Red Purple Black

ئارام قادر- سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی: له‌ زۆر بۆچووندا جیاوازیی هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌ر سی هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌دا ... دیمانه‌: ستیڤان شه‌مزینانی

PDFPrintE-mail

  • * نه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر، نه‌ ئارام قادر، نه‌ كه‌سی تر خاوه‌ن كوتله‌ نییه‌ له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامیدا
  • * باوه‌ڕمان به‌ زۆریك له‌ پاساوه‌كانی گۆڕان هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ ئیئتلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ماوینه‌ته‌وه‌
  • * رێككه‌وتنی ستراتیجی له‌ نێوان هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆندا نییه‌

ئارام قادر سه‌ركرده‌ له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ رێی ئه‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌ی "شه‌پۆل"ه‌وه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌جیندا و هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن، پاشان باس له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌كات و ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵ كێشه‌ی ناوخۆیی هه‌بێ، له‌ به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان كۆمه‌ڵ و ئێران ده‌كات و پێیوایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان زۆر له‌ په‌یوه‌ندیی حزبه‌كانی تر لاوازتره‌ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران.

شه‌پۆل: لێره‌ و له‌وێ ده‌وترێت، تموحی هه‌ر سێ لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن له‌ گۆڕینی سیستمه‌وه‌ بوو به‌ گێڕانه‌وه‌ی بودجه‌كانیان. ئایا ئێوه‌ پرسی گۆڕینی سیستمان كردووه‌ به‌ قوربانی گێڕانه‌وه‌ی بودجه‌؟. بۆچی ئه‌وه‌نده‌ی فشارتان بۆ گێڕانه‌وه‌ی بودجه‌ كرد، فشارتان بۆ هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كی تر نه‌كرد؟.

ئارام قادر: نه‌خێر ئه‌و بۆچوونه‌ پێچه‌وانه‌ی واقیعی كار و به‌رنامه‌ی ئۆپۆزیسیۆنه‌، چوونكه‌ ئۆپۆزیسیۆن پێش ئه‌وه‌ی بودجه‌كه‌یان ببڕن هه‌ر هه‌مان داوایان كردووه‌ و له‌ كاتێكدا بودجه‌كه‌شیان بڕیبوو به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ئه‌و داخوازییه‌ و پاش ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌رده‌وام بوون. كه‌واته‌ بوونی بودجه‌ و بڕین و دانه‌وه‌ی هیچ كاریگه‌ریی نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و داخوازییه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ر خواستی گۆڕینی سیستمی سیاسیی به‌ جۆریك كه‌ ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی یاسایی بێت و به‌ئاسایی ئه‌نجام بدرێت نه‌ك ئه‌و هێزانه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدان به‌رده‌وام له‌ ده‌سه‌ڵات بمێننه‌وه‌ و هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانیش به‌رده‌وام له‌ ئۆپۆزیسیۆن بن، ته‌نیا گۆڕینی ژماره‌ی كورسی و كه‌سایه‌تییه‌كان بگۆڕدرێت چوونكه‌ ئه‌وه‌ مانای سیستمی دیموكراسی نییه‌.

شه‌پۆل: هه‌ندێك ناوه‌ندی رۆژنامه‌وانی، خۆپیشاندانی دوو مانگی شاری سلێمانی وه‌ك گه‌مه‌یه‌كی كۆماری ئیسلامی ئێران سه‌یر ده‌كه‌ن. ئایا ئێران رۆڵی چی بوو له‌و پرۆسه‌یه‌دا؟.

ئارام قادر: به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێران دژی ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان بووه‌ و به‌رده‌وام وه‌سفی خۆپیشاندانه‌كانی كردووه‌ كه‌ ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی رۆژئاوایه‌ و ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و یه‌كێتی و پارتی زۆر به‌رزتره‌ و له‌ ئاستێكی زۆر له‌ پێشتره‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان.  

شه‌پۆل: د. فایه‌ق گوڵپی پێیوایه‌ كه‌ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی بوونه‌ته‌ پاشكۆی گۆڕان، ئایا ئێوه‌ بوونه‌ته‌ پاشكۆی گۆڕان؟. هه‌ست ناكه‌یت ئێوه‌ زیاتر شوێن پلانه‌ ستراتیجییه‌كانی گۆڕان كه‌وتوون؟.

ئارام قادر: رێزم بۆ بۆچوونه‌كه‌ی دكتۆر فایه‌ق گوڵپی هه‌یه‌ و دڵنیاش نیم ئایا ئه‌و قسه‌یه‌ ئه‌و كردبێتی یان نا، به‌ڵام ئه‌و بۆچوونه‌ی پێچه‌وانه‌ی رووداوه‌كانه‌، چوونكه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی خولی سێیه‌می په‌رله‌مان ئه‌م سی هێزه‌ هیچیان په‌یوه‌ست نه‌بوون به‌وی تره‌وه‌ و هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ ویست و ئیراده‌ی خۆی ره‌وتی ئۆپۆزیسیۆنی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای كردووه‌ كه‌ له‌ زۆر بۆچووندا جیاوازیی هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌م سی هێزه‌دا، به‌ڵام ره‌وتی ئۆپۆزسیۆنبوون یه‌كیخستوون و به‌یه‌ك ئاڕاسته‌ كار ده‌كه‌ن. یه‌ك ئاڕاسته‌بوون و كاركردن به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ مه‌یدانێكدا به‌مانای پاشكۆبوون نایه‌ت، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ڵوێستی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ئیئتلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو ماونه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ گۆڕان هاته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ئیئتلافه‌كه‌دا. ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌ زۆریك له‌ پاساوه‌كانی گۆڕان هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌ر ماوینه‌ته‌وه‌.

شه‌پۆل: باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌ هاوپه‌یمانی سێ لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌. ئایا ئێوه‌ بیرتان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ به‌ ته‌نیا و جیاواز له‌ گۆڕان و یه‌كگرتوو وه‌ك لایه‌نێكی ئۆپۆزیسیۆن به‌ سه‌ربه‌خۆیی كار بكه‌ن؟.

ئارام قادر: لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان هاوپه‌یمانی ئیستراتیجی نییه‌ له‌نێوانیاندا، به‌ڵكو كاری ئیستراتیجی هه‌یه‌ له‌ نێوانیاندا كه‌ ئه‌ویش ئامانجی ئۆپۆزیسیۆنه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ چاكسازیی و گۆڕانكاریی له‌ سیستمی سیاسیی كوردستاندا و هه‌ر سی هێزی ئۆپۆزیسیۆن سه‌ربه‌خۆن و كه‌س په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ویتره‌وه‌، به‌ڵام له‌ یه‌ك چوارچێوه‌دا كار ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ناخوازێت كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی هه‌بێت.

شه‌پۆل: له‌ حاڵی حازردا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌كان خه‌ڵكیان كوشتووه‌ و ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكیان هانداوه‌ و ئه‌وانه‌شی كه‌مته‌رخه‌م بوون، رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌. ئێوه‌ وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن به‌ گشتیی و كۆمه‌ڵ به‌ تایبه‌تی ئاماده‌ن ئه‌و ئه‌ندامانه‌تان راده‌ست بكه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن یاساوه‌ داوا بكرێن؟.

ئارام قادر: خه‌ڵك كوشتن له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌سه‌وه‌ بێت تاوانه‌ و كه‌مته‌رخه‌میی هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس بۆ پاراستنی ماڵ و سامانی گشتیی به‌هه‌مان شێوه‌ پێویستی به‌لێپێچینه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌شداریی له‌ خۆپیشاندان و هاتنه‌ سه‌رشه‌قام نه‌ك تاوان نییه‌ به‌ڵكو ماف و ئه‌ركه‌، مافی هه‌موو هاووڵاتییه‌كه‌ بێته‌ سه‌رشه‌قام و داوای مافی خۆی بكات، هیچ یاسا و پاساوێك رێگه‌ نادات ئه‌و هاووڵاتیانه‌ بكوژرێت به‌هه‌ر ناوێكه‌وه‌ بێت. بۆیه‌ به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی یاسا، چوونكه‌ په‌یوه‌ستكردنی كارێكی یاسایی و كارێكی نایاسایی بۆ ده‌ربازكردنی تاوانبارانه‌ و سزادانی هاووڵاتییانه‌ كه‌ داوای ماف و ئازادیی ده‌كه‌ن.

شه‌پۆل: به‌رده‌وام گوێمان له‌وه‌ ده‌بێت ناكۆكی و كوتله‌گه‌ریی له‌ ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ به‌هێزبووندایه‌. له‌و نێوه‌نده‌دا به‌مدواییه‌ هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ ناكۆكی له‌ نێوان لایه‌نگرانی جه‌نابت و مه‌لا عه‌لی باپیر له‌ گه‌رمیان پێكدا هه‌ڵپڕژاوان. سروشتی ململانێ و كوتله‌گه‌ریی له‌ ناو كۆمه‌ڵدا چۆنه‌؟.

ئارام قادر: نه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر، نه‌ ئارام قادر، نه‌ كه‌سی تر خاوه‌ن كوتله‌ نییه‌ له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامیدا، ئه‌و قسه‌ و باسانه‌ وه‌ك گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونی كۆن وایه‌، ئه‌وه‌ قسه‌ و باسی سه‌رده‌می بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوون بووه‌ و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئێستا حاڵه‌تێكی نوێیه‌ و كۆمه‌ڵی ئیسلامی بیركردنه‌وه‌ی نوێ و پڕۆژه‌ی نوێی پێیه‌، نه‌ك كوتله‌ و ململانێی ناوخۆیی. كێشه‌ی مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیان یان كێشه‌ی هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێكی تر ئه‌وه‌ سروشتی كار و ئازادیی تاكه‌كان و لامه‌ركه‌زییه‌ت له‌ كۆمه‌ڵدا ده‌رده‌خات نه‌ك دیكتاتۆرییه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی حزبیی ته‌سك.

شه‌پۆل: هه‌میشه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كۆمه‌ڵی ئیسلامی هاوكاریی له‌ ئێران وه‌رده‌گرێت، ئایا په‌یوه‌ندیی ئێوه‌ و كۆماری ئیسلامی ئێران چۆنه‌؟.

ئارام قادر: په‌یوه‌ندیی نێوان كۆمه‌ڵی ئیسلامی و ئێران له‌ زۆربه‌ی حزبه‌ كوردستانییه‌كانی تر له‌ پاشه‌وه‌یه‌ و له‌ پله‌به‌ندیدا له‌ دوای زۆربه‌ی زۆری حزبه‌كانه‌وه‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌و حزبانه‌ی له‌ قه‌واره‌ و بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریشدا له‌ له‌ ئاست كۆمه‌ڵدا نین په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران له‌ پێشتره‌ و به‌هێزتره‌.

شه‌پۆل: ئایا پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت كۆمه‌ڵی ئیسلامی ببێته‌وه‌ به‌ هێزێكی چه‌كدار؟. چوونكه‌ وه‌ك ده‌وترێت بیرۆكه‌ی جیهادكردن له‌ ناو بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی ئێوه‌دا زۆر به‌هێز و فراوانه‌.

ئارام قادر: كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆیدا پێناسه‌ی خۆی كردووه‌ كه‌ حزبێكی سیاسییه‌ و هاتووه‌ته‌ مه‌یدان بۆ ململانێی سیاسیی له‌ پێناو به‌رپاكردنی دادگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسیی له‌ كوردستاندا و له‌و پێناوه‌شدا هه‌موو رێگا یاساییه‌كان ده‌گرێته‌ به‌ر.

شه‌پۆل: په‌یوه‌ندییتان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حزبی حوكمڕانی كوردستان "پارتی و یه‌كێتی" چۆنه‌؟. باس له‌وه‌ ده‌كرێت له‌ مام جه‌لال نزیكبوونه‌ته‌وه‌؟.

ئارام قادر: په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌كان ئاساییه‌، ئه‌و حزبانه‌ی له‌ده‌سه‌ڵات بن یان له‌ ئۆپۆزیسیۆن بن یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوولایه‌نه‌شدا بن، چوونكه‌ په‌یوه‌ندیی سیاسیی حزبه‌كان ده‌بێت جیا بكرێته‌وه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆنبوون، نابێت له‌ كاتێكدا هێزێكی ئۆپۆزیسیۆن ره‌خنه‌ له‌ حكوومه‌ت و سیستمی سیاسیی ده‌گرێت له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سزای سیاسیی بدرێت و په‌یوه‌ندییه‌كان تێكبدرێت، چوونكه‌ نابێت بێده‌نگكردن و ملكه‌چبوون بكرێته‌ پێوه‌ر بۆ پێكهێنان و پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كان.

 

   


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.