Red Purple Black

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم – وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان: شتێك له‌ ئارادا نییه‌ به‌ناوی نزیكبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی ... دیمانه‌: ستیڤان شه‌مزینانی

PDFPrintE-mail

* ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی یه‌كێتییه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن نازانن چۆن وشه‌ به‌كاربهێنن

* ئه‌گه‌ر كێشه‌ی شه‌خسیمان هه‌بووایه‌، له‌ناو یه‌كێتی ده‌ماینه‌وه‌ و زیاتر كێشه‌كانمان قووڵ ده‌كرده‌وه‌  

* مافی خۆمانه‌ هه‌رچییه‌ك بكه‌ین له‌ پێناوی هێنانه‌دی و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌ماندا

* ئێمه‌ وه‌كوو گۆڕان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕمان به‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیجی نییه‌

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم، وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌ی "شه‌پۆل"دا باس له‌ سه‌ردانی وه‌فدی پارتی و یه‌كێتی ده‌كات كه‌ به‌م دواییانه‌ سه‌ردانی باره‌گای سه‌ره‌كیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیان كردبوو، پاشان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ له‌ نێوان گۆڕان و پارتی به‌ تایبه‌ت دوای كۆچی دوایی حه‌مایل خان هاتبێته‌ ئاراوه‌. وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هۆكاری هه‌ڵپه‌ساردن و بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌ی پێنجقۆڵیی له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ ده‌خاته‌روو، له‌ به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا باسی له‌ هاوپه‌یمانیی نێوان گۆڕان و ئیسلامییه‌كان كرد و له‌ كۆتایشدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ده‌سه‌ڵات ترسی هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان و بۆیه‌ ئه‌گه‌ری دواخستنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه‌.

شه‌پۆل: به‌م دواییانه‌ی وه‌فدێكیی باڵای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و یه‌كێتی سه‌ردانی ئێوه‌یان كرد. ده‌پرسین ئامانجه‌كانی ئه‌و سه‌ردانه‌ی وه‌فدی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستان خۆی له‌ چیدا ده‌بینێته‌وه‌؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: خۆی له‌و كۆبوونه‌وه‌دا كاك قادری حاجی عه‌لی سه‌رپه‌رشتی وه‌فدی گۆڕانی ده‌كرد بۆیه‌ ئه‌و زیاتر ئاگای له‌ ورده‌كارییه‌كانه‌، به‌ڵام پێده‌چێ ئامانجی وه‌فدی پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه‌ بێ جارێكی تر كۆبوونه‌وه‌ پێنجقۆڵییه‌كان ده‌ستپێبكاته‌وه‌، ئه‌گینا هیچ شتێكی نوێیان پێ نه‌بوو.

شه‌پۆل: بۆچی ئێوه‌ وه‌ك هه‌ر سێ لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن دوای چوار خول، كۆبوونه‌وه‌ی پێنجقۆڵیتان هه‌ڵپه‌سارد؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: ئێمه‌ وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن له‌به‌ر سێ هۆكاری سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی، كۆبوونه‌وه‌ی پێنجقۆڵیمان هه‌ڵپه‌رسارد و بڕیارماندا كه‌ ئیتر به‌رده‌وام نه‌بین له‌و كۆبوونه‌وانه‌، ئه‌و سێ هۆكاره‌ش بریتین له‌، یه‌كه‌م: له‌ كاتێكدا كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌نجام ده‌دران، سزای سیاسیی به‌رده‌وام بوو به‌رامبه‌ر به‌لایه‌نگران و ئه‌ندامان و دۆستانی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن. خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌بوو، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ دوای حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌ ته‌قه‌یان له‌ خه‌ڵك كردبوو، یان خه‌ڵكیان ئازار دابوو، یان خه‌ڵكیان شه‌هید و بریندار كردبوو، هێشتا ئازادبوون و هیچ لێپێچینه‌وه‌یه‌كی یاساییان له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه‌. سێیه‌م خاڵیش ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ئیرتباتی و میزاجیانه‌ بودجه‌ی هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی بڕیوه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ له‌ پاره‌ و داهاتی گشتییه‌وه‌ دێت و ئه‌وان نابێت وه‌كوو پاره‌ی تایبه‌تی خۆیان مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكه‌ن.

شه‌پۆل: ئه‌ی كه‌واته‌ وه‌ك لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌دیلتان چییه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ پێنجقۆڵییه‌كانی پێشوو؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: به‌دیلی ئێمه‌ وه‌كوو ئۆپۆزیسیۆن ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یه‌ كه‌ پێشتر پێشكه‌ش به‌ ده‌سه‌ڵات كراوه‌.

شه‌پۆل: باس له‌وه‌ ده‌كرێت دوایی كۆچی دوایی حه‌مایل خان دایكی سه‌رۆكی هه‌رێم، نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان پارتی و گۆڕان بوونی هه‌یه‌. پرسیار ده‌كه‌ین ئایا سروشتی ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه‌ی پارتی و گۆڕان چۆنه‌؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: له‌ راستیدا هیچ مه‌سه‌له‌یه‌ك له‌ ئارادا نییه‌ به‌ناوی نزیكبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی، ره‌نگه‌ هه‌ندێك په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی روویدابێت وه‌ك مه‌سه‌له‌ی ته‌عزیه‌ و ته‌عزیه‌كاریی، كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێك خه‌ڵك وا ته‌فسیری بكه‌ن ئه‌مه‌ نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی سیاسییه‌ له‌ نێوان پارتی و گۆڕاندا، به‌ڵام دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌مه‌ هیچ نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی سیاسیی نییه‌ و هه‌ڵوێستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرایه‌ و مامه‌ڵه‌شمان له‌گه‌ڵ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یه‌ كه‌ پێشكه‌شمان كردووه‌.

شه‌پۆل: بۆچی تائێستا گۆڕان كۆنگره‌ی خۆی نه‌به‌ستووه‌؟ گرفت و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م كۆنگره‌ی گۆڕان چین؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: چوونكه‌ تائێستا ئێمه‌ یان خه‌ریكی پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن بووین یان خه‌ریكبووین به‌و كێشانه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵات دروستیكردوون، به‌ڵام ئێستا و له‌م ماوانه‌ی دواییدا كاری زۆر كراوه‌ بۆ به‌ستنی كۆنگره‌، بۆیه‌ پێده‌چێت له‌ نزیكترین كاتدا كۆنگره‌ی خۆمان ببه‌ستین.

شه‌پۆل: باس له‌وه‌ ده‌كرێت، له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا شه‌ڕ و ململانێی نێوان نه‌وه‌ی كۆن و نه‌وه‌ی نوێ له‌ فراوانبوواندایه‌. ده‌مانه‌وێت بزانین كه‌ سروشتی ململانێی نێوان نه‌وه‌كان له‌ناو گۆڕاندا چۆنه‌؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: له‌هه‌موو شوێنێكی دونیادا كێشه‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان نه‌وه‌ی كۆن و نه‌وه‌ی نوێدا، به‌ڵام له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ باس ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر به‌ تایبه‌تی سه‌یرێكی رێكخستنه‌كانی سلێمانی بكه‌ن كه‌ تازه‌ دروستكراوه‌، ده‌بینن هه‌مووی له‌ كه‌سانی گه‌نج و ده‌موچاوی تازه‌ دروستكراوه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كیشی دروست نه‌كردووه‌.

شه‌پۆل: پێشتر باستان له‌وه‌ كردبوو فشاری ده‌سه‌ڵاتتان له‌سه‌ره‌ بۆیه‌ كۆنگره‌ نابه‌ستن، به‌ڵام به‌رپرسێكی پارتی زه‌مانه‌تی ته‌واوی پێدان كه‌ رێگریی له‌ هیچ كه‌س ناكه‌ن له‌ سنووری خۆیاندا. كه‌واته‌ بۆچی كۆنگره‌ نابه‌ستن؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی پارتی هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكی نییه‌ـ چ پارتی و چ یه‌كێتی له‌هه‌ر شوێنێك ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت، تا بۆیان بكرێت و بتوانن، رێگه‌ له‌ چالاكییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌گرن.

شه‌پۆل: ئێوه‌ وه‌كوو گۆڕان هێزێكی عه‌لمانین، به‌ڵام چۆن و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك داخڵی پرۆسه‌ی هاوپه‌یمانێتی بوون له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئیسلامییه‌كاندا؟. پێتوایه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ ته‌ندروست و به‌ قازانجی كۆمه‌ڵگه‌یه‌؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: له‌ پرۆسه‌ سیاسییه‌كه‌دا به‌رنامه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ قبوڵیانه‌ و ئاماده‌ن ئیشی له‌سه‌ر بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا به‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ ده‌ژمێردرێت بۆ ئۆپۆزیسیۆن، چوونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و پڕۆژه‌ هاوبه‌شه‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن بكه‌ین، ده‌بینین پڕۆژه‌یه‌كه‌ هیچ لایه‌نێكی حزبی بیر و بۆچوون و ئایدۆلۆجیای خۆی به‌سه‌ردا فه‌رز نه‌كردووه‌.

شه‌پۆل: ئێوه‌ پێتانوایه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ یه‌كێتی و پارتی زیاتر په‌رۆشی ئازادیی بیروڕا و دیموكراسین؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: له‌ پڕۆژه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆندا هه‌ردوو حزبی ئیسلامی "كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو" داوای ئازادیی بیروڕا و دیموكراسییه‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ ئه‌و شتانه‌یان قبوڵه‌.

شه‌پۆل: یه‌كێتی پێیوایه‌ ئێوه‌ وه‌كوو سه‌ركرده‌كانی گۆڕان كێشه‌ شه‌خسیی و تایبه‌تیان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی ئێستای یه‌كێتی هه‌یه‌ نه‌ك ئامانجتان گۆڕان بێت. رای ئێوه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی یه‌كێتییه‌وه‌ چییه‌؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: بۆچی ده‌بێت ئێمه‌ كێشه‌ی شه‌خسیمان هه‌بێت؟. یان ده‌بێت له‌گه‌ڵ كێ كێشه‌ی شه‌خسیمان هه‌بێت؟. ئه‌مانه‌ هیچی ئه‌سڵ و ئه‌ساسیان نییه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ یه‌كێتیمان جێهێشتووه‌ و وازمان لێهێناوه‌، ئه‌گه‌ر كێشه‌مان هه‌بووایه‌ ئه‌وكاته‌ له‌ناو یه‌كێتی ده‌ماینه‌وه‌ و زیاتر كێشه‌كانمان قووڵ ده‌كرده‌وه‌، بۆیه‌ جارێكی تریش ده‌یڵێمه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی شه‌خسیمان نه‌بووه‌ و نییه‌، به‌ڵكو له‌ یه‌كێتی هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ و وا خه‌ریكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی شتێكی نوێ دروست ده‌كه‌ین.

شه‌پۆل: ئه‌ی پێتوانییه‌ پێداگریی ئێوه‌ له‌سه‌ر لابردنی د. به‌رهه‌م ساڵح و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كابینه‌كه‌ی جۆرێكه‌ له‌ شه‌خسه‌نه‌كردنی كێشه‌كان؟. ئه‌گه‌ر وانییه‌ بۆچی هێنده‌ جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكوومه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: مه‌سه‌له‌كه‌ شه‌خسه‌نه‌كردن و ئه‌و شتانه‌ نییه‌، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ پێشتر و له‌ مانگی یه‌كی ئه‌مساڵدا پڕۆژه‌یه‌كی حه‌وت خاڵیمان پێشكه‌شكرد كه‌ پێنج خاڵ له‌وانه‌ ته‌شخیسی كێشه‌كان و قه‌یرانه‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستان ده‌كات و دوو خاڵه‌كه‌ی تریش كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، رێگاچاره‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ئێستا هه‌رێمی كوردستانی پێدا ده‌ڕوات. هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ داوامان كردووه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكرێت و له‌هه‌مان كاتیشدا وتوومانه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد بێت، پێویسته‌ حكوومه‌تێكی گواستنه‌وه‌ و كاتی سه‌رپه‌رشتی بكات، نه‌ك حكوومه‌تێك تا بینه‌قاقای حزبی بێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویست و ئیراده‌ی خۆی حزب و مه‌كته‌بی سیاسییه‌كان بڕیاری بۆ بده‌ن و شێوازی كاركردنی دیاری بكه‌ن.

شه‌پۆل: تۆ پێتوایه‌ به‌هۆی هه‌ڵپه‌ساردنی كۆبوونه‌وه‌ پێنجقۆڵییه‌كانه‌وه‌ جارێكی تری پرۆسه‌ی خۆپیشاندان سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌؟. ئایا ئۆپۆزیسیۆن كار بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان ده‌كات؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: هه‌موو كاتێك ئه‌گه‌ری خۆپیشاندان هه‌یه‌، تازه‌ ئه‌م جۆره‌ خۆپیشاندانه‌ بۆته‌ شه‌پۆلێك و هه‌ر كاتێك خه‌ڵك ناڕازی بێت خۆپیشاندان ده‌ستپێده‌كات. خه‌ڵك ئه‌وه‌تا له‌ وڵاتێكی وه‌كوو سوریا خۆپیشاندان ده‌كات، له‌ كاتێكدا 47 ساڵه‌ نه‌یانهێشتووه‌ كه‌س فزه‌ بكات، به‌ڵام كه‌ ئێستا رۆژانه‌ به‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌و وڵاته‌ ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قام، ئه‌مه‌ بۆچی؟. له‌به‌رئه‌وه‌ی بڕیاریانداوه‌ چیتر قبوڵی ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌كه‌ن، ره‌نگه‌ لێره‌ش له‌ كوردستان به‌هه‌مان شێوه‌ خۆپیشاندان رووبدات و ئه‌وه‌ی له‌وێ هه‌یه‌ لێره‌ش دووباره‌ ببێته‌وه‌.

شه‌پۆل: ئه‌گه‌ر جارێكی تر خۆپیشاندان ده‌ستیپێكرده‌وه‌، ئێوه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵوێستتان چی ده‌بێ؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: هه‌موو خۆپیشاندانێك ره‌وایه‌، هه‌ر خۆپیشاندانێك كه‌ داوای ره‌وایان هه‌بێت و دروشمی باش و گونجاویان هه‌بێت، هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌بێت پیشتیوانی لێبكه‌ن نه‌ك ته‌نیا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان.

شه‌پۆل: یه‌كێتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، خۆپیشاندانی وه‌ك جۆرێك له‌ كوده‌تا به‌كارهێناوه‌؟. ئایا ئێوه‌ چی وه‌ڵامێكتان هه‌یه‌؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: ئه‌وانه‌ هه‌ر نازانن مانای كوده‌تا چییه‌. ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی یه‌كێتییه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن نازانن هه‌ر وشه‌كان ریز بكه‌ن و نازانن چۆن وشه‌كانیش به‌كارده‌هێنن، چوونكه‌ زۆر شتی سه‌یر و عه‌نتیكه‌ ده‌ڵێن. كوده‌تای سیاسیی چییه‌؟. كوده‌تا یان سه‌ربازییه‌ یان نییه‌، بۆیه‌ ناتوانین باسی كوده‌تای سیاسیی بكه‌ین، چوونكه‌ وه‌ك وتم عاده‌ته‌ن كوده‌تا سه‌ربازییه‌. ئیتر ئێمه‌ كوده‌تای چی بكه‌ین خۆ ئێمه‌ سوپامان به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌.

شه‌پۆل: پێتوایه‌ هه‌موو كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانی كوردستان په‌یوه‌ندییان به‌ سیاسه‌تی یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌ هه‌یه‌؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: خۆی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان واته‌ پارتی و یه‌كێتی، به‌رپرسی یه‌كه‌من له‌ بارودۆخی وڵات، ئه‌گه‌ر باش بن، دۆخه‌كه‌ش به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات، به‌ڵام وا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ر بیانه‌وێت به‌ خراپی بیبه‌ن به‌ڕێوه‌، هه‌ر بۆیه‌ تووشی ئه‌م هه‌موو قه‌یرانه‌ش بووین چوونكه‌ ئه‌وان نایانه‌وێت باش بن.

شه‌پۆل: چوار ئه‌ندام په‌رله‌مانی گۆڕان ده‌ستیان له‌ كاركێشایه‌وه‌ و رایانگه‌یاند ئه‌وه‌ش به‌ بڕیاری نه‌وشیروان مسته‌فا بووه‌. بۆچی ئه‌و چوار ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی ئێوه‌ ده‌ستیان له‌ كاری په‌رله‌مانیی كێشایه‌وه‌؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: ئه‌و چوار ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی ئێمه‌ بۆیه‌ وازیان له‌ په‌رله‌مان هێناوه‌ چوونكه‌ پێیانوایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌توانن كاری باشتر بكه‌ن بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان. ئه‌و ئیدعایانه‌شی ده‌كرێت هیچی راست نین، به‌ڵكو راستییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاری په‌رله‌مان ئه‌رك و كاری تریان پێ سپێردراوه‌.

شه‌پۆل: به‌ڵام ده‌وترێت وازهێنانی ئه‌و چوار په‌رله‌مانتاره‌، بانگه‌شه‌ی پێشوه‌خته‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: ئێمه‌ وه‌كوو لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌ تایبه‌ت وه‌كوو گۆڕان، مافی خۆمانه‌ هه‌رچییه‌ك بكه‌ین له‌ پێناوی هێنانه‌دی و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌ی خۆماندا.

شه‌پۆل: هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌یه‌، ئێوه‌ وه‌كوو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێشبینی چی ده‌كه‌ن بۆ خۆتان؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تاچه‌نده‌ پاك و بێگه‌رده‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان پاك و بێگه‌رد بن، ئه‌وا له‌ هه‌موو شوێنه‌كان ده‌سه‌ڵات ده‌یدۆڕێنێت.

شه‌پۆل: پێتوانییه‌ یه‌كێتی ده‌یه‌وێ دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزیی ببات، چوونكه‌ دڵنیایه‌ سلێمانی ده‌دۆڕێنێت؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: ئێمه‌ پێمانوایه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان دوا ده‌خرێت، مه‌به‌ستیشیان له‌ دواخستنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ چوونكه‌ زۆر ده‌ترسن له‌ ئه‌نجامه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.

شه‌پۆل: ئه‌گه‌ر گۆڕان توانی له‌ سلێمانی، له‌ یه‌كێتی بباته‌وه‌. هه‌ڵوێستی یه‌كێتی له‌و كاته‌دا چی ده‌بێت؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: خۆی ناكرێت ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌گه‌ر قسه‌ بكه‌ین، به‌ڵام من پێموایه‌ ئێستا بارودۆخی هه‌رێم و دنیا و ناوچه‌كه‌ش وایه‌ كه‌ هیچ لایه‌ن و حزبێك ناتوانێت ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ره‌ت بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ پاك و بێگه‌رد بێت.

شه‌پۆل: تۆ پێتوایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، چۆن ده‌توانرێت هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد ئه‌نجام بدرێت؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: هه‌ڵبژاردنی بێگه‌رد ده‌توانرێت ئه‌نجام بدرێت، به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت به‌ كار نه‌هێنێت بۆ هه‌ڵبژاردن، هه‌روه‌ها ئه‌و كۆمیسیۆنه‌ی سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات كۆمیسیۆنێكی بێلایه‌نی باوه‌ڕپێكراو بێت نه‌ك كۆمیسیۆنێك بێت له‌لایه‌ن حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ته‌عین كرابێت، جگه‌ له‌مه‌ش ده‌بێ ئه‌مجاره‌ هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م ئۆپۆزیسیۆن و هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵبده‌ن كه‌وا چاودێری بیانی زۆر له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ بێن تا سه‌رپه‌رشتی و چاودێریی پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.

شه‌پۆل: پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنی ستراتیجییان هه‌یه‌، ئایا ئۆپۆزیسیۆن بیری له‌ هاوپه‌یمانییه‌كی هاوشێوه‌ كردۆته‌وه‌؟. یان ده‌تانه‌وێت ته‌نیا بۆ ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن و دواتر له‌ یه‌كتر جیاببنه‌وه‌؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: ئێمه‌ وه‌كوو گۆڕان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕمان به‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیجی نییه‌ له‌ هیچ شوێنێكی دونیا، چوونكه‌ رێككه‌وتنی ستراتیجی له‌نێوان حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا مانای وایه‌ پانتایی دیموكراتی ته‌سك ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنی ستراتیجی. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن، بێگوومان رێككه‌وتنێك هه‌یه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆندا كه‌ رێككه‌وتنێكی ئاشكرایه‌ و له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كه‌ و پڕۆژه‌كه‌ش زانراوه‌ و ته‌رح كراوه‌، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی پێی ده‌وترێت ستراتیجی له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتیدا كه‌س نازانێت چ جۆره‌ رێككه‌وتنێكه‌!.

شه‌پۆل: بیرتان له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆن دروستبكه‌ن كه‌ فراوانتر بێت له‌م سێ حزبه‌؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: هه‌ر حزب و گروپ و لایه‌نێكی تر كه‌ به‌ ئاشكرا لایه‌نگریی له‌و پڕۆژه‌ چاكسازییه‌ بكات كه‌ ئۆپۆزیسیۆن ته‌رحی كردووه‌، ئێمه‌ پێمان باشه‌ بێنه‌ ناو پرۆسه‌كه‌وه‌، چوونكه‌ پێویسته‌ بڵێم ئێمه‌ وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن ده‌رگامان له‌ كه‌سی تر دانه‌خستووه‌.

شه‌پۆل: به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی مه‌یدانی ئازادیی ده‌ڵێن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر توند دژایه‌تیمان ده‌كه‌ن. بۆچی ئێوه‌ دژایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی مه‌یدانی ئازادیی ده‌كه‌ن؟.

حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم: شتی وا نییه‌ و ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دژایه‌تییان ناكه‌ین و هه‌ر قسه‌یه‌ك له‌مباره‌وه‌ بكرێت هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكی نییه‌.

تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ ژماره‌ "1" گۆڤاری "شه‌پۆل" له‌ 4\9\2011 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.