Red Purple Black

شازاده‌ سان.. دڵشآد تاقانه‌

PDFPrintE-mail

بریا‌ کورد شازاده‌یه‌کی هه‌بایه‌ !‌ گه‌ر شازاده‌ی هه‌با پاشاشی هه‌رده‌بوو، مه‌مله‌که‌ت و نیشتمانی ئازاد هه‌روه‌ها بڕیاری ئیمپراتۆری ده‌بوو ! ئه‌گه‌ر خاکه‌که‌شی دابه‌ش بووایه‌ گرینگ نه‌بوو ! با وه‌کو ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، کۆریای باکور و باشور یان سودانی باکور و باشور بووایه‌ نه‌ک خراپتر له‌بارودۆخی کشمیری نێوان هیندستان و پاکستان له‌جیاتی دووان چوار پارچه‌ کرایه‌ ! کورد ده‌ڵێ: داری بریایه‌ شین نابی. هه‌روه‌ک خۆزگه‌ خه‌یاڵێکی ئاسان ده‌سته‌ هه‌موو مرۆڤێ په‌ی پێده‌با هه‌ڵی ده‌کێشی به‌ڵام هاتنه‌دی خۆزگه‌کان هه‌لومه‌رجی خودی و ده‌ره‌کی گونجاوی ده‌وێ، پێم وایه‌ مافی خۆزگه‌ خواستنمان هه‌یه‌: جارێکی تر خۆزگه‌ کوردیش شازاده‌کی ده‌بوو.

پۆشاکی میللی..

پۆشاکی هه‌رگه‌لێک تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ وه‌ک ڕه‌وت و سیمایه‌کی که‌ڵچه‌ری پێی ده‌ناسرێته‌وه‌ مایه‌ی شانازی خاوه‌نه‌کانیه‌تی. هه‌ندێ لێکچوونیش ده‌رده‌که‌وێ سه‌ره‌ڕای جیاوازی زۆروزه‌وه‌ندی شێواز یا فۆڕمی بڕین و درووینه‌که‌ی که‌ به‌پێ ی سروشت، دۆخی جوگرافی نیشتمانی گه‌له‌که‌ تایبه‌تمه‌ندی وه‌رده‌گرێ. له‌ڕێزه‌فلیمه‌ کۆریه‌کانیش ئه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێ جله‌کانیان که‌وا و شاقه‌لی هه‌یه‌ خۆ پشتێنده‌ داویه‌که‌ی سه‌رسینگیان هه‌روه‌ک پشتێندی جلی کوردی ژنانه‌یه‌ که‌ درێژی کراسه‌که‌یانی پی هه‌ڵده‌چنن. له‌هه‌مووی سه‌مه‌ره‌تر شوێن شێوازی گیرفانه‌کانی سه‌ر‌ده‌ست و ژێر قۆڵیانه‌ هه‌گبه‌ی نامه‌ و پاره‌ هه‌ڵگرتنه‌ هه‌ندێ جاریش خه‌نجه‌ری تێدا ده‌شارنه‌وه‌ !

گه‌نده‌ڵی..

به‌رتیلده‌ر و به‌رتیلخۆر دوو دیوی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵین له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان هه‌بووه‌ هه‌ر ده‌مێنێ، سیاسیه‌ چاوچنۆکه‌ کاربه‌ده‌سته‌کان داهێنانی تێداده‌که‌ن له‌هه‌ر سه‌رده‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌ک به‌ڵام ئه‌و چه‌شه‌‌یه‌ بۆ چاوشۆڕکردن و تێپه‌ڕاندنی کاره‌کان هه‌ر له‌کایه‌دایه‌ دیاره‌ مێژووی دوور و درێژی هه‌یه‌ ئه‌وساش وه‌ک ئێستا به‌رتیل هه‌ر دراوه‌ و وه‌رگیراوه‌.

مراویه‌کانی شاهانه‌..

لاتان سه‌یر نه‌بێ هه‌موو شتێکی شاهانه‌ هه‌بووه‌‌ له‌جل و به‌رگ، خواردن، پاسه‌وان، جگه‌ له‌خانم بگره‌ ژنه‌ دۆستی شاهانه‌... تاد. به‌رده‌ست و خه‌سێنراوه‌کانی ده‌وری خانه‌واده‌ی شاهانه‌ وه‌ک مراوی سه‌رده‌له‌قینن بۆ سڵاو به‌رده‌وام له‌ده‌وری پاشا و شازاده‌ به‌چه‌ماوه‌یی ڕاده‌وه‌ستن. که‌شاژنیش ده‌ڕوا ده‌ڵێ ی مریشکه‌ خڕه‌ی پانکه‌، نه‌ما هێلکه‌ و دانکه‌ ئه‌وجا جوجه‌ڵه‌کانیش به‌دوایانه‌وه‌.

   

هه‌ڵوه‌سته‌ی کۆمیدی..

کۆمیدیا وه‌ک به‌شێک له‌ژیان پێویستی یه‌، له‌کار و به‌رهه‌می هونه‌ری گرینگی ته‌واوی هه‌یه بۆ وه‌ڕس نه‌بوونی بینه‌ر یا بیسه‌ر هه‌روه‌ها جۆشاندنی سه‌لیقه‌ی به‌دواداچوون به‌رده‌وامی چاوه‌دێری. به‌زاراوه‌ عه‌ره‌بیه‌که‌ کۆمیدیای مه‌وقیف ئه‌و به‌رهه‌مه‌ داهێنه‌ر و به‌هره‌به‌خشه‌یه‌ گه‌یه‌نه‌ری هه‌ستی په‌یامه‌ ڕاسته‌قینه‌که‌یه‌، زۆر خۆڕسکی ده‌ربڕین و هه‌ستی خه‌نده‌هێنه. ده‌ربڕین و گه‌یاندنه‌که‌ی جۆره‌ها شێوازی هه‌یه‌ ‌‌له‌کۆمیدیای نوسین، ده‌نگ، جوله‌، وێنه‌...تاد. کۆمیدیای نو‌سین له‌ده‌قه‌وه‌ سه‌رچاوه ‌ده‌گرێ، وه‌رگێڕی دروستی ڕووداوه‌که‌یه‌‌ ده‌کرێ به‌هێمای پیت و نوسین وێنه‌‌خه‌یاڵی خوێنه‌ر دابهێنرێ‌ له‌نوکته‌یه‌کی نوسراو ده‌یخوێنینه‌وه‌. کۆمیدیای ده‌نگ له‌تۆن و زمانی ده‌ربڕینه‌که‌ سرووش وه‌رده‌گرێ له‌دوانه‌ خۆش و خه‌نده‌هێنه‌کان له‌گێڕانه‌وه‌ ده‌بیسرێته‌وه‌. کۆمێدیای جوله‌ ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕووبه‌رێک ده‌کرێ ده‌بێته‌ پرسێک وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێکه‌نینی بینه‌ره‌کانی به‌دوادا ده‌هێنێ جا له‌هه‌رشوێنێک بێ سه‌رشانۆ یا فلیم ڕه‌نگ ده‌د‌اته‌وه. کۆمێدیای وێنه‌ زۆر به‌سانایی له‌کاریکاتێرێکی دروستکراودا ده‌بینرێته‌وه‌. له‌ڕێزه‌فلیمدا شێوه‌ ئادگار و کارێزمای که‌سایه‌تی ڕۆڵی گه‌وره‌ی تێدا ده‌گێڕێ هه‌موو جۆره‌کانی کۆمیدیاش ده‌کرێ به‌یه‌که‌وه‌ نمایش بکرێن. له‌زنجیره‌‌ کۆریه‌کانی دۆنگی و یی سان ( دالهوو ) ئه‌و په‌یامانه‌ ده‌گه‌یه‌نێ. هه‌ندێ جار تێکه‌ڵ کردنی شێوازه‌کان به‌هه‌ڵه‌ی ده‌رهێنه‌ر یا سنورداری توانای ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی یا وه‌رگێڕی ده‌نگی ناشازی دروست ده‌کا وه‌ک ئه‌وه‌ی جوڵه‌ ناشایسته‌بێ به‌رامبه‌ر به‌ده‌نگ یا ده‌نگێکی کارتۆنی بۆ جوڵه‌یه‌کی گرینگی کۆمیدی.

وه‌رگێڕان..

لێره‌ مه‌به‌ست وه‌رگێڕانی ده‌قی نوسین و ده‌نگه‌ ئه‌رکێکی گرینگه‌ گه‌یه‌نه‌ری سه‌ره‌کی یه‌ له‌ڕێزه‌ فلیمدا. له‌سه‌ره‌تای ده‌سپێکردنی هه‌ر به‌شێکی ڕێزه‌فلیمی یی سان وشه‌یه‌کی ناشایسته‌ی عه‌ره‌بی شکاو ده‌نوسرێ ( ئه‌ڵقه‌ی   38   ) هه‌رخۆی ئه‌ڵقه‌ وشه‌ی‌ داتاشراوی حه‌لقه‌‌ی عه‌ره‌بی یه‌ به‌واتا بازنه‌ یا زنجیره‌ یا گرێیه‌کی زریزه‌یه‌ک که‌به‌یه‌که‌وه‌ نووساون یاڕاستتر تێک هه‌ڵکێشراون، لێره‌ به‌مه‌به‌ست یا بێ مه‌به‌ست ئه‌ڵقه‌ نوسراوه‌ ! ناشایسته‌یه‌ جێگای سه‌رنجه‌ پێویستیشه‌ په‌خشکردنی وشه‌ ڕه‌سه‌نه‌ کوردیه‌کان جێ ی وشه‌ غه‌ریبه‌کانی ده‌وروبه‌ر بگرێته‌وه‌. جاران که‌ دانا و مه‌لا شاعیره‌کان وشه‌خوازی بێگانه‌یان کردۆته‌ به‌رهه‌می وێژه‌ی کوردی له‌مه‌جلیسی ئاغا و به‌گه‌کاندا پێشگۆ بوون هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی زاراوه‌ وشه‌ی ( به‌نده‌ی موخلیستان ) که‌ له‌کۆتایی نامه‌کان ده‌نوسرێ ئه‌گه‌ر لێکی بده‌ینه‌وه‌ به‌نده‌ تورکی یه‌ واتای من هه‌روه‌ها موخلیستان داتاشراوێکی عه‌ره‌بی یه‌ ده‌کاته‌ دڵسۆزتان. یا له‌پرسێکی خاوه‌نشکۆ یا شازاده‌ ده‌ڵێن: ئایا تۆ باشی ؟ له‌کوردی وا ناگۆترێ وشه‌ی ئایا به‌کارنایه‌ت ! به‌ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ی میدیا فێرکار و ڕاهێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ په‌یامه‌که‌ی وا ساده‌ی ئاسان نی یه‌ وه‌ک ده‌بینین له‌ده‌یان که‌ناڵ و سه‌رچاوه‌ی تر چاودێره‌ سیاسیه‌کان بۆشیکردنه‌وه‌ی بارودۆخ ده‌ڵێن: موعطه‌یاتی ساحه‌که‌، قابیڵێ قبوڵ نی یه‌ !... تاد. وه‌ک ئه‌وه‌ی وشه‌ی کوردی دوای بڕابێته‌وه‌ وا کۆلکه‌ مه‌لایانه‌ لێ ی ده‌دوێن ! گۆتیان مه‌لایه‌کی کورد گۆتیتی: ئه‌من شه‌خصیه‌ن مه‌کڕوهی ئه‌و به‌عضه‌ شه‌خصانه‌ ده‌که‌م که‌ له‌ ئه‌ثنای ته‌که‌لوما که‌لیماتی عه‌ره‌بی ئیستعمال ده‌که‌ن ! یا هه‌ڵسوکه‌وتی هونه‌رمه‌ندان، گۆرانیبێژ هه‌ڤاڵی بادینی دارجگه‌ره‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و قومی لێده‌دا، هێمن حه‌سه‌ن له‌کلیپی ‌گۆرانیه‌کی خۆشی کوردی ( نازیلێ لێره‌ له‌وێ... ) نێرگله‌ی له‌به‌رده‌مه‌ یا هونه‌رمه‌ند عادل هه‌ورامی به‌پایپه‌وه‌ گۆرانی شایی هه‌ورامی ده‌ڵێ بێ لێکدانه‌وه‌ی کاریگه‌ریان له‌سه‌ر خوو ڕه‌فتاری گه‌نج و بینه‌رانیان که‌وه‌ک پێشه‌نگ لاسایی میدیاکاران ده‌که‌نه‌وه‌ واته‌ هه‌رکه‌سێکی سیاسی یا هونه‌رمه‌ند یا میدیاکار له‌هه‌رمیمبه‌رێکی ڕاگه‌یاندندا بدوێن به‌رپرسی له‌ئه‌ستۆیه‌ له‌به‌کارهێنانی وشه‌کانی و تکایه‌ با کوردی بێ.

     

جۆنگی ئه‌میندار..

که‌سایه‌تیه‌کی چاوکێشی ڕێزه‌فلیمی یی سانه‌، پڕه‌ له‌ڕق و کینه‌، پلانگێڕی بێ ده‌ماری بێ غیره‌ت، خۆپه‌رستی چاوچنۆک، ئۆینباز و توزحیزه‌. له‌ڕاستی دا نمونه‌ی ئه‌و جۆنگه‌ له‌ڕێکخستن و ڕێکخراوه‌کانی ئه‌مڕۆی خۆمان زۆرن سه‌ره‌ڕای بێ که‌ڵکیان پۆستی حکومی و پۆزسیۆنی حیزبیان هه‌یه‌ هه‌رکامێکمان تۆزێک وردبینه‌وه‌ چه‌ندین جۆنگی ئه‌میندار به‌ده‌وره‌وه‌یتی ! ئه‌وجا، ناکه‌سی هه‌لپه‌رست و ناشایسته‌، پاشقولگر و ده‌گه‌وه‌شێن. بۆ هه‌موو جۆنگی ئه‌مینداری وڵاته‌که‌مان به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ یه‌کسه‌ر ئاوێنه‌ ئاسا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ نوسینه‌که‌ش له‌دژمان به‌کارده‌هێننه‌وه‌، باشه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش هیچ نه‌ڵێین و نه‌نوسین ئه‌وان کاسبی ڕووزه‌ردی خۆیان چۆن بکه‌ن ؟ هیوادارین هه‌روا سه‌رکز و سه‌رشۆڕ بمێنن هه‌رخۆیان به‌خۆیان بن.

 

ڕێز و نه‌وازش..

خواردنه‌وه‌ی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ شازاده‌ خۆشهاتی زۆربه‌ی ده‌وروبه‌ره‌کانه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی کاتی خواردنه‌وه‌ ڕووی خۆیان له‌ولای شازاده‌ ده‌که‌ن جۆرێکی ڕێز و خۆشه‌ویستی یه‌ یان به‌ده‌ستی چه‌په‌ده‌ستی ڕاست ده‌گرن ئه‌وجا نامه‌ یا شته‌که‌ پێشکه‌ش ده‌کرێ به‌خاوه‌نشکۆ یا شازاده‌. ئه‌وانه‌ داب و نه‌ریتی جوانبه‌خش و پاراستنی پایه‌یه‌. جاران ژنه‌ کوردی شه‌رم ئامێز له‌کۆڕ و ڕووی پیاواندا پێنه‌ده‌که‌نین یا که ‌شتێکیشیان بخواردایه‌وه‌ ڕوویان له‌ولاده‌کرد، لچکی چارۆگیان ده‌کرده‌ په‌رده‌ی شه‌رمی نێوانیان. جارێکیان له‌دانیشتنی خانه‌و‌اده‌یه‌کی کوردی به‌رامبه‌ر ته‌له‌فزیۆن کاتێ سه‌یری فلیمێکی عه‌ره‌بی ده‌که‌ن دیمه‌نێکی ڕاموسانی ماچی ده‌م و لێو ده‌رده‌که‌وێ، دایکه‌ کورده‌ی شه‌رمنده‌ ڕووی خۆی له‌ولا ده‌کا به‌له‌چکه‌که‌ی ڕووی دا ده‌پۆشێ له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ‌هیواخوازی ده‌ڵێ: ئینشاڵا به‌خوشک و برایه‌تیه‌ !

 

  This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.