Red Purple Black

ئاڤان عوسمان: كاتێك له‌ بازاڕ گوێم له‌ گۆرانییه‌كانی خۆم ده‌بێت زۆر شه‌رم ده‌كه‌م و واده‌زانم هه‌موو دنیا سه‌یری من ده‌كات ... زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

ئاڤان عوسمان، ساڵی 1991 له‌ سلێمانی له‌دایكبووه‌ و ئێستاش هه‌ر له‌و شاره‌ نیشته‌جێیه‌، دوای به‌شداریكردنی له‌ زیندووكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌ كۆنه‌كان له‌گه‌ڵ گروپی نه‌وای هه‌ولێر، بۆ (سڤیل) ده‌ڵی "ئه‌وكاته‌ی ده‌چم بۆ بازاڕ گۆرانییه‌كانی خۆم گوێ لێ ده‌بێ شه‌رمێكی زۆر دامده‌گری، چونكه‌ له‌وكاته‌دا وا هه‌ست ده‌كه‌م هه‌موو دنیا سه‌ری من ده‌كات".

ئاڤان عوسمان، ئه‌ندامی گروپی كیژانی سلێمانی و گروپی نه‌وای هه‌ولێره‌، ژه‌نیاری ئامێری چه‌لۆیه‌، دوای سه‌ركه‌وتنیان له‌ گوتنه‌وه‌ی هه‌ندی له‌ گۆرانییه‌ فۆلكلۆرییه‌كان، به‌له‌گه‌ڵ گروپی نه‌وای هه‌ولێر و هونه‌رمه‌ند فه‌رهه‌نگ غه‌فوور، جگه‌ له‌كه‌ناڵه‌كان، به‌رده‌وام له‌نێو دوكانه‌كانی بازاڕ و سه‌نته‌ره‌كانی فرۆشتنی سێدی هونه‌رمه‌ندان په‌خشده‌كری، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاڤان له‌ لێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) گوتی "كاتێك ده‌چم بۆ بازاڕ گوێم له‌ گۆرانییه‌كانی خۆم ده‌بێت شه‌رمێكی زۆر دامده‌گری، هه‌ر له‌خۆمه‌وه‌ واهه‌ست ده‌كه‌م هه‌موو دنیا سه‌یری من ده‌كات، هه‌ستێكی سه‌یره‌! به‌ڕاستی باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد كاره‌كه‌مان به‌مشێوه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت". فه‌رهه‌نگ غه‌فور سه‌رۆكی گروپی نه‌وای هه‌ولێر ده‌ڵێ " سه‌ره‌تا ده‌ هه‌زار نوسخه‌مان لی چاپكرد له‌بازاڕ نه‌مایه‌وه‌، ئێستا له‌ بازاڕ داوا ده‌كه‌ن دووباره‌ چاپ بكرێته‌وه‌".

ئاڤان عوسمان، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد له‌ گوتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌ كۆنه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حه‌ز به‌ ستایلی نوێش ده‌كات، "له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گروپی كیژانی سلێمانی و گروپی نه‌وای هه‌ولێر كار ده‌كه‌م، كاره‌كانی ئه‌و دوو گروپه‌ زیاتر له‌چوارچێوه‌ی فۆلكۆر دایه‌، ئه‌گه‌رنا من وه‌ك خۆم حه‌ز ده‌كه‌م له‌ ستایلی تازه‌شدا كار بكه‌م، به‌ڵام ئیشی جوان".

ئاڤان گوتیشی "حه‌ز ده‌كه‌م گۆرانی تایبه‌ت به‌خۆم هه‌بی و كلیپ بكه‌م، به‌ڵام هێشتا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م بۆ دروست نه‌بووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌ و ماندووبوونێكی زۆری ده‌وێت، به‌تایبه‌ت بۆ كه‌سێكی وه‌ك من، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتن دام، ده‌بی كاری جوان پێشكه‌ش بكه‌م".

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری سڤیل

zanadzey@yahoo. com


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.