Red Purple Black

هه‌رایه‌ك له‌ كۆشی سه‌ما ... چنوور نامیق

PDFPrintE-mail

زینده‌خه‌وێك چاوم ئه‌با

سه‌مایه‌كی ده‌روێشانه‌

به‌كاوه‌خو ده‌ستم ئه‌گری

قه‌ده‌ر یاری به‌خه‌مه‌ رژاوه‌كانی ناخم ئه‌كا و

بینه‌رێكیش له‌نمایشێكی هستیریما

چێژ وه‌رئه‌گری

له‌ناو باخی شعرێكی كاڵ

هه‌رامانه‌

 ئه‌بی كوده‌تای خه‌ونه‌كانم بی

ئه‌م هه‌رایه‌؟

رووم وه‌كو وشكه‌ پایزی

شپرزه‌یی ئه‌یشێوێنی

پرچم به‌ده‌ستی ئه‌وه‌وه‌

ئاراسته‌ی هه‌نگاوه‌كانم دیاری ئه‌كا

هه‌رایه‌ك وه‌ك كاڵبوونه‌وه‌م

ئه‌مرژێنێته‌ سه‌ر زه‌وی

له‌خۆ ئه‌چم!

زینده‌خه‌وی ناوه‌ختانی

تاوی

له‌ زه‌ویم دائه‌بڕی

چاو هه‌ڵدێنم....

وه‌ك بووكه‌ڵه‌ له‌سه‌ر

ئیقاعی چه‌پڵه‌ی ئه‌و

هه‌نگاو ئه‌نێم

چ نمایشێكی بی وێنه‌یه‌

ئه‌م مۆنۆدراما تاك بینه‌ره‌!!!

له‌ سه‌ما باڵاتر ئه‌كشێم

كه‌چی ئه‌سه‌ف ده‌ستم ناگاته‌ سێوه‌كان

تا له‌م زه‌مینه‌ له‌رزۆكه‌ش وه‌ده‌رنرێم

هه‌رایه‌ك ئه‌مخه‌ڵه‌تێنی،

سه‌مایه‌ك له‌تۆم دائه‌بڕی و

پایزێك بۆ دوورم ئه‌با

چاو هه‌ڵئه‌بڕم

بینه‌ره‌كه‌م

ده‌سته‌كانی له‌شێواندنی وه‌رزی رووم

 ماندوو نابی

ره‌شی چاو و سووری لێوم له‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌ی گه‌رممدا

سێیینه‌ی

وه‌رینی رۆحم ئه‌نوسنه‌وه‌.....

ئه‌بی ئه‌م ده‌رده‌ نه‌مكوژی وبگه‌مه‌ جی!

ده‌ریاوانێكی زۆر تینوو

سازش له‌سه‌ر هه‌وری چاو و سه‌مای به‌رزی باڵام ئه‌كا

من و باخه‌وانێكی بی ئه‌زموون له‌ تامكردنی میوه‌كان

هه‌میشه‌ سفر و هیچ و هیچ

به‌ده‌ست دێنین!!!

ئێستا له‌ هه‌موو ده‌می بێزارترم

وه‌ك دوكه‌ڵی جگه‌ره‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی دۆڕاو

هه‌ڵئه‌كشێم و ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌ جێدێڵم

ئه‌مه‌وی پرشه‌كانی ئازادیم له‌ برژه‌نگت بكه‌مه‌وه‌

ئه‌مه‌وی ته‌ماشام بده‌یه‌وه‌

ئه‌مه‌وی بڕۆم،

چڵه‌ خه‌مه‌ وشكه‌وه‌بووه‌كان

كراسه‌كه‌م ئه‌نه‌خشێنن

ئاوڕ له‌ زه‌ردبوونه‌وه‌ی دره‌خت و

هۆره‌ی دره‌نگوه‌ختێكی دوور ئه‌ده‌مه‌وه‌

ئه‌مه‌وی پرشه‌كانی ئازادیم

له‌ برژه‌نگت بكه‌مه‌وه‌

چڵێكی وشك له‌كراسه‌كه‌م گیر ئه‌بی و

سه‌ده‌یه‌ك دواترم ئه‌خا....

میژوویه‌ك به‌سه‌رما ئه‌گری

وه‌ك دوكه‌ڵی جگه‌ره‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی دۆڕاو

هه‌ڵئه‌كشێم

به‌ده‌م كۆراڵی مه‌رگه‌وه‌

دووباره‌ ئه‌كه‌ومه‌ سه‌ما!!!

12-6-2011

chnornamiq@yahoo. com


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.