Red Purple Black

ئیبراهیم جه‌لال – جێگری به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌كێتی: ئاڵۆزییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان به‌ره‌و خاوبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات ... دیمانه‌: ستیڤان شه‌مزینانی

PDFPrintE-mail

  • *گۆڕان هه‌ڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی ناباته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بردیه‌وه‌ هیچ له‌ چاره‌نووسی یه‌كێتی ناگۆڕێت
  • * هیچ نوخبه‌یه‌ك له‌ ناو یه‌كێتیدا نییه‌ كه‌ رێگر بێت له‌ ریفۆرم
  • * ره‌نگه‌ له‌ قۆناغێكدا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری گۆڕان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتی

ئیبراهیم جه‌لال جێگری به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌كێتی له‌م دیمانه‌ تایبه‌تی "شه‌پۆل"دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر رێككه‌وتنی ستراتیجی نێوان یه‌كێتی و پارتی، پاشان باس له‌ ناوخۆی یه‌كێتی ده‌كات و پێیوایه‌ یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ریفۆرمدایه‌ و پاشان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ته‌كه‌تولی ناوچه‌گه‌ریی له‌ ناو یه‌كێتی بوونی هه‌بێت. له‌ به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان ده‌كات و پێیوایه‌ گۆڕان سلێمانی ناباته‌وه‌، له‌ به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌شدا پێیوایه‌ كه‌ ئێستا گرژیی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان به‌ره‌و خاوبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات.

شه‌پۆل: یه‌كێتی و پارتی رێككه‌وتنی ستراتیجییان هه‌یه‌ و به‌رپرسێكی پارتی داوای فراوانكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌كات. تۆ پێتوایه‌ كاتی ده‌ستكارییكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی ستراتیجی نه‌هاتووه‌؟. ئایا ئێوه‌ وه‌ك یه‌كێتی له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی فراوانكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ن به‌ مه‌رجێك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش بگرێته‌وه‌؟.

ئیبراهیم جه‌لال: به‌ بۆچوونی من رێككه‌وتنی ستراتیجی نێوان یه‌كێتی و پارتی سوودێكی زۆری لێكه‌وتۆته‌وه‌، بۆ دۆزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و حوكمڕانی. له‌ رووی سه‌قامگیربوونی ئاشتی و دیموكراتی. ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ته‌نیا بۆ پارتی و یه‌كێتی نییه‌، به‌ڵكو سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجی رێككه‌وتنێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌. یه‌كێتی نه‌ك ئێستا، هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ فراوانكردنی ئه‌و جۆره‌ رێككه‌وتنانه‌یه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو بگرێته‌وه‌، به‌ڵكو سه‌رجه‌م لایه‌ن و حزبه‌كانی تری سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستان بگرێته‌وه‌. باشترین به‌ڵگه‌ش ده‌ستپێشكه‌ریی یه‌كێتی و به‌ڕێز مام جه‌لال بوو له‌ پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانیدا.

شه‌پۆل: ده‌وترێت حاڵی حازردا، جۆرێكی تر له‌ ته‌كه‌تول له‌ ناو یه‌كێتی سه‌ریهه‌ڵداوه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ناوچه‌گه‌ریی دامه‌زراوه‌. ئایا پێتوایه‌ دابه‌شبوونی یه‌كێتی بۆ چه‌ند كوتله‌یه‌كی ناوچه‌گه‌رییانه‌، چاره‌نووسی سیاسیی یه‌كێتی به‌ كوێ ده‌گه‌یه‌نێت؟. ئایا مه‌ترسی دووباره‌ ئینشقاقی ریزه‌كانی یه‌كێتی لێ ناكرێت؟.

ئیبراهیم جه‌لال: یه‌كێتی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای له‌ دایكبوونییه‌وه‌ لایه‌نێكی سیاسیی فره‌ مینبه‌ر بووه‌ و بڕوای به‌ جیاوازیی بیروڕا بووه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای نیمچه‌ به‌ره‌ دامه‌زراوه‌. هه‌ر بۆیه‌ش نه‌ به‌ كاره‌ساتی هه‌كاری و نه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیست و نه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌ی ئاڵای شۆڕش و ته‌نانه‌ت به‌ جیابوونه‌وه‌ی ریفۆرمیش "گۆڕانی ئێستا" یه‌كێتی له‌ناو نه‌چووه‌ و له‌سه‌ر پێی خۆی، خۆی راگرتووه‌. گه‌ر مه‌به‌ستیشتان له‌ ته‌كه‌تولی ناوچه‌گه‌ریی به‌و مانایه‌ی كه‌ یه‌كێتی له‌ چه‌ند كوتله‌یه‌كی ناوچه‌گه‌ریی له‌ ئێستادا پێكهاتبێ، پێموایه‌ ئه‌و بۆچوونه‌ ته‌نیا زاده‌ی خه‌یاڵ و خه‌ونی ناحه‌زانی یه‌كێتییه‌.

شه‌پۆل: به‌م دواییانه‌ 10 كادر و سه‌ركرده‌ی ناسراوی یه‌كێتی له‌ سنووری هه‌ولێر ده‌ستیان له‌ كاركێشایه‌وه‌. دوا به‌ دوای ئه‌م ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت یه‌كێتی له‌ سنووری هه‌ولێر به‌ره‌و هه‌ره‌سێكی گه‌وره‌ ده‌ڕوات؟ پێتوایه‌ وازهێنانی ئه‌و كادرانه‌ كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر پێگه‌ی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر؟.

ئیبراهیم جه‌لال: ئه‌و 10 هاوڕێیه‌ی ده‌ستیان له‌ كاركێشاوه‌ته‌وه‌، له‌ یه‌كێتی نه‌چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، خۆیشیان هه‌ر به‌ ئه‌ندام و هاوڕێی یه‌كێتی ده‌زانن و ده‌ستیشیان له‌ یه‌كێتی نه‌كێشاوه‌ته‌وه‌ تا یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر تووشی هه‌ره‌سێكی گه‌وره‌ ببێت، ئه‌وانه‌ كوڕی یه‌كێتین و گه‌ر گله‌ییه‌كیشیان هه‌بێت مافی خۆیانه‌. به‌ڵام یه‌كێتی به‌ جیابوونه‌وه‌ی ریفۆرم تووشی هه‌ره‌سێكی گه‌وره‌ نه‌بوو.

شه‌پۆل: به‌رده‌وام ئه‌و تێزه‌ له‌ میدیاكاندا ده‌وترێته‌وه‌، مام جه‌لال و خه‌تی گشتیی كار بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌كه‌ن. ئایا بۆچی مام جه‌لال ده‌یه‌وێ كۆتایی به‌ هه‌ژموونی كۆسره‌ت ره‌سوڵ بهێنێت؟. پێتوانییه‌ ئه‌گه‌ر كار وابڕوات به‌هه‌مان شێوه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا، كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ یه‌كێتی دێته‌ ده‌ره‌وه‌؟.

ئیبراهیم جه‌لال: له‌ دوای كۆنگره‌ی یه‌كی یه‌كێتی نه‌ كۆمه‌ڵه‌ و نه‌ شۆڕشگێڕان و نه‌ خه‌تی گشتیی وه‌ك رێكخراو و باڵ و لایه‌ن نه‌ماون، به‌ هه‌موویان یه‌ك لایه‌نی سیاسیی فكرییان پێكهێنا كه‌ ناوی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌. میدیاكانیش ئازادن له‌وه‌ی ده‌ینووسن، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ هه‌رچی ئه‌وان ده‌ینووسن راست بێت. كاك كۆسره‌ت جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتییه‌ و رۆڵی گرنگی خۆی هه‌یه‌ له‌ناو یه‌كێتێدا، بوون و مانه‌وه‌ و سه‌روه‌ریی خۆیشی به‌ بوونی له‌ ناو یه‌كێتیدا ده‌زانێ، ئه‌گه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ی كاك "نه‌وشیروان"یش بیوویستایه‌ له‌ناو یه‌كێتی بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وكات له‌گه‌ڵیان ده‌ڕۆیشت.

شه‌پۆل: به‌م نزیكانه‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان ئه‌نجام ده‌درێت، وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێیوایه‌ سلێمانی له‌ یه‌كێتی ده‌به‌نه‌وه‌. ئه‌گه‌ر گۆڕان له‌ سلێمانی له‌ یه‌كێتی بباته‌وه‌. پێتوایه‌ چاره‌نووسی یه‌كێتی چی لێدێت؟. گریمان گۆڕان له‌و پرۆسه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوو، ئایا یه‌كێتی ئاماده‌یه‌ رێز له‌ ئاكامی هه‌ڵبژاردن بگرێت؟.

ئیبراهیم جه‌لال: من پێموانییه‌ كه‌ گۆڕان له‌ سلێمانی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان بباته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بردیشییه‌وه‌ هیچ له‌ چاره‌نووسی یه‌كێتی ناگۆڕێت. یه‌كێتی حزبێكی سۆسیال دیموكراته‌ و باوه‌ڕی ته‌واوی به‌ دیموكراتییه‌ت هه‌یه‌ و سندووقه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش جوانترین وێنه‌ی دیموكراتییه‌. یه‌كێتی له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تی بردنه‌وه‌ و نه‌بردنه‌وه‌دا رێز له‌ ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌گرێت.

شه‌پۆل: ده‌بینرێ مام جه‌لال كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، دوای خۆی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ببێته‌ سكرتێری داهاتووی یه‌كێتی. ئایا ئێوه‌ چۆن سه‌یری ئه‌م هه‌نگاوه‌ی تاڵه‌بانی و یه‌كێتی له‌ سایه‌ی هێرۆ خاندا ده‌كه‌ن؟.

ئیبراهیم جه‌لال: هێرۆ خان له‌ كوردستاندا له‌ ناو سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌ كوردیی و كوردستانییه‌كاندا وه‌ك هاوسه‌ری سكرتێر یان سه‌رۆك حزب، رۆڵی سیاسیی و پێگه‌ی سیاسیی نه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ مام جه‌لاله‌وه‌، به‌ڵكو هێرۆ خان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ژیانی خوێندنگایه‌وه‌ یه‌كلایه‌نه‌ رۆڵی خۆی هه‌بووه‌ له‌ خه‌باتی سیاسیی و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ژیانی خه‌باتی چه‌كداریی گه‌له‌كه‌مان ئه‌و له‌ شاخ و له‌ناو پێشمه‌رگه‌ و له‌ مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕدا بووه‌، ئه‌و ئه‌رشیفه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ یه‌كێتی هه‌یه‌تی به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌رده‌می شاخ به‌شی زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هیممه‌تی هێرۆ خان. بۆیه‌ بوونی به‌ لپێرسراوی مه‌ڵبه‌ند و بوونیشی به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی به‌ پلانی مام جه‌لال یان كار بۆ كردنی له‌لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه‌ نه‌بووه‌ و به‌ده‌نگ و دیموكراتییه‌تی ناو كۆنگره‌ بووه‌ و وتیشمان سندووقی هه‌ڵبژاردن حه‌كه‌مه‌.

شه‌پۆل: باس له‌وه‌ ده‌كرێت نوخبه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتداری ناو یه‌كێتی رێگرن له‌ پرۆسه‌ی خۆ نوێكردنه‌وه‌ و ریفۆرمی ناو یه‌كێتی. ئه‌گه‌ر ئه‌و نوخبه‌یه‌ رێگربن یه‌كێتی چۆن ده‌توانێت ریفۆرم له‌ خۆیدا بكات؟. پاشان ده‌پرسین به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و نوخبه‌یه‌ چییه‌ له‌ هێشتنه‌وه‌ی دۆخی یه‌كێتی له‌ حاڵی ئێستادا؟.

ئیبراهیم جه‌لال: هیچ نوخبه‌یه‌ك له‌ ناو یه‌كێتیدا نییه‌ رێگر بێت له‌ ریفۆرم ئه‌مه‌ وه‌ك نوخبه‌. گه‌ر وه‌ك تاكیش هه‌بێت ناتوانێت رێگر بێت. یه‌كێتی له‌ پێش كۆنگره‌ی دووه‌وه‌ و له‌ دوای كۆنگره‌ی 2-3دا دروشمی ریفۆرمی به‌رز كردۆته‌وه‌ و هه‌نگاویشی بۆ ناوه‌ و كاریشی بۆ كردووه‌. باشترین به‌ڵگه‌ی ریفۆرم نامه‌كه‌ی به‌ڕێز مام جه‌لاله‌ كه‌ به‌ر له‌ هه‌موو لایه‌نێك نیازی ریفۆرمی راگه‌یاند. به‌ راستی زۆر لایه‌نی نه‌یار و نووسه‌ری نه‌یار و رۆژنامه‌ و گۆڤاری نه‌یاری یه‌كێتی فه‌تاح فاڵانه‌ ده‌ستده‌كه‌ن به‌ گیرفانیاندا و هه‌واڵی بێسه‌ر و به‌ر و درۆی شاخدار به‌و پێیه‌ی خۆیان پێیان خۆشه‌ ده‌هێننه‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانیان.

شه‌پۆل ده‌وترێت له‌ قۆناغی دوای مام جه‌لال، شتێك به‌ناوی یه‌كێتییه‌وه‌ نامێنێت و زۆرینه‌ له‌ ژێر ئاڵای نه‌وشیروان مسته‌فادا كۆده‌بنه‌وه‌ و كه‌مینه‌یه‌كیش به‌ره‌و ناو پارتی ده‌ڕۆن. وه‌ك خۆت خوێندنه‌وه‌ت بۆ دۆخی سیاسیی یه‌كێتی چییه‌ له‌ قۆناغی دوای مام جه‌لال؟.

ئیبراهیم جه‌لال: بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ من ده‌پرسم، به‌ڕێزتان بۆ وه‌ك هه‌ندێ له‌ گۆڤار و رۆژنامه‌ نه‌یاره‌كان گریمانی بارودۆخی یه‌كێتی دوای مام جه‌لال، پێش گریمانی بارودۆخی گۆڕانی دوای كاك نه‌وشیروان ده‌خه‌ن؟. چۆن ده‌زانن كه‌ زۆربه‌ی یه‌كێتی له‌ دوای مام جه‌لال له‌ ژێر ئاڵای نه‌وشیرواندا كۆ ده‌بنه‌وه‌؟. به‌ڵگه‌تان چییه‌ كه‌ دوای نه‌وشیروان، ره‌نگه‌ به‌ بوونی نه‌وشیروانیشه‌وه‌ له‌ قۆناغێكدا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری گۆڕان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ باوه‌شی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان؟. ئه‌گه‌ر یه‌كێتی وه‌ك حزبێكی خۆداڕشتوو و خاوه‌ن دیسپلین و سیاسه‌ت روون و ئایدۆلۆجی ئاشكرا و یه‌كگرتوو، ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لێبكه‌ن، دوای مام جه‌لال كه‌ خاوه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ده‌یان ده‌زگای سه‌قامگیربووی خۆیه‌تی، ئاوای گریمانه‌ بۆ بكه‌ن، ئه‌ی چۆن گریمان بۆ گۆڕان ده‌كه‌ن دوای نه‌وشیروان كه‌ نه‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی دیار و هه‌ڵبژارده‌ و نه‌ سیاسه‌تێكی دیار و نه‌ پرۆگرام و په‌یڕه‌وێكی یه‌كگرتوو و نه‌ جه‌ماوه‌رێكی یه‌ك بیر و ئایدۆلۆجیی و نه‌ داموده‌زگای سه‌قامگیربووی هه‌یه‌؟. من ناتوانم له‌مه‌ زیاتر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ت بده‌مه‌وه‌.

شه‌پۆل: په‌یوه‌ندییه‌كانی گۆڕان و یه‌كێتی به‌رده‌وام به‌ره‌و ئاڵۆزیی زیاتر ده‌ڕوات. به‌بڕوای ئێوه‌ هۆكاری ئه‌م ئاڵۆزییه‌ چییه‌؟. به‌ بۆچوونی تۆ ئایا گۆڕان یان یه‌كێتی كامیان به‌رپرسن له‌م ئاڵۆزییه‌ی كه‌ هه‌یه‌؟.

ئیبراهیم جه‌لال: هیوادارم په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان به‌ره‌و باشی بچێت نه‌ك به‌ره‌و ئاڵۆزیی پتر، به‌ڵام ئه‌وه‌ بزانه‌ كه‌ گۆڕان له‌ یه‌كێتی جیابۆته‌وه‌ و لایه‌نێكی یه‌كێتیشه‌، له‌سه‌ر هه‌ندێ له‌ جیاوازیی بیر و بۆچوون ئه‌و هاوڕێیانه‌ له‌ یه‌كێتی جیابوونه‌وه‌ و نه‌شچوونه‌ ناو حزب و رێكخراوێكی تره‌وه‌. كه‌ ئه‌وه‌ به‌دیهیه‌ته‌ گه‌ر كه‌سێك یان كۆمه‌ڵێك له‌ حزبێك جیاببێته‌وه‌، ده‌چێته‌ لای حزبێكی تر كه‌ له‌ حزبه‌كه‌ی خۆی لا باشتر بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ حزبه‌كه‌ی خۆی باشتری نه‌دۆزیه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ی خۆیشی نه‌گونجا و لێی جیا بووه‌وه‌، كار بۆ پێكهێنانی لایه‌كی تری نوێ ده‌كات كه‌ بتوانێ خواسته‌كانی خۆی تیا بڕسكێنێت و به‌دیبهێنێت.

دیاره‌ حزبیش وه‌ك خێزانێكی گه‌وره‌ و فراوان وایه‌ كه‌ زۆرجار جیاوازیی بیر و بۆچوونی نێوانیان جیابوونه‌وه‌ و بارگرژیی و ئاڵۆزیی په‌یوه‌ندیی نێوانیانی لێ په‌یدا ده‌بێت. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی ناو یه‌ك بۆته‌ی خه‌بات و بیر و بۆچوون و په‌روه‌رده‌ی سیاسیی پتر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كن، راموایه‌ گرژیی و ئاڵۆزییه‌كان نه‌ك به‌ره‌و پتر ئاڵۆزیی ده‌چێت، به‌ڵكو پتر به‌ره‌و خاوبوونه‌وه‌ ده‌چێ، یه‌كێتی پێشوو و ئێستاش ئاماده‌ی دانیشتن و گفتوگۆیه‌ و ده‌رگای گفتوگۆی هه‌رگیز دانه‌خستووه‌ و هه‌رده‌م كراوه‌یه‌. دیاره‌ گه‌ر گرژیی و ئاڵۆزیی چه‌ند درێژخایه‌ن بێ، ئه‌نجام هه‌ر به‌ دانیشتن و گفتوگۆ خاو ده‌بێته‌وه‌ و كێشه‌ و داخوازییه‌كانیش هه‌ر به‌ ئاشتی و گفتوگۆ و لێك تێگه‌یشتن و ریز له‌ رای یه‌كتری گرتن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.