Red Purple Black

مه‌له‌ك له‌ توركیا ده‌ستگیر كرا و ده‌ڵێت: بۆ یه‌ك ده‌نگ به‌رزكردنه‌وه‌م یه‌ك مانگ چوومه‌ زیندان ... چاوپێكه‌وتن: زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

كچه‌ گۆرانیبێژ مه‌له‌ك رۆژهات، مانگی رابردوو به‌سه‌ردان گه‌ڕایه‌وه‌ توركیا و له‌كاتی به‌شداریكردنی له‌ كۆنسێرتێك و پێشكه‌شكردنی گۆرانییه‌ك، كه‌ له‌وان به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیا مانگێك ده‌ستگیر و سزادرا.

مه‌له‌ك رۆژهات، یه‌كێكه‌ له‌ كچه‌ گۆرانیبێژه‌كانی كوردستانی باكور و به‌هۆی سه‌قامگیری ئارامی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌، مانگی رابردوو بۆ سه‌ردانی خێزانه‌ی خۆیان گه‌ڕایه‌وه‌ توركیا، به‌ڵام له‌وی مانگێك ده‌ستگیرا كرا، دوای ئازادكردنی و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌ولێر، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی كورتدا، مه‌له‌ك رۆژهات چۆنییه‌تی ده‌ستگیركردن و ئازادكردنی بۆ (سڤیل) گێڕایه‌وه‌.

مه‌له‌ك ده‌ڵێت "منیش وه‌ك هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك پێویسته‌ بگه‌ڕێم بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێكی هونه‌ری بێت، هه‌روه‌ها سه‌ردنی ماڵ و كه‌سوكارم كرد له‌ وان، مانگێك به‌ خۆشی و گه‌شتكردن به‌سه‌رم برد، ئه‌و مانگه‌ی كه‌ له‌ وان بووم سه‌ردانی هاوڕێیانی خۆم ده‌كرد و به‌یه‌كه‌وه‌ بیرمان له‌ كۆنسێرتێك كرده‌وه‌، هه‌ستاین به‌ سازدانی كۆنسێرتێك". مه‌له‌ك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌و بڕوای نه‌ده‌كرد ئه‌و خه‌ڵكه‌ زۆره‌ ئاماده‌ی كۆنسێرته‌كه‌ بێت، "به‌ جۆش و خرۆشێكی زۆره‌وه‌ گۆرانی سیاسیان ده‌گوت و داوایان له‌من كرد سترانی (هه‌ڤالا) ببێژم، هونه‌رمه‌ندیش موڵكی خه‌ڵكه‌، هه‌رچی ئه‌وان داوا بكه‌ن ده‌بی بۆیان بڵێی، من گۆرانییه‌كه‌م گووت و دواتر ئارتێش و پۆلیسی تورك من و نۆ كه‌س له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی منیان ده‌ستگیر كرد، سێیان دوای رۆژێك ئازاد كران، به‌ڵام من و شه‌ش له‌ هاوڕێكانم له‌ زیندان ماینه‌وه‌". دوای مانگێك مانه‌وه‌ی له‌ زیندان، مه‌له‌ك ده‌ڵی "به‌پاره‌ و پارێزه‌ره‌كانم ئازاد كرام، به‌ڵام ئێستاش ته‌واو كۆتایی نه‌هاتووه‌، هه‌ر كاتێ دادگا داوام بكاته‌وه‌ ده‌بی له‌وی ئاماده‌ بم و بچمه‌وه‌ توركیا". رۆژهات ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئێستاش شه‌ش له‌ هاوڕێكانی هه‌ر له‌ زیندانن.

مه‌له‌ك به‌رده‌وام بوو له‌ گێڕانه‌وه‌ی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی، گوتیشی "هه‌موو جارێك كه‌ ده‌چمه‌وه‌ بۆ توركیا ده‌خرێمه‌ ژێر چاودێری، به‌ڵام نه‌یانده‌توانی ده‌ستگیرم بكه‌ن، بۆ ئه‌مجاره‌یان هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌یان لێكردم كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاریش هاتم بۆ كوردستان چیم كردووه‌ و چه‌ند كۆنسێرتم كردبوو و چه‌ند ئاڵای كوردستانم هه‌ڵگرتبوو و چه‌ند سترانی نیشتیمانیم گوتبوو هه‌موویان كرده‌ پرسیار و لێیان كردم، به‌ڵام زیاتر به‌ بیانووی ئه‌و كۆنسێرته‌ بوو، كه‌ له‌ وان ئه‌نجامم دا" مه‌له‌ك رۆژهات وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، ئه‌وه‌ دووه‌مین جاره‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیاوه‌ چاودێری و ده‌ستگیر ده‌كرێت، "به‌ڵام جاری یه‌كه‌م زیندان نه‌كرام، به‌ڵكو چه‌ندینجار چووم بۆ دادگا، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌وكات هیچم له‌سه‌ر ئیسپات نه‌بوو، به‌س ئه‌مجاره‌یان مانگێك له‌ زیندان بووم".

له‌باره‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی ئاماده‌یه‌ جارێكیتر بچێته‌وه‌ توركیا، رۆژهات گوتی "بنه‌ماڵه‌م و كه‌سوكارم هه‌موو له‌ توركیایه‌، بۆیه‌ ناكری توركیا ته‌رك بكه‌م، هه‌ندێكجار كێشه‌ی زۆر قورسم بۆ دروست ده‌كه‌ن كه‌ ناتوانم له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه‌دا بم، ویستوومه‌ به‌یه‌كجاری له‌ كوردستانی ئازاد بژم، به‌ڵام له‌به‌ر كه‌سه‌كانم ناتوانم قه‌ت نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ توركیا".

زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كوردستانی باكور له‌به‌ر كێشه‌ی سیاسی، توركیان جێهێشتووه‌ و له‌ ئه‌وروپا نیشته‌جێن، به‌ڵام مه‌له‌ك ئاماده‌ نییه‌ بڕواته‌ ئه‌وروپا ده‌ڵێت "نه‌ ده‌توانم له‌ وڵاتێكی دوور بژیم نه‌ده‌مه‌وێت له‌ ئه‌وروپا بژیم، به‌ڵام له‌به‌رنامه‌مدایه‌ سه‌فه‌ری ئه‌وروپا بكه‌م ته‌نیا بۆ كاری هونه‌ری". رۆژهات پێی وایه‌ ده‌بی هونه‌رمه‌ند له‌م كاته‌دا ته‌نیا هونه‌ری ته‌رخان بكات بۆ ئه‌و ره‌وشه‌ی ئێستای كوردستان "چونكه‌ ئێستا ره‌ش و سپی هونه‌رمه‌ندان به‌دیار ده‌كه‌وی كامه‌ هونه‌رمه‌ند بۆ خزمه‌تی گه‌ل و وڵات كار ده‌كات و كامه‌شیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی كار ده‌كات، هه‌روه‌ها نابێت هونه‌مه‌ند هیچكات بترسی". مه‌له‌ك رۆژهات ده‌شڵێت "من له‌ ناو دوژمن ده‌نگم به‌رزكرده‌وه‌ بۆ ئازادی، یه‌ك مانگ چوومه‌ زیندانه‌وه‌، بۆ هه‌مان ئازادی پێم وایه‌ خوێنه‌رانی سڤیل بڕیاری ئه‌وه‌ ده‌دا كه‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك هه‌ڵویستم هه‌بووه‌ یان نا.. به‌ڵام ده‌مه‌وی لێره‌وه‌ په‌یامێك بۆ تورك و سوریا و ئێران بڵێم، دڵنیابن منیش بكوژن هه‌زاران كچی وه‌ك من زیندوو ده‌مێنن و ئازادی خاكه‌كه‌یان به‌ده‌ست دێنن". له‌باره‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی مه‌له‌ك گه‌شبینه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا؟ گوتی "نه‌خێر، تورك هیچ هه‌نگاوێك ناهاوێژێت كه‌ قازانجی كوردی تیدابی، به‌ڵام گه‌شبینم به‌وه‌ی كورد چۆك دانانێ و تا دوا دلۆپه‌ی خوێنی ئازادی به‌ده‌ستدێنی".

ئه‌گه‌ر مه‌له‌ك نه‌گیر بوایه‌ به‌دوو كلیپی نوی ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان و ئێستا له‌ كه‌ناڵه‌كان په‌خش ده‌كران، چونكه‌ ئه‌و ده‌ڵێت "له‌به‌رنامه‌مدا بوو دوو گۆرانیم له‌ توركیا كلیپ بكه‌م، ئه‌گه‌ر زیندان نه‌كرابامه‌ ئێستا دوو كلیپی به‌رهه‌مه‌كه‌م ته‌واو ده‌بوو، به‌ڵام ئێستاش هه‌ر خه‌ریكم ده‌بی ته‌واویان بكه‌م".

zanadzey@yahoo. com


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.