Red Purple Black

هێمن هه‌ورامی: هیوادارین ئۆپۆزیسیۆن به‌شداری حكومه‌تی بنكه‌فراوان بكات

PDFPrintE-mail

* ئه‌گه‌ر ناكۆكی و جۆرێك له‌ تێنه‌گه‌یشتن له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا هه‌بێت به‌ زیان بۆ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی كورد ده‌شكێته‌وه‌

*سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌نها سه‌رۆكی هه‌ولێر و دهۆك نییه‌.

*تا ئێستا مه‌سه‌له‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌لایه‌ن پارتی و یه‌كێتیه‌وه‌ به‌ جیدییه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌

دیمانه‌ی: ئاسۆعوسمان

هێمن هه‌ورامی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ڕیگای ئه‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌وه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر بارودۆخی ئێستای كوردستان و گه‌شبینه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ پێنج قوڵیه‌كه‌ی نێوان ئۆپۆزیسیۆن وده‌سه‌ڵات و پێی وایه‌ تاكه‌ ڕێگه‌چاره‌ بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان گفتوگۆیه‌، هه‌ورامی ده‌ڵێت " ئۆپۆزیسیۆن سی خیاری له‌به‌رده‌م دایه‌ یه‌كه‌م: یان به‌شدار بن له‌ پرۆسه‌ی چاكسازیی و به‌رنامه‌یان هه‌بێت بیده‌نه‌ حكومه‌تی ئێستای كوردستان، بیده‌نه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی پرۆسه‌كان پێكه‌وه‌ ته‌وافوقی سیاسییان له‌سه‌ر بكری و بخرێته‌ به‌رنامه‌ی جێبه‌جێكردنه‌وه‌، دووه‌م: یان به‌شێك بن له‌ حكومه‌تی بنكه‌فراوان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌، سێیه‌م: په‌نابردنه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت".

ئاسۆ: كاك هێمن كۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی ده‌ستی پێكردووه‌، ئێوه‌ چۆن ده‌ڕواننه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌، ئایا گه‌شبینن به‌وه‌ی ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌رچوونی هه‌رێمی كوردستان له‌م قه‌یرانه‌ی كه‌ ده‌مێكه‌ یه‌خه‌ی كوردستانی گرتووه‌؟!

هێمن هه‌ورامی: ئێمه‌ به‌ هه‌موو گفتوگۆیه‌ك گه‌شبینین و سراتیژی ئێمه‌ش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌و ڕووداوانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌، دووركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان بووه‌ له‌ په‌نابردن بۆ زمانی توندوتیژی و گه‌ڕانه‌وه‌ بووه‌ بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ، بۆیه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك گه‌شبینین و پێمان وایه‌ هه‌زار ڕۆژی گفتوگۆكردن له‌ یه‌ك كاتژمێری توندوتیژی باشتره‌.

ئاسۆ: به‌شێك له‌ چاودێرانی سیاسی پێیان وایه‌ ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ زۆر درێژه‌ ده‌كێشێت، به‌تایبه‌تی لایه‌نی ده‌سه‌ڵات زیاتر یاری به‌ كات ده‌كه‌ن و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كۆبوونه‌وه‌كانی پارتی و یه‌كێتی سه‌د و ئه‌وه‌نده‌ی تێپه‌ڕاند، ده‌مه‌وێت پرسیاره‌كه‌ به‌ دیاریكراوی بكه‌م: كۆبوونه‌وه‌كان درێژه‌ ده‌كێشن به‌ بڕوای ئێوه‌ وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان؟!

هێمن هه‌ورامی: وه‌كو باسم كرد ئێمه‌ كۆبوونه‌وه‌كان ناوه‌ستێنین تاوه‌كو ده‌گه‌ینه‌ ڕێككه‌وتنێك، ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ئومێد ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ به‌ به‌ره‌نجامێك بگات و ئێمه‌ له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ ئاماده‌ین بۆئه‌وه‌ی گفتوگۆكان به‌ ئاراسته‌یه‌ك بكرێت كه‌ به‌ره‌و به‌ئه‌نجام گه‌یشتن كۆتایی پێبێت نه‌ك به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یشتن كۆتایی بێت، بۆیه‌ ئه‌و ستراتیژه‌ لای ئێمه‌ ڕوونه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كۆبوونه‌وه‌كان به‌ ئه‌نجام بگات نه‌ك به‌ ئه‌نجام نه‌گات و ناشمانه‌وێت یاری به‌ كات بكرێت، چونكه‌ مه‌سه‌له‌ی گفتوگۆكردن و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن و پێكه‌وه‌ كاركردن ستراتیژی بنه‌ڕه‌تی كاری ئێمه‌ و براده‌رانی یه‌كێتیشه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ براده‌رانی ئۆپۆزیسیۆن، جگه‌ له‌وه‌ش گفتوگۆكان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌ستیارن كه‌ ئه‌ویش كۆده‌نگی دروستكردنه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌كانی چاكسازیی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌روه‌ها هێنانی براده‌رانی ئۆپۆزیسیۆنیشه‌ بۆ ناو كرداری پراكتیزه‌یی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆسه‌ چاكسازییانه‌ی كه‌ به‌شێكی بنه‌ڕه‌تین له‌ به‌رنامه‌كانی لیستی كوردستانی و به‌شێكی سه‌ره‌كیشن له‌و پلانه‌ی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕۆژی نه‌ورۆز ڕایگه‌یاند، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ به‌ هاتنی براده‌رانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆكردن به‌بی مه‌رج ئه‌مه‌ بۆخۆی ده‌ره‌نجامێكی پۆزه‌تیڤانه‌ی لێك تێگه‌یشتنه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا، به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ من هه‌مه‌ ڕه‌وتی گفتوگۆكان به‌ ڕه‌وتێكی پۆزه‌تیڤانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن و هه‌ردوولاش به‌ ڕۆحیه‌تێكی به‌رپرسیارنه‌تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گفتوگۆكاندا ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ پاكیجێك كه‌ بتوانین به‌ نزیكی هه‌ردوو لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن و لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتیش پێكه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی حكومه‌تێكی بنكه‌ فراواندا ئه‌و پاكیجه‌ چاكسازییه‌ی كه‌ هه‌ردوولامان به‌پشت به‌ستن له‌سه‌ر گوتاری جه‌نابی سه‌رۆك له‌ ڕۆژی نه‌ورۆز، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ هه‌ندێك خاڵی پۆزه‌تیڤیش له‌ به‌رنامه‌كانی براده‌رانی ئۆپۆزسیۆندا هه‌یه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ ئێمه‌ خۆمان له‌ لیستی كوردستانیدا هه‌مانبووه‌ تا بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی پۆزه‌تیڤ.

ئاسۆ: ئۆپۆزیسیۆن ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كان نه‌گاته‌ ده‌رئه‌نجامێك ئه‌وا په‌نا ده‌برێته‌وه‌ به‌ر شه‌قام، ئایا پێتان وایه‌ ئۆپۆزیسیۆن بتوانێت جارێكی تر خه‌ڵك بێنێته‌وه‌ سه‌ر شه‌قام.

هێمن هه‌ورامی: به‌ر له‌ هه‌موو شتێك په‌نا بردنه‌ به‌ر شه‌قام ئێمه‌ به‌ مافێكی دیموكراسیانه‌ی هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی ده‌زانین تا ئه‌و كاته‌ی له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێسا موته‌به‌عه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا بێت، په‌نا بردنه‌ به‌ر شه‌قام چ لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن بێت چ لایه‌نی ده‌سه‌ڵات بێت مافێكی سروشتییه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بزانین ئامانجی ئه‌و په‌نا بردنه‌ به‌ر شه‌قامه‌ كامه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئامانج بۆئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ پشتیوانی بۆ پرۆسه‌ی چاكسازیی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌گه‌ر ئامانج له‌وه‌ بێت بۆ هێنانه‌ ئارای چه‌ند پاكێتێكی زیاتر بێت له‌ حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر په‌نا بردنه‌ به‌ر شه‌قام بۆ پشتیوانیكردن بێت له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵه‌ پۆزه‌تیڤانه‌ی كه‌ له‌ پرۆژه‌ چاكسازییه‌كانی هه‌موو لایه‌نه‌كان خاڵێكی سروشتییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا بێت، به‌ڵام پێمان وانییه‌ ئه‌گه‌ر براده‌رانی ئۆپۆزیسیۆن بیانه‌وێت بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك ئه‌جندای تایبه‌تی سیاسی خۆیان، بۆ بازدان به‌سه‌ر ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان په‌نا به‌رنه‌وه‌ به‌ر شه‌قام ئاكامێكی پۆزه‌تیڤی پێش هه‌موو كه‌سێَك بۆ خۆیان لێبكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌وه‌ ماندوو بوون كه‌ له‌ ڕێی توندوتیژی و په‌نابردنێكی نایاسایی بۆ شه‌قام بتوانن به‌ ئامانجی سیاسی بگه‌ن.

ئاسۆ: زۆر جار ئۆپۆزیسیۆن ڕه‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی ده‌كات، پێی وایه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كان و قه‌یرانه‌كانی ئه‌مڕۆ له‌ كوردستاندا په‌یوه‌ندی به‌و ڕێكه‌وتننامه‌ ستراتیژییه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆچی ڕێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی ئه‌مه‌نده‌ ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ره‌ له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌؟!

هێمن هه‌ورامی: به‌رله‌وه‌ی كه‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ بده‌مه‌وه‌، ئه‌ی ئێمه‌ش هه‌قه‌ ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین: ئی باشه‌ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی سی لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن بۆ خۆی جۆرێك نییه‌ له‌ ڕێككه‌وتنی ستراتیژی له‌نێوان هه‌ر سی لایه‌نه‌كاندا به‌جۆرێك كه‌ پێكه‌وه‌ پاكێجی سیاسی ڕاده‌گرن و پێكه‌وه‌ دێن گفتوگۆ ده‌كه‌ن! ئێمه‌ قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بووه‌، ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ڕێككه‌وتنی ستراتیژی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی نابی به‌ پێوه‌ری قازانجی حیزبییانه‌ی پارتی و یه‌كێتی لێكبدرێته‌وه‌، پارتی و یه‌كێتی دوو هێزی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی كوردستانن، به‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن سه‌لماندویه‌تی و شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕیی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ش سه‌لماندویه‌تی، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕێز و حورمه‌تم بۆ لایه‌نه‌كانی تری سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر ناكۆكییه‌ك له‌نێوان لایه‌نه‌كانی تردا هه‌بێت ڕه‌نگه‌ زۆر به‌ زیانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانی خه‌ڵكی كوردستان و كۆی گشتی گوتاری سیاسی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌گه‌ر جۆرێك له‌ ناكۆكی و جۆرێك له‌ تێنه‌گه‌یشتن له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا هه‌بێت به‌ قازانجی جموجۆڵیبزووتنه‌وه‌ی كوردی ناكه‌وێته‌وه‌ و به‌ زیانیشی ده‌كه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌گه‌ر پێوه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمی كوردستان بێت، ئه‌گه‌ر پێوه‌ر یه‌كگرتوویی گوتاری سیاسی هێزه‌كانی كوردستان بێت به‌رامبه‌ر به‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نووس سازه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، ڕێككه‌وتنی ستراتیژی له‌ قازانجی گوتاری سیاسی خه‌ڵكی كوردستاندا بووه‌، ڕێككه‌وتنی ستراتیژی له‌ قازانجی پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن و پێكه‌وه‌ كاركردن بووه‌، له‌ قازانجی مامه‌ڵه‌كردنی كۆی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌وه‌ره‌ هه‌ستیارانه‌ی كه‌ كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌تی.

بۆیه‌ براده‌رانی ئۆپۆزیسیۆن مافی خۆیانه‌ ڕه‌خنه‌یان هه‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ش مافی خۆمانه‌ به‌رگری له‌ ڕێككه‌وتنێك بكه‌ین كه‌ به‌ قازانجی كۆی گشتی خه‌ڵكی كوردستان شكاوه‌ته‌وه‌، پێمان وانییه‌ ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ بووبێته‌ هۆی دواكه‌وتنی پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، پێمان وایه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی به‌رده‌وامییه‌كی باشتری پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش موته‌به‌عه‌ و له‌ زۆر له‌ وڵاتانی تریش ده‌یان نمونه‌ هه‌ن كه‌ دوو هێزی سیاسی ڕێككه‌وتنێكی ستراتیژی یان ڕێككه‌وتنێكی سیاسی له‌گه‌ڵ یه‌ك مۆر ده‌كه‌ن، پێكه‌وه‌ حكومه‌ت ته‌شكیل ده‌كه‌ن و پێكه‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن.

ئاسۆ: به‌شێك له‌ داوای ئۆپۆزیسیۆن یان له‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێم وچه‌ندین پڕۆژه‌ یاسای تره‌ نمونه‌ی یاسای خۆپیشاندان، زۆر جار باسیش له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ پارتی زۆر به‌توندی پشتیوانی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م پرۆژه‌یاسایانه‌ی كردووه‌ ڕێگریشه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌ستكارییه‌كی جه‌وهه‌ری له‌ ڕه‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمدا بكرێت، ئه‌مه‌ تا چه‌ند ڕاسته‌، ئایا پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مانه‌ جارێكی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆ؟!

هێمن هه‌ورامی: مه‌سه‌له‌كه‌ پارتی نییه‌ به‌ ته‌نیا، چونكه‌ ڕه‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگی 6-2009 له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ كۆی ده‌نگی 97 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه‌، هه‌ر 97 -ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كه‌ی كوردستان پارتی نه‌بوون، واته‌ كه‌ ڕه‌شنووسێك پێشتر ده‌ هه‌زار تیراژی لی بڵاوكرابێته‌وه‌ و له‌سه‌ر سایتی په‌رله‌مانی كوردستان دانرابێت، له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان قسه‌ی له‌سه‌ر كرابێت، ئه‌م ڕه‌شنووسه‌ش دواتر به‌ كۆی ده‌نگ و به‌ ده‌نگی هه‌ره‌ زۆرینه‌ی 97 ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌ كۆی نزیكه‌ی 105 ئه‌ندامی په‌رله‌مان ده‌رچووبێت و ته‌نها 7 په‌رله‌مانتار ده‌نگی پێنه‌دابی، من پێم وانییه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها په‌یوه‌ست بی به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، به‌ڵام لێره‌دا پرسیارێكی تر هه‌یه‌، ماده‌م تۆ دیموكراسیه‌تت قبوڵه‌ ده‌بی دیموكراسیه‌تی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌شت قبوڵ بێت، براده‌رانی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌كیان له‌ به‌ندێك له‌ به‌نده‌كانی ڕه‌شنووسی ده‌ستوور هه‌یه‌ ده‌توانن باس له‌و ڕه‌خنانه‌ بكه‌ن، به‌ڵام بۆ زانیاری به‌ڕێزیشتان ڕه‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان براده‌رانی یه‌كگرتوو و براده‌رانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش ده‌نگیان له‌سه‌ری داوه‌، ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌ هه‌ڵه‌كان، دووه‌م ئێمه‌ پێمان وایه‌ ماده‌م په‌رله‌مانی كوردستان به‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری ده‌نگ، ده‌نگی به‌و ڕه‌شنووسی ده‌ستووره‌ داوه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستووره‌ بخرێته‌ ڕیفراندۆمی به‌رده‌م خه‌ڵكی كوردستان، پێمان وایه‌ ده‌بێت ڕێز له‌م زۆرینه‌یه‌ بگیردرێت، ڕێز له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بگیرێت، ئۆپۆزیسیۆن ده‌توانی بێت به‌ ته‌وافوقی نیشتمانی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین، دوای چه‌سپاندنی ده‌ستوور، داوای هه‌مواركردنی هه‌ندێك له‌و ماددانه‌ بكات كه‌ ئۆپۆزسیۆن پێی وایه‌ به‌ قازانجی سیستمی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌وه‌، ده‌كرێت داوای هه‌مواركردن بكه‌ن، به‌ڵام ناكرێت داوای گه‌ڕانه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بكه‌ن.

ئاسۆ: ده‌مه‌وێت ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌م، به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا، ته‌نانه‌ت مامۆستا عه‌لی باپیر و مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دینیش له‌ هه‌موو دیمانه‌كانیاندا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاساسانه‌ی كه‌ ڕه‌هه‌ندێكی نیشتمانی هه‌یه‌ پێویسته‌ كۆده‌نگییه‌كی سیاسی له‌سه‌ر بێت، ئایا پارتی ئاماده‌یه‌ ئه‌و كۆده‌نگییه‌ قبوڵ بكات؟!

هێمن هه‌ورامی: ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ كۆده‌نگیی بووین و ستراتیژی ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ته‌وافوقی سیاسی بووه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، بۆ مه‌سه‌له‌ نیشتمانییه‌كانیش ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بووین، جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ستپێشخه‌ر بووه‌ له‌ دروستكردنی ئیئتیلافی فراكسۆنه‌ كوردستانییه‌كاندا، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ ده‌ستپێشخه‌ری جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، له‌ پێكه‌وه‌ دابه‌زین بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵام ئه‌وه‌ لایه‌نه‌كانی تر بوون ئه‌م كۆده‌نگییه‌یان به‌جێهێشتووه‌، هیوادارم ئه‌م پرسیاره‌ له‌ خۆیان بكه‌ن.. به‌ڵام له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی یاسای خۆپیشاندان و لایه‌نه‌كانی تریش، من نمونه‌یه‌كت بۆ باس بكه‌م، ماده‌م ئێمه‌ دیموكراسییه‌تمان قبوڵه‌، كه‌واته‌ ده‌بێت یاساكانی پرۆسه‌ی دیموكراسیشمان قبوڵ بێت، نمونه‌ی حیزبی موحافیزینی به‌ریتانی و پارتی لیبڕاڵ دیموكراسییه‌كانی به‌ریتانیات بۆ ده‌هێنمه‌وه‌، هه‌ردووكیان ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ حكومه‌ت ته‌شكیل بكه‌ن به‌ مه‌رجێك یاسای هه‌ڵبژاردنی به‌ریتانیا دوای ته‌شكیلكردنی حكومه‌ت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕیفراندۆم، ئه‌مه‌ خاڵی بنه‌ڕه‌تی بووه‌ بۆیان، حكومه‌تیان ته‌شكیل كرد و یاساكه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ڕیفراندۆم، له‌ ڕیفراندۆم پارتی لیبڕاڵ دیموكراته‌كان دۆڕاندیان، به‌ڵام مانه‌وه‌ له‌ حكومه‌تدا، چونكه‌ پێیان وابوو ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسییه‌ بۆ خه‌ڵكی به‌ریتانیا و ئه‌وه‌ شه‌رعیه‌ت به‌وه‌ ده‌دات ئه‌م یاسایه‌ بمێنی یان نا، ئێمه‌ش دیسان ده‌ڵێین له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ڕاسته‌ ده‌بێت ته‌وافوقی نیشتمانیی هه‌بێت، به‌ڵام ته‌وافوقی نیشتمانیی ناكرێت به‌ پێوه‌ری ئۆپۆزیسیۆن بێت، ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆن خاڵێكی له‌ یاساكان به‌دڵ نه‌بوو بڵێت ئه‌مه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ته‌وافوقی نیشتمانییه‌، ئه‌گه‌ر خاڵێكیشی به‌دڵ بوو بڵێت ئه‌مه‌ تواوفوقی نیشتمانییه‌.

ئاسۆ: سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ئێستادا ده‌ستی داوه‌ته‌ پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازیی و زۆر مكوڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت چاكسازیی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بكرێت، من ده‌مه‌وێت بپرسم: ئایا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش ئاماده‌یه‌ پشتیوانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بكات؟!، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌رپرس بوو له‌ گه‌نده‌ڵی یان تێوه‌گلابوو له‌ گه‌نده‌ڵی، ئایا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌توانی ئه‌وانه‌ش بداته‌ دادگا؟! یان ئه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژییه‌وه‌ ده‌بێت؟!

هێمن هه‌ورامی: سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌نها سه‌رۆكی هه‌ولێر و دهۆك نییه‌ به‌ڵكو سه‌رۆكی هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌ و له‌ هه‌موو كوردستان 70% ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌، بۆیه‌ شه‌رعیه‌تی یاسایی ده‌بێت، ئه‌و پرۆسه‌ چاكسازییه‌ی كه‌ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی باسی كردووه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی تازه‌ نییه‌، ئه‌مه‌ بۆ تێڕوانینی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ دیاریكراوی له‌ 21-3- 1991 له‌ كۆیه‌ له‌ گوتارێكدا باسی ده‌كات كه‌ ئه‌و خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ له‌ كوردستان دیموكراسیه‌ت هه‌بێت، ده‌وڵه‌تی یاسا هه‌بێت، له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ شه‌رعیه‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاتێك بدرێت نه‌ك شێوازێكی دیاریكراو بسه‌پێنرێت به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا، ئێستاش بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ به‌رنامه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا لیستی (54) زۆرێك له‌و خاڵانه‌ی تێدایه‌ كه‌ ئێستا له‌ به‌رنامه‌ چاكسازییه‌كه‌دا بانگه‌شه‌ی كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ دیاریكراوی له‌ ڕۆژی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ڕایگه‌یاند، كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی گشتگیرن، كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی گرنگن كه‌ دوێنی به‌ ڕاپۆرتێك ئه‌نجامی قۆناغی یه‌كه‌می بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بۆ هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌ و ته‌نها بۆ هه‌ولێر و دهۆك نییه‌، له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی دوێنێش به‌ناوی سه‌رۆكی هه‌رێم بڵاوكرایه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك له‌و فایلانه‌ له‌ سنووری سلێمانی و ناوچه‌كانی تریش ده‌كرێت، سه‌رۆك بارزانی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌پێی ڕێككه‌وتنی ستراتیژی پارتی و یه‌كێتی پێكه‌وه‌ كاریان بۆ ده‌رچوونی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كردووه‌، له‌كاتێكیشدا كه‌ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی نزیكه‌ی 12% ی له‌ ده‌نگه‌كانی له‌ لیستی كوردستانی پارتی و یه‌كێتی زۆرتر بووه‌، بۆیه‌ پێمان وانییه‌ براده‌رانی یه‌كێتی پابه‌ند نه‌بن به‌ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی چاكسازیی، هیوادارین هه‌م به‌رپرسانی یه‌كێتی و هه‌م به‌رپرسانی پارتیش زیاتر له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر پابه‌ند بن به‌ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی چاكسازییه‌وه‌.

ئاسۆ: كاك ئازاد جوندیانی وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌ڵێت باشترین ڕێگه‌چاره‌ بۆ ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه‌ به‌شداریكردنی ئۆپۆزیسیۆنه‌ له‌ حكومه‌تی بنكه‌ فراواندا، به‌ بڕوای شه‌خسی خۆت ئۆپۆزیسیۆن به‌شداری له‌ حكومه‌تێكی بنكه‌ فراواندا ده‌كات؟!

هێمن هه‌ورامی: هیوادارین بیكات.

ئاسۆ: ئه‌گه‌ر ئه‌م حكومه‌ته‌ پێكهات و حكومه‌تێكی بنكه‌ فراوان بوو، ئێوه‌ وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌ن سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت جارێكی تر بده‌نه‌وه‌ به‌ یه‌كێتی ئایا قسه‌یه‌ك له‌مباره‌یه‌وه‌ كراوه‌؟!.

هێمن هه‌ورامی: من بۆئه‌وه‌ی بی پێچ و په‌نا قسه‌ بكه‌م و حه‌زناكه‌م شتێكت پی بڵێم كه‌ پێچ و په‌نای دیپلۆماسی تیبَدا بێت له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كاندا، زۆر به‌ سه‌راحه‌ت تاوه‌كو ئێستا مه‌سه‌له‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌لایه‌ن پارتی و یه‌كێتیه‌وه‌ به‌ جیدییه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و خاڵێك نه‌بووه‌ له‌ خاڵه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی ئێمه‌، چونكه‌ هێشتا زووه‌ قسه‌ له‌و بابه‌ته‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام دیسان ده‌ڵێین بۆ براده‌رانی ئۆپۆزیسیۆن ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و سی پێشنیاره‌ی كه‌ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی هه‌میشه‌ خستوویه‌تیه‌ به‌رده‌میان، یه‌كه‌م: یان به‌شدار بن له‌ پرۆسه‌ی چاكسازیی و به‌رنامه‌یان هه‌بێت بیده‌نه‌ حكومه‌تی ئێستای كوردستان، بیده‌نه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی پرۆسه‌كان پێكه‌وه‌ ته‌وافوقی سیاسییان له‌سه‌ر بكری و بخرێته‌ به‌رنامه‌ی جێبه‌جێكردنه‌وه‌، دووه‌م: یان به‌شێك بن له‌ حكومه‌تی بنكه‌ فراوان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆن بیه‌وێت له‌ڕێی گفتوگۆوه‌ یان له‌ڕێی سه‌پاندنی هه‌ندێك مه‌رجه‌وه‌ یان له‌ڕێی به‌ناوی هێنانی پڕۆژه‌ی چاكسازییه‌وه‌ واقیعێكی سیاسی بهێنێته‌ ئارا كه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی مانگی 7- 2009 نه‌هێڵێته‌وه‌ و خۆیان یه‌كسان بكه‌نه‌وه‌ به‌و زۆرینه‌یه‌ی كه‌ پارتی و یه‌كێتی وه‌كو لیستی كوردستانی بردوویانه‌ته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و واقیعه‌ سیاسییه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بیهێننه‌ دی ده‌بێت له‌ڕێی سندوقه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بێت.

ئاسۆ: ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كان شكستیان هێنا پارتی و یه‌كێتی ده‌ڵێن ڕێگه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خه‌ڵك، له‌و بڕوایه‌دان ئۆپۆزیسیۆن به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكاته‌وه‌؟!

هێمن هه‌ورامی: ئێمه‌ ئومێد ناكه‌ین كۆبوونه‌وه‌كان شكست بهێنی...

ئاسۆ: له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌مه‌دا...

هێمن: ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌گه‌ره‌كان بێت كۆمه‌ڵێك سیناریۆی تر هه‌یه‌، ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئومێدی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ باشترین سیناریۆ بێته‌ دی بۆئه‌وه‌ی كه‌ كۆبوونه‌وه‌كان به‌ ئه‌نجامیان بگه‌ن، به‌ڵام دیسان ده‌ڵێین ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كان به‌و ئه‌نجامانه‌ نه‌گه‌یشتن كه‌ هه‌موومان خوازیارین، دیسان ده‌ڵێین گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سندوقی ده‌نگدانه‌، ئه‌و كاته‌ش ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆن له‌ هه‌ڵبژاردن نه‌ترسێت بێگومان به‌شداری ده‌كات.

ئاسۆ: هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان زۆر له‌ واده‌ی خۆی دواكه‌وتووه‌، ئه‌مه‌ بابه‌ته‌ له‌سه‌ر سومعه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كه‌وی و ئۆپۆزیسیۆنیش زۆر ڕه‌خنه‌ی جیدی لێگرتووه‌، به‌ بڕوای تۆ بۆچی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئه‌وه‌نده‌ دواكه‌وت؟!

هێمن هه‌ورامی: خۆی باشتره‌ ئه‌و پرسیاره‌ ئاراسته‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بووین كه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دوانه‌كه‌وێت، ئێستاش بڕیاره‌ له‌ ڕۆژی 10- 9- 2011 هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێت، به‌ڵام به‌ بڕوای شه‌خسی خۆم ڕه‌نگه‌ له‌و واده‌یه‌ كه‌مێك دوابكه‌وێت، چونكه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ونه‌ مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌، دووه‌م تێپه‌ڕاندنی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنیش ڕه‌نگه‌ نه‌توانن له‌و ڕۆژه‌دا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌ئه‌نجام بده‌ن.

ئاسۆ: پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقدا زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی عێراق، له‌و بڕوایه‌دایت له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا هه‌مان ده‌نگ دووباره‌ ببێته‌وه‌ له‌كاتێكدا له‌م ماوه‌یه‌دا ڕه‌خنه‌ی زۆر له‌ پارتی گیراوه‌ به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر كه‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان، له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانی كوردستان، له‌سه‌رداوایاساییه‌كان له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان پارتی ڕه‌نگه‌.....

هێمن هه‌ورامی: كی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ ده‌گرێت؟

ئاسۆ: ئۆپۆزیسیۆن و میدیا... من ده‌مه‌وێت پرسیاره‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بكه‌م: ئایا پارتی پشت ئه‌ستووره‌ به‌وه‌ی كه‌ ده‌نگه‌كان ده‌هێنێته‌وه‌؟!.

هێمن هه‌ورامی: ئێمه‌ ڕێككه‌وتنێكمان هه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن ڕێككه‌وتنی ستراتیژی له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی، ئێمه‌ تا ئه‌م ساته‌ش پابه‌ند نین به‌و ڕێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌، به‌ڵام بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن و دابه‌زین له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئایا به‌ لیستێكی لاواز بین یان به‌ لیستێكی كراوه‌ بێت وه‌كو ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ ده‌نگ به‌ پاڵێوراوانی لایه‌نه‌كانی تر درا و به‌ڵام له‌ناو لیسته‌كه‌شدا ده‌نگ به‌ پاڵێوراوه‌كان بدرێت ئه‌مه‌ تا ئێستا قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان وایه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پارتی ده‌ركه‌وت كه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی به‌هێزتره‌ و ده‌ریش كه‌وت له‌به‌رده‌م په‌لامارێكی ناشیرین و نه‌شیاوین كه‌ له‌ هه‌ندێك لایه‌نی ئۆپۆزسیۆندا بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌ماوه‌ری پارتی، جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی وه‌كو خۆیه‌تی و هه‌مان ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ و ڕه‌نگه‌ زیاتریش بێت چونكه‌ ئێمه‌ هه‌ندێك داتامان له‌به‌رده‌ستدایه‌ كه‌ هه‌ندێك ڕاپرسین كه‌ كۆمه‌ڵێك ڕێكخراوی گه‌وره‌ی ناوداری نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامیانداوه‌ له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌رێتی لایه‌نه‌كان تا ئه‌م چركه‌یه‌ش كه‌ قسه‌تان بۆ ده‌كه‌م، پارتی دیموكراتی كوردستان گه‌وره‌ترین هێزی سیاسی كوردستانه‌.

ئاسۆ: سه‌ركه‌وتنی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقدا هۆكار بووه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ پارتی هێرشی بكرێته‌ سه‌ر له‌ سلێمانی؟ ئایا ئێوه‌ ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ به‌وه‌وه‌؟!

همێمن هه‌ورامی: هیوادارین وا نه‌بووبێت به‌ڵام من به‌ ڕای شه‌خسی خۆم له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی هۆكاره‌كانی په‌لاماردانی پارتیدا یه‌كه‌م پارتی باجی گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی خۆی ده‌دات، پارتی باجی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ له‌ كۆنگره‌ی سیانزه‌ به‌ گڕوتینێكی تازه‌وه‌ هاتۆته‌وه‌ مه‌یدان، پارتی باجی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ له‌ كۆنگره‌ی سیانزه‌دا مافی چاره‌ی خۆنووسینی بۆ خه‌ڵكی كوردستان كردۆته‌ دروشم و كار، پارتی باجی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا ئێستا گه‌وره‌ترین هێزی سیاسی عێراقه‌، بۆ زانیاری به‌ڕێزتان پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ئیئتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كاندا خاوه‌نی 31 كورسییه‌، له‌كاتێكدا حیزبی ده‌عوه‌ی مالیكی له‌ناو ده‌وڵه‌تی یاسادا خاوه‌نی 29 كورسییه‌، حه‌ره‌كه‌ی ویفاقی عێراقی له‌ناو ئیئتیلافی عێراقیدا خاوه‌نی 27 كورسییه‌، پارتی ئێستا وه‌كو حیزب گه‌ره‌ترین حیزبی سیاسییه‌ له‌ ساحه‌ی سیاسی عێراقدا، به‌ڵام ئه‌م گه‌وره‌ییه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ واز له‌ كاری گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتر به‌ پارتی بهێنین.

ئاسۆ: تۆ ئه‌ته‌وێت بڵێیت ئه‌و هێرشانه‌ بۆڕیگرتنه‌ له‌گه‌شه‌ی پارتی.

هێمن هه‌ورامی: ئێمه‌ وایده‌بینین كه‌ په‌لاماردانی پارتی بۆ وه‌ستاندنی گه‌شه‌ی پارتی بووه‌، بۆ وه‌ستاندنی گه‌وره‌بوونی پارتی بووه‌، به‌ڵام پارتی قۆناغی زۆر له‌وه‌ خراپتریشی تێپه‌ڕاندووه‌ كه‌ هێزێك بیه‌وێت له‌ڕێی توندوتیژییه‌وه‌ ڕێگری له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی پارتی بكات، پێم وایه‌ بچێت لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی به‌عس و مێژووی حكومه‌ته‌ یه‌ك به‌دوا یه‌كه‌كانی عێراق بخوێنێته‌وه‌، مێژووی ململانێكانی پارتی بخوێنێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌و هه‌ڵه‌یه‌دا نه‌چێت كه‌ له‌ڕێی توندوتیژییه‌وه‌ پارتی له‌ناو ناچێت له‌ گه‌شه‌ش ناوه‌ستی.

 ئاسۆ: دوای ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ كرایه‌ سه‌ر لقی چوار، په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن وه‌ك پارتی وه‌ك پێشوتر ئاسای ده‌بێته‌وه‌؟.

هێمن هه‌ورامی: ئێمه‌ هه‌میشه‌ خوازیاری ئه‌وه‌بووین په‌یوه‌ندییه‌كانمان ئیجابی بی و هیچ وه‌ختێكیش ده‌ستپێشخه‌ر نه‌بووین له‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان ئیجابی نه‌بێت، ئێستاش ده‌رگاكانی ئێمه‌ كراوه‌ن بۆئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئیجابیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كاندا هه‌بێت.

ئاسۆ: هێزه‌كانی ئه‌مریكا بڕیاره‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن له‌ عێراق، چاودێرانی سیاسی چ له‌ ناوخۆ و چ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و چ له‌ ئاستی ئیقلیمیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ركوك یه‌كێكه‌ له‌ ته‌وه‌ری كێشه‌كانی عێراق له‌ داهاتوودا، ئایا كورد چ پلانێكی هه‌یه‌ بۆ كه‌ركوك دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا؟!

هێمن هه‌ورامی: جاری پرسیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئایا هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كشێنه‌وه‌ یان ناكشێنه‌وه‌؟! ئێمه‌ وه‌كو خه‌ڵكی كوردستان پێمان وایه‌، وه‌كو سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستانیش پێمان وایه‌ هێشتا عێراق له‌ڕووی هێزی سه‌ربازییه‌وه‌ خاوه‌نی ئه‌و هێزه‌ نییه‌ بتوانێت سه‌روه‌ریی ئاسمانیی عێراق بپارێزێت، هێزی ده‌ریایی عێراق له‌و ئاسته‌دا نییه‌ بتوانێت سنووره‌ ئاوییه‌كانی عێراق بپارێزێت، هێزی زه‌مینی عێراقیش له‌و ئاسته‌دا نییه‌ بتوانێت سنووره‌كانی عێراق له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاتانی دراوسی بپارێزی، هێشتا هێزی سه‌ربازی عێراقیش له‌ڕووی چه‌ك، له‌ڕووی مه‌شق، له‌ڕووی بیروباوه‌ڕ، له‌ڕووی وه‌لا و بۆ ئه‌و عێراقه‌ فیدراڵییه‌ دیموكراسییه‌ ده‌ستوورییه‌ی كه‌ ئێمه‌ خوازیارین پێمان وانییه‌ ئه‌م هێزانه‌ی ئێستای عێراق له‌و ئاستانه‌دا بن، بۆیه‌ پێمان وایه‌ مانه‌وه‌ی به‌شێكی دیاریكراو له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ قازانجی ئه‌منیه‌تی عێراق ده‌بێت، به‌ قازانجی پاراستنی سیستمی سیاسی ئێستای عێراق ده‌بێت، به‌ قازانجی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ عێراق نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخی شه‌ڕی ناوخۆ و یان نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخی په‌لاماردانی وڵاتانی ئیقلیمی بۆی، بۆیه‌ ئێستا ئێمه‌ ئیشی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تری هاوڕاشمان له‌ عێراق كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا وه‌كو به‌شێكی پێویست بۆ پڕچه‌ككردنی سوپای عێراقی و بۆ مه‌شق پێكردنی سوپای عێراقی و بۆ پاراستنی باڵانسی سیاسی له‌ عێراقدا بمێننه‌وه‌.

بێگومان ئێمه‌ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك مه‌سه‌له‌یه‌كی ستراتیژییه‌ سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ نه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی تاكتیكی بێت، هه‌روه‌ها ئێمه‌ هه‌میشه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ بووین ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ هێز له‌ ئێمه‌، له‌ كه‌ركوك سه‌ندراوه‌ته‌وه‌ و له‌ڕێی ڕێگه‌چاره‌ی یاسایی و ده‌ستووریی و ته‌وافوقی سیاسییه‌وه‌ به‌ده‌ستی بهێنینه‌وه‌، ئێستاش ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پلانه‌ی خۆمان سوورین و ماده‌ی 140 ئه‌و پێوه‌ره‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ی پێده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی كوركوكدا، هه‌ر هێز و لایه‌نێكی تریش بیه‌وێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ماده‌ی 140 واقیعێك به‌سه‌ر كه‌ركوكدا بسه‌پێنی ئه‌و كات خه‌ڵكی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی ئێمه‌ش ده‌سته‌وسان نابێت، پێشم وایه‌ ئه‌و پلانانه‌ی له‌ ڕۆژی 24- 2 له‌ حه‌ویجه‌وه‌ ویسترا له‌سه‌ر كه‌ركوك جێبه‌جی بكری و وه‌ڵامی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان به‌ ناردنی پێشمه‌رگه‌ و به‌رگریكردن له‌ كه‌ركوك باشترین ئاماژه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر هێزێك یان لایه‌نێك یان كه‌سێك بیه‌وێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقی، له‌ده‌ره‌وه‌ی ماده‌ی 140 واقیعێك به‌سه‌ر كه‌ركوكدا بسه‌پێنی ئێمه‌ش وه‌ڵامی خۆمان پێیه‌.

ئاسۆ: ئۆپۆزیسیۆن هه‌میشه‌ ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ ده‌گرێت، ده‌ڵێت یه‌كێتی و پارتی، له‌ ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستاندا ئاماده‌ نین هێزه‌كانی تر به‌شداری پێبكه‌ن له‌ بڕیاری سیاسیدا، له‌ ئاستی كه‌ركوكیشدا نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌یان په‌راوێز خستووه‌، به‌رده‌وام هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر توركمان و عه‌ره‌به‌كان و ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی زۆر نێگه‌تیڤی كردووه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك له‌چوارچێوه‌ی مادده‌ی140ئه‌وسیاسه‌ته‌ش به‌ قازانجی كورد نه‌كه‌وتۆته‌وه‌، من پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كورد چ پلانێكی هه‌یه‌ بۆ نزیككردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانیتر به‌تایبه‌ت به‌تایبه‌تی توركمانه‌كان؟!.

هێمن هه‌ورامی: پێدانی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ لایه‌نی توركمانی یه‌كێكه‌ له‌و به‌رنامانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی كوردستان هه‌یبووه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت له‌ كه‌ركوك باڵاده‌ستی نه‌ته‌وه‌ی كورد بكه‌ینه‌ پێوه‌رێك بۆئه‌وه‌ی كه‌ بمانه‌وێت دیكتاتۆرییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌ كه‌ركوكدا بێت، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پێكه‌وه‌ ژیانین له‌ كه‌ركوكدا، من له‌گه‌ڵ ڕێزی زۆرم بۆ براده‌رانی ئۆپۆزیسیۆن، به‌ڵام براده‌رانی ئۆپۆزیسیۆن ده‌بێت ئه‌وان دوا كه‌س بن له‌وه‌ی كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كان بكه‌ن، چونكه‌ تا ئێستا براده‌رانی ئۆپۆزیسیۆن نه‌یانتوانیووه‌ ڕێگه‌چاره‌یه‌ك له‌ ڕێگه‌چاره‌كانی پارتی و یه‌كێتی باشتر بۆ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك بخه‌نه‌ ڕوو، ده‌نگه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنیش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له‌ كه‌ركوك ڕوون و ئاشكران به‌وه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانن، له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتیدا بووه‌ نه‌ك له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن، ئه‌گه‌ر براده‌رانی ئۆپۆزیسیۆن چاره‌سه‌رێكی باشتریان له‌ ماده‌ی 140 پێیه‌ یان چاره‌سه‌رێكی باشتریان له‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا پارتی و یه‌كێتی كردوویانه‌ مه‌منونیان ده‌بین بیخه‌نه‌ ڕوو.

ئاسۆ: به‌رده‌وام وڵاته‌ ئیقلیمییه‌كان ڕۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ ڕووداوه‌ سیاسییه‌كانی كوردستاندا، ئایا له‌ مه‌سه‌له‌ی خۆپیشاندانه‌كاندا وڵاتانی ئیقلیمی هیچ كاریگه‌رییه‌كیان هه‌بوو، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ؟!

هێمن هه‌ورامی: به‌بی ناوهێنان ڕووداوه‌كانی ئه‌دوایانه‌ی ناو سلێمانی به‌ده‌ر نه‌بوون له‌ كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی هه‌ندێك وڵاتی ئیقلیمی.

ئاسۆ: ئێوه‌ڕۆڵی یه‌كێتی نیشتیمانیتان چۆن بینی له‌ كاتی ڕووداوه‌كانی 17 ی شوباتدا، ئایا یه‌كێتی وه‌كو پێویست توانی باڵانسه‌كه‌ ڕابگرێت، ئایا بۆچی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی سلێمانی نه‌یان توانی ڕێگری بكه‌ن له‌و هێرشانه‌ی كه‌ كرایه‌ سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان؟!.

هێمن هه‌ورامی: ئێمه‌ ئه‌م بابه‌ته‌مان چه‌ندین جار ڕوون كردۆته‌وه‌، ڕۆژی 17 ی شوبات كه‌ په‌لاماری باره‌گای لقی چوار درا، به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌رچووه‌ و له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا به‌ ڕوونیی ئێمه‌ گله‌ییمان له‌ هه‌ندێك له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانی ناو سلێمانی هه‌بووه‌ وه‌كو دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی و حكومی نه‌ك له‌ یه‌كێتی نیشتمانی وه‌كو حیزب، به‌ڵام له‌ چه‌ند ڕۆژی دوای 17 ی شوباتدا ئێمه‌ هه‌ڵوێستی براده‌رانی یه‌كێتی و دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانی سلێمانیمان به‌رز نرخاند و سوپاسیشمان كردن.

ئاسۆ: داواكاریی هه‌نوكه‌یی ئۆپۆزیسیۆن و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌وترێت شه‌قام و ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌قه‌كه‌ره‌كان ده‌ستگیر بكرێن، ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئێستا له‌مباره‌یه‌وه‌ خاوه‌نی هه‌مان هه‌ڵوێستی پێشووی خۆیه‌تی؟!.

هێمن هه‌ورامی: ئێمه‌ داواكاریی شه‌قام، داواكاریی ڕای گشتی له‌ داواكاریی ئۆپۆزیسیۆن جیاده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وانه‌ مه‌سه‌له‌ی دادگایی و یاسایین، ئۆپۆزیسیۆن نابێت خۆی بكات به‌ وه‌كیلی دادگا و پارتی و یه‌كێتیش نابێت خۆیان بكه‌نه‌ وه‌كیلی دادگا، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا دادگا هه‌ن و ده‌بێت دادگاكان بڕیار بده‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش مه‌سه‌له‌ی ئه‌وانه‌شی كه‌ هاندانی خۆپیشاندانه‌كانیان كردووه‌، ئه‌وانه‌شی كه‌پلانیان بۆ ئه‌وه‌ داناوه‌ په‌لاماری باره‌گای لقی چوار بدری ده‌بێت بدرێنه‌ دادگا و ده‌بێت ئه‌وانیش به‌ره‌و دادگا بچن، ئێمه‌ بۆ ئه‌مه‌ هیچ لێدوانێكمان نییه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ پابه‌ندین به‌ بڕیاره‌ حه‌ڤده‌ خاڵییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی بڕیاره‌ حه‌ڤده‌ خاڵییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوون بووه‌، ئه‌م لیژنه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونه‌ دروستكراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی دادوه‌رێكی به‌ڕێزی دادگای ته‌میزی هه‌رێمی كوردستان هاتۆته‌ سلێمانی و ئیفاده‌ی له‌ هه‌موو براده‌ران وه‌رگرتووه‌ به‌ براده‌رانی لقی چواریشه‌وه‌، ته‌نها ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ڕێكخه‌ری خۆپیشاندانه‌كان بوون ئاماده‌ نه‌بوون ئیفاده‌ بده‌نه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌، ئێمه‌ دیسان ده‌ڵێین له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ئێمه‌ یه‌كه‌م كه‌س بووین وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ 17 ی شوبات داوای لیژنه‌یه‌كی یاساییمان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وانه‌ بكات كه‌ چۆن هاندراون، چۆن هێنراونه‌ته‌ سه‌ر لقی چوار، ئێستاش ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ بڕیاری دادگا له‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئاسۆ: كاك هێمن زۆر زۆر سوپاس.

هێمن هه‌ورامی: سه‌رچاو، زۆر به‌خێربێن.



ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.