Red Purple Black

توندو تیژیه‌كانی گانگه‌كانی به‌ریتانیا و مامه‌ڵه‌ی حكومه‌ت ... د. نه‌زاكه‌ت حوسه‌ین - به‌ریتانیا

PDFPrintE-mail

مه‌سه‌له‌یه‌كی كوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێت خه‌تا وه‌ك هه‌ڵمات خره‌و كه‌س له‌خۆی ناگرێت و هه‌ركه‌س ده‌یگرێته‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی. چه‌ند مانگێك پێش ئێستا خۆپیشاندانێكی فراوان زۆرێك له‌شاره‌كانی كوردستانی گرته‌وه‌، نه‌ك تاكه‌ ده‌ره‌نجامێكی بچوكیشی نه‌بو به‌ڵكو تا ئێستایش نه‌ حكومه‌ت و نه‌لایه‌نێك و نه‌به‌رپرسێك تاوانێكی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ یاخود هۆكاره‌كانی پشت ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی له‌خۆنه‌گرتوه‌، هه‌رهه‌مویان خۆیان له‌به‌شداربون و هۆكاره‌كانی ده‌رهێناوه‌. ئۆپۆزسیۆن دایه‌ پاڵ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتیش دایه‌ پاڵ ئۆپۆزسیۆن و پاشان وه‌ك هه‌میشه‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی و وڵاتانی دراوسێش تۆمه‌تبار ده‌كرێن.

به‌م شێوه‌ ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه‌كان بێ تاوان ده‌رچون و خوێنی كوژراوه‌كانیش به‌ فیرۆ رۆشت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران نازناوی تیرۆریست و تێكده‌رو سه‌رلێشێواو و.. هتد یان پێبرا.

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ گروپێك له‌به‌ریتانیا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ كه‌ ژماره‌یان ئه‌وه‌نده‌ كه‌مه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی به‌ریتانیا بیه‌وێت به‌توندوتیژی سه‌ركوتیان كات به‌رگه‌ی یه‌ك كاتژمێری هێزی پۆلیسی به‌ریتانیا ناگرن، به‌ڵام چۆن هه‌مو ناوه‌نده‌ سیاسی و راگه‌یاندنه‌كانیان سه‌رقاڵ كردوه‌؟ پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م گروپه‌ ناو و ناتۆره‌یان لێبنرێت و به‌تاوانبار باس بكرێن بریار درا لێكدانه‌وه‌یه‌كی قوڵ بۆ هه‌مو ره‌هه‌نده‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م گروپه‌ بكرێت، له‌ره‌هه‌نده‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و ئاینی و.. هتد. وه‌نابێت كه‌س خۆی بێتاوان پیشان بدات له‌به‌رامبه‌ر سه‌رهه‌ڵدانیدا. ته‌نانه‌ت حزبه‌كانی پێشوی سه‌رده‌سه‌ڵاتیش و نوێنه‌ری كۆمیونیه‌تیه‌كان و كه‌نیسه‌كان وپۆلیس و شوێنانی تری په‌یوه‌ندی دار بانگهێشتی په‌رله‌مان كران تاوه‌كو بزانرێت هه‌ریه‌كه‌یان چه‌نده‌ هۆكاره‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م جۆره‌ گروپه‌.

مامه‌ڵه‌ی پۆلیس له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان خراوه‌ته‌ به‌رباس و رۆژانه‌ چه‌ندین گه‌نج و خه‌ڵك له‌سه‌ر جاده‌كان ده‌هێنرێن و ده‌یاندوێنن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا پۆلیس چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردون، ئایا توندوتیژیان به‌رامبه‌ر كراوه‌؟ بێرێزیان به‌رامبه‌ر كراوه‌؟. ده‌سه‌ڵات و سه‌ره‌ك وه‌زیرانی ئێستا ئه‌و ریفۆرم و گۆراناریانه‌ی له‌داهات و ژیانی خه‌ڵكدا كردی چه‌نده‌ هۆكاره‌؟ ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه‌ به‌ده‌موچاوی به‌ستراوه‌و ده‌دوێنرێن و پرسیاریان لێ ده‌كرێت بۆچی وا هه‌ڵس و كه‌وت ده‌كه‌ن.

حزبی پێشوی سه‌رده‌سه‌ڵات كه‌ پارتی كرێكارانه‌ بانگهێشت كراوه‌ته‌وه‌ تا بزانرێت ئه‌و چه‌نده‌ به‌رپرسیار بوه‌ ئایا ته‌راكوماتی شێوازی فه‌رمانره‌وایی ئه‌وان هۆكار نیه‌؟ چه‌نده‌ به‌ر پرسیاریه‌تی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانیش؟

پاشان خێزان و كۆمه‌ڵگه‌، ئایا نه‌بونی خێزان و كێشه‌كانی ناوخێزان هۆكار نین؟ دایكان و باوكانیان بانگكردوه‌و ده‌یاندوێنن له‌و باره‌وه‌. میدیا و فیلمه‌كانی توندوتیژی چه‌نده‌ به‌رپرسیارن؟

 هه‌مو لایه‌ك ئاماده‌یه‌ چه‌ندێك خه‌تای هه‌بێت له‌ ئه‌ستۆی بگرێت، بۆ نمونه‌ له‌یه‌كێك له‌ روبه‌روبونه‌وه‌كاندا ده‌یڤید كامیرۆنی سه‌رۆك وه‌زیران ویستی تاوانه‌كه‌ بخاته‌ ئه‌ستۆی خێزانه‌كان و وتی داواده‌كه‌م خێزانه‌كانمان رۆڵه‌كانیان بانگ بكه‌نه‌وه‌ و له‌سه‌ر جاده‌ كاری توندوتیژی نه‌كه‌ن. یه‌كێك له‌قه‌شه‌كان وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: كام خێزان، ئه‌وانه‌ی كه‌ منداڵه‌كانیان كه‌نیسه‌ ناناسن. ئێوه‌ نه‌بون ئه‌و منداڵانه‌تان له‌دایك و باوك و له‌كه‌نیسه‌ كرد؟ خێزانتان نه‌هێشت و پۆلیستان بۆ كردن به‌هه‌مو شتێك، كه‌واته‌ جه‌نابی سه‌رۆك به‌ پۆلیس بڵێ با كۆنترۆڵیان بكات نه‌ك خێزان چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر جاده‌ن كاراكته‌ری فیلمه‌ توندوتیژیه‌كان پێشه‌نگیانن، گۆرانی بێژه‌ ده‌رمانخۆره‌كان پێشه‌نگیانن نه‌ك ئێمه‌ی پیاوانی ئاین و دایكان و باوكان.

كامیرۆن ویستی داوا له‌ ئه‌مریكا بكات هاوكاری بكات كه‌ چۆن ئه‌وان گروپه‌ توندوتیژه‌كانی ناو ئه‌مریكایان كۆنترۆڵ كردوه‌، به‌م داوایه‌ی به‌ره‌وروی ره‌خنه‌ی توندی په‌رله‌مان و سیاسیه‌كان بویه‌وه‌، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵیان نیه‌ ئه‌مریكا بێته‌ ناو كێشه‌كه‌وه‌ و ئه‌وه‌یان به‌ خۆدزینه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران پێناسه‌كرد له‌به‌رامبه‌ر كێشه‌ی وڵاته‌كه‌یدا.

ئه‌مان به‌م شێوه‌یه‌ به‌دوای چاره‌سه‌ری كێشه‌و گرفته‌كاندا ده‌گه‌رێن، هاتون دیراسه‌ی بریارو شێوازی حوكم و مامه‌ڵه‌ی خۆیان لێكده‌ده‌نه‌وه‌ و لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌كه‌ن پێش ئه‌وه‌ی هیچ تاوانێك بخه‌نه‌ پاڵ ئه‌و گروپه‌. تاكه‌ ناوێك له‌و گروپه‌ نراوه‌ (گانگ) ه‌ به‌واتای گروپێك خه‌ڵك به‌یه‌كه‌وه‌ یه‌كیان گرتوه‌و به‌شداری له‌كارێكی توندوتیژی یان نایاسایی ده‌كه‌ن.

ئومێده‌وارین چی تر ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌ش خۆیان نه‌دزنه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیاریه‌تی له‌ سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌و گرفته‌كان و هه‌مو لایه‌ك دان به‌خه‌تاباری خۆیدا بنێت و له‌خه‌می ئاینده‌ی ولات و نه‌وه‌كاندا بێت.

د. نه‌زاكه‌ت حوسه‌ین - به‌ریتانیا


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.