Red Purple Black

نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و گۆڕان كاریگه‌ریی ئیجابی هه‌یه‌.. دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ پشتیوان سادق، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی..

PDFPrintE-mail

* پێویسته‌ رێككه‌وتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یه‌كێتی فراوان بكرێت

* رێكخستنه‌كانی پارتی له‌ سنووری هه‌ولێر سێ ئه‌وه‌نده‌ی 5-6 پێش ئێستا زیادی كردووه‌

* ئیراده‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ پرۆسه‌ی چاكسازیی له‌ حكوومه‌ت و حزبدا ئیراده‌یه‌كی زۆر به‌هێزه‌

* پارتی هه‌موو جۆره‌ فشارێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌كانه‌ نه‌مێنێت

پشتیوان سادق، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ رێگه‌ی ئه‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌ی تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ دۆخی ناوخۆیی پارتی و دۆخی سیاسیی كوردستان به‌گشتیی. له‌ سه‌ره‌تای دیمانه‌كه‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان گۆڕان و پارتی ده‌كات و به‌ هه‌نگاوێكی ئیجابی له‌ قه‌ڵه‌می ده‌دات، ره‌تیشی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ناكۆكی بخاته‌ نێوان پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌. ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی ئه‌وه‌شی خسته‌روو كه‌ پێویسته‌ رێككه‌ونی ستراتیجی نێوان پارتی و یه‌كێتی فراوانتر بكرێ و حزب و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش به‌شداریی تیدا بكه‌ن. له‌ به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا باس له‌ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی پارتی له‌ هه‌ولێر ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت پێگه‌ی پارتی له‌و پارێزگایه‌ له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، له‌ به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا پشتیوان سادق تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ راستای پرۆسه‌ی چاكسازیی و ئیراده‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێز وه‌سف ده‌كات. له‌ كۆتاییشدا هه‌ڵوێستی پارتی له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژیی عه‌ره‌به‌ شۆڤێنییه‌كان بۆ سه‌ر هاووڵاتیانی كورد له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان ده‌خاته‌روو.

پ: وه‌ك ده‌بینین پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دوای كۆنگره‌ی سیانزه‌ سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكانی دروستكردووه‌. هۆكاری دروستكردنی سه‌ركردایه‌تی شاره‌كان بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟. تا چه‌نده‌ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ش له‌ بواری واقیعیدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌؟.

پشتیوان سادق: خۆی له‌ پێش كۆنگره‌ی سیانزه‌، ره‌شنووسێك هه‌بوو له‌سه‌ر په‌یڕه‌و و پرۆگرامی پارتی، گفتوگۆی زۆر له‌ مباره‌وه‌ كرا و را گۆڕینه‌وه‌ی زۆر كرا له‌سه‌ری، به‌ڵام ئه‌م بابه‌تانه‌ زیاتر له‌ ناو كۆنگره‌ حه‌سم ده‌بن. بۆیه‌ له‌ كۆنگره‌ی سیانزه‌دا مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكان گفتوگۆیه‌كی زۆری له‌سه‌ر كرا و دوو رای سه‌ره‌كیش له‌سه‌ری هه‌بوو. رای یه‌كه‌م پێیوابوو دروستبوونی سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكان كارێكی ئیجابییه‌ و هاوكارییه‌كی باشی رێكخستنه‌كانی پارتی ده‌كات، به‌ تایبه‌ت له‌و شوێنانه‌ی له‌ مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه‌ دوورن. لایه‌نگرانی ئه‌م رایه‌ پێیانوابوو پێویسته‌ زۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی بدرێ به‌و سه‌ركردایه‌تیانه‌ له‌ رووی رێكخستن و دارایی و ئیدارییه‌وه‌، یانی له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی لقه‌كان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه‌ هه‌بێت و رۆتین دروست بێت و دووره‌ رێگا بێت، پێویسته‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ بدرێته‌ سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكان، بۆیه‌ پێیانوابوو ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی عه‌مه‌لی و باشه‌. رای دووه‌م كه‌ من بۆ خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌م رایه‌دا بووم، پێیوابوو سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكان ده‌سه‌ڵاتی لقه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی ده‌درێته‌ سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكان بدرێته‌ لقه‌كان باشتره‌. ئه‌م رای دووه‌مه‌ پێیوابوو به‌ دروستبوونی سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكان ئه‌ڵقه‌یه‌كی تری رۆتین دروست ده‌بێت، له‌هه‌مان كاتدا له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌یكه‌له‌كان گه‌وره‌ بكرێن باشتره‌ بچووك بكرێنه‌وه‌.

له‌ ئاكامدا، كۆنگره‌ی سیانزه‌ چاره‌سه‌رێكی بۆ ئه‌مه‌ دۆزیه‌وه‌ و بڕیاردرا كه‌ له‌و شوێنانه‌ی به‌پێویست داده‌نرێت، سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكان دروست بكرێت. بۆیه‌ ئێستا له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركووك سه‌ركردایه‌تی پارێزگا دروستكراون، به‌ڵام هێشتا له‌ دهۆك دروست نه‌كراوه‌.، ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا ئه‌زموونێكی نوێیه‌ و تازه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌رپێ. بۆ ئه‌وه‌شی سه‌ركه‌وتوو بووه‌ یان نا؟. به‌ رای من ئه‌وه‌ كات بڕیار ده‌دات كه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ یان نا، له‌ هه‌مان كاتدا وه‌ك وتم به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كه‌ نوێیه‌ هێشتا زووه‌ بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ین، به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین هه‌موو شتێك ئیجابیات و سلبیاتی خۆی هه‌یه‌ و ئومێدیش ده‌كه‌ین ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئیجابیاتی زیاتر بێت.

پ: هه‌ندێك بۆچوون جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ رێككه‌وتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یه‌كێتی گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت و فراوانتر بكرێت و لایه‌نه‌كانی تریش بگرێته‌وه‌. پرسیار ده‌كه‌ین ئایا ئێوه‌ چۆن ده‌ڕواننه‌ ده‌ستكارییكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی ستراتیجی و فراوانكردنی؟.

پشتیوان سادق: خۆی له‌ قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كاندا رێككه‌وتنی ستراتیجی له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ زۆر دۆزی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی گرنگ بوونیان هه‌بوو، قۆناغی رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بوو، قۆناغی جێگیركردنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی و ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كورد بوو له‌ عێراقد. بۆیه‌ پێمانوابوو یه‌كبوونی ئه‌و دوو هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌و قۆناغه‌دا خزمه‌تێكی گه‌وره‌ به‌ دۆزی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستووریی كورد ده‌كا، چوونكه‌ ئێمه‌ پێشتر به‌ قۆناغێكی سه‌خت و ناخۆشی شه‌ڕی ناوخۆدا تێپه‌ڕیبووین، بۆیه‌ پێویست ئه‌م رێككه‌وتنه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو حزبه‌ گه‌وره‌یه‌ بێته‌ ئاراوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌و قۆناغه‌دا گۆڕانكاریی زۆر له‌ عێراقدا هاتبووه‌ پێش، ئه‌مه‌ش وای ده‌خواست كه‌ پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنێكی ستراتیجییان هه‌بێت له‌ هه‌موو بواره‌كانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌دا، له‌هه‌موو بواره‌كانی تریش كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ جێگیركردنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورده‌وه‌ هه‌بێت.

له‌هه‌مان كاتدا رێككه‌وتنی ستراتیجی بووه‌ هۆی یه‌ك هه‌ڵوێستی زیاتر له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌ته‌كان و خزمه‌تێكی زۆری دۆزی كوردیشی كرد. به‌ڵام بێگوومان ئێستا قۆناغه‌كه‌ گۆڕاوه‌ و پێویستیمان به‌ فراوانكردنی زیاتری ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌یه‌. ده‌كرێ بڵێین پێویسته‌ ئه‌و رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی بكرێته‌ به‌ردی بناغه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی حزب و لایه‌نه‌كانی تر له‌ ده‌وری رێككه‌وتنی ستراتیجی. منیش رام وایه‌ فیعله‌ن پێویسته‌ رێككه‌وتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یه‌كێتی فراوان بكرێت، هه‌موو ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ش بگرێـه‌وه‌ كه‌ مه‌رج نییه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بن. به‌تایبه‌ت دوای رووداوه‌كانی نانگی شوباتیش پێویستیمان به‌ یه‌كڕیزیی و یه‌كگرتوویی زیاتر هه‌یه‌ و گرنكه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ یه‌كتری نزیك بن، بۆیه‌ له‌م قۆناغه‌دا زۆر گرنگه‌ كه‌ رێككه‌وتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یه‌كێتی زیاتر فراوان بكرێت و ئێستاش به‌ عه‌مه‌لی ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ حزب و لایه‌نه‌كانی تریش بێن له‌ ده‌وری ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كۆببنه‌وه‌، تا له‌هه‌موو مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كان یه‌ك را و یه‌ك هه‌ڵوێست بین. خۆی ره‌نگه‌ له‌ هه‌ندێك مه‌سه‌له‌دا بۆچوونی جیاوازمان هه‌بێت به‌ڵام وه‌ك وتم پێویسته‌ له‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا یه‌كده‌نگ بین.

پ: دوای كۆچی دوایی حه‌مایل خان، به‌تایبه‌ت پاش به‌شداریی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ پرسه‌كه‌دا، هه‌ست ده‌كرێت په‌یوه‌ندیی پارتی و گۆڕان به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات. چۆن ده‌ڕواننه‌ په‌یوه‌ندیی نوێی نێوان گۆڕان و پارتی؟. ئایا ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی نابێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان پارتی و یه‌كێتی؟.

پشتیوان سادق: خۆی هاتنی كاك نه‌وشیروان بۆ پرسه‌ی خوالێخۆشبوو حه‌مایل خان، شتێك بوو پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ئیجابی سه‌یری ده‌كات. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ زیاتر مه‌سه‌له‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ده‌رگایه‌ك ده‌كاته‌وه‌ بۆ له‌ یه‌كتر نزیكبوونه‌وه‌ی سیاسیی. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و دوو مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ یه‌كتر جیاوازن و ئه‌ویان كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و ئه‌میان سیاسییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێكجار مه‌سه‌له‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش ده‌رگایه‌كن بۆ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كان. من پێموایه‌ ئه‌و پرسه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی بووه‌ هۆكاری له‌ یه‌كتر نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتری هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، به‌ تایبه‌ت نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و گۆڕان. سه‌باره‌ی به‌وه‌ی ئه‌مه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌بێت؟. من رام وایه‌ كاریگه‌ریی ئیجابی ده‌بێت.

پ: هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌ و به‌و پێیه‌ی چه‌ندان ساڵ به‌رپرسی لقی دووی هه‌ولێر بوون و ئاگاداری پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی پارتیت له‌و پارێزگایه‌دا. پێتوایه‌ رێژه‌ و سه‌نگی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگای هه‌ولێردا چۆن ده‌بێت؟. ئایا پێتوایه‌ جه‌ماوه‌ری پارتی زیادی كردووه‌ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌؟.

پشتیوان سادق: له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ ساڵی رابردوودا، پارتی له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، چوونكه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا پارتی نۆ پاڵێوراوی بۆ پارێزگای هه‌ولێر هه‌بوو، كه‌ به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ هه‌ر نۆ كاندیده‌كه‌ ده‌رچوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ رووی تاكتیك و هونه‌رییه‌وه‌ كاری زۆرمان بۆ كردبوو، له‌ هه‌مان كاتدا به‌ڵگه‌یه‌كه‌ بۆ به‌هێزیی پێگه‌ی پارتی له‌ هه‌ولێر. هه‌روه‌ها به‌پێی تازه‌ترین ئامار كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی عه‌مه‌لی و به‌ ئاده‌بوونی كرداریی ئه‌ندامان ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ رێكخستنه‌كانی پارتی گه‌شه‌یان كردووه‌، به‌ بڕوای من رێكخستنه‌كانی 5-6 ساڵ پێش ئێستا، نیوه‌ی ئێستا ده‌بوو، بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم رێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ئێستا له‌ سنووری هه‌ولێر سێ ئه‌وه‌نده‌ی پێشووتر ده‌بێت، هه‌م له‌ناو شاری هه‌ولێر و هه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار. بۆیه‌ به‌ بڕوای من جه‌ماوه‌ری پارتی كه‌م نه‌كردووه‌ و ئه‌گه‌ر پارتی پارێزگاریی له‌ ژماره‌ی خۆی بكات به‌ تایبه‌ت ئه‌و ژماره‌یه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا به‌ده‌ستیهێنا، پێموایه‌ سه‌ركه‌وتنێكی باشتر به‌ده‌ست ده‌هێنێت. قه‌ناعه‌تیشم وایه‌ كه‌ هه‌روا ده‌بێت.

پ: سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ستیكردووه‌ به‌ پرۆسه‌یه‌كی فراوانی چاكسازیی، تۆ چه‌نده‌ گه‌شبینی به‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازیی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا؟. پاشان ئایا چاكسازییه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌نیا بواری گشتیی و كاره‌كانی حكوومه‌ت ده‌گرێته‌وه‌ یان بواری حزبیش ده‌گرێته‌وه‌؟. ئه‌گه‌ر بواری حزبی ده‌گرێته‌وه‌ پێتوایه‌ تا چه‌نده‌ چاكسازییه‌كانی ناو پارتی سه‌ركه‌وتوو ده‌بن؟.

پشتیوان سادق: گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئێمه‌ چ له‌سه‌ر ئاستی حزب و چ له‌سه‌ر ئاستی حكوومه‌ت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌كانمان لاوازن و ناتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌م جۆره‌ پرسانه‌دا ته‌داخول بكات، ئه‌گه‌رنا ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ خۆی ده‌بێت به‌ سیستماتیك بڕۆن به‌ڕێوه‌. هه‌روه‌ها پێویستیشه‌ به‌رده‌وام چاودێریی و نوێبوونه‌وه‌ و گۆڕانكاریی هه‌بێت و پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان. من پێموایه‌ ئیراده‌ی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم چ بۆ وه‌زعی گشتیی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم بێت و چ بۆ پارتی، ئیراده‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ر و ئیجابییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاریی و چاكسازیی ئه‌نجام بدرێت.

له‌ راستیدا جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم جه‌ز ده‌كات و نیه‌تی ئه‌وه‌یه‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی باشتر بڕوات، به‌ڵام پێویستیشه‌ له‌ناو هه‌موو حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، له‌ناو حكوومه‌تی هه‌رێم، له‌ناو خودی پارتیشدا هاوكاریی جه‌نابیان بكرێت بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پرۆسه‌ی چاكسازییه‌. ئیراده‌ی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ پرۆسه‌ی چاكسازیی وه‌كوو وتم ئیراده‌یه‌كی زۆر به‌هێز و مكوڕه‌ كه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو و به‌رده‌وام بێت تا هه‌موو شته‌كان بچنه‌ سه‌ر سكه‌ی خۆیان، ئه‌وجا ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر هاوكاریی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر هاوكاریی حكوومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر هاوكاریی خودی پارتی كه‌ هه‌موو لایه‌ك هاوكاریی سه‌رۆكی هه‌رێم بكه‌ن له‌سه‌رخستنی پرۆسه‌ی چاكسازییدا.

پ: پرۆسه‌یه‌كی فراوانی ته‌عریب و ترساندنی هاووڵاتیانی كورد له‌ جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ و چه‌ندین ناوچه‌ی دابڕاو ده‌ستیپێكردووه‌؟. ئایا سه‌ركردایه‌تی پارتی هه‌ڵوێستیی چییه‌ به‌رامبه‌ر به‌م هه‌ڵمه‌ته‌ شۆڤێنییه‌؟ ئایا بێده‌نگ ده‌بێت یان هه‌ڵوێستی ده‌بێت به‌ تایبه‌ت له‌ رێگه‌ی گوشار خستنه‌ سه‌ر حكوومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌؟.

پشتیوان سادق: پارتی دیموكراتی كوردستان ناسراوه‌ به‌ به‌رگرییكردن له‌ دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد و هه‌ڵگری خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی كوردستانه‌ و ئه‌مه‌ش شتێكی روون و ئاشكرایه‌ و هه‌موو خه‌ڵك شایه‌تی ئه‌مه‌ بۆ پارتی ده‌ده‌ن چ له‌ رابردوودا، چ له‌ ئێستا و ئاینده‌شدا. بۆیه‌ پارتی هه‌موو جۆره‌ فشار و پاڵه‌په‌ستۆیه‌ك دروست ده‌كات به‌ تایبه‌تی له‌ رێگه‌ی دیبلۆمانی و په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماتییه‌كانی خۆیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و سنوورانه‌ هه‌ن نه‌مێنن، هه‌روه‌ها پارتی بڕوای وایه‌ كه‌ ئه‌و كێشانه‌ به‌ گفتوگۆ و له‌یه‌كتر تێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر ده‌بن، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی دیبلۆماتی خۆی له‌م رووه‌وه‌ به‌كارده‌هێنێت تا ئه‌و كێشانه‌ی له‌و ناوچانه‌ بوونیان هه‌یه‌، نه‌مێنن.

پارتی دیموكراتی كودستان، به‌رگریی كاریگه‌ر و ئاكتیڤ له‌ هاووڵاتیانی كوردستانی یان هاووڵاتیانی كوردی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كات و به‌ سته‌ملێكراو و مافخوراویان ده‌زانێت. بۆیه‌ پارتی بۆ ئه‌و پرسه‌ و ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا له‌و ناوچانه‌ هه‌ن یه‌ك چركه‌ ده‌سته‌وه‌ستان نابێت و له‌ هه‌وڵی چڕ و پڕی خۆیدایه‌ چ به‌شێوه‌ی دیبلۆمانی و چ به‌شێوه‌ی مه‌یدانی له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌ و له‌ ئاستی عێراقدا. دڵنیاشم كه‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی پارتی و هه‌وڵی هه‌موو خه‌مخۆراتی تریش له‌ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تری كوردستان، به‌ فیڕۆ ناڕوات و سه‌ره‌نجام سه‌ر ده‌گرێت و ئه‌و هاووڵاتی و ناوچانه‌ش رزگار ده‌كرێن له‌و دۆخه‌ی ئێستا تێیدان.

تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ ژماره‌ "1" گۆڤاری "شه‌پۆل" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.