Red Purple Black

هه‌ودا: بڕیاره‌كه‌م هه‌ڵه‌ بوو، به‌رده‌وام ده‌بم ... زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی كێبڕكی له‌كه‌ناڵی كوردسات به‌ (سڤیل) ـی راگه‌یاند، له‌ پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌كه‌ی و كاری راگه‌یاندن به‌رده‌وام ده‌بێت، كه‌ هه‌فته‌ی پێشوو رایگه‌یاندبوو دوای مانگی ره‌مه‌زان به‌یه‌كجاری واز له‌راگه‌یاندن دێنی.

هه‌ودا، پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی كێبڕكی، كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌رفیهی كێبڕكێیه‌، هه‌موو شه‌وان له‌ كه‌ناڵی كوردسات پێشكه‌ش ده‌كری، هه‌ودا هه‌فته‌ی رابردوو رایگه‌یاند، دوای مانگی ره‌مه‌زان به‌یه‌كجاری واز له‌كاری راگه‌یاندن دێنی، "وامزانی بۆمن واباشتره‌ واز بێنم، چونكه‌ ئه‌وه‌ی من ده‌مویست به‌ده‌ستم نه‌هێنا".

هه‌ودا، یانزه‌ ساڵه‌ كاری راگه‌یاندن ده‌كات و ئێستا كارمه‌ندی كه‌ناڵی كوردساته‌، له‌ لێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) گوتی "بۆم ده‌ركه‌وت بڕیارێكی هه‌ڵه‌مدا كاتێك ویستم به‌یه‌كجاری واز له‌راگه‌یاندن بێنم". هه‌ودا له‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌شیمان بۆته‌وه‌ و ده‌ڵێت "ته‌له‌فۆنێكی زۆرم بۆهات، خێزانه‌كه‌م به‌تایبه‌ت باوكم رازی نه‌بوون، هه‌روه‌ها كه‌ناڵی كوردساتیش ئه‌و بڕیاره‌یان په‌سند نه‌كرد، هه‌ستمكرد كوردسات پێویستی به‌منه‌ و پێویستی به‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌رفیهییه‌، كوردستانیش پێویستی به‌ پێشكه‌شكارێكی وه‌ك منه‌، بۆیه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌م په‌شیمان بوومه‌وه‌". ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا جارێكی تر بڕیاری هه‌ڵه‌ی به‌مشێوه‌یه‌ نادات، چونكه‌ له‌حاڵی توڕه‌بووندا ئه‌و بڕیاره‌ی داوه‌، خێزانه‌كه‌ی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاگادار نه‌كردبۆوه‌، ئاشكراشیكرد "ره‌مه‌زانی پێشوو سكپڕبووم، چاوه‌ڕی بووم منداڵه‌كه‌ تۆزێك گه‌وره‌ بێت، به‌رده‌وام له‌لای بووم، دوو مانگ پێش مانگی ره‌مه‌زان مۆڵه‌ته‌كه‌م له‌ كوردسات ته‌واو بوو، من و كوردسات به‌پێویستمانزانی له‌م ره‌مه‌زانه‌دا ده‌ركه‌ومه‌وه‌، ئیتر له‌دوای ره‌مه‌زانیش به‌رده‌وام ده‌بم".

ئه‌گه‌رچی پێشووتر له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك كۆمه‌ڵێك له‌ كچ و ژنان ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان له‌ هه‌ودا گرت "پێشكه‌شكارێكی به‌جوله‌جول و بی زانیارییه‌". له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ودا ده‌ڵێت "ئاگام له‌وه‌ نییه‌ و نه‌مبینیووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ستایلی منه‌، هه‌ر به‌م ستایله‌ش به‌رده‌وام ده‌بم".


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.