Red Purple Black

غه‌فوور مه‌خمووری: مه‌خموور مه‌غدوورترین‌و مه‌زلومترین شاری كوردستانه‌ … دیمانه‌: به‌ختیار پاڵانی

PDFPrintE-mail

غه‌فوور مه‌خمووری ناوی ته‌واوی (غه‌فوور تاهیر سه‌عید حاجی)ه‌، له‌ساڵی 1970 له‌گوندی (كه‌ندی قه‌لان - وادی الغراب)ی سه‌ر به‌قه‌زای مه‌خموور له‌دایكبووه‌، له‌هۆزی (سارمه‌می)یه‌، ده‌رچووی كۆلیژی ئه‌ده‌بیات- به‌شی كوردییه‌، ساڵی 1998 ژیانی خێزانی له‌گه‌ڵ خاتوو (نه‌وال جه‌میل محه‌مه‌دعه‌لی) پێكهێناوه‌، كچێكی به‌ناوی (زیلان)و دوو كوڕی دووانه‌ی به‌ناوه‌كانی (زنار، یاد) هه‌یه‌، ئێستا سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان (YNDK  )ه‌، ماوه‌ی چوار ساڵا ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان بووه‌ له‌نێوان ساڵانی (2005 تاوه‌كو 2009)، خاوه‌نی (11) كتێبی چاپكراوه‌، له‌هه‌مانكاتدا خاوه‌ن ئیمتیازی رۆژنامه‌ی (میدیا)یه‌، ئێستا دانیشتووی شاری هه‌ولێره‌و ئه‌ندامی كارای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ‌و فیدراسیۆنی رۆژنامه‌نووسانی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌ندامی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد و كارگێڕی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌عه‌ره‌بكردنی كوردستانه‌. له‌و چاوپێكه‌وتنه‌یدا غه‌فوور مه‌خمووری وه‌ڵامی پرسیاره‌ تایبه‌تییه‌كانی رۆژنامه‌ی (ده‌نگی مه‌خموور) ده‌داته‌وه‌.

* یه‌كه‌م به‌رهه‌می چاپكراوت ساڵی چه‌ندبوو؟

- یه‌كه‌م به‌رهه‌مم به‌ناوی (سه‌ره‌تایه‌ك بۆحه‌یران‌و كورته‌یه‌ك له‌ژیانی حه‌مه‌دبه‌گی) له‌ساڵی 1989 به‌چاپ گه‌یاند.

* نازناوی (مه‌خمووری) له‌چییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌؟

- خۆشه‌ویستیم بۆ مه‌خموور و له‌ساڵی (1988) له‌سه‌ر داوای مامۆستا (مه‌حموود زامدار) و خوالێخۆشبوو (مسته‌فا نه‌ریمان) ئه‌و نازناوه‌م هه‌ڵبژارد.

* ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی مه‌خموور نه‌بوویتایه‌، حه‌زت ده‌كرد خه‌ڵكی كوێ بوویتایه‌؟

- هه‌ر مه‌خموور.

* ئایا له‌پیشه‌كه‌ت تووشی هیچ رووداوێك بوویت؟

- به‌ڵێ، ساڵی 1995 هه‌وڵی تیرۆركردنم درا به‌وهۆیه‌وه‌ (7) گولله‌م به‌ركه‌وت‌و برینداربووم.

* نهێنیه‌كانت لای كێ ده‌دركێنی؟

- هیچ نهێنیه‌كم نییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌مه‌ هه‌موو خه‌ڵك ده‌یزانن.

* منداڵیت كه‌سێكی چۆن بوویت؟

- وه‌كو ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌سێكی له‌سه‌رخۆبوومه‌و شه‌ڕاوی‌و هاروهاج نه‌بوومه‌.

* له‌منداڵییه‌وه‌ حه‌زت ده‌كرد ببی به‌چی؟

- له‌كاتی خۆی حه‌زم كردووه‌ ببم به‌رۆژنامه‌نووس تاوه‌كو ئێش‌و ئازاره‌كانی میلله‌ته‌كه‌م بگوازمه‌وه‌و راستییه‌كان ده‌ربخه‌م و, رۆژنامه‌نووسی لام پیرۆزترین پیشه‌یه‌.

* خۆشترین خواردن لای تۆ چییه‌؟

- هه‌تا ساوار هه‌بێت برنج ناخۆم.

* رۆمانی كام رۆماننووسی كورد ده‌خوێنیته‌وه‌؟

- له‌سه‌رئاستی كوردستانی مه‌زن یه‌شار كه‌مال و له‌ باشووری كوردستانیش (عه‌زیزی مه‌لای ره‌ش)، هه‌روه‌ها رۆمانه‌كانی به‌خیتار عه‌لی و زۆربه‌ی رۆماننووسانی دی ده‌خوێنمه‌وه‌.

* به‌كام شاعیری كورد سه‌رسامی؟

- له‌شاعیرانی كلاسیك (نالی‌و مه‌حوی)، له‌شاعیرانی ئێستاش (عه‌بدوڵڵا په‌شێو).

* خۆشترین وڵات له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ بینیوتن؟

- له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی لوبنان، له‌ ئه‌وروپایش هۆله‌نداو سوێد.

* له‌ژیانت له‌چی په‌شیمانی؟

- شتێكم نه‌كردووه‌ لێ په‌شیمان بم.

* له‌گه‌ڵ وه‌رزش چۆنی‌و هانده‌ری كام هه‌ڵبژارده‌ی؟

- ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م نییه‌ سه‌یری یارییه‌ وه‌رزشییه‌كان بكه‌م.

* خۆشترین ده‌نگی گۆرانیبێژی كوردی لای تۆ؟

- مه‌زهه‌ری خالقی‌و ئایشه‌شان.

* ئه‌ی خۆشترین ده‌نگی گۆرانیبێژی بیانی؟

- شه‌كیلا.

* خۆشترین ده‌نگی حه‌یرانبێژ لای تۆ كێیه‌؟

- حه‌سه‌ن حه‌یران.

* ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی باڵات هه‌بێ چی بۆ مه‌خموور ده‌كه‌ی؟

- ئه‌وه‌ی پێمبكرێ بۆی ده‌كه‌م تاوه‌كو بگاته‌ ریزی شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان، وه‌كو گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌خموورو دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌وره‌و پاركێك‌و دابینكردنی ئاووكاره‌باو پرۆژه‌یه‌كی ئاودێری و دابینكردنی پێویستییه‌كانی دی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان.

* به‌رای تۆ ئافره‌ت چۆن بێت باشه‌؟

- خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆی بێت‌و ئازادبێت له‌ كارو بڕیارو یه‌كسان بێت له‌ئه‌رك‌و مافدا.

- جوانی ئافره‌ت له‌ چیدا ده‌بینی؟

* هه‌موو ئافره‌تێك لای من جوانه‌، به‌ڵام جوانی ئافره‌ت له‌ ره‌وشت و تێگه‌یشتنی دایه‌.

* بیرت له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ ژنێكی تر بهێنی؟

- به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دوو ژنی دانیم‌و دووژنی ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌.

* ئه‌گه‌ر كچێك پێت بڵێ خۆشتم ده‌وێ‌، چۆن وه‌ڵامی ده‌ده‌یته‌وه‌؟

- من خۆشه‌ویستی خۆم هه‌یه‌ كه‌ دایكی منداڵه‌كانمه‌، رێزو خۆشه‌ویستیشم بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ هه‌یه‌ كه‌ منیان خۆشده‌وێت.

* ئه‌ی ئه‌وانه‌ی رقیان لێته‌ چیان پێده‌ڵێ؟

- گوڵیان پێشكه‌ش ده‌كه‌م‌و رێزم بۆیان هه‌یه‌.

* ئایا به‌رۆژوو ده‌بیت؟

- به‌ڵێ، هه‌موو رۆژه‌كانی مانگی ره‌مه‌زان به‌رۆژوو ده‌بم.

* جگه‌ره‌ده‌كێشی؟

- نه‌خێر نه‌مكێشاوه‌و ناشیكێشم.

* ئه‌ی خواردنه‌وه‌و مه‌شروبات؟

- ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ناخۆمه‌وه‌و وازم لێیهێناوه‌.

* به‌شداری فه‌یسبووك ده‌كه‌ی‌و چه‌ند هاوڕێت هه‌یه‌؟

- به‌ڵێ به‌شدارم‌و نزیكه‌ی (4) هه‌زار هاوڕێم هه‌یه‌.

* كه‌لووه‌كان ده‌خوێنیته‌وه‌؟

- هه‌ندێ‌ جار بۆ كات به‌سه‌ربردن ده‌یانخوێنمه‌وه‌، به‌ڵام باوه‌ڕم پێیان نییه‌.

* غه‌فوور مه‌خمووری چ خه‌ونێكی نه‌هاتۆته‌ دی؟

- دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

* مه‌خموورت خۆشتر ده‌وێ یان هه‌ولێر؟

- هه‌موو شاره‌كانی كوردستانم خۆشده‌وێ، مه‌خمووریش وه‌كو منداڵی هه‌ولێر وایه‌و هه‌ردووكیانم خۆشده‌وێ.

* غه‌فوور مه‌خمووری چۆن پێناسه‌ی خۆی ده‌كات؟

- خزمه‌تكارێكی خه‌ڵكی كوردستان.

* پێناسه‌ت بۆ ئه‌و ناوانه‌ی خواره‌وه‌ چییه‌؟

مه‌خموور: مه‌غدوورترین‌و مه‌زلومترین شاری كوردستانه‌ له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌.

حه‌یران: هه‌وێنی خۆشه‌ویستییه‌و ئارامكه‌ره‌وه‌ی رۆحه‌.

خۆشه‌ویستی: ژیان به‌شی خۆشه‌ویستی ناكات، خۆشه‌ویستی سه‌رچاوه‌ی به‌رده‌وامی ژیانه‌.

حه‌سه‌ن حه‌یران: كۆڵه‌گه‌یه‌كی سه‌ره‌كی حه‌یرانبێژانه‌.

خالد جوتیار: به‌داخه‌وه‌ ته‌مه‌نی كورت بوو، له‌هه‌موو بواره‌كانی فۆلكلۆر شاره‌زابوو.

ئه‌سعه‌د عه‌دۆ: فۆلكلۆرناسێكی شاره‌زایه‌.

حاجی سه‌عدوڵڵا شێخانی: خه‌مخۆرێكی ماندوونه‌ناسی فۆلكلۆری كوردییه‌.

عه‌بدولره‌حمان بێلاف: شاعیرێكی هه‌ست ناسكه‌.

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.