Red Purple Black

(فه‌تحی) بگرن با نه‌ڕوا ... وشیار ئه‌سوه‌د

PDFPrintE-mail

له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا كه‌م نین ئه‌وانه‌ی له‌ ناوه‌ندی موزیك و گۆرانیی كوردیدا دروست بوون و شتێكی وایشیان پێ نییه‌ مایه‌ی گه‌شبینی بێ، كه‌ ده‌ڵێم دروست بوون مه‌به‌ستم ته‌نیا ده‌ركه‌وتنی ناوه‌ نه‌ك بوونی كاری نوێی قبووڵكراو له‌ ڕووی هونه‌رییه‌وه‌. . چه‌ندان جار به‌ ناویش ئاماژه‌م پێ كردوون و لێره‌دا پێویستیم به‌ نموونه‌ هێنانه‌وه‌ نابێ، ده‌نگه‌ ناساز و شه‌رمهێنه‌كان كه‌م نین كه‌ هه‌ندێكیان به‌هۆی ئه‌و به‌ره‌ڵاییه‌ی له‌ ناوه‌نده‌كه‌دا هه‌یه‌ و خۆیشیان پاره‌دار بوون دروست بوون، هه‌ندێكی تریشیان به‌هۆی میزاجی كه‌سیی به‌رپرسێكی نابه‌رپرس و گه‌نده‌ڵه‌وه‌ پاڵپشتی كران و كه‌وتنه‌ ناوانه‌وه‌.

من (فه‌تحی عه‌بدوڵا) ناناسم و ته‌نیا له‌ دووره‌وه‌ گوێم له‌ ده‌نگی بووه‌، ئه‌وه‌نده‌ی گوێیشم لێ بووه‌ ته‌نیا ده‌نگه‌ له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر ناوازه‌كه‌ی سه‌رسامی كردووم نه‌ك هه‌ڵبژاردنی گۆرانییه‌كانی، چونكه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ ناوازه‌یه‌ی ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجه‌، به‌هۆی نه‌بوونی ویژدانێكی زیندوو بۆ گرتنه‌ خۆی، تا ئێسته‌ ته‌نیا سۆزی توركییانه‌مان له‌ ده‌نگیدا پێ ده‌ناسێنێ كه‌ به‌بڕوای من ئه‌وه‌ كاره‌ساتی بواره‌كه‌یه‌ و چه‌ندان گه‌نج تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ هاتوون، نه‌ك به‌و واتایه‌ی خۆ له‌قه‌ره‌دانی ستایله‌ توركییه‌كان به‌خه‌وش ببینم، بگره‌ ئه‌دای دروست توركییانه‌ خه‌وشێكه‌ تا ئه‌وپه‌ڕی یه‌خه‌گیری بووین.

 (فه‌تحی) ده‌نگێكی تا بڵێی نامۆیه‌ له‌ گۆرانیدا، له‌وه‌ته‌ی له‌م بواره‌دا كار ده‌كه‌م و ده‌نووسمه‌وه‌، ڕێكه‌وتی ده‌نگێكی له‌ (فه‌تحی) نامۆترم نه‌كردووه‌، بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی ویژدانه‌ زیندووه‌كان لێی به‌ئاگا بێن و نه‌هێڵن بڕوا، چونكه‌ پێ ده‌چێ ئه‌و ڕێگه‌كانی پێ نه‌دۆزرێته‌وه‌ و پتر خاوه‌نداریه‌تیی ده‌نگێك بكا، دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ ئه‌ركی خه‌ڵكی تره‌ و ده‌هێنێ خه‌مخۆرانه‌ كاری بۆ بكه‌ن. . ده‌نگه‌كه‌ ئه‌فسوونێكی تێدایه‌ و كاركردن بۆی ڕیسك نییه‌، ئه‌گه‌ر كۆ نه‌كرێته‌وه‌ و په‌روه‌رده‌ نه‌كرێ و له‌ كاری به‌هاداردا نه‌یه‌ته‌ توانه‌وه‌، چ گومانم له‌وه‌ نییه‌ به‌ته‌نیا هه‌ڵناسێته‌ سه‌ر پێ، ئه‌و ده‌بێ هه‌ر له‌ بۆنه‌ جیاوازه‌كاندا خۆی بدۆزێته‌وه‌ و نه‌بێته‌ خاوه‌نی كلیپه‌یلێك بۆ به‌زاندنی ئه‌و ڕۆحییه‌ته‌ توركییه‌ی داگیری كردووه‌.

من خه‌می ئه‌وه‌م نییه‌ (فه‌تحی) بڕوا و نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، خه‌می ئه‌وه‌مه‌ له‌ نه‌بوونی كه‌سانی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و هاوكاری به‌توانادا ببێته‌ یه‌ك له‌وانه‌ی گۆرانی و موزیكی كوردییان شه‌رمه‌زار كردووه‌. . هیچ نه‌بێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌سته‌مه‌ به‌و ده‌نگه‌ ناوازه‌یه‌وه‌ بتوانێ له‌ گۆرانیگوتن دوور بكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ بۆشایی هاوكاریكردنیدا ئه‌سته‌م نابێ بۆی له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچكه‌ باو و سواوه‌ توركییه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌، له‌و كاته‌شدا ناچار ده‌بین وه‌ك نه‌ناسێك سه‌یری بكه‌ین نه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی گه‌نجی قبووڵكراو به‌به‌ر هونه‌ری كوردییه‌وه‌.

بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی به‌رپرسی نابه‌رپرس ده‌نگه‌ شل و شاوه‌كانیان لێ كردین به‌گۆرانیبێژ، با به‌رپرسێكی خاوه‌ن ویژدانی بواره‌كه‌ (فه‌تحی) یشمان بۆ بگرێته‌ خۆی.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.