Red Purple Black

ئه‌مساڵ فه‌ریقییه‌كان به‌بی ناسر ره‌زازی یادی مه‌رزییه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ... راپۆرتی: زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

هه‌موو فه‌ریقییه‌كان ته‌نیا بۆ یادێك هاتوونه‌ته‌وه‌ كوردستان، یادی كۆچی هونه‌رمه‌ند "مه‌رزییه‌ فه‌ریقییه‌". پێنج ساڵه‌ یادی ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌ جیاوازتر و به‌ ئاماده‌بوونی فه‌ریقییه‌كان خۆیان یادی ده‌كه‌نه‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند مه‌رزییه‌ فه‌ریقی ساڵی 1958 له‌ مه‌ریوان له‌دایكبوو، خێزانه‌كه‌ی ئه‌وان له‌ چوار خوشك و یه‌ك برا پێكهاتووه‌، فه‌ریقی ده‌رچووی په‌یمانگای مامۆستایان بوو، رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی 18/9/2005 له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ریدا له‌ وڵاتی سوید كۆچی دوایی كرد، دوای 18 رۆژ مانه‌وه‌ی له‌ وڵاتی سوید، ته‌رمه‌كه‌ی هێنرایه‌وه‌ كوردستان له‌ گۆڕستانی (شه‌هیدان) له‌ سلێمانی به‌خاك سپێردار.

هیچ له‌ هاوڕٍێكانی مه‌رزییه‌ بڕوای ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد وا زوو بمرێت، چونكه‌ وه‌ك هاوڕێكانی باسی ده‌كه‌ن قه‌ت باسی مردنی نه‌كردووه‌ و زۆر كه‌میش وه‌سیه‌تی كردووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌مووكات ناسر ره‌زازی وه‌سیه‌تی خۆی لای مه‌رزییه‌ كردووه‌، یه‌كێك له‌و وه‌سیه‌تانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام ره‌زازی به‌ مه‌رزییه‌ی داوه‌ ده‌یگوت "تخوا مه‌رزییه‌ گیان ئه‌گه‌ر له‌ غه‌ریبی مردم له‌خاكی كوردستان بمنێژن، تخوا مه‌رزییه‌ گیان تۆ بڵێی نه‌مرم بگه‌ڕێمه‌وه‌ كوردستان". به‌ڵام كۆتایی ئه‌و گفتوگۆكان به‌م شێوه‌یه‌ بوو، كه‌ ئه‌وكاته‌ی مه‌رزییه‌ له‌ سوید مرد، ناسر ره‌زازی له‌ خاكی كوردستان بوو له‌ سلێمانی، چونكه‌ ده‌گوتری "ئه‌وكاته‌ی كه‌ مه‌رزییه‌ له‌ كۆچی كرد، ره‌زازی و فه‌ریقی نێوانیان نه‌بووه‌، بۆیه‌ ره‌زازی له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ی فه‌ریقییدا له‌گه‌ڵی نه‌رۆیشت بۆ سوید".

بورهان موفتیزاده‌، یه‌كێك له‌و ئاوازدانه‌رانه‌یه‌ كه‌ نزیكترین هونه‌رمه‌ندی لای مه‌رزییه‌ فه‌ریقی بووه‌ و زۆرترین كاره‌ دیاره‌كانی بۆ مه‌رزییه‌ كردووه‌، موفتیزاده‌ ده‌ڵێت "كۆتاین ئیشه‌كانم كه‌ بۆ مه‌رزییه‌ فه‌ریقی خه‌ریكبووم له‌سه‌ر تێكستێك بوو بۆ كوردستان كه‌ تێكسته‌كه‌ هی كه‌مال میراوده‌لی بوو، من ئاوازه‌كه‌م بۆ دانا، مه‌رزییه‌ هات بۆ ماڵه‌كه‌م له‌ له‌نده‌ن، گوتی كاك بورهان تخوا ئه‌گه‌ر مردم ئه‌م گۆرانییه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌م بخوێنن، منیش گوتم: ئه‌و گاڵته‌ چییه‌ ده‌كه‌ی، مردنی چی!" موفتیزاده‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات قسه‌كه‌ی مه‌رزییه‌ی لابۆته‌ یادگاریه‌كی سه‌یر "چونكه‌ له‌هه‌ولێر خه‌ریكی تۆماركردنی میوزیكی گۆرانییه‌كه‌ بووین له‌ ستۆدیۆ، هه‌واڵیان پێداین كه‌ مه‌رزییه‌ مردووه‌، بۆیه‌ زۆرجار بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆچی مه‌رزییه‌ له‌وكاته‌دا ئه‌و قسه‌یه‌ی كرد، چونكه‌ ئه‌و قه‌ت باسی مه‌رگی نه‌ده‌كرد". مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا ئه‌و گۆرانییه‌ ته‌واو بكات، به‌ڵام ئێستا تێكستی گۆرانییه‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی نوسراوه‌ته‌وه‌.

دواین پرۆژه‌ی هونه‌ری مه‌رزییه‌ فه‌ریقی له‌گه‌ڵ ئاوازدانه‌ر هه‌ڵكه‌وت زاهیر بوو، كه‌ له‌ ئه‌لبوومێكی 8 تراكی پێكهاتبوو، ئه‌ویش مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا گۆرانییه‌كان ته‌واو بكات، ته‌نیا گۆرانییه‌كی تۆمار و كلیپ كرد، ئه‌ویتر دڵنیا ره‌زازی كچی ته‌واوی كرد، هه‌ڵكه‌وت زاهیر له‌باره‌ی مه‌رزییه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌و یه‌كێك بوو له‌ گرنكترین هونه‌رمه‌ند له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كارم بۆ كردوون، ئه‌و كه‌سێكی زۆر جدی بوو، كاتێك پرۆڤه‌ی گۆرانیم پێده‌كرد زۆر به‌ وردی گوێی ده‌گرت و به‌یه‌ك پرۆڤه‌ گۆرانییه‌كه‌ی له‌به‌رده‌كرد، به‌ڵام هه‌میشه‌ ده‌یگوت ئه‌ڵڵا تخوا جارێكی دیكه‌ بۆم دووباره‌ بكه‌ره‌وه‌، منیش ده‌مگوت مه‌رزییه‌ خان ئه‌وه‌ پێنج جار دووباره‌م كرده‌وه‌، ئه‌یگوت ده‌زانم به‌ڵام حه‌زم له‌ ده‌نگی تۆیه‌، بۆیه‌ ماندووت ده‌كه‌م، چونكه‌ هه‌ر جارێك به‌ فانتازیایه‌كی نوێتر گۆرانییه‌كه‌ ده‌ڵێی، زۆر حه‌زی به‌ ده‌نگی من ده‌كرد، ده‌یگوت حه‌ز ده‌كه‌م له‌ یه‌كێك له‌ گۆرانییه‌كانم له‌گه‌ڵم بڵێیت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كۆپله‌یه‌كیش بێت".

هه‌ڵكه‌وت زاهیر ده‌ڵی من تا دوا ساته‌كانی ژیانی هه‌میشه‌ لێی نزیك بووم، "10 كۆتایه‌ترین رۆژی ژیانی له‌گه‌ڵی بووم له‌ وڵاتی سوید، هه‌میشه‌ پرۆڤه‌مان ده‌كرد، دوا خواردنیش كه‌ خۆی دروستی كرد و خواردمان ماست و سه‌بزی پلاو بوو، دوا ته‌له‌فۆنیشمان شه‌و بوو قسه‌مان كرد، كه‌ شه‌وی پێش كۆچكردنی بوو، گۆرانی (پێم بڵی) ـی بۆ گوتم".

جه‌مال ره‌زازی، هاوڕێی نزیكی ناسر ره‌زازی و مه‌رزییه‌ فه‌ریقی بووه‌، له‌به‌ر خۆشه‌ویستی ناسر ره‌زازی خۆی به‌ ره‌زازی داده‌نی، ئه‌و باس له‌و كۆنسێرته‌ ده‌كات مه‌رزییه‌ فه‌ریقی تێیدا دڵخۆش نه‌بوو، ره‌زازی ده‌ڵێت "رۆژی 1/6/2002 رۆژی جیهانی منداڵان، له‌ شاری هه‌ولێر له‌ هۆڵی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كۆنسێرتێك بۆ منداڵان ئه‌نجامدرا، مه‌رزییه‌ خان هاته‌سه‌ر شانۆ گۆرانی بڵێت، بینی هه‌موو پیاوه‌ گه‌وره‌كان له‌ پێشه‌وه‌ دانیشتوون و كه‌ وه‌زیری ته‌ندروستیش له‌وی بوو، منداڵه‌كانیش هه‌موو له‌ دواوه‌ بوون، زۆر نیگه‌ران بوو، گوتی سه‌یریكه‌ ئه‌مڕۆ رۆژی منداڵانه‌ ده‌بوو هه‌موو هۆڵه‌كه‌ بۆ منداڵان ته‌رخان بكرێ، دواتر نوقل و كۆكا كۆلایان دابه‌شكرد، بۆ به‌رپرسه‌كانیان دانا و منداڵه‌كانیش له‌ دواوه‌ سه‌یریان ده‌كرد، ئه‌وه‌ ئه‌و كۆنسێرته‌ بوو كه‌ مه‌رزییه‌ خان تێیدا دڵخۆش نه‌بوو". جه‌مال ره‌زازی ده‌ڵی هیوادارم له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و یادگارییه‌، ئه‌و كه‌لتووره‌ نه‌مێنی هه‌موو شت هه‌ر بۆ به‌رپرس و كه‌سه‌ گه‌وره‌كان نه‌بێت.

رۆژنامه‌نووس وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د، پێی وایه‌ كه‌ فه‌ریقی تاكه‌ هونه‌رمه‌ندی نزیك له‌ ناسر ره‌زازی بوو، كه‌چی نه‌كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری ره‌زازییه‌وه‌، ده‌ڵێت "مه‌رزییه‌ یه‌ك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یه‌ توانی شه‌وقی زیاتر بخاته‌ گۆرانی ژنانه‌وه‌، بێگومان كه‌سانی تریش هه‌ن هاوشانی ئه‌و توانایه‌، به‌ڵام ئه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ره‌زازییه‌وه‌ فه‌ریقیانی خۆی پێمان ناساند".

وا بڕیاره‌ 18/9 كه‌ ده‌كاته‌ یادی كۆچی مه‌رزییه‌ فه‌ریقی، له‌ "ته‌لاری هونه‌ر" له‌ شاری سلێمانی كۆنسێرتێك ئه‌نجام بدرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێستا هه‌ر یه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ند له‌یلا فه‌ریقی و دڵنیا ره‌زازی و كوڕه‌كانی مه‌رزییه‌، له‌گه‌ڵ برا و خوشكه‌كانی هاتوونه‌ته‌وه‌ كوردستان و خه‌ریكی ئاماده‌كاری كۆنسێرته‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ (سڤیل) ـی راگه‌یاند ئه‌و مه‌راسیمه‌ له‌یلا فه‌ریقی خۆی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات و "وا بڕیاره‌ 20 گۆرانیبێژ به‌شداری تێدا بكه‌ن و هه‌مووان پێكه‌وه‌ گۆرانییه‌كی مه‌رزییه‌ فه‌ریقی بڵێنه‌وه‌". سه‌رچاوه‌كه‌ گوتیشی "به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ ناسر ره‌زازی له‌و یاده‌ به‌شدار نه‌بێت، چونكه‌ تائێستا له‌یلا فه‌ریقی و ناسر ره‌زازی نێوانیان نییه‌، ره‌زازی ئاماده‌ نییه‌ له‌ كارێك به‌شداری بكات كه‌ له‌یلا فه‌ریقی تێدا بێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌یلاش ئاماده‌ نییه‌ ناسر به‌شداری به‌رنامه‌یه‌كی خۆی پێ بكات". كه‌ ئه‌م كێشه‌ی نێوان له‌یلا فه‌ریقی و ناسر ره‌زازی بۆ سه‌ره‌تای كێشه‌ی نێوان مه‌رزییه‌ و ناسر ره‌زازی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌وكاته‌ی كه‌ له‌ ئه‌وروپا نیشته‌جێ بوون.

ساڵێك دوای كۆچی وایی مه‌رزییه‌ فه‌ریقی، ناسر ره‌زازی ژنی تازه‌ی هێنایه‌وه‌، خه‌ڵك به‌بێوه‌فا ناوی برد، به‌ڵام ناسر ره‌زازی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی پێشووی له‌گه‌ڵ (سڤیل) گوتی "من ژنم بۆ خۆشی خۆم نه‌هێناوه‌، من هونه‌رمه‌ندێكی به‌ میوانم به‌ به‌رده‌وام ماڵه‌كه‌م پڕه‌ له‌ میوان، ده‌بی ژنێك هه‌بی له‌ماڵه‌كه‌م، ئه‌گه‌رنا من بێوه‌فا نیم".

به‌شدار، خاوه‌ن سه‌نته‌ری ئه‌ربائیلۆ، بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و فرۆشتنی ئه‌لبوومی هونه‌رمه‌ندان ده‌ڵێت "ئێمه‌ هه‌موو گۆرانییه‌كانی مه‌رزییه‌ فه‌ریقیمان له‌ ئه‌لبوومێك كۆكردۆته‌وه‌، ئێستاش گۆرانییه‌كانی ئه‌و ده‌فرۆشرێن، به‌ڵام رێژه‌ی فرۆشتنی له‌گه‌ڵ دوو ساڵ پێش ئێستا جیاواز بووه‌، ئێستا رێژه‌كه‌ كه‌متر بۆته‌وه‌".

رۆژنامه‌نووس ئاڤان جاف، هیچكات به‌ مه‌رزییه‌ ناڵێت كۆچكردوو، به‌ڵكو ده‌ڵێت "ئه‌و نه‌مردووه‌، كه‌سێك كه‌ دایك و نیشتمان بێت چۆن وا به‌ئاسانی ده‌مرێت، من هه‌میشه‌ گوی له‌ گۆرانییه‌كانی ده‌گرم". ئاڤان ده‌شڵێت "بریا ئه‌و مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌كه‌ی له‌ هه‌ولێر بوایه‌، حه‌زم ده‌كرد منیش له‌وی بم".

zanadzey@yahoo. com


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.