Red Purple Black

مۆمێك له‌ته‌نیاییمدا ئه‌سوتی ... چنوور نامیق

PDFPrintE-mail

ماڵێك له‌سه‌ر ره‌وتی شه‌پۆل

وێنه‌ی دڵم زوو ئه‌له‌رزی

گریان له‌سه‌ر ریتمی بارین

چ زكرێكی ئالوده‌یه‌ به‌م سه‌مایه‌ی

 ده‌ستی گرتووم

گۆزه‌ نییه‌ وه‌كو دڵم پڕبی له‌ مێژووی ده‌ریاچه‌

خه‌نده‌ له‌سه‌ر ریتمی شه‌پۆل

چ ئاژاوه‌یه‌كی جوانی

له‌سه‌ر لێوم ناوه‌ته‌وه‌

له‌ناو جه‌رگه‌ی هه‌رایه‌كی ئه‌رخه‌وانی

ماڵێك له‌ ئارامی وشه‌ و شه‌وێكی تواوه‌ی ته‌مه‌ن

ئاوه‌دانیم تیا جێدێڵی

به‌ بی روخسه‌ت

سه‌ر به‌باخی پایته‌خته‌ نامۆكه‌م مه‌كه‌

ئه‌م دییه‌نییه‌ش بسپێره‌

به‌ هه‌ڵه‌ی ناوه‌ختی خه‌یاڵ

به‌ ئاگابه‌

هه‌نگاوی سه‌ر شه‌پۆله‌كان

وه‌ك نوێژه‌كانی رارایی جار جار بڕئه‌كاو

بڕ ناكا

ته‌زیوم به‌ شپرزه‌ییت

به‌ سه‌رپه‌نجه‌ت

شه‌نگه‌ خه‌مێكی په‌مه‌یی لێوه‌كانم كاڵ مه‌كه‌وه‌

مۆمێك له‌سه‌ر ریتمی سه‌ما له‌رزۆكه‌كه‌م ده‌گری

له‌م ئاهه‌نگه‌ به‌تاڵه‌دا

 بارینی رۆح چ درۆیه‌كی مه‌زنه‌

ئه‌ی بی وڵات

چاوم

ئاونگه‌ وشه‌ی تیا زاوه‌

گریانیشم له‌ شه‌وی بینینما ونه‌

سه‌برم وه‌كو مۆم ئه‌له‌رزی

سه‌ما له‌ سێبه‌رم   ئه‌كشی

خه‌نده‌ له‌ سه‌ر ریتمی شه‌پۆل

چی ئاژاوه‌یه‌كی سووری له‌سه‌ر لێوم ناوه‌ته‌وه‌

ئا ئێستا یا ده‌مێكی تر

به‌ هه‌ڵه‌ ری ئه‌به‌مه‌وه‌ ژێر داره‌كانی خه‌یاڵات....

ئا له‌وێدا

مۆمێك نه‌بی

كه‌س به‌ هاوارمه‌وه‌ نایه‌!!!

فۆتۆ: حه‌مید جانی پور


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.