Red Purple Black

مه‌حمودسه‌نگاوی: سه‌ر بۆ هیچ كوده‌تاچییه‌ك دانانه‌وێنین. ... دیمانه‌ی: ئاسۆعوسمان

PDFPrintE-mail

*تائێستا له‌ كۆبوونه‌وه‌كانماندا له‌گه‌ڵ پارتی قه‌سه‌مان له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت نه‌كردووه‌

* به‌پێی یاسا ڕێگه‌ به‌ خۆپیشاندان ده‌ده‌ین تاوه‌كو خه‌ڵك خۆپیشاندانی خۆی بكات

* له‌ سه‌ره‌تاوه‌ سوپای ئه‌مریكا له‌ كه‌ركوك به‌زۆر ده‌ریكردین، له‌دواییشدا كه‌ سوپای عێراقیش هات هه‌ر سوپای ئه‌مریكا په‌ستانێكی زۆری لێكردین تا هه‌ندێك پاشه‌كشه‌ بكه‌ین تاوه‌كو لای خانه‌قین،

* ساڵانێكی دوورودرێژه‌ له‌ سه‌عدییه‌ و جه‌لاولا كورد ته‌عریب ده‌كرێت، كورد ڕێژه‌ی كه‌مبۆته‌وه‌ له‌چاو عه‌ره‌بدا، گه‌یشتۆته‌ ئاستێك ئێستا به‌رگری پێناكرێت به‌رامبه‌ر به‌ عه‌ره‌ب

مه‌حمودسه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر بارودۆخی ئێستای كوردستان به‌گشتی و ناوچه‌دابڕاوه‌كان به‌تایبه‌تی وده‌ڵێت"ئێمه‌ هه‌وڵی زۆرمانداوه‌ بۆئه‌وه‌ی كوردی ئه‌و ناوچانه‌ بپارێزین، به‌ڵام له‌ ساڵانێكی دوورودرێژه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ ته‌عریب كراوه‌ وكورد ڕێژه‌ی كه‌مبۆته‌وه‌ له‌چاو عه‌ره‌بدا، گه‌یشتۆته‌ ئاستێك كورد ئێستا به‌رگری پێناكرێت به‌رامبه‌ر به‌ عه‌ره‌ب ".

هه‌رله‌م دیمانه‌یه‌دا سه‌نگاوی ده‌ڵێت هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاماده‌باشیدایه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌و ناوچانه‌ وئه‌گه‌ر پێویست بكات له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ نیوكاتژمێر داهیزه‌كانمان له‌و ناوچانه‌ ئاماده‌ ده‌بن، سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ وناڕزایه‌تیه‌كانی ئه‌م دواییه‌ سه‌نگاوی گه‌شبینه‌ به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و پێی وایه‌ گفتۆگۆكان ده‌توانێت قه‌یرانه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و ته‌ئكید له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كوده‌تا قبوڵناكه‌ن و رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌.

ئاسۆ: ئێوه‌ خوێندنه‌وه‌تان چییه‌ بۆكۆبوونه‌وه‌كانی نێوان ئۆپۆزیسیۆن وده‌سه‌ڵات؟ ئایا گه‌شبینن به‌و كۆبوونه‌وانه‌ و له‌و بڕوایه‌دان ده‌رئه‌نجامی باشیان هه‌بێت؟!

مه‌حمود سه‌نگاوی: من زۆر گه‌شبینم، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ده‌یانوت حكومه‌ت بڕوخی و كه‌س نه‌مێنی و په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌مێنێت، ئه‌وانه‌ دڵنیابوون كه‌ ئه‌وه‌ ناڕوخێت، ئێمه‌ش له‌ سه‌ره‌تای كێشه‌یه‌كه‌وه‌ زۆر جیدین بۆ چوونه‌پێشه‌وه‌ و بۆ دانوستان و بۆ لێك تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كاندا، ئێمه‌ زۆر جیدین و پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش باش بیربكه‌نه‌وه‌ ده‌بێت جیدی بن، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌م وڵاته‌ هی ئه‌وه‌ نییه‌ بیكه‌ینه‌ قوربانی مه‌سه‌له‌ی سیاسی و مه‌سه‌له‌ی شه‌خسی، پێویسته‌ بگه‌ینه‌ یه‌ك و ڕێگه‌ی دیالۆگ هه‌ڵبژێرین، به‌ ڕێگه‌یه‌كدا بڕۆین كه‌ وڵاته‌كه‌مان و میلله‌ته‌كه‌مان توشی زیان نه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ من گه‌شبینم.

ئاسۆ: ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ شكست بهێنن یان خۆپیشاندانه‌كان ده‌ست پێبكاته‌وه‌، ئێوه‌ چ هه‌ڵوێستێكتان ده‌بێت وه‌كو ده‌سه‌ڵات، ئایا به‌هه‌مان شێوه‌ ڕووبه‌ڕووی خۆپیشاندان ده‌بنه‌وه‌؟.

مه‌حمود سه‌نگاوی: خۆپیشاندان یاسای خۆی هه‌یه‌، به‌پێی یاسا ڕێگه‌ به‌ خۆپیشاندان ده‌ده‌ین تاوه‌كو خه‌ڵك خۆپیشاندانی خۆی بكات و ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ چاكسازیی و به‌رنامه‌ی چاكسازیمان هه‌ڵگرتووه‌، خۆپیشاندان هه‌بێت یان نه‌بێت ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ چاكسازیی خۆمان، پێم وانییه‌ خۆپیشاندانه‌كانیش به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ست پێبكاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ خه‌ڵك داوای چاكسازیی ده‌كات و به‌سه‌ر چاو چاكسازیی ده‌كه‌ین، ئۆپۆزیسیۆن داوای حكومه‌تی بنكه‌ فراوان ده‌كات به‌سه‌ر چاو هه‌ر ئاماده‌ین، داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌كات به‌ڵی ئاماده‌ین، هه‌موو ئه‌و ڕێگه‌ و دیالۆگه‌ی كه‌ خزمه‌ت به‌م وڵاته‌ و به‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كات ئێمه‌ ئاماده‌ین ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ بگرینه‌ به‌ر، ئه‌گه‌ر لایه‌نێكیش بیه‌وێت په‌لامارمان بدات و كوده‌تامان لێبكات نه‌خێر ئه‌وا سه‌ر بۆ هیچ كوده‌تاچییه‌ك دانانه‌وێنین.

ئاسۆ: مام جه‌لال له‌ یادی یه‌كێتی نیشتمانیدا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی كرد به‌تایبه‌تی بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ئاشتی ئایا تا ئێستا گۆڕان هیچ وه‌ڵامێكی پۆزه‌تیڤانه‌ی هه‌یه‌ بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی مام جه‌لال؟

مه‌حمود سه‌نگاوی: من نازانم ئه‌گه‌ر شتێكی تایبه‌تییان نووسیبێت بۆ جه‌نابی مام جه‌لال، به‌ڵام هه‌ر وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی خراپ و دژ به‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی مام جه‌لال، ئوه‌ پۆزه‌تیڤانه‌یه‌.

ئاسۆ: لێره‌و له‌وی قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ماوه‌ی حوكمڕانی دكتۆر به‌رهه‌م تازه‌، ئایا هیچ شتێك له‌مباره‌یه‌وه‌ باسكراوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی یه‌كێتی و پارتیدا؟!

مه‌حمود سه‌نگاوی: تا ئێستا باس نه‌كراوه‌ و كه‌ هاته‌ وه‌ختی باسكردنی ئه‌و كاته‌ قسه‌ له‌وه‌ ده‌كه‌ین.

ئاسۆ: پێتان وایه‌ پارتی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت بداته‌وه‌ به‌یه‌كێتی؟.

مه‌حمود سه‌نگاوی: تا ئێستا قسه‌ی له‌باره‌وه‌ نه‌كراوه‌ تاوه‌كو بڕیاری لێبده‌ین.

ئاسۆ: له‌ ئاسۆی سیاسی كوردیدا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی و پارتی ئه‌وه‌نده‌ی بیریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ موجامه‌له‌ی ئۆپۆزیسیۆن بكه‌ن یان بیانه‌وێت ئۆپۆزیسیۆن ئاشت بكه‌نه‌وه‌، هێنده‌ بیریان له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ شه‌قام ئاشت بكه‌نه‌وه‌ یان به‌واتایه‌كی تر چاكسازیی بكه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی جیدی، ئه‌م بۆچونه‌تاچه‌ندڕاسته‌؟.

مه‌حمود سه‌نگاوی: ئێمه‌ ئه‌وه‌ی شه‌قام به‌رده‌وامین له‌ چاكسازیی و له‌ خزمه‌تگوزاریی، ئه‌وه‌ ئاشتكردنه‌وی شه‌قامه‌ بۆ خۆی، چه‌ند خزمه‌ت بكه‌ین و چه‌ند چاكسازیی بكه‌ین، ئه‌وه‌ خزمه‌تكردنی شه‌قامه‌، له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنیش ئه‌وا دانوستان ده‌كه‌ین و هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌وانیش ئاشت بكه‌ینه‌وه‌.

ئاسۆ: به‌ بڕوای تۆ بۆچی ئۆپۆزیسیۆن له‌ ئێستادا و له‌ هه‌موو لێدوانه‌ ڕۆژنامه‌نووسییه‌كانیاندا سوورن له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت؟.

مه‌حمود سه‌نگاوی: یاسایه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵی داوای زۆر بكه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌مت بده‌نی، ئه‌وانیش داوای زۆریان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌مێكیان ده‌ست بكه‌وێت.

ئاسۆ: ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكرێت پێشبینیت چییه‌، ئایا ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی به‌رزده‌بێته‌وه‌ یان وه‌كو هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25-7 یه‌كێتی له‌ به‌رامبه‌ر گۆڕاندا و به‌تایبه‌تیش له‌ ناوه‌ندی سلێمانیدا شكست ده‌هێنێت، تۆ چ پێشبینییه‌كت هه‌یه‌؟.

مه‌حمود سه‌نگاوی: ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی یادی سی و شه‌ش ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌وه‌ بۆ خۆی قسه‌ ده‌كات و پێویست ناكات ئێمه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین.

ئاسۆ: له‌م دوایانه‌دا كێشه‌ی نێوان كوردوعه‌ره‌ب له‌ناوچه‌دابڕاوه‌كاندا به‌ره‌و ئاڵۆزی ڕۆشت پێشمه‌رگه‌ش ته‌داخولیكرد پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ بۆچی هێزی پێشمه‌رگه‌ چووه‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌ بۆچیش پاشه‌كشه‌یكرد؟.

مه‌حمود سونگاوی: حه‌زده‌كه‌م بزانیت پاشه‌كشه‌مان نه‌كردووه‌، ڕاسته‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندی تانك پاشه‌كشه‌ی كردبێت به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی، بڕۆ توزخورماتوو ببینه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، بڕۆ خوارووی كه‌ركوك هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، بڕۆ ناوچه‌ی له‌یلان سه‌ربازگه‌ی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، بڕۆ ناو شار هه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ هه‌م ئاسایشه‌ هه‌م پۆلیسه‌، به‌ڵام ئه‌و كاتانه‌ باروودۆخه‌كه‌زۆرخه‌ته‌رناك بوون زۆر جیدی بوون و ئێمه‌ش به‌ جیدی تانكه‌كانمان برده‌ مه‌یدان بۆ پاراستنی میلله‌ته‌كه‌ی خۆمان، ئێستاش هه‌ر كاتێك بزانین میلله‌ته‌كه‌مان ده‌كه‌وێته‌ دژوارییه‌وه‌ له‌ چه‌ند كاتژمێرێكدا هه‌موو شته‌كان له‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی.

ئاسۆ: لایه‌نی توركمانی و عه‌ره‌بی زۆر دژی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140، لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆنیش له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌میشه‌ یه‌كێتی و پارتی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ نه‌یان توانیووه‌ سیاسه‌تێكی دروست بگرن تاوه‌كو ئه‌م مادده‌یه‌ جێبه‌جی بكرێت، به‌ بڕوای تۆ دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا كێشه‌ له‌نێوان كورد و عه‌ره‌بدا له‌م ناوچه‌یه‌دا سه‌رهه‌ڵناداته‌وه‌، ئایا به‌ڕاستی پارتی و یه‌كێتی نه‌یانویستووه‌ ماده‌ی 140 جێبه‌جی بكرێت، یان ده‌بینین ئۆپۆزیسیۆن هێزی پێشمه‌رگه‌ یان ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌وه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ نه‌یانتوانیووه‌ كورده‌كانی ناوچه‌ی سه‌عدییه‌ و جه‌له‌ولا و ئه‌وانه‌ بپارێزن، ئێوه‌ قسه‌تان چییه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌؟!

مه‌حمود سه‌نگاوی: ئێمه‌ هه‌وڵی زۆرمان داوه‌ بۆئه‌وه‌ی كوردی ئه‌و ناوچانه‌ بپارێزین، به‌ڵام خۆتان ده‌زانن له‌ ساڵانێكی دوورودرێژه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ ته‌عریب كرا و كورد ڕێژه‌ی كه‌مبۆته‌وه‌ له‌چاو عه‌ره‌بدا، گه‌یشتۆته‌ ئاستێك كه‌ كورد ئێستا به‌رگری پێناكرێت به‌رامبه‌ر به‌ عه‌ره‌ب، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌، كوردیش هه‌میشه‌ خۆی به‌ خاوه‌نی خاكه‌كه‌ نه‌زانیووه‌ و زۆر كه‌م به‌رگری كردووه‌ و شه‌ڕی له‌سه‌ر كردووه‌، خۆتان ده‌زانن كاتی خۆی من هێزم برده‌ سه‌عدییه‌، بردمه‌ جه‌له‌ولا، بردمه‌ نه‌فتخانه‌، چووین تا سه‌ر حه‌مرین و ئه‌وانه‌ش ڕۆیشتین، له‌سه‌ره‌تاوه‌ سوپای ئه‌مریكا به‌زۆر ده‌ریكردین، له‌دواییشدا كه‌ سوپای عێراقیش هات هه‌ر سوپای ئه‌مریكا په‌ستانێكی زۆری لێكردین تا هه‌ندێك پاشه‌كشه‌ بكه‌ین تاوه‌كو لای خانه‌قین، به‌ڵام له‌ هه‌ر وه‌ختێكدا میلله‌تی ئێمه‌ بكه‌وێته‌ خه‌ته‌ره‌وه‌ من له‌ بیستوپێنج خوله‌كدا ده‌چمه‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ك، بیستوپێنج خوله‌ك دووره‌ لێمانه‌وه‌، به‌ڵام كورد له‌وی ڕه‌وشی باش نییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ تیرۆریستان به‌ هه‌موو هێزیانه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن كورد بكوژن، تاوه‌كو ئێستا ئێمه‌ سی سه‌د و هه‌شتا و دوو شه‌هیدمان هه‌یه‌ له‌ سه‌عدییه‌، له‌ جه‌له‌ولاش شه‌هیدمان زۆر هه‌یه‌ و تاوه‌كو ئێستا هه‌زار و هه‌شتا و دوو ماڵ باریان كردووه‌ له‌ سه‌عدییه‌، له‌ جه‌له‌ولا ماڵێكی ئێجگار زۆر باری كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وی خه‌ڵك ده‌چێت بۆ كاسپی، كه‌ ده‌چێت بۆ كاسپی ده‌یكوژن، شه‌وانه‌ ده‌بێت پاسه‌وانی ماڵه‌كه‌ی بگری، تیرۆریستان ماڵه‌كه‌ی ده‌ته‌قێننه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ناچار ده‌بێت بار بكات، هه‌ندی جاریش بۆ نمونه‌ ئێستا ئێمه‌ هێزمان دروستكردووه‌ له‌ناو جه‌له‌ولا، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كان هێزیان هه‌یه‌ له‌ناو كۆمیته‌كانی خۆیاندا، ئێمه‌ هێزی باشمان هه‌یه‌ له‌ناو سه‌عدییه‌، له‌ناو جه‌له‌ولا و له‌ مه‌نده‌لیش هه‌مانه‌ بۆ پاراستنی كورده‌كان و بنكه‌ و باره‌گاكان.

ئاسۆ: زۆربه‌ی چاودێرانی سیاسی چ ناوخۆ و چ ده‌ره‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا پاشه‌كشه‌ بكه‌ن پێكدادان له‌نێوان كورد و عه‌ره‌بدا له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كاندا ڕووده‌دات، پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌: ئایا هێزی پێشمه‌رگه‌ یان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد، پلانیان هه‌یه‌ بۆ دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا؟.

مه‌حمود سه‌نگاوی: بێگومان هیچ لایه‌نێك بی پلان نییه‌، ئێمه‌ به‌درێژایی مێژوو شه‌ڕمان له‌سه‌ر كه‌ركوك كردووه‌ و هه‌موو شه‌هیده‌كانمان له‌سه‌ر كه‌ركوكه‌، ئێستاش ئاماده‌ نین بۆ یه‌ك بست له‌ خاكی كه‌ركوك ته‌نازول بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاتانه‌ حكومه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی عێراقی ئاماده‌ نه‌بێت ماده‌ی 140 جێبه‌جی بكات ئێمه‌ هێزمان هه‌یه‌ و ده‌چینه‌ جێگه‌كانی خۆمان، ئومێد ده‌كه‌م ئه‌و كاته‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق باش بیربكه‌نه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ وڵاتی ئێمه‌یه‌، خاكی ئێمه‌یه‌، بۆ ئه‌و خاكه‌ ئاماده‌ین ئه‌وه‌شمان ماوین له‌سه‌ری بمرین.

ئاسۆ: دوا پرسیارم ئه‌وه‌یه‌: له‌ یادی یه‌كێتی نیشتمانیدا چ به‌ڕێز دكتۆر به‌رهه‌م چ كاك كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ ئێستا زه‌مینه‌ له‌باره‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌ بڕوای تۆ ئه‌م لێداوانانه‌ی ئه‌م دوو به‌ڕێزه‌ كه‌ جێگری یه‌كه‌م و دووه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتین و سكرتێری یه‌كێتیش سه‌رۆك كۆماره‌ی عێراقه‌، چی ده‌گه‌یه‌نێت، ئایا به‌ڕاستی ئاماده‌كاریی یان زه‌مینه‌ هه‌یه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی كوردیی؟.

مه‌حمود سه‌نگاوی: مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی شتێكه‌ هه‌موومان خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینین و ئومێد ده‌كه‌ین نه‌مرین و ببینین كورد ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌بێت، سنووری خۆی هه‌بی و ئاڵای خۆی له‌سه‌ر وڵاتی خۆی بشه‌كێته‌وه‌، گه‌لی كوردیش له‌سه‌ر خاكی خۆی به‌ ئازادی له‌ وڵاتدا بژی، ئه‌وه‌ ئاواتی هه‌موومانه‌ و خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ین و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین، ئه‌و ڕووداو و هه‌ژانانه‌ی ئێستا له‌ دنیادا هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ دنیای عه‌ره‌بدا ئه‌وانه‌ هه‌موو نزیكمان ده‌كاته‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی، سه‌ربه‌خۆیی ئاواتمانه‌ و هه‌ركاتێك بۆمان بگونجێت وده‌رفه‌تمان هه‌بێت هه‌قی خۆمانه‌ داوای سه‌ربه‌خۆیی وڵاتی خۆمان بكه‌ین.

ئاسۆ: زۆر سوپاس.

مه‌حمود سه‌نگاوی: سوپاس بۆ ئێوه‌ش.



ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.