Red Purple Black

عه‌بدوڵڵا مه‌حموود – ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی كۆمۆنیست: داوا یاساییه‌كه‌مان له‌سه‌ر شه‌ش كه‌س نییه‌ به‌ڵكو سكرتێری "یه‌كێتی"ش ده‌گرێته‌وه‌ ... دیمانه‌: ستیڤان شه‌مزینانی

PDFPrintE-mail

  • داوا یاساییه‌كه‌مان ته‌نیا له‌سه‌ر شه‌ش كه‌س نییه‌ به‌ڵكو سكرتێری یه‌كێتیش ده‌گرێته‌وه‌
  • نه‌وشیروان مسته‌فا به‌رپرسی یه‌كه‌مه‌ له‌ كوشتنی كۆمۆنیسته‌كان
  • مه‌حاڵه‌ سكرتێری یه‌كێتی بێ ئاگا بێت له‌ كوشتنی كۆمۆنیسته‌كان

عه‌بدوڵڵا مه‌حموود، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان له‌ رێی ئه‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌ی "شه‌پۆل"ه‌وه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر كه‌یسی كوشتنی كۆمۆنیسته‌كان له‌ ساڵی 2000 كه‌ ئێستا له‌ دادگایه‌ و هاوكات باس له‌و داوا یاساییه‌ ده‌كات كه‌ دژی نه‌وشیروان مسته‌فا و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی تری گۆڕان و یه‌كێتی تۆماریان كردووه‌.

شه‌پۆل: حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی له‌مه‌ڕ رووداوه‌كانی 14 ته‌مووزی 200 سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر شه‌ش كه‌س له‌ سه‌ركرده‌كانی پێشووی یه‌كێتی تۆمار كردووه‌ كه‌ ئێستا چواریان سه‌ركرده‌ی گۆڕانن. ئایا ئه‌و رووداوه‌ ته‌نیا له‌ ئه‌ستۆی ئه‌و شه‌ش به‌رپرسه‌یه‌؟. ئه‌ی بۆچی سكرتێری یه‌كێتی له‌م داوایه‌دا ناوی نییه‌؟.

عه‌بدوڵڵا مه‌حموود: ئه‌گه‌ر به‌ وردیی سه‌یری داوا یاساییه‌كه‌ بكرێت ئه‌وه‌ رۆشنه‌ كه‌ داوا یاسایه‌كه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ نییه‌ كه‌ ناویان هاتووه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی ساڵی٢٠٠٠ه‌، به‌ڵام بۆیه‌ ناوی ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ به‌ دیاریكراویی هاتووه‌، چوونكه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌وكاته‌ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌رپرسی پۆستی باڵای جێبه‌جێكاری حزبی و حكومی بوون، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌م ناوانه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌ور و به‌شداریی به‌رچاویان هه‌بوو و له‌ دانیشتنه‌كانی حزب و یه‌كێتیدا ئاماده‌بوون، له‌ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاوڕێیانی وه‌فدی حزب به‌شدار بوون، له‌ كاتی رووداوه‌كه‌دا له‌ ماڵی نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ وه‌فدی حزب بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ له‌وێ بوون، ئاماده‌ بوون. تا ئه‌و جێگایه‌شی باسی سكرتێری یه‌كێتی ده‌كرێت، بێگومان ئه‌ویش سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتییه‌ و ئه‌ویش ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام كاتی رووداوه‌كه‌ كه‌ بێگومان مه‌حاڵه‌ سكرتێری گشتی ئاگادار نه‌بووبێت، ئه‌م له‌ كوردستان نه‌بوو به‌ڵكو نه‌وشیروان مسته‌فای جێگری له‌ كوردستان بوو، كه‌ دیاره‌ به‌رپرسی یه‌كه‌م ده‌بێت له‌باری حقوقی و سه‌لاحییه‌ته‌كانه‌وه‌ له‌ غیابی تاڵه‌بانیدا.

شه‌پۆل: ده‌وترێت نه‌وشیروان مسته‌فا پلاندانه‌ر و جێبه‌جێكاری پرۆسه‌ی كوشتنی كۆمۆنیسته‌كان بووه‌، پێتوانییه‌ له‌م كاته‌دا كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ به‌ره‌ی دژی یه‌كێتییه‌، ده‌سه‌ڵات داواكه‌ له‌ داوایه‌كی یاساییه‌وه‌ ده‌كاته‌ داوایه‌كی سیاسیی؟.

عه‌بدوڵڵا مه‌حموود: بێگومان له‌ دۆخی سیاسیی ئێستای كوردستاندا هه‌موو دۆسیه‌یه‌ك له‌لایه‌ن حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌، كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گێریت بۆ ململانێی حزبی یان تۆڵه‌ له‌یه‌كتری سه‌ندنه‌وه‌. به‌ڵام به‌ مه‌حاڵ ده‌زانرێت دۆخێك بێت ئه‌مه‌ كۆتایی پێبێت، خۆ ناكرێت هه‌ر مه‌سه‌له‌ و داوایه‌كی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حزبانه‌ به‌خاتری ململانێی نێوانیان بخه‌وێنرێت یان په‌رده‌پۆش بكرێت، چوونكه‌ هه‌ر لایه‌نه‌ به‌هره‌به‌رداریی سیاسیی خۆی لێده‌كات. ئێمه‌ مل به‌ گه‌مه‌یه‌كی ئاوا ناده‌ین و له‌به‌ر خاتری كه‌س و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ كه‌سێك داوای یاساییمان به‌رز نه‌كردۆته‌وه‌، ئێمه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كمان له‌وه‌دا نییه‌ له‌به‌ر خاتری لایه‌نێك دۆسیه‌یه‌ك بكه‌ینه‌وه‌ یان دابخه‌ین، ئیمه‌ داوایه‌كی یاساییمان به‌رزكردۆته‌وه‌، چاوه‌ڕوانین كه‌ وه‌ك هه‌موو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن یاسا سه‌روه‌ر بێت، یاسا بێلایه‌نانه‌ و ئازادانه‌ سه‌روه‌ریی خۆی نمایش بكات و حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش ئه‌گه‌ر جیددین له‌سه‌ر بانگه‌شه‌كه‌یان بۆ رێزگرتن له‌یاسا با ملكه‌چی یاسا بن، كه‌ خۆیان دایانناوه‌ و سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌. ئێمه‌ بۆیه‌ له‌ ئێستادا ئه‌م دۆسییه‌مان كرده‌وه‌ چوونكه‌:

1- ئێستا حزب مۆڵه‌تی یاسایی هه‌یه‌، كه‌ پێشتر و به‌ زۆری چه‌ك به‌دوای تاوانی ١٤-٧-٢٠٠٠ هه‌ڵسوڕانی یاساییمان لێ یاساغ كرابوو. ٢- ئێستا په‌روه‌نده‌ی رێزگرتن له‌ یاسا و سه‌روه‌ریی یاسا و باسی راده‌ستكردنی تۆمه‌تباران بۆ به‌رده‌م دادگا فایلێكی گه‌رم و مه‌یدانێكی ململانێی نیوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنه‌، به‌تایبه‌تیش ئۆپۆزیسیۆن. ٣- دۆخێكی شۆڕشگێرانه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌ كه‌شی به‌دادگا كێشانی بن عه‌لی و حوسنی موباره‌كه‌كان و سه‌ره‌ تۆمه‌تبارانی تر، سه‌رنجی ناوچه‌كه‌ و كۆمه‌ڵگای بۆ پرۆسیسی دادگا و یاسا چڕ كردۆته‌وه‌. ٤- به‌ ئیلهام وه‌رگرتن له‌ بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و شۆڕشگێڕانه‌ی ناوچه‌كه‌، بزووتنه‌وه‌ و تووڕه‌یی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ناوه‌ڕاستی شوباتی ٢٠١١ به‌ دواوه‌ نمایشێكی سه‌ره‌تایی خۆی كرد و ئێستا خه‌ڵكی كوردستان به‌ چاوی كراوه‌تره‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ هه‌موو ململانێیه‌كی سیاسیی و یاسایی و هه‌موو دۆسییه‌ و فایلێكی رۆژ. . تاد.

شه‌پۆل: پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ له‌ رووداوه‌كانی چوارده‌ی ته‌مووزی 2000 ده‌ستی پێكردووه‌، ده‌مانه‌وێت بزانین پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی دادگا له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ به‌ كوێ گه‌یشتووه‌؟.

عه‌بدوڵڵا مه‌حموود: خۆتان ئاگادارن كه‌ داوا یاساییه‌كه‌ی ئێمه‌ تازه‌یه‌ و جارێ زۆر له‌سه‌ره‌تادایه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ كراوه‌ داوایه‌كی یاساییه‌ له‌لایه‌ن پارێزه‌رانی حزبه‌وه‌، پێشكه‌شكراوه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ر به‌ره‌و پێشچوونێك ئێمه‌ كۆمه‌ڵگا و میدیای لێ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌، تا ئێستا شتێكی تازه‌ له‌ به‌رده‌ست نییه‌، ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ داواكه‌ی ئێمه‌دا وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، خۆی كردۆته‌ وته‌بێژی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ساڵی ٢٠٠٠ و له‌ یه‌كه‌مین لێدوان و كاردانه‌وه‌ی سه‌ره‌تاییدا، سواوترین و قێزه‌ونترین ده‌سته‌واژه‌ی تۆمه‌تباركردنی وه‌كوو "هاندراون" به‌ده‌سته‌وه‌ گرت.

شه‌پۆل: پێتانوایه‌ كه‌ دادگا و یاسا ده‌توانن تاوانبارانی ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌ستگیر بكه‌ن و ئیجرائاتی یاساییان له‌گه‌ڵ بكه‌ن؟. ئایا ئێوه‌ وه‌ك حزبی كۆمۆنیست ده‌تانه‌وێت یاسا چیتان بۆ بكات له‌م كه‌یسه‌دا؟.

عه‌بدوڵڵا مه‌حموود: حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن هه‌موو رۆژێك بانگه‌شه‌ی گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی یاسا ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت بۆته‌ كارتێكی ململانێی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن، ته‌نانه‌ت زۆر جار ئه‌مه‌ وه‌كوو مه‌رجی دانیشتنی ٥ قۆڵی له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ پێداگریی له‌سه‌ر ده‌كرێت، هیوادارین بتوانن به‌ كرده‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵگای نیشان بده‌ن و تۆمه‌تباران راپێچی دادگا بكرێن و سزای یاسایی بسه‌پێنن به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی یاسا تاوانه‌كانیان به‌سه‌ردا ساغ ده‌كاته‌وه‌، تاوانباران سزای یاسایی خۆیان وه‌ربگرن. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت یاسا به‌ دواداچوونێكی ورد و بێلایه‌نانه‌ی ئه‌م دۆسیه‌یه‌ بكات و تاوانبارانی سه‌ره‌كی و جێبه‌جێكاران و ئه‌و لایه‌نه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییانه‌ی له‌ پشتی رووداوی ‌هێرشی چه‌كدارانه‌ بۆ سه‌ر حزب بوون، ئاشكرا بكات و تاوانباران سزا بدات و به‌ كۆمه‌ڵگا و رای گشتی رابگه‌یه‌نێت.

شه‌پۆل: باس له‌وه‌ ده‌كرێت حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی گه‌یشتۆته‌ رێككه‌وتن و ورووژاندنی ئه‌م پرسه‌ش ته‌نیا داوێكی یاساییه‌ بۆ تێوه‌گلاندنی سه‌ركرده‌كانی ئێستای گۆڕان. ئێوه‌ له‌م رووه‌وه‌ راتان چییه‌؟.

عه‌بدوڵڵا مه‌حموود: ئه‌مه‌ درۆیه‌ك و هاوكات تۆمه‌تێكی بێ بناغه‌یه‌. با ئه‌و راستییه‌ دووپات بكه‌مه‌وه‌ ئێمه‌ هیچ دانیشتنێكی شاراوه‌ و نهێنی له‌گه‌ڵ هیچ حزب و لایه‌نێكی سیاسیی ناكه‌ین، ئه‌وه‌ بۆ حزبی ئێمه‌ بووه‌ به‌ پرانسیپێكی جێكه‌وتوو، كه‌ هه‌ر دانیشتن یان دیدارێك له‌گه‌ڵ هه‌ر حزب و لایه‌نێك بكه‌ین، هه‌م دانیشتنه‌كه‌ و هه‌م باس و مه‌سائیله‌كانی به‌ كۆمه‌ڵگا راده‌گه‌یه‌نین و شتی شاراوه‌ی پشت په‌رده‌مان نییه‌.

شه‌پۆل: ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ و پرۆسه‌ی به‌دواداچوونی یاسایی كه‌یسه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێوه‌ نه‌بوو، چ رێگه‌یه‌كی تر ده‌گرنه‌ به‌ر؟. ئه‌گه‌ر یاسا نه‌یتوانی سزای تاوانباران بدات چ هه‌ڵوێستێكتان ده‌بێ؟.

عه‌بدوڵڵا مه‌حموود: جارێ زووه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ لێدوان یان بڕیارێك بده‌ین، ئێمه‌ پێش دادگا ناكه‌وین. . به‌ڵام بێگومان ده‌ست له‌م داوایه‌مان هه‌ڵناگرین. هیوادارین دادگا به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ڵبستێت و متمانه‌ی كۆمه‌ڵگا و شه‌قام سه‌باره‌ت به‌ ئازادبوون و بێلایه‌نبوونی به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌م دۆسیه‌یه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی باش ده‌بێت.

شه‌پۆل: پێتانوایه‌ ده‌ستكه‌وته‌ سیاسییه‌كانی ورووژاندنی ئه‌و كه‌یسه‌ بۆ كێیه‌؟. پێتوانییه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی بۆ یه‌كێتی ده‌بێت نه‌ك حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی؟.

عه‌بدوڵڵا مه‌حموود: ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین به‌ یه‌كلاییبونه‌وه‌ی یاسایانه‌ و ئازادانه‌ و عادلانه‌ و بێلایه‌نانه‌ی ئه‌م كه‌یسه‌، خه‌ڵكی كوردستان بتوانن بێگوێدانه‌ پله‌ و پایه‌ی ئابووری و سیاسیی و حزبییان له‌ به‌رامبه‌ر یاسادا یه‌كسان بن، ئه‌مه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كۆتایی نابه‌رابه‌ریی مامه‌ڵه‌ی یاسایی بۆ هه‌موو تاكه‌كانی. ئه‌وه‌ خواستی ئێمه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ به‌ كۆتا بێت به‌ر له‌ حزبی ئێمه‌، یان یه‌كێتی و گۆڕان. . تاد. خه‌ڵكی كوردستان ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌. دوور و نزیكی هه‌ر حزبێكیش له‌ خواسته‌كانی خه‌ڵك رێزگرتنیه‌تی له‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ما یاساییه‌ مۆدێرنه‌كان و كۆتاییهێنانه‌ به‌ نابه‌رابه‌ریی یاسایی.

تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ ژماره‌ "2" گۆڤاری "شه‌پۆل" له‌ رۆژی 1-10-2011 بڵاوبۆته‌وه‌.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.