Red Purple Black

سازان، ئه‌و كچه‌ كورده‌ی به‌ هۆی قژه‌ سپییه‌كانی خاڵی كتێبێكی به‌ زمانی ئینگلیزی نووسی ... چاوپێكه‌وتن: زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

سازان مه‌نده‌لاوی، پێنج ساڵه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان، گۆڕانكارییه‌كانی ژیانی له‌ ئوسترالیاوه‌ بۆ كوردستان، وایكرد كتێبێك بنووسێت به‌ ناوی "هێلانه‌كه‌م" به‌ زمانی ئینگلیزی، كه‌ باس له‌ به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی وه‌ك كچه‌ كوردێك ده‌كات، سازان ده‌ڵێت "كه‌ من باسی خۆم كردووه‌، واتا باسی هه‌موو گه‌نجه‌كانه‌م كردووه‌ كه‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌ژین".

سازان مه‌نده‌لاوی، ساڵی 1989 له‌ هه‌ولێر له‌ دایكبووه‌ و 1996 له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی چوون بۆ وڵاتی ئوسترالیا، ساڵی 2006 به‌ یه‌كجاری گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان، لێره‌ خوێندنی زانكۆ، به‌شی سیاسه‌ت و نێوده‌وڵه‌تی ته‌واوكرد، له‌به‌رنامه‌یدایه‌ ئه‌مساڵ بۆ بڕوانامه‌ی ماجستێر بخوێنی و كتیبێكی دیكه‌ش بنووسی، "به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان باسی خۆم ناكه‌م، باس له‌ كه‌لتوور و دابونه‌ریتی كورد ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ بۆمن شتێكی نوێیه‌".

سازان، كه‌ ئێستا له‌ هه‌فته‌نامه‌ی "كوردش گلوپ" كاری رۆژنامه‌وانی ده‌كات، بۆ (سڤیل) باس له‌ چۆنیه‌تی نووسینی بیرۆكه‌ی كتێبه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت "جارێكیان له‌گه‌ڵ ماڵه‌وه‌ به‌ سه‌فه‌ر چووین بۆ وڵاتی نه‌مسا، بۆ لای خاڵه‌كه‌م، كه‌ له‌وی ژیانێكی خۆش و دوو منداڵی هه‌یه‌، زۆر سه‌ركه‌وتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ژیانی مورتاح نه‌بوو، پرسیار ئه‌وه‌م لێی كرد، بۆچی نامورتاحی؟ ئیتر زۆر شتم بۆ روون بوویه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ بیانووسم"، سازان له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام بوو گوتیشی "كه‌ هاتمه‌وه‌ كورستان یه‌كه‌م شتم به‌ ناوی (هۆییه‌كانی قژه‌ سپییه‌كانی خاڵم) نووسی، دواتر به‌رده‌وام له‌سه‌ر ژیانی ده‌ره‌وه‌ شتم نووسی، دوای دوو ساڵ، كردم به‌ كتێبێك به‌ ناوی "هێلانه‌كه‌م" چاپ و بڵاوم كرده‌وه‌". سازان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا زۆر كه‌س پێی ده‌ڵێ بۆچی ئه‌و كتێبه‌ت نوسیووه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌رگایه‌كه‌ بۆ ئه‌و گه‌نجه‌ كوردانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌وروپا دێنه‌وه‌ كوردستان بتوانن چۆن له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی كوردستان بگونجێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی ئێره‌ش له‌ ئه‌وروپا ئاگادار بن، "چونكه‌ ئه‌وروپا نه‌ ئه‌و به‌هه‌شته‌یه‌ كه‌ باسی ده‌كه‌ن، نه‌ ئه‌و خه‌زێنه‌یه‌ به‌ ئاسانی پاره‌ت لی ده‌ستكه‌وێت".

سازان ده‌ڵی "كچێكی كورد له‌ وڵاتی به‌ریتانیا كتێبه‌كه‌ی منی خوێنده‌وه‌، ئیمێلی بۆ ناردم و گوتی كاتێك كتێبه‌كه‌تم خوێنده‌وه‌، ویستم یه‌كسه‌ر بێمه‌وه‌ بۆ كوردستان، ئه‌وه‌ بۆ من هه‌موو دنیا دێنی". سۆزان ده‌شڵی له‌به‌رئه‌وه‌ له‌سه‌ر نووسینی كتێب به‌رده‌وام ده‌بم و ئیشی رۆژنامه‌وانی خۆشم ده‌كه‌م، بیرۆكه‌ی زۆرم هه‌یه‌ بتوانم له‌ كوردستان جێبه‌جێیان بكه‌م، هه‌ر گه‌نجێكیش پێویستی به‌ هاوكاری من هه‌بێ ئاماده‌م هاوكاریی بكه‌م".

سازان باسی له‌وه‌شكرد، له‌به‌ر خوێندن و پڕۆژه‌ی نووسینی كتێب، جاری بیری له‌ شووكردن نه‌كردۆته‌وه‌، "به‌ڵام دواجارش هه‌مووی قسمه‌ت و نسیبه‌، چونكه‌ له‌ كوردستان كه‌ ده‌چیته‌ هه‌ر ئاهه‌نگێكی بووك گواستنه‌وه‌ یه‌كسه‌ر به‌ كچه‌كان ده‌ڵێن نه‌خشه‌بی له‌ تۆ، هه‌رواشیان به‌من ده‌گوت، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌و دوو ساڵه‌ی رابردوو ئه‌و وشه‌یه‌ گۆڕاوه‌، ئێستا ده‌ڵێن نه‌خشه‌بی له‌ ماجستێره‌كه‌ت، یان له‌ دكتۆراكه‌ت، ئه‌وه‌ گۆڕانكارییه‌كی زۆر گه‌وره‌ و جوانه‌ له‌ كوردستان روویداوه‌". مه‌نده‌لاوی گوتیشی "خۆم له‌ كچه‌كانی ئێره‌م گوی بووه‌ ده‌ڵێن شوو ناكه‌م تاوه‌كو خوێندن و بڕوانامه‌ی به‌رز به‌ده‌ست نه‌هێنم، پاشان شووكردن".

سازان له‌ قوتابخانه‌یه‌كی ته‌یراوه‌، چۆته‌ ناو خه‌ونه‌كانی كچانی كورد، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، تاوه‌كو ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجام نه‌دا نه‌یزانیووه‌ كچانی كورد خه‌ونی وا گه‌وره‌یان هه‌یه‌، ده‌ڵێت "ماوه‌یه‌ك رۆشتم بۆ قوتابخانه‌یه‌كی كچان له‌ ته‌یراوه‌، له‌گه‌ڵ كچه‌كان تێكه‌ڵ بووم، داوام لێكردن هه‌ریه‌ك له‌ كاغه‌زێك خه‌ونه‌كانی خۆیم بۆ بنووسی، كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ خه‌ونه‌كانم خوێنده‌وه‌ تاسام، خه‌ونی بوون به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، سه‌فیر، دكتۆری ئاژه‌ڵ و ئه‌و شتانه‌یان نوسیوو بوو، خۆزگه‌ له‌لایه‌ن ماڵه‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ فرسه‌تی ئه‌وه‌یان پێ ده‌درا كار بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانیان بكه‌ن".

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری سڤیل

Zanadzey@yahoo. com



ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.