Red Purple Black

جێگری نه‌قیبی رۆژنامه‌نوسانی كوردستان: له‌دوا راپۆرتی دارایی سه‌ندیكادا ده‌ركه‌وت بودجه‌ی لقی كه‌ركوك له‌بودجه‌ی هه‌موو لقه‌كان زیاتر بوه‌ … دیمانه:‌ ئومێد مه‌حمود

PDFPrintE-mail

(شوان داودی) جێگری نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌میانی ئه‌م چاوپێكه‌وتنةيدا ا ورده‌كارییه‌كانی كشانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای نێو حیزبه‌ ئیسلامیه‌ ئۆپۆزیسۆنه‌كان له‌كاتی ده‌نگدان ده‌خاته‌ڕو‌و، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌و هاوكاری‌و پشتیوانیانه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌كات، له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌ لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكا، هه‌روه‌ها باسی كارو پرۆژه‌كانی سه‌ندیكا ده‌كات.

 

دیمانه‌/ ئومێد مه‌حمود

(له‌دوای ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌، دواین هه‌واڵ‌و گۆڕانكارییه‌كانی نێو سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان چین‌و به‌رنامه‌تان چیه‌‌و چۆنه‌ بۆ دابه‌شكردنی كاره‌كان؟)

شوان داودی: به‌هۆی رووداوه‌كانی 17/2ی شاری سلێمانییه‌وه‌، كۆنگره‌ی سێیه‌می سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان له‌كاتی خۆیدا نه‌به‌سترا‌و بۆ ماوه‌ی پێنج، شه‌ش مانگ دواخرا، له‌كاتی به‌ستنی كۆنگره‌كه‌شدا ئه‌ندامه‌كانی نێو هێزه‌ ئیسلامیه‌ ئۆپۆزیسۆنه‌كان له‌ سه‌ركردایه‌تی كردنی سه‌ندیكا كشانه‌وه‌، كشانه‌وه‌یان جۆرێك كاریگه‌ریی نه‌گه‌تیڤی به‌سه‌ر سه‌ندیكاوه‌ هه‌بوو، ئه‌ركی ئێمه‌ی قورستر كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆشبه‌ختانه‌ وه‌ك ئه‌ندامێتی له‌سه‌ندیكا نه‌كشاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ لیژنه‌ی باڵا كشاونه‌ته‌وه‌، ئه‌ركی ئێمه‌یان به‌وه‌ قورستر كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌ئه‌ستۆی ئه‌واندا بوو بۆ به‌رگریكردن له‌ئه‌ندامه‌كانیان خستوویانه‌ته‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌، ئێستا ئێمه‌ ده‌بێت جێگه‌كه‌ی ئه‌وانیش پڕ بكه‌ینه‌وه‌و كاره‌كانی ئه‌وانیش بكه‌ین.

له‌باره‌ی دابه‌شبوونی كاره‌كانیشه‌وه‌ به‌پێی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ی نێوان یه‌كێتی‌و پارتی، سه‌ركردایه‌تی سه‌ندیكاكان به‌ ته‌وافوق دابه‌شده‌كرێن، له‌خولی نوێی سه‌ركردایه‌تی سه‌ندیكا، مافی (ی.ن.ك) بوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ساڵێكدا سه‌ركردایه‌تی سێ رێكخراوی تر، یه‌كێتی بردوییه‌تیه‌وه‌، بۆیه‌ یه‌كێتی له‌به‌رژه‌وه‌ندی(پ.د.ك) پاشه‌كشه‌ی له‌سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ كرد، به‌گوێره‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ نه‌قیبی سه‌ندیكا به‌ر هه‌ڤاڵانی پارتی كه‌وت‌و جێگره‌كه‌ی به‌ر یه‌كێتی نیشتمانی كه‌وتووه‌. خۆشبه‌ختانه‌ش نه‌قیب‌و جێگری نه‌قیب به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشانكران. حیزبه‌كانی تر به‌شداربوون، له‌وانه‌ حیزبی شیوعی‌و سۆشیالیست‌و زه‌حمه‌تكێشان‌و پارێزگاران، له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، جگه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی توركمان‌و كلدوئاشووری تێدا به‌شدارن. هه‌روه‌ها سكرتێری سه‌ندیكا له‌لایه‌ن براده‌رانی حیزبی شیوعیه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ نوێیه‌ی ئه‌نجامدرا، سكرتاریه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سه‌ندیكا له‌لایه‌ن (ی.ن.ك)ه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، لقه‌كانیش چوار بۆ پارتی‌و دوو لق بۆ یه‌كێتی، دهۆك‌و موسڵ‌و كه‌ركوك‌و به‌غداد به‌ر پارتی كه‌وتوون، هه‌ولێرو سلێمانیش بۆ یه‌كێتی، نوسینگه‌كانی گه‌رمیان‌و خانه‌قین‌و سۆران هه‌ربه‌و شێوه‌یه‌ دابه‌شكراون.

(كشانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو وه‌ك ئاماژه‌ت پێدا كاریگه‌ری نه‌گه‌تیڤی هه‌بووه‌و ئه‌ركه‌كانی ئێوه‌یان قورستر كردووه‌، ئایا ده‌ره‌نجام‌و كاریگه‌ریی كشانه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ته‌نها له‌م رووه‌وه‌یه‌؟)

شوان داودی: له‌ئه‌نجومه‌نی پێشوودا به‌ ره‌چاوكردنی دۆخی ئێستای كوردستان به‌براده‌رانی كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتووه‌وه‌ هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕابووین كه‌ئه‌و سه‌ندیكایه‌ له‌نێوان پێكهاته‌ سیاسیه‌كانی كوردستاندا ئه‌م رایه‌ڵه‌ به‌یه‌كگرتویی بمێنێته‌وه‌و دابه‌ش نه‌بێت، براده‌رانی كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتو له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ كۆك بوون‌و له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا واژۆی ئه‌و یاداشته‌یان كرد، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و یاداشته‌ گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ حیزبه‌كاندا كرد، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ندیكایه‌ به‌یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه‌، له‌رابردوودا كاره‌كانی سه‌ركه‌وتوو بووه‌، به‌ده‌سته‌ جه‌معی كار كراوه‌‌و سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی سه‌ندیكا بڕیاری ده‌سته‌ جه‌معی بووه‌و تاكڕه‌وانه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی خواستی رۆژنامه‌نووسه‌كانی كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو به‌بڕیارێكی سیاسی له‌قیاده‌ی سه‌ندیكا كشاونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت كشانه‌وه‌كه‌ بووه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی له‌لای زۆربه‌ی زۆری رۆژنامه‌نوسه‌كانی كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتووش.

(له‌دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌(سلێمانی، هه‌ولێر) سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان یه‌كێك بوو له‌و رێكخراوانه‌ی زوتر ‌و له‌پێش هه‌موو رێكخراوه‌كان یه‌كیانگرته‌وه‌، ئایا به‌هه‌نگاوی كشانه‌وه‌ی ئه‌و دوو لایه‌نه‌، پێتوانیه‌ دیسانه‌وه‌ رۆژنامه‌نوسان دابه‌ش ده‌بنه‌وه‌؟

شوان داودی : ئه‌وان پێش ئه‌وه‌ی گورزێك له‌ئه‌زموونی ئه‌و رایه‌ڵه‌ یه‌كگرتووه‌ی رۆژنامه‌نوسان بده‌ن، گورزیان له‌ ئه‌ندامانی رۆژنامه‌نوسی خۆیاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسانی یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ وه‌ك سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نوسانی ناو سه‌ندیكا سوودمه‌ند بوونه‌ له‌هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و سه‌ندیكایه‌، له‌خولی پێشو سكرتێری سه‌ندیكا به‌ده‌ستی یه‌كگرتووی ئیسلامی بوو.

(یه‌كێك له‌پاساوه‌كانی كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ نه‌بوونی دیموكراسی بوو، كۆمێنتت چیه‌؟)

شوان داودی: نه‌خێر ئه‌وه‌ به‌ته‌نها گوتارێكی ناو راگه‌یاندنه‌كان بوو، ئێمه‌ له‌دانیشتنه‌كاندا له‌گه‌ڵیان بووین، گفتوگۆی زۆرمان له‌گه‌ڵیاندا كردوه‌، كشانه‌وه‌كه‌یان ته‌نها بڕیارێكی سیاسی بوو، بڕیارێكی پێشوه‌خت بوو، پێش ده‌ رۆژ به‌ر له‌به‌ستنی كۆنگره‌ ئێمه‌یان ئاگادار كرده‌وه‌، له‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنیش بڵاویانكرده‌وه‌، له‌كۆنگره‌ به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ریان هه‌بوو، له‌سه‌رجه‌م لیژنه‌كانی كۆنگره‌ ئاماده‌ییان هه‌بوو، تادوا دانیشتنی كۆنگره‌ ئاماده‌بوون، بۆ ته‌واوكردنی (نصاب)یش له‌كۆنگره‌ ئاماده‌بوون، ئه‌وسا ده‌رچوونه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وه‌ بڕیارێكی سیاسی بوو، تا بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركردایه‌تی بكه‌ن، ئه‌وان نه‌ بایكۆتی كۆنگره‌یان كردووه‌، نه‌ بایكۆتی سه‌ندیكایان كردووه‌، بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان كردووه‌. ئه‌مه‌ش بڕیارێكی سیاسی بوو كه‌ هیچ به‌شدارییه‌ك ناكه‌ن كه‌ شه‌ریكایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌و پارتی‌و حیزبه‌كاندا هه‌بێت، ئه‌وان بڕیاریانداوه‌ وه‌ك به‌ره‌ییه‌كی ئۆپۆزیسۆن له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن.

(سه‌باره‌ت به‌لقی كه‌ركوك.. سكرتێرییه‌كه‌ی ئه‌م لقه‌ پشكی یه‌كێتی بووه‌، ئه‌وه‌نده‌ی ئێوه‌ ئاگاداربن، ئایا یه‌كێتی تا چه‌ند توانیوییه‌تی پشتگیری ئه‌م لقه‌ بكات؟)

شوان داودی: له‌خولی پێشوی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان ئیداره‌ی لقی كه‌ركوك له‌لایه‌ن (ی.ن.ك) به‌ڕێوه‌براوه‌، ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ی سه‌رپه‌رشتی لقه‌كه‌ی كردووه‌، له‌ كۆنفرانسێكدا له‌ناو رۆژنامه‌نوسانی یه‌كێتیی كه‌ له‌باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی دووی رێكخستنی كه‌ركوكی (ی.ن.ك) به‌ڕێوه‌چووه‌، ده‌ستنیشانكرا، دوای وه‌رگرتنی لقه‌كه‌ یه‌كێتیی به‌هه‌موو هێزو توانایه‌وه‌ پشتیوانی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ئه‌ركه‌كانیدا سه‌ربكه‌وێت، سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن جێگری سكرتێری گشتی(ی.ن.ك) كاك كۆسره‌ت به‌بڕی (10) ملیۆن دینار هاوكاری لقه‌كه‌ كرا، بۆ ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل بۆ به‌رپرسی لقه‌كه‌ دابین بكرێت، دواتر له‌لایه‌ن جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی ئه‌و كات كه‌ هه‌ڤاڵ (عیماد ئه‌حمه‌د)بوو، ئۆتۆمبیلێكی تری ته‌رخانكرد بۆ كاروباره‌كانی لق، ئه‌و براده‌ره‌ی كه‌ئیداره‌ی لقه‌كه‌ی ده‌دا جگه‌ له‌و موچه‌یه‌ی وه‌ك سه‌رپه‌رشتی لق وه‌ریده‌گرت، له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی راگه‌یاندنه‌وه‌ موچه‌یه‌كی مانگانه‌ی(500)هه‌زار دیناری بۆ بڕابوه‌وه‌، ئه‌مه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم.

(سكرتێری لقی كه‌ركوك به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ پیشه‌ییانه‌ گوزارشت ده‌كات، به‌تایبه‌ت كاتێك له‌كه‌ناڵ‌و میدیاكاندا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌متر یه‌كێتیی بوونی پێوه‌ دیاره‌، هه‌تا چه‌ندین جار ئه‌و پرسیاره‌ كراوه‌، ئایا سكرتێری لقی كه‌ركوك یه‌كێتییه‌ یاخود بێلایه‌نه‌؟ من وایده‌بینم په‌رادۆكسێك له‌ نێوان ئه‌م دو جه‌مسه‌ره‌دا هه‌بێت، چونكه‌ وا له‌ناو خه‌ڵكیدا باوه‌ كه‌سی حزبی ئه‌و كه‌سه‌یه‌، (حزب) وتی، ماست ره‌شه‌، ده‌بێت ئه‌و بڵێت اشهد ره‌شه‌!)

شوان داودی : وابزانم كاك له‌تیف خۆی ئه‌و شایه‌تیه‌مان بۆ ده‌دات ئێمه‌ ئه‌و رۆژه‌ی له‌كۆنفرانسه‌كه‌ی خۆماندا پشتیوانیمان لێكرد، وه‌ك یه‌كێتییه‌ك پشتیوانیمان لێكرد، چونكه‌ سه‌رۆكی ئه‌و لقه‌ پشكی یه‌كێتی بوو، دوای ده‌ستبه‌كاربونیشی پشتیوانی كراوه‌، یه‌كێتیی خۆی ئه‌و كه‌سانه‌و ئه‌و ده‌موچاوانه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ كاره‌ پیشه‌ییه‌كان كه‌زیاتر سیفه‌ی حیزبیان پێوه‌ دیارنه‌بێت، سیفه‌ی پیشه‌ییان پێوه‌ دیاربێت، یه‌كێك له‌ ئامۆژگارییه‌كانی یه‌كێتیی بۆ هه‌موو ئه‌و براده‌رانه‌ی له‌سه‌ندیكاكان كارده‌كه‌ن به‌ئێمه‌شه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاری پیشه‌یی بكه‌ین نه‌ك كاری حیزبی، واتا به‌ رینمایی یه‌كێتیی ئه‌وه‌ كراوه‌، هیوادارم هه‌ر كه‌سێك ئه‌و لقه‌ وه‌رده‌گرێت به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌وڵبدات پیشه‌یی بێت‌و زیاتر خۆشحاڵ ده‌بم ئه‌و براده‌ره‌ی پارتی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی لقه‌كه‌ دیاریده‌كه‌ن هه‌وڵبده‌ن كه‌سێكی پیشه‌یی هه‌لبژێرن، نه‌ك كه‌سێكی حیزبی.

( تۆ وه‌ك نوێنه‌ری رۆژنامه‌نوسان له‌لایه‌ن (ی.ن.ك) چۆن كاره‌كانی لقی كه‌ركوك له‌ماوه‌ی رابردوودا هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟)

شوان داودی: نه‌ك وه‌ك یه‌كێتی وه‌ك ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌ن، كه‌ركوك مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌تی ده‌وێت، رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوكیش له‌ قه‌ل‌و كۆتر بوونه‌، تا ئێستا رۆژنامه‌نوسانی كورد به‌تایبه‌ت له‌كه‌ركوك په‌یوه‌ستن به‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستانه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ركوك سه‌ر به‌حكومه‌تی ناوه‌نده‌، ئه‌مه‌ وایكردوه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له‌كوردستان بۆ رۆژنامه‌نوسان ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت، رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوك نه‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ سه‌ر به‌هه‌رێمی كوردستان نیه‌، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی رۆژنامه‌نووسانی عێراق به‌ده‌ستیده‌هێنن رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوك ناگرێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوك له‌ رێكخراوێكی عێراقی كار ناكه‌ن له‌ رێكخراوێكی كوردستانیدا كارده‌كه‌ن. ئه‌م سكاڵا‌و كێشه‌ییه‌مان به‌سه‌رجه‌م به‌رپرسانی كورد له‌ هه‌رێم‌و به‌غداد گه‌یاندووه‌، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا بێ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌، وه‌ك خۆم هه‌وڵمدا لانیكه‌م فشارێك بۆ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ین كه‌حكومه‌تی خۆمانه‌‌و مولزه‌می بكه‌ین به‌وه‌ی هاوكاری‌و پشتیوانی رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوك بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی كه‌پابه‌ندن به‌و رێكخراوانه‌ی كه‌له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و جۆره‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆكرا، گوایه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت رۆژنامه‌نوسانی كورد به‌ره‌و به‌غداد ببه‌ین، به‌داخه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ له‌لقی كه‌ركوكه‌وه‌ كرا، له‌هه‌موو بارێكدا پێموایه‌ كار كراوه‌، له‌ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا به‌هه‌موو ئه‌ندامانییه‌وه‌و هه‌روه‌ها نه‌قیبی پێشوو، پشتیوانی هه‌موو داواكارییه‌كانی لقی كه‌ركوكیان كردوه‌، له‌دوا راپۆرتی دارایی سه‌ندیكا بۆمان ده‌ركه‌وت بودجه‌ی لقی كه‌ركوك له‌بودجه‌ی هه‌موو لقه‌كان زیاتره‌، به‌بودجه‌ی لقی سلێمانی‌و هه‌ولێریشه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ داوایه‌كیان ره‌تنه‌كراوه‌ته‌وه‌ هه‌ر داوایه‌كیان كردوه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا پشتیوانیمان لێكردووه‌.

(ئه‌و كارو پرۆژانه‌ چین كه‌به‌نیازن بۆ رۆژنامه‌نوسانی لقی كه‌ركوك جێبه‌جێی بكه‌ن؟)

شوان داودی : ئه‌وه‌ی كارمان بۆی كردووه‌، قسه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی عێراق كردووه‌، بڕیارمانداوه‌ له‌ ماوه‌ی داهاتوو بانگهێشتیان بكه‌ین بۆ كوردستان، په‌یمانێك له‌نێوانمان واژۆ كراوه‌ بۆ كاراكردنی ئه‌و په‌یمانه‌، نه‌قیبی رۆژنامه‌نوسانی عێراق به‌ڕێز(موئه‌یه‌د لامی) ئاماده‌باشی خۆی ده‌رخستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری ته‌واومان بكات، له‌وه‌ی ئه‌و ماف‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی بۆ رۆژنامه‌نوسانی عێراق ده‌سته‌به‌ركراوه‌، رۆژنامه‌نوسانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش بگرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌رێكخراوه‌ كوردستانییه‌كانیش بن. له‌هه‌مانكاتدا له‌رێگه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌وه‌ كارمان بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ داواییه‌كمان خستۆته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئیمتیازانه‌ی بۆ هاوڵاتیانی كوردستان ده‌سته‌به‌ركراوه‌، له‌سلفه‌ی ژنهێنان‌و خانوبه‌ره‌، لانیكه‌م ئه‌ندامانی ئه‌و رێكخراوانه‌ بگرێته‌وه‌ كه‌له‌ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانن. هه‌رچه‌نده‌ داوای ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و پێشینه‌یه‌ی له‌هه‌رێم ده‌درێت، سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی كه‌ركوك بگرێته‌وه‌، (ی.ن.ك) له‌دوا كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی له‌كه‌ركوك، وه‌كو داواكاری خۆی له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شی كردوه‌، به‌ڵام من ئه‌وه‌ به‌ئه‌ركێكی قورس ده‌زانم، حكومه‌تی هه‌رێم بچێته‌ ژێر ئه‌و باره‌وه‌، به‌ڵام هیچ نه‌بێ‌ داوای ئه‌وه‌مان كردوه‌ ئه‌ندامی ئه‌و رێكخراوانه‌ بگرێته‌وه‌ كه‌ سه‌ربه‌هه‌رێمی كوردستانن. حكومه‌ت هیچ بیانوییه‌كی نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داواكه‌ ره‌تبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كانی( مامۆستایان‌و پزیشكان‌و هونه‌رمه‌ندان‌و نوسه‌ران‌و رۆژنامه‌نوسان) ئه‌ندامانی ئه‌م رێكخراوانه‌ مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ داوای ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بكه‌ن كه‌ بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێم ده‌سته‌به‌رده‌كرێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكمان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵام كاری به‌رده‌وامی بۆ ده‌كه‌ین تا به‌ئامانج ده‌گه‌ین، پێموانیه‌ هیچ داواكارییه‌ك به‌ته‌نها به‌ داواكردن به‌ئامانج ده‌گات، به‌ڵكو كارو خه‌باتی ده‌وێت تا ده‌سته‌به‌ریده‌كه‌ین.

بیۆگرافیا

شوان داودی له‌ساڵی 1968 له‌ كه‌ركوك له‌دایكبووه‌، بڕوانامه‌ی دبلۆمی له‌په‌یمانگای رۆژنامه‌نووسی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ له‌بواری رۆژنامه‌نووسیی كار ده‌كات، هه‌موو كارێكی ناو بواری رۆژنامه‌گه‌ریی، هه‌ر له‌هه‌ڵه‌چنی‌و په‌یامنێریو نوسه‌ری، سه‌رنوسه‌ری‌و....هتد كردووه‌، پێش ئه‌وه‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان دابمه‌زرێت، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی رۆژنامه‌نووسانی ئازاد بوه‌، كه‌ له‌ساڵی 1996 له‌هه‌ولێر دامه‌زراوه‌، به‌یه‌كه‌م سكرتێری ده‌سته‌ی رۆژنامه‌نوسان هه‌ڵبژێردرا، خاوه‌ن ئیمتیازی رۆژنامه‌ی (رۆژنامه‌نوس) بووه‌، كه‌ (35) ژماره‌ی لێده‌رچووه‌. له‌ساڵی (2001)ه‌وه‌ خاوه‌نی ئیمتیازو سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی (هه‌واڵ)ه‌، جێگری نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی كوردستانه‌.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.