Red Purple Black

مۆنیكا خوشكی لۆكه‌: من سه‌ره‌تام و لۆكه‌ی خوشكم ئامۆژكاریم ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ پادشای میوزیك و میلۆدی كوردی كار ده‌كه‌م، سه‌ركه‌وتنم مسۆگه‌ره‌ ... چاوپێكه‌وتن: زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

مۆنیكا خوشكی هونه‌رمه‌ند لۆكه‌یه‌، پێشتر وه‌ك كچه‌ شیعرنووسێك ناوی ده‌هات، به‌ڵام له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك ده‌ست به‌ گۆرانیگوتن ده‌كات و ئه‌ویش ده‌چێته‌ ریزی كچه‌ گۆرانیبێژه‌كانی هه‌ڵكه‌وت زاهیر، به‌ (سڤیل) ـی راگه‌یاند ئه‌لبوومێك گۆرانی بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام جاری چه‌ند به‌رهه‌مێكیان ئاماده‌یه‌، ئاشكراشی كرد "ته‌مه‌نم 19 ساڵه‌ و به‌شی یاریده‌ری دكتورم خوێندووه‌".

سڤیل: وه‌ك ده‌زانین له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند هه‌ڵكه‌وت زاهیر ده‌ستت به‌ گۆرانی گوتن كردووه‌، كاره‌كان به‌ كوێ گه‌یشتوون؟ 

مۆنیكا: به‌ڵێ من له‌گه‌ڵ مامۆستا هه‌ڵكه‌وت زاهیر ده‌ستم به‌ پڕۆژه‌ی یه‌كه‌مین ئه‌لبوومم كردووه‌ و ئێستا خه‌ریكی كاره‌كانین، چه‌ند به‌رهه‌مێكمان ئاماده‌ كردووه‌، به‌ڵام هێشتا كاری ماوه‌ بۆ ته‌واوبوونی ئه‌لبوومه‌كه‌.

سڤیل: تێكستی گۆرانییه‌كانت هی كێن و به‌چ ستایلێك گۆرانی ده‌ڵێی؟

مۆنیكا: تاوه‌كو ئێستا تێكسته‌كان له‌لایه‌ن مامۆستا حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن و كاك به‌رهه‌م عه‌لی و كاك ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د و مامۆستا هه‌ڵكه‌وت زاهیر نوسراون، ستایلی كاره‌كانیشم "رێگیتۆن، پۆپ، میره‌نگی، لاتینۆ رۆمانیتك، هاوس"ـن.

سڤیل: به‌ڵام خۆت حه‌ز به‌ چ جۆره‌ ستایلێك ده‌كه‌ی؟

مۆنیكا: ئه‌و ستایلانه‌ی كه‌ باسم كرد له‌سه‌ر پێشنیاری خۆمه‌ و مامۆستا هه‌ڵكه‌وت زاهیریش هه‌مان رای هه‌یه‌.

سڤیل: به‌كام گۆرانی دێیه‌ سه‌ر شاشه‌، ناوی گۆرانییه‌كه‌ چییه‌ و باس له‌چی ده‌كات؟

مۆنیكا: وه‌ك یه‌كه‌م به‌رهه‌مم كارێكی رێگی تۆنه‌، دواتر قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌م، گۆرانییه‌كی زۆر جوانه‌.

سڤیل: تاوه‌كو ئێستا گوێمان له‌ده‌نگت نه‌بووه‌، ده‌نگت خۆشه‌؟

مۆنیكا: كاتێك گوێتان لێبوو ئێوه‌ ده‌توانن بڕیار له‌سه‌ر ده‌نگم بده‌ن.

سڤیل: له‌به‌رئه‌وه‌ی شاعیریش ده‌نووسی، به‌نیازی له‌ئاینده‌ تێكست بۆ گۆرانیبێژه‌ هاوڕێكانت بنووسی؟

مۆنیكا: ئه‌وه‌یان كات و زه‌مه‌ن دیاری ده‌كات، به‌ڵام بۆ خۆم به‌دڵنیایی شیعر بۆ گۆانییه‌كانم ده‌نووسم، زۆر گرنگه‌ ئه‌گه‌ر گۆرانیبێژ بتوانی شیعریش بنووسێت.

سڤیل: تۆش وه‌ك كچه‌ گۆرانیبێژه‌كانی دیكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی وروژێنه‌ر كلیپ ده‌كه‌ی؟

مۆنیكا: كاری نوێخوازی ئه‌و رێچگه‌یه‌، كه‌ بڕوام پێیه‌تی و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌م، ده‌بی هه‌نگاوی گه‌وره‌تر بۆ پێشه‌وه‌ بنێین.

سڤیل: ئێوه‌ چه‌ند خوشك و بران؟

مۆنیكا: یه‌ك برا و پێنج خوشكین.

سڤیل: بۆچی له‌گه‌ڵ لۆكه‌ ده‌ستت به‌ گۆرانی گوتن نه‌كرد؟

مۆنیكا: هه‌موو كارێك كاتی خۆی هه‌یه‌، هونه‌رمه‌ند "لۆكه‌"ـی خوشكم بۆ من وه‌ك كردنه‌وه‌ی دنیای هونه‌ر بوو، بۆ ئێمه‌ به‌تایبه‌ت و بۆ گه‌نجان به‌گشتی.

سڤیل: تۆ و لۆكه‌ زۆربه‌ی ئیش و كاره‌كانتان له‌ كوردستانه‌، بیریتان له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ تۆ و لۆكه‌ به‌ یه‌كجاری بێنه‌وه‌ كوردستان؟

مۆنیكا: ئێمه‌ هه‌موومان حه‌ز به‌ كوردستان ده‌كه‌ین حه‌ز و ئاواتمان هه‌مووی له‌ كوردستانه‌.

سڤیل: هونه‌رمه‌ند لۆكه‌ هه‌م به‌ ته‌مه‌ن له‌تۆ گه‌وره‌تره‌ و هه‌میش ته‌جروبه‌ی گۆرانی گوتن هه‌یه‌، نه‌سیحه‌تی تۆ ده‌كات؟

مۆنیكا: هونه‌رمه‌ند "لۆكه‌" بۆمن قوتابخانه‌یه‌كه‌ و خوشكی گه‌وره‌مه‌، بێگومان پرس و رشای پێده‌كه‌م بۆ هه‌موو كاره‌كانم، له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا كاری منیش له‌گه‌ڵ پادشای موزیك و میلۆدی كورد مامۆستا هه‌ڵكه‌وت زاهیره‌ و ئه‌و وه‌ك مامۆستای هه‌موومانه‌.

سڤیل: تۆ و لۆكه‌ وه‌ك دوو خوشك، حه‌ز ده‌كه‌ن چ له‌ نازناوێكی دووانه‌یی به‌ئێوه‌ ببه‌خشری؟

مۆنیكا: ئه‌مڕۆ لۆكه‌ ئه‌میره‌ی گۆرانی كوردییه‌، هیچ پێویستییه‌ك به‌ نازناوی دووانی ناكات، ئه‌و له‌ جێگایه‌كه‌ بۆ من و خانه‌واده‌كه‌م جێگای شانازییه‌ بۆ هه‌موومان، ئه‌مڕۆ لۆكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دیاترین و ناودارترین هونه‌رمه‌ندی كورد، جێگای ئه‌و له‌ به‌رزترین لوتكه‌ دایه‌ و من هێشتا سه‌ره‌تام.

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری سڤیل


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.