Red Purple Black

چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ مامۆستای شانۆكار و نووسه‌ری بوێر (حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س) دا - به‌شی دووەم .. سازدانی : هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی

PDFPrintE-mail

 13ـ له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ کوردستان بوویت و له‌ نزیکه‌وه‌ بارودۆخه‌که‌ت دی، ئاستی هونه‌ریی له‌ کوێدایه‌؟

لە هەموو لایەکەوە جموجۆڵم ئەبینی، بە تایبەتی زنجیرە دڕامای تەلەفیزیۆنی، لە یەکدوو بەرهەمیشدا بەشداریم کرد، بەڵام ئەو رۆحەی جارانم بەدی نەدەکرد، هەرچەندە هەموو توانای خۆمم بەکار هێنا، کەچی گەرموگوڕیی چالاکیەکانم بە دڵ نەبوو، ساردییەکم تیا ئەخوێندەوە کە من وەک میوانێک ئەو مافەم نەدەدا بەخۆم کەس بۆ مەبەستەکانم ئاراستە بکەم، هەرچەند بە ناچاری جار جار پێشنیارم ئەخستە روو بەڵام ئەوانە چاری کێشەکەیان نەدەکرد، وەک لە بەشی یەکەمی وەڵامەکاندا ئاماژەم پێدا، ئەو كێشانە ئەبێت زۆر ماندوو بیت پێوەی، ئەمە لە لایەك، لە لایەکی ترەوە ئەو کاتانەی من لەوێ بووم ئاژاوەیەکی سیاسی چۆکی دادابووە سەر کۆمەڵگاکە، لەو کاتانەدا هونەر بەو ناسکیە بە ئاسانی رێی خۆی نادۆزێتەوە، بارودۆخی نائارامیش کارەساتە بۆ دەروونی هونەرمەندان.

14ـ هونه‌ری شانۆ له‌ سه‌رتاسه‌ریی کوردستاندا چۆن ده‌بینی‌ و چه‌ند هه‌ڵگری خه‌ون و ئاواته‌کانی تۆن؟

هەوڵ و کۆشش بۆ ئەفراندنی هونەری شانۆ هەر لە رەوتایە، بەڵام زۆر و بۆریی سەری لە جەماوەرەکە تێک داوە، بەرهەمەکان تاقوفیق کەوتوون و جیاوازییەکی زەق لە بەرهەمێکەوە بۆ بەرهەمێکی تر بە دی ئەکرێت، ئەمە رۆحی ئەو ملمڵانێ رەوایەی کوشتوە. بە مانایەکی تر بەرهەمەکان باز نادەن بەسەر یەکترا و یەکتر بە جێناهێڵن بۆ ئەوەی شۆڕشێکی هونەری بێتە ئاراوە و شانۆ بووژانەوەی بەرچاو بە خۆیەوە ببیبێت.

15ـ ئاستی هونه‌ری جیهانی به‌ کوێ گه‌یشتووه‌ و چ گۆڕانێکی به‌سه‌ردا هاتووه‌؟

ئەمڕۆ هەر کە وشەی جیهان هاتە پێشەوە، راستەوخۆ خۆی لە جیهانگیریدا ئەبینێتەوە، بێگومان ئەم جیهانگیرییەش کارێکی وای کردووە هەموو چەمکەکانی ژیانی لە یەکتر نزیك خستۆتەوە، هونەریش لەم پرۆسەیە دابڕ نیە و بەڵکو لە هەموو بوارێك زیاتر کاریگەریی لەسەرە، ئێستا گۆڕانکاری و پێشکەوتنی هونەر لە چاو جارانا زۆر خێراتر ئەتەنێتەوە و، لە ناو کۆمەڵگاکاندا جیگۆرکێ ئەکات، داهێنانەکان زووتر بە دەڤەرەکانی جیهان ئەگەن و روونتر کاردانەوەکانی ئەکەوێتە بەر چاوی جەماوەر، ئامادەیی و ئاسانکاریی تەکنەلۆجیا کارێکی وای کردووە هونەر هەمیشە لە داهێناندا بێت، ئەگینا لە کاروانی پێشکەوتندا خاو و خلیچکی و چەقبەستن مایەی پووکاندنەوەی هونەرەکەیە و داوییش لەناوچوونیەتی، لەبەر ئەوە ئەبینینین ئەمرۆ هۆنەر شۆڕشێکە سات بە سات ئاستی بیرکردنەوە و ژیانی کۆمەڵگا بەرەو پێشەوە ئەبات و لە گۆرانێکی نەپساوەدایە.

16ـ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی له‌ کوردستان پێشکه‌شت کرد چی بوو؟ سه‌رکه‌وتوو بوویت؟جه‌ماوه‌ر چۆن لێیان وه‌رگرتیی؟

چیرۆکێکی پانتۆمایمی تاکە کەسی بوو بە ناوی (ئەزموونی نەتەوەییەك) لەسەر شانۆی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی پێشکەشم کرد. ئەوی راستی بێت لە ریکلام کردندا زۆر پەلەپەلم کرد، لەبەر ئەوە ئەو دوو رۆژەی پێشکەشم کرد هەر سێسەد کەسێکی نزیکی خۆم هاتن بۆ بینینی، بەڵام لە تەلەفیزیۆنیش نیشان درایەوە. ئەوه‌ندەی لە سەریان نووسی وەك بەرهەمێکی سەرکەوتوو ئەژماریان کرد، ئەم بەرهەمەم لەساڵی ١٩٨٨ لە یۆنان نووسی و لە ئەسینا پێشکەشم کرد، لە ساڵی ١٩٩٠ یش لە شارەکانی کەنەدا پێشکەشم کردەوە. بۆ جەماوەرەکەی کوردوستانیش مایەی دەستخۆشی بوو، چونکە ئەو جۆرە بەرهەمانە هەروا ئاسان نیە، بە بێ هیچ دیالۆگێگ بتوانرێت بەسەرهاتێك و کارەساتێکی گەورەی نەتەوەیەك وەك چیرۆك بگەیەنیتە جەماوەرەکەت.

17ـ تۆ هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ریت و له‌ زۆرینه‌ی باسه‌ هه‌نووکه‌ییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا ئاماده‌ییت هه‌یه‌. ئه‌و بارودۆخه‌ چۆن ده‌بینی؟ ئاسۆکانی به‌رده‌می چین؟

ئەم بارودۆخەی ئێستا کوردوستانی پیادا ئەڕوات، من بە دژوارترین قۆناغی ئەزانم لە رێی درووستبوونی هەبوونێك بۆ کورد، بۆیە دژوارە چونکە وەك هەلومەرج هەموو بوارێك رەخساوە بۆ بوونمان بە دەوڵەت، کەچی لەخۆمانمان تێکدا و رۆژانەش تێکی ئەدەین و ئەیپووکێنینەوە. ئەمڕۆ کورد لە لووتکەی یەکتر نەویستن و دووبەرەکیدایە، ئەوه‌ندە ناپاکی زۆر بووە هەموو بوارێك واڵایە بۆ هەموو دەستە و گرووپێك، بە دەسەڵات بڵێن دابەزە و نۆرەی ئێمەیە ئەوەی ماوە کاولی بکەین، ئاخر ئەمە کۆمیدیا نیە لە لاوازی دەسەڵاتا وەك چیرۆکە ئەفسانەییەکان، کورەکەچەڵە ئەچێتە ناو جەماوەرەوە بازی سەرۆکایەتی بە سەریەوە بنیشێتەوە؟!! ئەمڕۆ لە کوردوستاندا لە داخی ناپاکیی جەماوەرێك درووست بووە دژی چاك و خراپی دەسەڵات ئەوەستنەوە، شوێن هەر کەسێک ئەکەون دژایەتی دەسەڵات بکات، پەرلەمان و دەوڵەت بە هی خۆی نازانێت و پێی دژ و نامۆیە، لە کوردوستاندا جۆرە مافیایەك هاتۆتە سەر گۆڕەپانەکە، ئەژمار بۆ دەوڵەت و یاسا ناکات، پەتی بۆ شل کراوە بە ئارەزووی خۆی لە گۆڕەپانی هەست و ویستی نەتەوەکەدا بێلێپرسینەوە تەراتێن بکات. سەرباری ئەم رەوشە ناهەموارەش هەموو داواکارییەکی رەوای جەماوەرەکە لەلایەن کەسانی مشەخۆرەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەمژرێت و جغزە بەتاڵەکە ئەکەوێتەوە گەڕ و لە سەری شکاو زیاتر هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە، ئەمڕۆ لە کوردوستاندا ئەوەی لە هەموو لاکاندا زیان لێکەوتووە جەماوەرەکەیە، داوای رەوای ئەوان بۆ ویستی ناڕەوای مشەخۆران خراوەتە دادگایەکەوە، تەرازووەکەی بە ئاشکرا تاقوفیقە.

ئاسۆی رەواندنەوەی ئەم ناهەموارییە خەستەش وەك لە زۆر بۆنەی تردا وتوومە ئەویش ئەوەیە: زۆر بوێرانە رووبەڕووی هەرچی ناپاکی ناو دەسەڵات هەیە بوەستنەوە و بڵێن لێرەدا بەس، ئێمە ئامادەنین هەرچی سەروەری و بەرخۆدانی خۆمان و نەتەوەکەیە بکەینە قوربانی گیرفانە زلەکانی تۆ، ئاخر خۆ کەس لە جەماوەرەکە بەهێزتر نیە، رووئەکەمە جەماوەرەکە و لەبەر چاوی ئەوان گیرفانی ناپاکەکان یەکاڵا ئەکەمەوە و ئەیخەمە خزمەتی خۆیانەوە، بەمە متمانەی نەتەوەکە بەدەست دێتەوە، ئا لەم پرۆسەیەدا دوژمن ناتوانێت عەفەوییەتی جەماوەر بەرەو دژایەتی دەسەڵاتێك بەرێت کە کەپری سەری جەماوەرەکە خۆیەتی.

18ـ به‌ باوه‌ڕی ئێوه‌ چه‌ند کوردایه‌تی وه‌ک بیر و رێباز له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ی کوردستانه‌وه‌ پیاده‌ ده‌کرێت؟

ناتوانم بڵێم کوردایەتی لەلایەن دەسەڵاتەوە پیادە ناکرێت، بەڵام ئەو پیادە کردنە لەناو تەمومژی دووبەرەکی و چەند بەرەکیدا وێڵە و سەرگەردانی سازشی بەرامبەرەکەیەتی، ئەی ئەگەر کاردانەوەی کوردایەتی نەبێت بۆ ئەو هەموو دوژمنە پیلان بە دوای پیلاندا پیادە ئەکەن؟ ئاخر کە دەڵێین هێزەکانی کوردوستان ئەمە لە خۆڕایی نیە، ئەی بۆ ناڵێین هێزی کوردوستان؟ چونکە یەک هێزی یەکگرتوومان نیە، کە هێزیش جۆراوجۆر بوو، هەر جۆرە و ئەیەوێت تەنها خۆی بێت و ئەوی تر بسڕێتەوە، ئا لێرەدا کوردایەتی ئەکەوێتە بازاڕی سازشەوە، چونکە هەر هێزە و بۆ سڕینەوەی ئەوی تر پشت بە نەتەوەکە نابەستێت تا کوردایەتی بکەوێتە ناو ململانێکەوە و گەشە بکات، هەر هێزە و بۆ سڕینەوەی ئەوی تر پەنا بۆ سەرسەختترین دوژمنی کورد ئەبات، مەرجی دوژمنیش بۆ هێشتنەوەی هەر یەکەیان، بڤەبوونی بیری نەتەوەیی و پیادەکردنی کوردایەتییە. زیادەرۆیی نیە ئەگەر بڵێم ئەم هەلومەرجە دژوارەی ئێستای کوردوستان ئەنجامی ئەو مقۆمقۆیە بوو، کە باسی لە درووستبوونی دەوڵەتی کوردیی ئەکرد، قوتکردنەوەی ئەو هەموو حیزبە ئیسلامی و کۆمۆنیستە توندڕەوان ە(مەبەستم حیزبی شیوعی نیە) کێی لە پشتە؟ ئافەرین بۆ ئەو سەرکردەیەی لەم تەموتومانی هەناسە وەستێنەدا، دەستبەرداری ئۆکسجینی کوردایەتی نابێت.

19-کاتێ له‌ کوردستان بوویت یاخود به‌ گشتی تا هه‌نووکه‌ هیچ رێزلێنان و خه‌ڵاتێکتان پێدراوه‌؟

   چەند ساڵێك لەمەوبەر وەك رێزلێنان ئەندامێتی شەرەفی سەندیکای هونەرمەندان و مێداڵی ئەو دەستگایەم پێ بەخشرا، لەم گەڕانەوەی دواییشما بۆ کوردوستان، لە لایەن برای خۆشەویست دکتۆر بەرهەم ساڵحەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بانگ کرام و رێزێکی زۆری لێنام، مایەی خۆشحاڵیم بوو کە مەبەست لەو بانگ کردنە تەنها بۆ بەسەرکردنەوەی کەسایەتی خۆم بوو وەك شانۆیی و نووسەر، منێش زۆر بە شانازییەوە بەرەوڕووی چووم، چونکە ئەو کەسایەتییە یەکێکە لەو کارێزمایانەی پێم شەرم نیە بە سەرۆکی بزانم. لەم دەرفەتەدا بەم رستەیەم کۆتایی دێنم، بەڵام لە داهاتوودا بێگومان مافی خۆیی ئەدەمێ و بە درێژی لەسەری ئەنووسم.

لەوە بەولاوە کاتێك من خاوەنی ئەو بیروبۆچوونانە بم کە لە توێی نووسینەکانمدا رەنگ ئەدەنەوە و، بەرەی جەماوەرم هەڵبژاردووە کام لایەن خەڵات بە من رەوا ئەبینێت؟ خەڵاتی من ئەو هەموو رێزەیە لای جەماوەری نەتەوەکەم بە دەستم هێناوە، ئەو سڵاوەی بۆ رێزلێنانی هونەر و بەرهەم و بیرووبۆچوونم لێم ئەکرێت، بە هەموو خەڵاتی دنیای ناگۆڕمەوە. هەر کەس و لایەنێکیش بیەوێت لە رێی ئێمەمانانەوە خزمەتی نەتەوەکەی بکات و بە راستی بێت، ئێمە بە شانازییەوە بەرەوپیری ئەڕوین.

20ـ چی ده‌که‌یت کاتێ ده‌قێ ئاماده‌ ده‌که‌یت بۆ سه‌ر شانۆ؟

هەموو دەقێك بۆ هەموو کاتێك بەڵای منەوە سەرکەوتن و ئەرێنی لای جەماوەر دەستەبەر ناکات، هەر دەقە و کات و ساتی لەباری ئەوێت بۆ ئەوەی دایبەزێنیت، وام پێ باشە دەق خزمەتی ئەو بارودۆخە بکات کە دەقەکەی تیادا پیادە ئەکرێت، هەرچەندە بارودۆخیش تا بارودۆخ کەوتووە، جاری وا هەیە بە چەند رۆژێك تێدەپەڕێ، بارودۆخیش هەیە ساڵەها وەك خۆی ئەمێنێتەوە، هەر لە توێ بارودۆخە سەرەکییەکەشدا، لقوپۆپی تری لێئەبێتەوە، بەڵام دەقی شانۆ باشتر وایە روو لە چارەسەری بارە گشتییەکە بکات، ئەمە لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تریش جیاوازی ئەگرێتە خۆی بەڵام ئێمە مەبەستمان لە کۆمەڵگای کوردییە.

21ـ چ ئاره‌زوویه‌کت وه‌ک هونه‌رمه‌ند و وه‌ک هه‌ره‌س نه‌هاتۆته‌ دی؟

بێگومان ئارەزوو کۆتایی نایەت، هەتا ئارەزوو بێتە دی ئارەزووی تر بە دوای خۆیا کێش ئەکات، لە ئەنجام دا سەیر ئەکەیت هەر بێبەشیت بۆ ماوەتەوە، بۆ نموونە وەك هونەری شانۆ، ئارەزووی تیپێکی لێوەشاوە ئەکەیت، فەرموو ئەوا هاتە دی، ئینجا ئارەزووی دەقی سەرکەوتوو، ئینجا نەبوونی سانسۆر، ئینجا هۆڵیکی شایستە، ئینجا پێداویستییەکانی هۆڵەکە، ئینجا بردنی بەرهەمەکە بۆ هەموو دەڤەرێکی کوردوستان، دوایی بۆ دەرەوەی کوردوستان، کە ئەمانە بەدیهات، سەیر ئەکەیت پێویستت بە سەرمایەیەکی گەورەترە، بۆ ئەوەی هەنگاوی گەورەتر بنێیت، لە پڕ لە خاڵێکدا ئەوەستیت و وا ئەزانیت ئارەزووەکانت هیچی نەهاتۆتە دی. ژیانیش هەمووی وایە، ئارەزوو زنجیرەیەکی نەبڕاوەیە و کۆتایی نایەت یەک ئەوی تر رائەکێشێت، ئەگەر وا نەبێت هەر کە ئارەزوو نەما پێشکەوتنیش ئەوەستێت و خاو رێ ئەکات.

22ـ پرسی ژنی کورد لای تۆ بایه‌خی دیاری پێدراوه‌، ئه‌و زنجیره‌ ووتاره‌ی ده‌رباره‌ی خانمانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌ینووسی چۆن ده‌ستنیشانیان ده‌که‌یت و به‌ نیازی کێ به‌سه‌ر بکه‌یته‌وه‌؟

جیاوازی کەلتووری کورد بە چواردەورەوە زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی هیچ دوژمنێکی چوار دەور بیانووی لێکچوونی کەلتووری خۆی و کوردی نەبێت و، هەمیشە وەک بێگانەیەك لە کوردستانا سەیری خۆی بکات کەلتووری سەربەخۆ گەورەترین هۆکارە بۆ هێشتنەوەی ئەو بۆشاییە و محاڵبوونی توانەوەیەتی وەك نەتەوەیەکی سەربەخۆ، لە کاتێکدا بە هۆی هەر هۆیەکەوە بێت، لە چواردەورمانا تورك و فارس و عەرەب ژنیان لە کۆمەڵگا وەك کەسایەتییەکی ئەکتیڤ تاساندووە و هەموو مافێکی بە بەراوورد بە پیاو لێ زەوت کراوە، لەم کاتەدا لە کۆمەڵگای کوردیدا بە پێچەوانەی ئەوانەوە و شانبەشانی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان ژن لای ئێمە جێوڕێی شیاوی خۆی هەبێت، ئەوە ئەو تایبەتمەندێتییەیە کە ئەیسەلمێنێت وڵاتی کورد هیچ کەلتوورێکی هاوبەش لەناو نەخشەی عێراق و ئێران و سوریادا کۆی ناکاتەوە و، وڵاتێکی جیاوازە لە هەموو بارەیەکەوە. جا یەکێك لەو جیاوازییە زەقانە ئەوەیە کە ژنی کورد هەر لە دێر زەمانەوە جیاواز بووە لەگەڵ ئەو نەتەوانەی کە کوردستانیان داگیر کردووە، بەوەی مێژووناسەکانیش ئەیڵێن هەمیشە وەک پیاو هەڵسوکەوتی کردووە، من ئەمەوێت ئەو کەڵچەرە بە زیندوویەتی بمێنێتەوە، باشترێن رێگەش بۆ بە زیندووڕاگرتنی، ئەوە خامەکانیانە کە ئەتوانن لەوێوە بۆ سەلماندنی قسەکانم سەرچاوە بگرن.

23ـ تا ئێستا زیاتر له‌ 18 ووتارت به‌ ناونیشانی که‌ ده‌مامکه‌کان داده‌ماڵین نوسیوه‌ و هه‌ر جاره‌ش باسێکی هه‌نووکه‌یی به‌ خه‌ست و خۆڵی به‌سه‌ر ده‌که‌یته‌وه‌، ئه‌و مۆتیڤه‌ی بۆ ئه‌م نووسینه‌ ده‌تجوڵێنێ چییه‌؟

سات بە سات شتگەلێك لە مژما کەڵەکە ئەبن ناکرێت بازی بەسەردا بدەیت، لە هەمان کاتدا ناشکرێت هەر دیاردەیە و بابەتێکی تێروپڕی لەسەر بهۆنیتەوە، لە بەر ئەوە دەمامکەکان فریام ئەکەوێت و لە توێی خاڵەکانیدا باسەکان یەكیەك خەست ئەکەمەوە و سەیر ئەکەیت هەر بەشێکی لە چەند ژێیەک ئەدات و ئەوەی مژمی جوڵانووە بە سەری ئەکەمەوە و مایەی خۆشبەختیشمە هزرم بۆ ئەو دەمامکانە چاك ئەکرێتەوە و جاری وا هەیە دوو دێڕی دەمامکەکان تامی نووسینێکی تێروتەسەل ئەدات(لای خۆم) خوێنەریش لە توێی مەیڵەکانیانەوە دیارە کە تام و چێژی لێ وەرئەگرن.

24ـ چ شتێک زۆر له‌ ژیاندا ئازارت پێ ده‌گه‌ێنێ؟

کەسانێک خۆیانت لێ نزیك ئەکەنەوە و مۆراڵیان تیا شك نابەیت، جارێك دووان سیان ئەتگەزن و، ناچار ئەبیت وەلیان بکەیت ئەوە ویژدانم ئازار ئەدات.

ئاخر پشیلە کە مۆراڵی نیە ئەگەر بزانێت مادام بەخێوی ئەکەیت نابێت تەماع لە کەنارییەکەت بکات، تەماعی تێناکات، ئەوە بێ مۆراڵیە کە ئەژمار بۆ تۆ ناکات و ئەیەوێت زیان لە هەستت بدات.

پشیلەیەکمان هەیە رقم زۆر لێی هەستا سمۆرەیەکی کوشت. کچەکەم وتی بابە رقت لێی نەبێت ئەوە ئەو مۆراڵەی نیە، کە نابێت ئەو سمۆرەیە بکوژێت، ئەگەر هەیبوایە نەیدەکوشت چونکە پێویستی پێی نیە. کەسانیش هەن ئەو مۆراڵەیان نیە و ئازار ئەخۆم وەک پشیلەکە ئەژماریان بکەم.

25ـ کوردستان له‌ کام ئاستی سیاسی و هونه‌ریدا ده‌بیننه‌وه‌؟

نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی داهێنەرە، هەرچەند ئەو دوو چەمکەی باستان کردووە لەم کاتەدا بە لێڵی و تەمومژاوی ببینم، دڵنیام ئەوە وەك زاخاودانەوەی ئاڵتوون وایە، هەر پرۆسێسی زاخاودانەوەکە کۆتایی هات ئەدرەوشێنەوە و جوانتر خۆیان ئەنوێنن، ئەو ئەفراندن و داهێنانەی لە کوردوستان ئەکرێت و بە درێژایی مێژوو کراوە، ئەیسەلمێنن زۆر لە پێش دراوسێکانەوە رێ ئەکەین.

26ـ نزیکه‌ی نیوه‌ی باشوری کوردستان به‌ داگیرکراو‌ی ماوه‌ و ده‌سه‌ڵاتی حیزبی کوردیش هه‌ر چاویان له‌ سۆز و به‌زه‌یی و برا گه‌وره‌یی به‌غدایه‌، ئه‌مه‌ چ ده‌رد و برینێکی کوشنده‌ت بیر ده‌خاته‌وه‌؟

کورد لە تەک ئەوەی بێکەسە، یەکگرتووش نیە، ئەم دووبەرەکیەش (وابووە بەچەند بەرەکیش) ئەوەندەی تر ئەو زاخاوەی باسم کرد خەست کردۆتەوە. بە دەگمەن ئەم نەتەوەیە سەرکردەی لە ئاستی جەماوەرەکەیا بینیوە، وەك پێشتریش چۆن دووبەرەکی کورد، بەرەو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی ئەبردن ئێستاش مێژوو خۆی دووبارە کردۆتەوە، بەڵام وەك دەڵێن: میژوو یەکەم جار کارەساتە، بەڵام دووەمجار مەهزەلەیە ئەمەیان چەندهەم جارە و مەهزەلەکەش لە تامی دەرکردووە برا، من لەو باوەڕەدام ئەگەر کورد ئەمڕۆ بە ڕاستی یەك بگرن سبەینێ یەك بێگانە لە باشووری کوردوستاندا جێگەی نابێتەوە، ئەوانە نەبێت کە کوردنین و خۆیان بە کوردوستانی ئەزانن، دوژمنی کورد هەر بزانێت لە یەکگرتوویی نزیك بوونەتەوە، ئەگەر لە دار دایتاشیوە چەند بەرەکی تەیار ئەکات بۆ کاتی پێویست، ئەها ئیسلامی سیاسی و چەپی بەرەڵا چۆن لە کوردوستانا بەلەسە بوون، ئەوە ئەنجامی ئەو فشە رێکەوتنەی یەکێتی و پارتی بوو، هەر کاتێکیش بە تەواوی رێککەوتن، ئەمانیش بەتەواوی ئەبنە بەرەیەکی یەکسانی دژ بە یەك، تا رێککەوتنی ئەو دووانە بەهێزتر بێت دوژمن ئەمانیش بەهێزتر ئەکات، جەماوەرەکەش رۆژانە ئەمانەی لەبەر چاوە بەڵام کێشەی هەستمان هەیە، هەستمان لاوازە چجای بیرکردنەوە و بە دەنگەوە هاتن.

گارده‌کانی سایکسبیکۆش لەولاوە بوەستێت کە هەموو شینەکەیان یەکێتیی خاکی عیراقە، ئەتوانم بڵێم ئەمان مشتەی ناو هەمانەکەن.

27ـ مامۆستا جه‌مال نه‌به‌ز به‌ سیاسه‌تی حیزبی کوردی کوردستانی/عێراقی ده‌ڵێ سیاسه‌تی "نێره‌مووک" واته‌ نه‌ کوردستانی و نه‌ عێراقیشه‌. ئه‌ی له‌ دیدی تۆوه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چۆنه‌؟

دەق خۆیەتی، ئاخر چاك بۆی چووە، کە کوردوستان و عێراق وەك یەك جەستەیان لێبێت، نێرەمووك دەرئەچن. ئەها ئەوە چەندین ساڵە ئەم حیزبانە بە نەزۆکی ماونەتەوە، نە لە کوردوستان ئەزێن نە دەهێڵن لە عێراقیش بزێن، هەتا ئەو عێراقە لە پاشەڵی خۆشیان نەکەنەوە هەر نەزۆك و وەجاخکوێرییان بۆ ئەمێنێتەوە، محاڵە لە قوتابخانەکەی برایەتی کورد و عەرەبا، یەك تاکە قوتابی بەرهەم بێت و ببێتە مایەی سەرفرازی و سەربەخۆیی کورد، بە پێچەوانەوە بە نێرەمووکییەکەش لێیان ناگەڕێن، ماکی شۆڤێنیی عەرەبیشیان لێ موتوربە ئەکەن و هەرچی هەوڵ و کۆششیان هەیە لە بەرژەوەندی عەرەب سەوز ئەبنەوە، هەر وەك چۆن کاتی خۆی کورد بۆ ئیسلامی کرد و عرووبە لوشیدا. هەر بژی خامە پیرۆزەکەی مامۆستام جەمال نەبەز.

28ـ ئه‌مه‌ریکا به‌ نیازه‌ یان هه‌ر ده‌بێ بکشێته‌وه‌ و کوردیش ده‌ستکەو‌تێکی جه‌وهه‌ری به‌رجه‌سته‌بووی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌. رۆژی کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و بارودۆخی کورد له‌و چرکه‌ساته‌دا چۆن ده‌بینن؟

من لەو باوەڕەدا نیم ئەمەریکا بەم زووانە و وا بە ئاسانی بکشێتەوە، هەر نەبێت بنکەیەکی وا جێدەهێڵێت قەرەبووی هێزێکی گەورەی بۆ بکاتەوە، ئاخر ئەو هاتووە (رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە) لە رێگای ئاژاوەی داهێنەرەوە (فوضی الخلاقە) دروست بکات، کاتی خۆی کە نەخشەی سایکسبیکۆشیان سەپاند، ئینگلیز و فەرەنسییەکانیش دەڤەرەکەیان داگیرکردبوو، ئەگینا بۆیان نەدەچووەسەر، ئەی لێدانی بەو دڕندەییە لە شۆڕشی شیخ مەحموود و شۆڕشی بارزان لە لایەن ئینگلیزەکانەوە لەسەر چی بوو؟ لەسەر ئەوە بوو نەخشەکەیان نەگۆڕن، خۆ کە ئینگلیزیش رۆشت بنکەگەلێکی زۆری لە حەبانیە و کەیوان و کەیتوو هێشتەوە، جگە لەوەش موستەشارگەلێک و کۆنسوڵگەلێکی زۆری بە شارەکانی عێراقەوە وەر کرد، جگە لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانێکانی نەوت کە هەمووی ئینگلیز بوون، لەوەش بترازێت زۆر لە عیراقییەکانی بە کورد عەرەبەوە وا تەرجومە کردبوو لە ئینگلیز ئینگلیزتر بوون، هەر لە سیاسەتمەدار و ئەفسەری گەورەوە هەتا ناو خودی عەشرەتەکانیش هەر دەروێشی ساحیب بوون، ئەتوانم بڵێم: ئێستاشی بەدەمەوە بێت. جا لەو گریمانە دوورەی ئەگەر ئەمەریکا دەڤەرەکە جێبهێڵێت، ئەوا ئێران لە ڕێی شیعەگەرییەوە شاندائەداتە خوارووی عێراق و لە رێی ئیسلامگەریشەوە کوردوستان و گەورەترین گەڕەلاوژێی سیاسی دێتە ئاراوە و ئەو هەموو نەوتەی ناوچەکەش ئەبێتە بەلاشخانەی جۆرەها مافیای تازەبابەت و تا چاو بڕکات کوێرەوەری باڵ بە سەر کوردا ئەکێشێت و جیهانی مۆدێرنیش هەرگیز رەوشی وا قوبوڵ ناکات. لەو باوەڕەدا نیم بەم هەموو پۆزلێدانەی ئێرانەوە، ئەمەریکا بۆی چۆڵ بکات، هەر کاتێکیش بڕوات نە ئێران ئەم ئێرانەی ئێستایە، نە تورکیاش هێزی گیڤ بوونەوەی تیا ئەهێڵرێتەوە، واوەتریش بڕۆین نەك هەر چۆڵی ناکات ئەوا خەریکە باکووری ئافریکا و نیوە دۆرگەی عەربیش داگیر ئەکات، ئەمە جگە لە چاوتێبڕینی روسیا و چین و هەموو ئەو لقوپۆپانەی لەم کێشەیە ئەبنەوە.

29ـ حه‌کیم کاکه‌وه‌یس له‌م سه‌رده‌مه‌دا واته‌ ده‌نگ و ویژدان و سیمبۆلی که‌رکوکی فرۆشراوی له‌بیرکراو، تۆ که‌ ووتارێکی ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌رێزه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌ چ هه‌ستێکت لا دروست ده‌بێت؟

لەم ماوەیەدا لەگەڵ پەشێودا باسمان ئەکرد، ئەو ئەیوت و من ئەمووتەوە، هەر لە زمانە کوردییە پاراوەکەی تا بیر و هزرە پیرۆزەکەی لەوێوە بۆ رۆمانە بە هێزەکەی (تەونی جاڵجالۆکە). کورد ئەگەر لە حەکیم کاکە وەیس بگات و خوێنەرانیشی دڵسۆزانە شوێنپێی هەڵگرن و بابەتەکانی بە هەندەوە شرۆڤە بکرێت و، بخرێتە واری جێبەجێ کردنەوە، گومانم نیە ئەم نەگبەتییە شانی کورد بەرئەدات و بەختەوەری ئاوباڵامان ئەگرێتەوە، کاکەوەیس گیان هەردوو چاوی منە.

30ـ چۆن ده‌ڕوانیته‌ بارودۆخی باکووری كوردستان له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا؟ به‌ تایبه‌ت دوای سه‌رکه‌وتنی 36 ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بۆ په‌رله‌مانی تورکیا؟

ئەو سەرکەوتنە روونترین ئاماژە بوو کە کورد چیتر بە شەوارەی بیروباوەڕی نەتەوە سەردەستەکانی ناکەوێت و ئەو کاتە بە سەرچوو، شۆڤێنێکانی تورك، فارس، عەرەب لە رێی ئیسلامی سیاسی و چەپە بەرەڵاکانەوە بیری پان تورکیزم و پان ئەوانی تریش، بەسەر کوردا بسەپێنن و بیری کوردایەتی و سەربەخۆبوونیان وشک بکەنەوە، بە هیوای ئەوەی ئەو پەڕلەمانانە کارێکی وا بکەن لە داهاتوودا ئەو رێژەیە زۆر بەرزتربێتەوە و ببنە هەوێنی تەنینەوەی بیری کوردایەتی و تایبەتمەندی و جیاوازی کورد بە داگیرکەرانەوە، بێگومان ئەمە پاڵەپەستۆیەکی رەوایە دژ بە تورك و ناچارکردنیەتی رۆحی شۆڤێنێتی خۆی لە گیانەڵادا ببینێتەوە، هیچ بیانوویەکی بە دەستەوە نەماوە، ئەو شانۆیەی لەودیو کەوالیسەکەیەوە دژی کورد نمایش ئەکرا و، جەماوەرەکەش هەر تورکەکان خۆیان بوون، ئێستا پەردەکەی لادراوە و، شانۆکە بۆ هەموو جیهان واڵایە و جەماوەریش گشت مرۆڤایەتییە.

05.07.2011

كه‌نه‌دا


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.