Red Purple Black

ئاگاداری چۆنێتی خه‌رجکردنی بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێرنین … دیمانە: فه‌ره‌یدون بێوار

PDFPrintE-mail

ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێم به‌ پێی یاسایه‌کی په‌رله‌مان سڕ کراون و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ کاره‌کانی پارێزگا ئاگادار نه‌بن، ئه‌مانه‌ وته‌ی فه‌رهاد مه‌لا ساڵح، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێره‌، له‌سه‌ر لیستی یه‌کگرتووی ئیسلامی. ئه‌و راشیده‌گه‌یه‌نێت بۆ پرۆژه‌کانی هه‌ولێر نه‌ ئاگادارین و نه‌پرسیشمان پێده‌کرێت.

 

*:  ئه‌نجامدانی کاروباره‌کانی ئێوه‌ به‌ چ میکانیزمێکه‌؟

فەرهاد: به‌داخه‌وه‌ به‌پێی یاسا ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێم سڕ کراون. بۆیه‌ له‌رووی کارکردنه‌وه‌ گازنده‌ و گله‌یی زۆره‌. له‌م ماوه‌یه‌دا وه‌ک ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کۆبووینه‌وه‌، داوامان لێکرد هه‌ڵبژاردنێکی نوێ بکرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها مادده‌ی (41) له‌ یاسای ژماره‌ (3ی ساڵی 2009)ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان هه‌موار بکرێته‌وه‌. به‌و مانایه‌ی رێگه‌ بدات ده‌سه‌ڵات به‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان بدرێت. ئه‌ویش لای خۆیه‌وه‌ پشتگیری کرد و به‌ڵێنیدا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دیراسه‌ی ده‌که‌ن.

 

 

*:  تۆ باسی سڕ کردنت کرد، به‌ڵام واده‌بینرێت ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی چالاکترن له‌ ئه‌نجومه‌نی هه‌ولێر و دهۆک؟

فەرهاد: پێموایه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ هه‌ڵه‌ی تێدایه‌، چونکه‌ له‌م رۆژانه‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌ که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن باسی ئه‌وه‌ی کرد هه‌ر سێ ئه‌نجومه‌نه‌که‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ئیش ناکه‌ن.

بۆیه‌ ئێستا ئه‌نجومه‌نه‌کان له‌ هه‌رێم له‌ قه‌یراندان، ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانیش نایه‌وێ قه‌یرانه‌کان چاره‌سه‌ر بکات. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌ پرۆژه‌ چاکسازییه‌که‌ی ئۆپۆزسیۆن باسی (لامه‌رکه‌زی ئیداری) تێدایه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان، ده‌خوازم له‌و رووه‌وه‌ به‌ره‌و پێشچوونێک له‌ عه‌قڵییه‌تی سیاسی و ئیداری هه‌رێمی کوردستان بێته‌ کایه‌وه‌ و لامه‌رکه‌زی ئیداری قبوڵ بکات.

 

*:  ئه‌و پاره‌ و پرۆژانه‌ی بۆ پارێزگای هه‌ولێر پێشنیار ده‌کرێن بۆ جێبه‌جێکردن، تاچه‌ند لێی ئاگادارن؟

فەرهاد: به‌پێی یاسا ئێستا نایه‌ته‌وه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن.

 

*:  وه‌کو ئه‌نجومه‌ن تاچه‌ند به‌دواداچوون بۆ پرۆژه‌کانی هه‌ولێر و گیروگرفته‌کانی ده‌که‌ن؟

فەرهاد: ئه‌و پرۆژانه‌ی زانیاریمان پێبگات، یان له‌رێگه‌ی لیژنه‌کانی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ به‌پێویستی بزانن به‌دواداچوونی بۆ ده‌که‌ین، به‌ڵام یاسا‌ رێگره‌ و گشتیگر نییه‌، واته‌ له‌شوێنێک گله‌یی هه‌بوو ئه‌نجومه‌ن له‌وێوه‌ ته‌داخول ده‌کات.

 

*:  ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌ن ده‌ڵێ: له‌ پرۆژه‌کانی پارێزگای هه‌ولێر نه‌ راوێژمان پێده‌کرێت و نه‌ ئاگامان لێیه‌تی؟

فەرهاد: ئه‌وه‌ راسته‌.

 

*:  که‌واته‌ هه‌موو بڕیار و پرۆژه‌کان تاکلایه‌نانه‌ له‌ لایه‌ن پارێزگاری هه‌ولێره‌وه‌ ده‌رده‌چن؟

فەرهاد: وه‌ک وتم یاساکه‌ رێگر بووه‌ له‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن رۆڵی خۆی ببینێت. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و سه‌رنج و پێشنیارانه‌ی چ وه‌ک تاک یان لیست و ئه‌نجومه‌ن داومانه‌ته‌ پارێزگار ئه‌ویش به‌ رێزێکی زۆره‌وه‌ قبوڵی کردوون و جێبه‌جێشی کردووه‌.

 

*:  ئێوه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵکن و خه‌ڵک هه‌ڵیبژاردوون، ئایا ده‌کرێ به‌ بڕیارێکی سیاسی سڕ بکرێن؟

فەرهاد: ئه‌وه‌ بڕیاری سیاسی نییه‌، به‌ڵکو بڕیاری په‌رله‌مانی کوردستانه‌. به‌داخه‌وه‌ په‌رله‌مان رێگر بووه‌، ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ مێژووییه‌ش ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، چۆن قبوڵیان کرد په‌رله‌مانێک ئه‌وا نامه‌سئولانه‌ پرۆژه‌ یاسایه‌ک په‌سه‌ند بکات، که‌ ئه‌نجومه‌نێکی هه‌ڵبژارێردراو سڕ بکات، به‌بێ هیچ هۆکارێکی ئه‌منی و له‌ناکاو.

 

*:  ئایا ئێوه‌ رۆژانه‌ ده‌وام ده‌که‌ن؟

فەرهاد: تارده‌یه‌ک ده‌وام ده‌که‌ین.

 

*:  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شی سڕ کراون، ئایا موچه‌کانتان هه‌ر وه‌رده‌گرن؟

فەرهاد: به‌ڵێ موچه‌ هه‌ر وه‌رده‌گرین، که‌ بڕی دوو ملیۆن و حه‌وت سه‌د هه‌زار دیناره‌.

 

*:  له‌ هه‌رێمی کوردستان (123) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن هه‌یه‌، به‌ گشتی بۆ هه‌ر مانگێک (332100000) یان بۆ خه‌رج ده‌کرێ، بێ ئه‌وه‌ی کاری چالاکانه‌ بکه‌ن، ئایا ئه‌وه‌ به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی نییه‌؟

فەرهاد: بێگومان، نه‌ک هه‌ر به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتییه‌، به‌ڵکو به‌هه‌ده‌ردانی ره‌وتی دیموکراسیشه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا، چونکه‌ ده‌نگی هاوڵاتیان فه‌رامۆش کراوه‌.

 

*:  دوو ساڵ زیاتره‌ ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه‌کان به‌سه‌ر چووه‌، هۆی چییه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ڵبژاردن دوا ده‌خات؟

فەرهاد: ترسی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رای گشتی و جه‌ماوه‌ر.

 

*:  حکومه‌تی هه‌رێم کاتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه‌کانی دیاری کرد، به‌ڵام ئاماده‌گی بۆ نه‌کرد و دووباره‌ دوا ده‌خرێته‌وه‌. رای تۆ له‌م باره‌یه‌وه‌ چییه‌؟

فەرهاد: به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات به‌جدی خۆی ده‌دزێته‌وه‌ له‌ ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنه‌کان. بۆ نموونه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییه‌کان ساڵی (2000) له‌ سلێمانی و (2001) له‌ هه‌ولێر و دهۆک ئه‌نجامدراوه‌، تائێستا هه‌ڵبژاردن نه‌کراوه‌ته‌وه‌. ده‌ترسم ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانیش به‌هه‌مان قۆناغ به‌رن.

 

*:  ئایا ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی به‌ پێویست ده‌زانی، یان یه‌کێکیان زیاده‌یه‌؟

فەرهاد: ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی قه‌زا و ناحییه‌کان به‌ هه‌ڵبژاردن بێت، به‌پێویستی نازانم ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی به‌ هه‌ڵبژاردن بێت، ده‌کرێ به‌ دامه‌زراندن بێت.

 

*:  ئایا ئێوه‌ ئاگاداری چۆنێتی خه‌رجکردنی بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێرن؟

فەرهاد: نه‌خێر، ئێمه‌ ئاگادار نین.

 

*:  زرۆجار ده‌وترێت هه‌ولێر له‌سه‌ر حسابی قه‌زا و ناحییه‌کانی ئاوه‌دانکراوه‌ته‌وه‌، واته‌ زۆرینه‌ی پرۆژه‌کان له‌ناو جه‌رگه‌ی شاری هه‌ولێرن و قه‌زا و ناحییه‌کانی فه‌رامۆش کراون؟

فەرهاد: ئه‌نجومه‌ن ئاگای له‌ ورده‌کاری ئه‌و دابه‌شکردنه‌ نییه‌. به‌ڵام من وای ده‌بینم که‌ دادپه‌روه‌ری ئه‌وه‌ ده‌خوازێ به‌پێی ژماره‌ی دانیشتووان بێت.

 

*:  زۆر جار ده‌وترێت ته‌نده‌ره‌کان واسته‌ و حزبایه‌تی تێدا ده‌کرێ، ئێوه‌ تاچه‌ند ئاگاداری چۆنێتی ته‌نده‌ره‌کانی پارێزگای هه‌ولێرن؟

فەرهاد: ئێمه‌ وه‌ک ئه‌نجومه‌ن ئاگاداری ورده‌کارییه‌کان نین، چونکه‌ یاسا رێگر بووه‌ له‌وه‌ی کاره‌کانی خۆمان بکه‌ین.

 

*:  تا ئێستا به‌دواداچوونتان بۆ پرۆژه‌یه‌ک کردووه‌ گه‌نده‌ڵی تێدا کرابێ و خاوه‌نه‌که‌تان دابێته‌ دادگا؟

فەرهاد: نه‌خێر، نه‌مانبووه‌.

ئەم بابەتە لە ژمارە (67)ی رۆژی 1\8\2011 رۆژنامەی چەتر بڵاوكراوتەوە.

 

 

  This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.