ هه‌بوونی سینه‌مای کوردی؟ یان هه‌ر به‌شدارییه‌کی په‌راوێزیی و فۆڕمالییه‌ و هیچی دیکه‌؟

بێگومان هەر ئامادە بوونێکی هونەری کوردی لە دەرەوەی وڵاتی کورد، مانای ناسینی نەتەوەکەمان بە جیهانی دەرەوە، جا ئەگەر خەڵاتیش بە دەست بهێنێت ئەوا ئەیسەلمێنین نەتەوەیەکی زیندووین و خاوەنی فەرهەنگ و کەڵچەری خۆمانین و، بافتی ئەوەین لە ریزی ئەو نەتەوانە بین روویان لە جوانی و بەها بەرزەکانی ژیانە. بە تایبەتی لە ئەوروپایەکی پێشکەوتووی درەوشاوەدا، چونکە کەسی ئەوروپایی بە سەرزارەکی ناڕوانێتە ئەو دیاردانە بەڵکو ئەو کۆمەڵگایەش کە ئەو بەرهەمانەی ئەفراندووە لەناو بیر و هەستیا تۆمار ئەبێت و هەر کەسایەتییەکی ئەو نەتەوەیە بەرز ئەنرخێنێت.

زۆر هەیە کە پێیان ئەڵێیت من کوردم، سەر دەلەقێنن و هیچ لە کورد نازانن، خۆزگە ئێمەش لە ڕێی هونەرمەندێکەوە بناسراینایە، هونەرمەندێک کە بیتوانیایە بە بەرهەمێکی بە هێز لە دڵ و دەروونی جیهانا جێی خۆی بکردایەتەوە، بۆ نموونە یەکێکی وەک عومەر شەریف ئەگەر هەر لەمیسردا بمایەتەوە، ئەوا لە عیماد حەمدی و فەرید شەوقی تێنەدەپەڕاند، کەچی بە یەك بەرهەمی جیهانی هوڵیوود، لە جەمال عەبدولناسر زیاتر سەروەری بۆ خۆشی و بۆ وڵاتەکەشی لە جیهانا تۆمار کرد.

9ـ هه‌ندێ ناوی ده‌رهێنه‌ری نوێ له‌ فلیمی کوردیدا به‌رچاو ده‌که‌ون وه‌ک هونه‌ر سه‌لیم، جوان بامه‌ڕنی، مه‌هدی ئومێد، سادقی قوتبه‌دین، به‌همه‌نی قوبادی، شه‌وکه‌ت ئه‌مین، هاوڕێ مسته‌فا و حه‌سه‌ن رات به‌ کورتی له‌سه‌ر ئه‌م ناو و به‌رهه‌مه‌کانیان چییه‌؟

ئەوی راستی بێت زۆر کەم بەرهەمی ئەو بەڕێزانەم بینیوە، یان هەیانە هەر هیچی لێ نازانم، بە هیوای ئەوەی لە کات و دەرفەتێکدا بتوانم بە چاوێک و هەناسەیەکی رەخنەگرانە بەرهەمەکانیان بە سەربکەمەوە و هەڵیان سەنگێنم. لێرەدا خراپ نیە کەمێک لەسەر ئەسپە مەستەکانی بەهمەنی قوبادی بدوێم: بە بۆچوونی من و وەك دەموچاوی بینەرانم لە کەنەدا خۆێندەوە و قسەم لەگەڵ هەندێکیانا کرد، ئەو بەرهەمە کاریگەرییەکی نەرێنی هەبوو لەسەر نەتەوەی کورد، هەرچەندە لە باری هونەرییەوە، تەکنیك و توانای تیا بەدی دەکرا، بەڵام لە رووی ناسینی کۆمەڵگای کوردی بە هەندەران بە جارێك ماڵی کوردی وێران کرد، چونکە وەك هەموو یەکێکمان لە ئەوروپا و ئامریکا شارەزاین ئەگەر بهاتایە لەسەر شەقامەکە چەند کەسێکی بکوشتایە بەقەدەر ئازاردانی ئاژەڵێك کاریگەری لە دەروونیا جێنەدەهێشت، ئازاردانی ئەو ئەسپانە بەو شێوە ناشیرینە، لە لایەن کەسانێکی ئاساییەوە و وەک رووداوێکی رۆژانەی بەردەوام، بەو شێوەیە گەلێکی بێ بەزەیی دڕندەی نیشانی جیهان دا، خۆ ئاسایی بوو ئەگەر ئەوانەی وەك تاوانبار وێنا بکردایە، نەخێر ئەو هاتووە، دەڤەرێکی گەورەی نیشان داوە هەر هەموو خەریکی ئەو کارە ناهەموارەن، بۆ بژێوی خۆیان ئەو ئەسپە بەستەزمانانە ئەکەنە قوربانی و سڵ لە هیچ دادێکی ئەرز و ئاسمان ناکەنەوە، ئەمەیە گرنگی هەڵبژاردنی دەق، خۆ لە ئەوروپاش دیاردەی لەوەش قێزەون تر هەیە کەچی ئەگەر لە هونەرەکانیا رەنگی پێ بدەنەوە، ئەوا وەك دیاردەیەکی شاز نیشانی ئەدەن و ئەوانەش بەو کارانە هەڵدەستن هەر شازن و تاوانبارانی دەروون نەخۆشن، نەك کۆمەڵگایەکی ئاسایی ئەمە کارەساتەکەیە.

10ـ بۆ فلیمی دیکۆمه‌نتاریی و کورته‌ فلیم لای ئێمه‌ که‌م به‌رچاو ده‌که‌ون؟

ئەها لە رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاواش تا ئێستاش ئەو بەرهەمانە بەر چاو ناکەون، چونکە پەیوەندی بە بارە سیاسیە ژێردەستەییەکەی کوردوستانەوەیە، خۆ ئەگەر بە هۆی ئەمەریکا و ئەم نیمچە دەسەڵاتە چەند ساڵییەی باشووریش نەبوایە ئەوا ئەو بەرهەمە کەمەش بەرچاو نەدەکەوتن، من پێم وایە ئەگەر کورد رووی لە هەندەران نەکردایە و ئەو بەرهەمانەش نەدەبوون، چونکە بەلای منەوە کوردانی هەندەران دەستپێشخەر بوون لەو بوارەدا و هەر لەوانیشەوە هاندان بۆ بەرهەمهێنان رووی لە کوردوستانیش کرد.

11ـ خۆشترین چرکه‌ساتی سه‌رشانۆت کامه‌یه‌؟

هەموو کاتەکانی سەر شانۆم چرکە بە چرکری خۆشن، بەڵام لە هەمووی خۆشتر ئەوەیە، کاتێك بەرهەمەکە کۆتایی دێت و سڵاوی ماڵ ئاوایی ئەکەیت، لە دەنگی چەپڵەی جەماوەرەکەدا خۆت ئەناسیتەوە، کە سەرکەوتوو بوویت یان نا. یان ئەو کاتانەی بە هونەرەکەت کارێکی وا ئەکەیت، هۆڵەکە کش و مات ئەبێت وا ئەزانیت هەر خۆتیت و کەسی تری لێ نیە، چونکە بچووک ترین دەنگە دەنگ ئەوە دەسەلمێنێت کە تۆ سەرکەوتوو نیت لە نمایشەکەتدا، نەک وەك هەندێك گێرە شێوێن بە مەبەست دەنگە دەنگ دروست ئەکەن بۆ ئەوەی لە بارستایی نمایشتەکەت کەمکەنەوە، من جارێکیان وام بەسەر هاتووە، هونەرمەندێك کە تا ئێستا لە هیچ بەرهەمێکدا سەرکەوتوو نەبووە، هەر بە مەبەستی ئێرەیی بە ناڕەوا دەنگە دەنگی درووست ئەکرد، دوای بەرهەمەکە هەموو هاتن بۆ پیرۆزبایی و دەست گوشینم کە نۆبەی ئەو هات، دەستی بۆ درێژ کردم و بە زەردەخەنەیەکی ناپاکانەوە هاتە پێشەوە، منیش دەستمم نەدایە و پشتم تێکرد، ئەوە چرکە ساتێکی خۆش بوو، بارتەقای بەرهەمەکە گرنگ بوو بەلامەوە، خۆزگە پێم شەرم نەبوایە ئێستا ناوەکەیم بدرکانایە.

12ـ رۆڵی ره‌فیقی چایچیت له‌ لانه‌وازاندا هێنده‌ی ناوی هه‌ره‌س به‌رجه‌سته‌ بووه‌. پێت وایه‌ ئه‌وه‌ خاڵی ده‌رچوونی ناو و ناوبانگی هه‌ره‌س بێت؟

نەك هەر من مستەفا ئەحمەدیش وەستا عەلییە، دڵشاد مەریوانی رەوانشادیش قوتبەدین بوو، ئەوە بە هێزی بەرهەمەکە ئەسەلمێنێت، ئینجا دەربڕینی سەرکەوتوانەی رۆڵەکە، خۆ ئەگەر پێش ئەوە بەرهەمی ئۆتێللۆی سەرشانۆ لە تەلەفزیۆن بکرایە ئێستا من ئیاگۆ ئەبووم، یان ئەگەر تەنەکە پێش لانەوازان بکرایە ئێستا من ناوم قایمقام بوو، یان سەلەی نانکەر بوایە ئێستا من عەزەی پاسکیلچی بووم، ئەو بڕوایەم نیە دەوری رەفیقم لە لانەوازانا لەو دەورانەی دوای ئەو بە هێز تر بووبێت، عەبدولی حەمە جوانی هاوڕێم ئەو هەموو رۆڵە بەهێزانەی ئەم دواییەی بینی کەچی هەر پێی دەڵێن جەنابی موفەتیش، ئیتر ئەوە سلێمانیە حەیاتەکەیە، قوربانی خاك و خۆڵی بم، بە شەرەف ئەو تایبەتمەندییەی ئەو شارە هەیەتی هەموو دنیا گەڕاوم شاری وا هەر نیە، ئەمە لای خۆی نەتەوەییشم، ئاخر خۆ من خەڵکی سلێمانیش نیم لە هەڵەبجە لە دایك بووم، بۆیە بێ ترس پیا هەڵدەدەم، خۆ ئەگەر خەڵکی تۆرۆنتۆش بم و کوردیش نەبم هەر سەرسامم بەو شارەی ناوی سلێمانیە.

14.06.2011


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.