Red Purple Black

قادر عه‌زیز – سه‌رۆكی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی سه‌ربه‌خۆ: یه‌كگرتن ده‌بێ دۆستانه‌ و دیموكراسییانه‌ بێت، نه‌ك به‌ به‌فشار و پارچه‌كردن، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی یه‌كێتی دژ به‌ ئێمه‌ ده‌یكه‌ن ... دیمانه‌: ستیڤان شه‌مزینانی

PDFPrintE-mail

  • * هیچ جیابوونه‌وه‌یه‌ك له‌ حزبی ئێمه‌دا نه‌بووه‌ ده‌ستی یه‌كێك له‌ دوو حزبه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تێدا نه‌بێت
  • * چوونی ئه‌و كادرانه‌ی ئێمه‌ی بۆ ناو یه‌كێتی زۆر گه‌وره‌ كرا
  • * ئێمه‌ به‌ ره‌سمی ئۆپۆزیسیۆن نین، به‌ڵام له‌ هه‌ڵوێست و پڕۆژه‌كانماندا له‌ ئۆپۆزیسیۆن نزیكین

قادر عه‌زیز سه‌رۆكی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، له‌ رێی ئه‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌ی "شه‌پۆل"ه‌وه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئینشقاقه‌كانی حزبه‌كه‌یان و چوونی ژماره‌یه‌ك كادری حزبه‌كه‌یان بۆ ناو یه‌كێتی، له‌ به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا، سه‌رۆكی زه‌حمه‌تكێشان باس له‌ چه‌ند ته‌وه‌رێكی تری گرنگی وه‌ك په‌یوه‌ندیی نێوان گۆڕان و زه‌حمه‌تكێشان ده‌كات و هاوكات باس له‌ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

شه‌پۆل: بۆچی به‌رده‌وام حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان رووبه‌ڕووی ئینشقاق ده‌بێته‌وه‌؟. ئایا ئه‌مه‌ هۆكاری ناوخۆیی هه‌یه‌ یان په‌یوه‌ندیی به‌ ده‌ستی ده‌ره‌كییه‌وه‌ هه‌یه‌؟.

قادر عه‌زیز: دیارده‌ی ئینشیقاق دیارده‌یه‌كی گشتییه‌ و ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌ حزبی زه‌حمه‌تكێشان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ زیاتر رووبه‌ڕووی ئێمه‌ ده‌بێته‌وه‌، بۆچه‌ندین هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ناویشیاندا:

*فشاری به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵات دژ به‌ ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كانمان له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا.

*نه‌بوونی ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ كاری حزبی و نه‌بوونی یاسایه‌ك كه‌ حزبه‌كان بتوانن له‌ رێگه‌یه‌وه‌ خۆیان له‌ ده‌ستێوه‌ردان و فشاره‌كانی ده‌سه‌ڵات بپارێزن.

  *كاڵبوونه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕ له‌ حزبایه‌تی و لاوازیی خه‌ڵكانێك له‌به‌رامبه‌ر پاره‌ و پله‌كانی ده‌سه‌ڵات.

  *ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئیمڕۆ له‌كوردستاندا حزبایه‌تی و حزبه‌كانی تێكه‌وتووه‌.

  *سواویی شێوازی كاركردنی حزبی و به‌دامه‌زراوه‌ نه‌بوونی كاری حزبایه‌تی.

  *دیاره‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانیش به‌تایبه‌تی ئه‌و كێشه‌ ماددییه‌ی كه‌ به‌رده‌وام بۆ حزبه‌كانی تر دروست ده‌كرێت ئه‌مه‌ش هۆكارێكی ترن.

شه‌پۆل: هه‌ندێك جار گوێمان له‌وه‌ ده‌بێت یه‌كێك له‌ دوو حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستان له‌ پشت لێكترازانه‌كانی زه‌حمه‌تكێشانه‌وه‌ وه‌ستاوه‌. ئایا كام حزبی سه‌ره‌كی و بۆچی دژایه‌تی زه‌حمه‌تكێشان ده‌كات؟.

قادر عه‌زیز: هیچ جیابوونه‌وه‌یه‌ك له‌ حزبی ئێمه‌دا نه‌بووه‌ كه‌ ده‌ستی یه‌كێك له‌ دوو حزبه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تێدا نه‌بێت، هه‌ندێ جاریش هه‌ردوولا به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌و كاره‌یان كردووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی (2009) له‌ دژمان ئه‌نجامدرا، دیاره‌ ئه‌مه‌ش وه‌ك له‌پێشدا ئاماژه‌م پێكرد بۆ ناڕازیبوونی ئه‌و دوو حزبه‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كانی ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چوونكه‌ ئه‌م دوو حزبه‌ ململانێیه‌كی سیاسیی و دیموكراسی و له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و رێساكاندا له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبانه‌ ناكه‌ن كه‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان ناڕازی ده‌بن، به‌ڵكو یه‌كسه‌ر په‌نا بۆ ئه‌و شێوازی ده‌ستێوه‌ردان و نانبڕین و خه‌ڵك كڕین و سزادانی نایاسایی و نادیموكراسییه‌ ده‌به‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌ و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش خراپ به‌كارده‌هێنن و هیچ یاسایه‌كیش له‌ كوردستاندا نییه‌ كه‌ بتوانێ رێگرییان لێبكات.

شه‌پۆل: ئایا قادر عه‌زیز به‌ نیازه‌ بچێته‌ ناو یه‌كێتی؟. ئه‌ی چۆن سه‌یری ئه‌و ژماره‌ كادره‌ی زه‌حمه‌تكێشان ده‌كات به‌مدواییه‌ چوونه‌ ناو یه‌كێتییه‌وه‌؟. ئایا گفتوگۆ و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی سه‌ربه‌خۆ بچێته‌ ناو یه‌كێتی؟.

قادر عه‌زیز: پێشنیارێكی یه‌كێتی له‌و باره‌وه‌ بۆ ئێمه‌ هه‌بوو، به‌ڵام زه‌مینه‌كه‌ی له‌بار نه‌بوو، چوونكه‌ یه‌كگرتن ده‌بێ به‌ رێگه‌یه‌كی دۆستانه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسییانه‌ بێت، نه‌ك به‌ زۆر و به‌فشار و پارچه‌كردن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی دژ به‌ ئێمه‌ ده‌یكه‌ن، ئه‌و كادیرانه‌ی ئه‌و دواییه‌ش رۆشتن شتێكی ئاسایی بوو، چوونكه‌ حزبایه‌تی كارێكی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌، خه‌ڵك چۆن ده‌توانی بێته‌ ریزه‌كانی حزب ئاواش ده‌توانی حزب جێبهێڵێت، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وه‌ ده‌بێ به‌ رێگه‌یه‌كی ئسوڵی و ئاشكرا بێت، نه‌ك به‌ رێگه‌ی ده‌ست تێكه‌ڵاوكردن و له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندیی ژێر به‌ژێریی ناڕه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌دا، كه‌ ئه‌مه‌یان ده‌چێته‌ خانه‌یه‌كی تره‌وه‌، دیاره‌ یه‌كێتیش ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یان زۆر زل كرد بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی رۆشتنی به‌شێك له‌ كادره‌كانی خۆیان له‌م ماوه‌یه‌دا، یان ناچاركردنمان بۆ چوونه‌ ناو یه‌كێتی.

شه‌پۆل: حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان "باڵی به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا" ئێوه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ حزبه‌كه‌تان كۆمیته‌یه‌كی یه‌كێتییه‌؟. ئێوه‌ چۆن له‌مه‌ ده‌ڕوانن و بۆچی به‌رده‌وام بێده‌نگن له‌وه‌ی تۆمه‌تبارتان ده‌كه‌ن به‌وه‌ی به‌شێكن له‌ سیاسه‌تی یه‌كێتی؟.

قادر عه‌زیز: نه‌مبیستووه‌ قسه‌ی وایان كردبێ، خۆ هه‌موو خه‌ڵك ئێستا به‌ چاوی خۆی ده‌بینێ یه‌كێتی چی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌كات؟، له‌ كوردستانیش خه‌ڵك هه‌موولایه‌كمان ده‌ناسێ.

شه‌پۆل: ئێوه‌ حزبێكی ئۆپۆزیسیۆنن، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینرێت له‌گه‌ڵ گۆڕان په‌یوه‌ندییان توندوتۆڵ نییه‌، ئایا هۆكاری ساردیی په‌یوه‌ندیی نێوان زه‌حمه‌تكێشان و گۆڕان بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟.

قادر عه‌زیز: ئێمه‌ تا ئێستا به‌ ره‌سمی ئۆپۆزیسیۆن نین، به‌ڵام له‌ هه‌ڵوێست و پڕۆژه‌كانماندا له‌ ئۆپۆزیسیۆن نزیكین، ئه‌وه‌ی گۆڕانیش دیاره‌ خۆیان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تردا به‌م شێوه‌یه‌یه‌، ئه‌مه‌ بۆ خۆیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

شه‌پۆل: له‌ ساڵانی رابردوودا چوار حزبه‌كه‌ كه‌ زه‌حمه‌تكێشان یه‌كێك بوو له‌و چوار حزبه‌، هاوپه‌یمانی هه‌ردوو حزبی ئیسلامی "یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ" بوو، كه‌چی ئێستا ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ نابینرێت. ئایا بۆچی له‌م قۆناغه‌دا كه‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنن هاوپه‌یمانییه‌كه‌تان درێژه‌ پێناده‌ن؟.

قادر عه‌زیز: هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی نێوانمان زیاتر بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بوو، دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ نه‌ما، به‌ڵام دیاره‌ هه‌ر دۆست و نزیكی یه‌كترین.

شه‌پۆل: حزبی زه‌حمه‌تكێشان لایه‌نگر و پاڵپشتی خۆپیشاندانه‌كانی دوو مانگی شاری سلێمانی بوو، به‌ڵام میدیای ئۆپۆزیسیۆن به‌ گشتیی و گۆڕان به‌ تایبه‌تی گرنگی به‌ هه‌ڵوێستی ئێوه‌ نه‌ده‌دا. ئایا ئه‌مه‌ هۆكاری چی بوو؟. پێتوایه‌ بۆچی نه‌یانده‌هێشت ئێوه‌ وه‌ك زه‌حمه‌تكێشان وه‌ك به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ربكه‌ون؟.

قادر عه‌زیز: ئه‌مه‌شیان په‌یوه‌ندیی به‌جۆرێك له‌ مونافه‌سه‌ی سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ له‌وانه‌یه‌ گۆڕان حه‌ز نه‌كات خه‌ڵكانی تر ده‌ربكه‌ون، ئه‌گینا چۆن ده‌كرێ ئه‌وان وتاری هه‌ندێ له‌ مه‌لاكان رۆژانه‌ چه‌ند جارێك وه‌ك ریكلام له‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ كه‌چی بۆ چه‌ند چركه‌یه‌ك قسه‌كانی من له‌ مه‌یدانی ئازادیدا بڵاو ناكه‌نه‌وه‌.

شه‌پۆل: حزبی زه‌حمه‌تكێشان به‌هۆی ئه‌و ئیشنقاقانه‌ی رابردووه‌وه‌ به‌ره‌و لاوازیی رۆیشتووه‌. ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت چ هه‌نگاوێك له‌مه‌ڕ چاره‌نووسی حزبه‌كه‌تان هه‌ڵبگرن؟. ئایا وه‌ك حزبێكی سیاسیی ده‌مێننه‌وه‌ یان ده‌چنه‌ ناو حزبێكی گه‌وره‌تر یاخود شێوه‌ی خۆتان بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی ده‌گۆڕن؟.

قادر عه‌زیز: ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌هۆی فشار و ده‌ستێوه‌ردان و بودجه‌ بڕینه‌وه‌ له‌ رووی ژماره‌وه‌ له‌ كورتیمان دابێ به‌ڵام به‌ هه‌ڵوێستی سیاسیی گه‌وره‌ین، چوونكه‌ حزبی سیاسیی بریتییه‌ له‌ هه‌ڵوێستی سیاسیی، بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌بات و تێكۆشانی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین و ئاینده‌ش بۆ حزبی خۆمان كه‌ خاوه‌ن مێژوویه‌كی پڕ سه‌روه‌ری و خاوه‌ن هه‌ڵوێستی بوێرانه‌یه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا و ئاینده‌ی میلله‌ته‌كه‌شمان زۆر به‌ رووناك ده‌بینین، چوونكه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ نائاساییه‌ی ئێستای كوردستان زوو یان دره‌نگ ده‌گۆڕێت.

شه‌پۆل: پێتوانییه‌ دوای دروستبوونی گۆڕان رۆڵی ئه‌و حزبانه‌ی پێشتر پێیان ده‌وترا حزبه‌ بچووكه‌كان ته‌واو بووه‌؟. پێتوانییه‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ حزبه‌ بچووكه‌كان ده‌بێا له‌گه‌ڵ حزبه‌ گه‌وره‌كاندا یه‌كبگرن؟.

قادر عه‌زیز: مه‌سه‌له‌ی یه‌كگرتن له‌ نێوان هه‌موو حزبه‌كاندا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی فیكریی و ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كان و به‌ رێگه‌یه‌كی دیموكراسی بێت كارێكی ئاساییه‌، حزبیش زۆر به‌گه‌وره‌ و بچووكی نییه‌، چوونكه‌ ئه‌و گه‌وره‌ و بچووكییه‌ی ئێستا له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه‌ زه‌مینه‌ و كه‌شێكی ته‌ندروست دروستی نه‌كردووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌ش و هه‌وایه‌كی دیموكراسی بۆ ژیانی حزبایه‌تی هه‌بێت له‌ كوردستاندا ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ قه‌واره‌ی حزبه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا نامێنێته‌وه‌.

تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ ژماره‌ "2" گۆڤاری "شه‌پۆل" له‌ رۆژی 1-10-2011 بڵاوبۆته‌وه‌.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.