Red Purple Black

ساتێک له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (( نه‌جم هۆگر )) .... دیداری ئاسایش عوسمان دانش

PDFPrintE-mail

ده‌مێکه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووم که‌ دیدار و چاوپێکه‌وتنێک له‌ گــــه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ئازیز و خۆشه‌ویست نه‌جم هۆگر ساز بکه‌م خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌م جاره‌ که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ کوردوستان له‌ ئازاری 2011 ئــــــــه‌م ده‌رفه‌ته‌م بۆ ڕه‌خسا له‌ سه‌ندیکای هونه‌رمه‌ندانی سلێمانی توانیمان چاومان به‌ یه‌کتر بکه‌وێ، ڕێکه‌وتێکی شیاو بوو هــــــه‌م پیرۆزبایی ئه‌وه‌م لێکرد کــه‌ بووته‌ سه‌رۆکی لقی سه‌ندیکای هونه‌رمه‌ندانی سلێمانی له‌دوای کۆنفڕانس هه‌م دیداره‌که‌شم له‌ گه‌ڵ ساز کرد، هه‌مان کات به‌ڕێزیان له‌ گه‌ڵ چه‌ند هاوه‌ڵیکی تری له‌ ده‌سته‌ی به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی سه‌ندیکا سه‌رقاڵی خۆئاماده‌کردن بوون بـــۆ دانانی پلان و شێوازی به‌ڕیوه‌بردنی سه‌ندیکا له‌ئێستاو داهاتودا که‌ بتوانن خزمه‌تێکی باش به‌ هه‌موو هونه‌رمه‌نـدانی شانۆکارو میوزیک زان و هونه‌رمه‌ندانی به‌ش وبواره‌کانی تری هونه‌ری کوردی بکه‌ن،  هیوادارم کـــــــه‌بتوانن له‌ئاستی ئه‌و لێپرسراویه‌دابن و بتوانن وه‌ک سه‌ندیکا خزمه‌ت به‌هه‌موو تۆێژه‌کانی هونه‌رمه‌ندانی کوردوستان بـه‌گشتی و شاری سلێمانی بــه‌ تایبه‌تی بکه‌ن.

هاوڕیه‌تی من و به‌ڕیز هونه‌رمه‌ند کاک نه‌جم هۆگر ده‌گه‌ڕیتــــه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مانێکی دێرین کاتێک هه‌ردوکمان لاو بوین بۆ یه‌که‌مین جار ده‌ستپێکی سه‌ره‌تای ژیانی هونه‌ریمان له‌شانۆیی هاملێتی نوسه‌ری گه‌وره‌ی به‌ناوبانگ ( شه‌کسبیر ) و ده‌رهێنانی نـه‌مر خاڵه‌ حه‌مه‌ فه‌ره‌ج به‌شداریمان کرد، شانۆیه‌که‌‌ له‌ساڵی ( 1971 ) له‌ سه‌ر شانوی هؤڵی ئاماده‌یی سلێمانی نمایشکرا بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌مانگێک ئه‌و ساته‌ هۆڵی ئاماده‌یی سلێمانی تاکه‌ هۆڵ بوو لــــه‌ شاری سلێمانیدا هه‌موو به‌رهه‌مه‌ شانۆیه‌کانی له‌سه‌ر نمایش ده‌کرا هــه‌ر چه‌نده‌ ئێمه‌ هه‌ردوکمان به‌ڕۆڵێکی مام ناوه‌ندی به‌شدار بوین به‌ڵام بۆ ئێمه‌ زۆر به‌ سود و پڕ بـه‌ئه‌زموون بوو به‌تایبه‌تی کارکردن له‌گه‌ڵ نه‌مر ماموستا خاڵه‌ حه‌مه‌ فه‌ره‌ج بۆ زیاتر له‌ مـاوه‌ی شه‌ش مانگ ڕۆژانه‌ به‌یانیان تا ئێواران له‌هۆڵی ئاماده‌یی سلێمانی سه‌رقاڵی پڕۆڤه‌ و خۆ ئاماده‌کردن بوین جگه‌ له‌ دروست کردنی دیکۆری شانۆیه‌که‌ فیری ئــه‌زمونی تری شانۆ بوین لـــــــــه‌ پڕۆڤه‌ی ده‌نگ و جوڵاندن و ڕاهێنانی لــه‌ش ( تمارین مسرحیه‌ ) که‌ بۆ ئێمه‌ سه‌ره‌تایه‌کی گرنگ بــوو ده‌تـــــــــوانم بڵێم ئه‌زمونێکی پراکتیکی گه‌وره‌ بوو وه‌ک ئه‌زموونی ساڵی یه‌که‌می خۆێندکارێکی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌کان به‌شی شانۆ، خاڵه‌ حـه‌مه‌ فه‌ره‌ج خۆی سێ ساڵ زیاتر خۆێندکاری به‌شی شانۆی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌کان‌ بوو له‌شاری به‌غدا به‌ڵام به‌هۆی بــــاری سیاسی و ئابوری هۆکاری تره‌وه‌ وازی هێنابوو له‌ په‌یمانگاو گه‌ڕابوه‌ سلێمانی و ببوه‌ فه‌رمانبه‌ر له‌ پارێزگا، مامۆستایه‌کی به‌توانا بوو به‌ تایبه‌تی شاره‌زایه‌کی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بوو له‌ بواری شانۆی کلاسیکدازۆر حه‌زی له‌ کارکردن بوو له‌ شاکاره‌کانی ( ولیه‌م شه‌کسبیر ) به‌ هه‌میشه‌ بووی باس ده‌کردین جگه‌ له‌وه‌ی که‌ توانایه‌کی ده‌نگی گه‌وره‌ی هــــه‌بوو ساڵانێک کاری کردبوو وه‌ک بێژه‌رێکی سه‌رکه‌وتوو له‌ به‌شی کوردی ڕادیوی به‌غداد تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایش بـــــــــه‌رنامه‌یکی مانگانه‌ی هونه‌ری له‌ ته‌له‌فزێون پێشکه‌ش ده‌کرد هه‌زاران سڵاو و ڕێزی وه‌فاداری لێبێت، له‌هامڵێتدا گروپێکی گه‌وره‌بوین ئه‌و هاوڕیانه‌م که‌ به‌شداربون وه‌ک ئه‌کته‌ر له‌ هاملتێدا هه‌موو توانیان بره‌و به‌ به‌رده‌وام بونیان بده‌ن لـه‌ شانۆی کوریدا و پاشه‌ ڕۆژ ڕۆڵی گرنگیان هه‌بێت لــــه‌ بواری شانۆدا، وه‌ک هونــــه‌رمه‌ندان ( شه‌مــــــالی عه‌به‌ ڕه‌ش، فریــــــاد خه‌لیل، خواڵێخۆشبو حسین قــــــــــــه‌ره‌داخی، دلێر مسته‌فا، عبدالوهاب ڕه‌شید، پشکوی سه‌عید نــاکام، خوالێخوشبوو ڕزگار سه‌دیق مه‌حمود، نه‌جم هۆگر ) و چه‌ندانی ترکه‌ به‌ داخه‌وه‌ ناوه‌کانیانم له‌یاد نه‌ماوه‌، ئـه‌وه‌ی جێگه‌ی شانازی وباس کردنه‌ یادی خوشکی به‌ڕیز ( ناهیده‌) خانه‌ که‌ ڕۆڵی دایکی هاملێتی ده‌بینی ته‌نها ئافره‌ت بووله‌ گروپه‌که‌دا ئه‌مه‌ش به‌ یه‌کێک له‌ سه‌روه‌ریه‌کانی ڕۆڵی ئافره‌تی کورد تۆمار ده‌کرێت له‌ مێژووی شانۆی کوریدا.

پاشتر ئێمه‌ هه‌ردوکمان به‌رده‌وام بووین له‌کارکردندا وتوانیمان ئه‌و ساته‌ تیپی شانۆی یه‌کێتی قوتابیانی کوردوستان دابمه‌زرێنین وه‌ ساڵانێکی زۆر چه‌نده‌ها به‌رهه‌می شانۆیی و هونه‌ری سه‌رکه‌وتوو پێشکه‌ش بکه‌ین لـــــــــــه‌وانه‌ شانۆیی ( ئه‌مره‌که‌ی بــــــــه‌گم ) نوسینی یوسف العانی و وه‌رگێڕانی ئــه‌مینی میرزا که‌ریم، شانۆیی به‌ڕیوه‌به‌ری تازه‌ نوسینی پارێزه‌ر محه‌مه‌د سدیق مه‌حمود،  کفر ئه‌حمه‌د نـــــــــوسینی ڕزگار سدیق، شانۆیی تۆڵه‌یه‌کی به‌ خۆێن شوراو نوسینی م. . ئارام و چه‌ندانی تر جگه‌ به‌شداری له‌ ڤیستڤاڵ و بۆنه‌کان تا ساڵانێکی زۆر به‌رده‌وام بوین پێشتر هونه‌رمه‌ند نه‌جم هۆگر کاری کردبو له‌ تیپی نواندنی سۆران جا له‌ تیپی شانۆی کریـــــــکاران و پاشتر کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌کانی کورد هه‌تا ئێستاش له‌و تیپه‌دا به‌رده‌وامه هونه‌رمه‌ند نه‌جم هۆگر توانیویه‌تی په‌ره‌ به‌تواناکانی خۆی بدات چ وه‌ک ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر چ وه‌ک نوسه‌ر و سینارێست به‌شداری زۆر دراماو کورته‌ فیلمی کردوه‌ یه‌کێکیش لـــه‌ هه‌ره‌ کاره‌ دیاره‌کانی ده‌رهێنانی درامای ته‌له‌فیزۆنی ڕابوون بوو، جگه‌ لــــــه‌وه‌ی‌ هونه‌رمه‌ند نه‌جم هۆگر ساڵانێکی زۆره‌ وه‌ک شاعیرشیعری نوسیوه‌ ده‌ق و تێکست و شیعره‌کانی زۆر له‌ گۆرانی بیژ و ئاواز دانه‌ره‌کان کردویانه‌ته‌ گۆرانی، هونــــــــــه‌رمه‌ند نه‌جم هۆگر وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کی ژیرو لێهاتوو له‌شانۆی کوردیدا و له‌ناو هه‌ڤاڵانیدا جێی باوه‌ڕو ڕیز لێگرتن بووه‌ جابۆ ئه‌وه‌ی زیاتر شاره‌زای که‌سایه‌تی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌‌ بین با له‌ زمانی خۆیه‌وه‌باسی کورته‌یه‌ک له‌ ژیانی خۆیتان بۆ بکات.

 

 پێشه‌کی پیرۆزبایی گه‌رمتان لێ ده‌که‌م به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنتان به‌ سه‌رۆکی سه‌ندیکـــای هونه‌رمه‌ندان لقی سلێمانی هیواخوازین که‌ سه‌ندیکایه‌کی به‌ هێز و یه‌کگرتوو بێت لـــــــــــه‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشت هونه‌رمه‌ندانی کوردوستان بــه‌ هه‌موو بواره‌کانیه‌وه.

نه‌جم هۆگر، ، ، ، ، ، سوپاستان ئه‌که‌م به‌و هیوایه‌ی به‌ پشتیوانی هاوڕیانم له‌ لقی سلێمانی و ئــــــــه‌نجومه‌نی سه‌ندیکای‌ هونه‌رمه‌ندانی به‌ڕیز، خزمه‌ت به‌ بواری هونه‌ری و ڕۆڵی هونــــــه‌رمه‌ندان بکه‌ین و لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداره‌کان زه‌مینه‌ بۆ ئه‌و تۆێژه‌ زیندوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ بڕه‌خسێنن به‌ره‌ و ئه‌فراندن.

من ناوم واته‌ نازناوی هونه‌ریم نه‌جم هۆگره‌ و له‌ شاری سلێمانی لـــه‌ گه‌ڕه‌کی مه‌ڵکه‌ندی هاتومه‌ته‌ دنیاوه‌ و له‌ ساڵی 1969 وه‌ له‌ بواری هونه‌ری شانۆ کار ده‌که‌م و سه‌ره‌تا له‌ دامه‌زراندنی تیپی نواندنی سۆرانه‌وه‌ هــــــــه‌نگاوی هونه‌ریم ده‌ست پێکرد که‌ ئه‌و کات له‌ گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کم ئه‌و تیپه‌مان دامه‌زراند که‌ تا ئێشتاش زۆر له‌و به‌ڕێزانه‌ له‌ بواری هونه‌ریدابه‌رده‌وامن و هونه‌رمه‌ندی ناسراوو دیاری گه‌له‌که‌مانن یه‌که‌مین به‌رهه‌می هونه‌ریم شانۆیی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر بووکه‌ وه‌ک ئه‌کته‌ر به‌شداریم تێداکردپاش ئه‌وه‌ ڕێجکه‌ی هونه‌ریم به‌رنه‌دا هه‌تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامم له‌کاری هونه‌ری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به‌شداریمم تیدا کردون زۆرن له‌وانه‌ گرنگترینیان له‌وانه‌ی له‌یاده‌وه‌ریمدا ماون شانۆیی { ئه‌مره‌که‌ی به‌گم، داسه‌که‌ی شاسوار، چاره‌نووس، بـــــــــه‌هاری نۆی ژیانم، دکتۆر فـــــــاوست، حه‌مه‌ دۆک، سمکۆڵانی ئه‌سپه‌شێ، فه‌رهاد و ئه‌زمونێکی نؤێ، له‌ ده‌ستمان چوو، ئوتێلی ئاخر زه‌مان، شه‌ریف پاشا، یادی چه‌ژنی له‌دایک بوون، زێڕ، نۆێنه‌ری سوڵتان، ، برایمۆک } ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ که‌ هه‌موویان شانۆین مــن وه‌ک ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر کـارم تێدا کردون له‌م کارانه‌ش { قوربانی، یاخی بوونی ستار، ڕێچکه‌، یاد، په‌یام، پێتان ناڵێم، سورمێ خان، کۆمه‌رگ، ئاپۆرا، جومعه‌، خانمی سپێده‌، گوڵه‌ بێ ڕۆژه‌کان، ڕێزانی نووسه‌ر، ڕابوون } که‌ زۆربــــه‌یان دراما و کورته‌ فیلم و زنجیره‌ی درامان دیسان وه‌ک ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر و سینارێست کارم تێدا کردون.

ئاسایش، ، ، ، ، به‌و پێیه‌ی ئێوه‌ زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ له‌ شانۆ و دراماو فیلمدا کار ده‌که‌ن به‌ به‌رده‌وامی، ده‌مـانه‌وێ باسی شانۆی کوردیمان بۆ بکه‌یت له‌م ماوه‌ دور و درێژه‌دا. قه‌یرانه‌کانی شانۆی کوردی، جۆره‌کانی شانۆ، ده‌قه‌ شانۆییه‌کان، ده‌رهێنه‌ره‌کان، لایه‌نه‌کانی تری شانۆ، ئه‌م ساڵانه‌ی دوایش شانۆی کوردی توشی جۆره‌ها قـــــه‌یران هاتوه‌ وایکردوه‌ که‌ بوته‌ هۆی دروست بوونی پچڕانێک لــــــــــــه‌ نێوان ئه‌کته‌ر و بینه‌ر، ئایا به‌ لای ئێوه‌وه‌ چۆن بتوانین ئه‌و متمانه‌ و په‌یوه‌ندیه‌ به‌هێزه‌ بگێڕینه‌وه‌ دۆخی ساڵه‌کانی حه‌فتا و هه‌شتاکان واته‌ سه‌رده‌مانێک کـــــــــــه‌ ده‌توانین ناوی لێ بنێن سه‌رده‌می زێڕینی شانۆی کوردی. ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، شآنۆی کوردی وه‌ک هه‌موو دیارده‌یه‌ک له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاکانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی فراوان بزوتنه‌وه‌که‌ جوڵه‌یه‌کی به‌هێزو و بــــــــــــــــــــه‌رچاوی به خۆه‌ بینیوه‌ و له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ تا کۆتایی هه‌شتاکان به‌ گوڕوتینێکه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی شانۆیی له‌ نێو هونه‌ری کوردیدا ڕۆڵی گێڕاوه‌، به‌ داخه‌وه‌ لــه‌ دوای ڕاپه‌ڕین پاشه‌کشه‌یه‌ک له‌ به‌رهه‌م هێنانی شانۆییدا ئه‌بینرێت بێگومان ئه‌وه‌ش چه‌ندین هۆکار و فاکته‌ری خۆی هـــــــــــــه‌یه‌ دیارترینیان ژیان وبژێوی هونه‌رمه‌ندانه‌ پاشان له‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ سه‌ره‌تایه‌ک له‌درامای ته‌له‌فیزونیدا هاته‌ گۆڕی زۆر له‌ هونه‌رمه‌نده‌ شانۆکاره‌کان ڕوویان له‌هونه‌ری دراما کرد جگه‌ له‌وه‌ش زۆر کاری شانۆیی به‌ناوی ئه‌زموونگه‌ری و نۆێ کارییه‌وه‌ بوون به‌ هۆکاری دوورخستنه‌وه‌ی بینه‌ری شانۆیی یان تۆراندنیان له‌ شانۆ له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا زه‌مینه‌یه‌کی لــــه‌ بارو شیاو ‌نه‌ڕه‌خسێنراوه‌ تا هونه‌رمه‌ندان وه‌ک چۆن پێویسته‌ به‌رده‌وامی بـــــــــــه‌ کاره‌هونه‌رییه‌کانیان بده‌ن،  به‌ ڕای من پێویسته‌ هونه‌رمه‌ندان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بــــــــــــــــــــــه‌ بواری هونه‌ر هه‌وڵ بده‌ن بۆ هوشیار کردنه‌وه‌ی بینه‌ر و ئاشناکردنیان به‌ گرنگی بواری هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند رێزی لێ بگیری و گرنگی به‌به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌کانیان بدرێت پێم وایه‌ هه‌ر کاتێک زه‌مینه‌ی گونجاو بۆ هونه‌رمه‌ند بڕه‌خسێنرێت هونه‌ر ده‌که‌وێته‌ سه‌ر‌ده‌می زێڕینه‌وه‌.

ئاسایش، ، ، زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان به‌ تایبه‌تی ئه‌کته‌ره‌ قاڵبوه‌کانی شانۆ، ده‌توانم بڵێم ئه‌وانه‌ی نـــــــــــه‌یان توانیه‌وه‌ په‌یمانگا یا ئه‌کادیمیای هونه‌ری ته‌واو بکه‌ن، که‌سێکی گرنگ هه‌بووه‌ لـــــــه‌ ده‌ستپێکی ژیانی هونه‌ریدا که‌ بوته‌ هۆی کاریگه‌ری پێگه‌یاندنی له‌ شانۆدا، ئه‌و که‌سایه‌تیه‌ لای تۆ کیه‌. ؟  

دوای ئه‌وه‌ی وه‌ک ئه‌کته‌ر ده‌ستت کردبه‌ ژیانی هونه‌ری له‌ شانۆدا له‌گه‌ڵ چ گروپ و تیپێکی هونه‌ری کـــــــــــارت کردوه‌ و به‌رهه‌مه‌کانت تێدا به‌رجه‌سته ‌کردوه‌ بــــــــــــــه‌ تایبه‌تی ساڵانێکی زۆره‌ تۆ وه‌ک ئه‌ندام و ئــــــــــــــــــــه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی له‌ تیپی کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌کان کار ده‌که‌یت‌، ئایا‌ کۆمـه‌ڵ چ تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه‌ له‌ ژیانی تۆدا په‌یوه‌ندیت به‌ هاوڕی و ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌وه‌ چۆنه‌. ؟

نه‌جم هۆگر، ، بێگومان هه‌ر هونه‌رمه‌ندێک کاریگه‌ری هونه‌رمه‌ندێک یاچه‌ندهونه‌رمه‌ندێکی له‌ سه‌‌ر به‌ دیار ده‌که‌وێت من ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی که‌ کاریگه‌ری کرده‌ سه‌رم له‌ بواری شانۆدا مامۆستا ( حه‌مه‌ فه‌ره‌ج ) ه‌ کـــــــــه‌ ناسراوه‌ به‌ خاڵه‌ حه‌مه‌ فه‌ره‌ج خوای لێ خۆش بێت، من له‌ چه‌ندان تیپ و گروپی هونه‌ریدا به‌رده‌وامیم به‌ ژیانی هونه‌ریم داوه‌ له‌وانه‌ تیپی شانۆی قوتابیان، نواندنی سۆران، نوانـــــــدن و مۆسیقای مه‌وله‌وی، پڕۆژه‌، کارگوزاران، تیپی شانۆی کریکاران، کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌کانی کورد ئێستا سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌کانم وه‌ بۆماوه‌ی پانزه‌ساڵه‌ له‌و پۆسته‌دا له‌ ناو کۆمه‌ڵه‌دا کار ده‌که‌م جگه‌ له‌بواری ئیداری و به‌ڕیوه‌بردن وه‌ک ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر و سینارێست بـــــه‌ به‌رده‌وامی کار ده‌که‌م، په‌یوه‌ندیم له‌ گه‌ڵ هه‌موو هونه‌رمه‌ندان لــــــــــــه‌ ناو کۆمه‌ڵه‌ و ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ په‌یوه‌ندیه‌کی هونه‌ری و هاوڕییانه‌ی گه‌رمه‌ و له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان کارم کردوه‌.

ئاسایش، ، ، له‌دوای هه‌شتاکانه‌وه‌ شانۆی کوردی ڕووی له‌ قه‌یران کرد، دوای دامه‌زراندنی چــــه‌ندین که‌ناڵی ئاسمانی کوردیش ده‌رفه‌تی باش ڕه‌خسا بۆ هونه‌رمه‌ندان که‌ له‌و که‌ناڵانه‌دا ده‌ست بکه‌ن به‌ به‌رهه‌مهێنانی دراماو فیلم به‌لای تۆه‌ ئه‌و دراماو فیلمانه‌ توانیویه‌تی ڕۆڵی خۆی بگێڕی و ئه‌و بۆشاییه‌ پڕ بکاته‌وه‌ که‌ له‌ شانۆدا خولقاوه‌ و تینیویه‌تی بینه‌ری شانۆ بشکێنی، چه‌نده‌ها به‌رهه‌می درامی وه‌ک{ ڕه‌شه‌ی پۆلیس، گه‌رده‌لول، ڕابوون } ئـــــــــــــــــــــه‌وانه‌ی تر وبه‌رهه‌مه‌کانی سینه‌ماکاران و که‌په‌خش و نمایش کراون‌ نمونه‌ی قسه‌کانمانن‌، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌مه‌ بۆارێکی گرنگه‌ و حه‌ساسه‌ بۆیه‌ به‌ ڕای تۆ مه‌رجه‌ ده‌ر‌هێنه‌ر و نوسه‌رو سینارێستی ئه‌م دراما و فیلمانه‌ ئه‌کادیمی بن یاهونه‌رمه‌ندی قاڵبوه‌ و به‌ ئه‌زمون و خۆڕسک بن، ڕای تۆ جیاوازیه‌کان چۆن ده‌بینی. ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، ، به‌ لای منه‌وه‌ به‌رهه‌می شانۆیی یان درامی ته‌له‌فزێۆنی هــــــه‌ر یه‌که‌یان تایبه‌ت مه‌ندێتی خۆی هه‌یه‌ و هه‌ر به‌رهه‌مێک له‌وانه‌ به‌ پێ تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی کاریگه‌ری له ‌سه‌ر بینه‌ر و جه‌ماوه‌ر به‌جێ دێلی، به‌ڵام درامای ته‌له‌فزێۆنی له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ هه‌موو ماڵێکه‌وه‌ بینه‌رێکی زۆر تر سودمه‌ند ئه‌بن لێ، هونه‌ر له‌ هه‌ر بۆارێکدا بێ به‌ر له‌ هه‌ر شتێک به‌هره‌یه‌ و هونه‌رمه‌ندی بــــــــــــه‌هره‌مه‌ند به‌ بڕوانامه‌ پێوانه‌ ناکرێت به‌ڵام بڕوانامه‌ی هونه‌ری بۆ هونه‌رمه‌ندی به‌هره‌دار ئاستی هونه‌ری و زانستی هونه‌رمه‌ند به‌رز ده‌کاته‌وه‌.

ئاسایش، ، ، دوای هه‌موو ئه‌م ساڵانه‌ی کارکردنت، ئێوه‌ لــــــه‌ بواری دنیای هونراوه‌ و ده‌ق و تێکستی گۆرانی کوردی به‌ توانایه‌کی باشه‌وه‌ ده‌ق و تێکستت بۆ چه‌ندین گۆرانی کوردی داناوه‌ بۆیـــــــــــــــــه‌ ده‌مانه‌وێت باسێکی ئه‌م بواره‌مان بۆ بکه‌یت. ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، ، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای گه‌نجێتیمه‌وه‌ حه‌زم بــــه‌ خۆێندنه‌وه‌ی شیعر کردوه‌ تا ئاره‌زووی شیعر نووسینشم تیا به‌رچه‌سته‌ بوو بۆیه‌ من له‌حه‌فتاکانه‌وه‌ شیعر ده‌نووسم وه‌ک شاعیرێکی لیریک ناسراوم و زۆر له‌ هونه‌رمه‌نده‌ گۆرانی بێژو ئاواز دانه‌ره‌کان هونراوه‌کانمیان کردۆته‌ گۆرانی، به‌ لای منه‌وه‌ کاتێ شیعرێک بۆ گۆرانی ده‌نــــــووسم ده‌قاو ده‌ق وه‌ک چیرۆکێک سینارێۆی بۆ بکرێت بیر له‌ یه‌که‌ی بابه‌ت ده‌که‌مه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی خۆم له‌ بواری درامادا کارده‌که‌م و قاڵبووی ئه‌و بواره‌م بۆیه‌ به‌ ڕای هونه‌رمه‌ندان شیعره‌کانم چیژی لێ ده‌بینرێت لــــــــــــــه‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تاو ناوه‌ند و کۆتایی له‌ شیعره‌نمدا ئه‌بینرێت.

ئاسایش، ، ، له‌م قوناغه‌ درێژه‌ی ته‌مه‌نی تۆ لـــــــــــــه‌ شانۆدا، له‌و کارانه‌ی که‌ تائێستا چ وه‌ک ئه‌کته‌ر یا ده‌رهێنه‌ر یا سینارێست له‌ شانۆ و دراما و کورته‌ فیلم و به‌رهه‌مه‌ شیعریه‌کانت، کام کاره‌ی خۆت به‌ لوتکه‌ دا ئـــه‌نێت کــه‌ هه‌ست ده‌که‌یت سه‌رکه‌وتوبویت تیداو به‌ سه‌رتوپی کاره‌کانتی دا ئه‌نێت. ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، ، به‌ ڕای من له‌ بواری هونه‌ری و ئه‌ده‌بیدا لوتکه‌ نیه‌ هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ هه‌نگاون به‌ره‌و لوتکه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی کام به‌رهه‌مم له‌ شانۆ و شیعر و درامادا به‌ سه‌رتۆپی بـــه‌رهه‌مه‌ هونه‌ریه‌کانم ئه‌زانم، له‌ ڕاستیدا ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ بۆ‌ جه‌ماوه‌ری ئازیز به‌جێ ده‌هێڵم چونکه‌ من پێم وایه‌ لــــــــــــــــــــه‌ هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی باسم کرد

جه‌ماوه‌ری خۆی هه‌یه‌و ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ر بوارێکدا کۆمه‌ڵیک هه‌بن ئه‌و بواره‌یان لا په‌سه‌ند بێت که‌ خۆیـــــــــــان ئاره‌زووی ده‌که‌ن به‌ڵام من هه‌ر هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانم خۆش ئه‌وێن.

ئاسایش، ، ، دوای ئه‌وه‌ی دوو جار زنجیره‌ درامای ڕابوونم لـــــــه‌ سه‌ر شاشه‌ی که‌ناڵی کوردسات بینی، له‌ ساڵی 2007 بابه‌تێکم له‌ سه‌ر ئه‌م درامایه‌ نووسی که‌ لـــــــــه‌ زۆربه‌ی سایت و ڕۆژنامه کوردیه‌کان بڵاو بوه‌وه‌ هه‌روه‌ها له‌ دوو تۆی به‌شی یه‌که‌می کتیبی ( چرا ) ش بلاوم کردوه‌، بابــــــــــــــــــــه‌ته‌که‌ زیاتر باسکردن بوو له‌ ڕۆڵی ژن له‌و درامایه‌دا، که‌ توانیبویان زۆر به‌پڕۆڤیشناڵانه‌ ڕؤڵه‌کانیان به‌رجه‌سته‌ بکه‌ن له‌ دراماکه‌دا، بێگومان ڕابوون یه‌که‌م بـه‌رهه‌می درامای تۆ بوو، ده‌مانه‌وێ باسی ئه‌رکی به‌رهه‌م هێنانی ئه‌و درامایه‌مان بۆ بکه‌یت، به‌ تایبه‌تی ڕۆڵی ژنه‌کان کــــــــه‌ زۆر به‌ چاکی توانیبووت سود له‌ توانایان وه‌ربگریت چونکه‌ درامای چاک بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنی. ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، ، سوپاس بۆ نوسینی بابه‌ته‌که‌ت لـــــــــــــــه‌ باره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی زنجیره‌ درامای ڕابوون، بێگومان هه‌ر ده‌رهێنه‌رێک دید و بۆ چوونی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ له‌ چۆنیه‌تی به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر کارێکی هونه‌ریدا، من لـه‌ درامای ڕابوونداوێڕای گێڕانه‌وه‌ی مێژووی گه‌له‌که‌م سه‌باره‌ت بـــــــه‌ ژێر ده‌سته‌یی و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ و ڕاپه‌ڕینی گه‌لی کورد وه‌ک لایه‌نی هونه‌ری و ستایلی کارکردنم لــــــــــه‌و زنجیره‌ درامایه‌دا زۆر به‌ لامه‌وه‌ گرنگ بـــــــــــوو که‌ ڕۆڵی به‌رچاو بۆ هونه‌رمه‌نده‌ ژنه‌کانیش بڕه‌خسێنم له‌پاڵ ڕۆڵی پیاواندا چونکه‌ له‌ ڕاستیدا ژنان چ له‌ خه‌بات و تێکۆشان چ لــــه‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری ڕۆڵیان له‌ پیاوان که‌متر نــــــــــــــــه‌بووه‌ و که‌متر نیه‌، بۆیه‌ گرنگ بوو لای من کــــــه‌ ڕۆڵیان له‌ هونه‌ریشدا له‌ ڕۆڵی پیاوان که‌متر نه‌بێ هه‌ر به‌م نه‌فه‌سه‌ش کارم له‌ زنجیره‌ درامای ڕابووندا کرد.  وه‌ک به‌ڕیزتان و چه‌ندین که‌سی تریش که‌ سه‌باره‌ت به‌و بــــــــــه‌رهه‌مه‌ نووسیویانه‌ ئــــــــــه‌و ڕاستیه‌ ده‌سه‌لمێنن که‌ تا ڕاده‌یه‌کی باش له‌و ئه‌رکه‌دا سه‌رکه‌ووبووم.

ئاسایش، ، ئێوه‌ له‌و بڕوایه‌دان که‌ڕۆڵی نوسه‌ر یا ده‌رهێنه‌ر گرنگتره‌ له‌جه‌سپاندن وپێشکه‌وتنی هونه‌ردا، ئایا ئێمه‌ی کورد نوسه‌رو ده‌ر‌هینه‌ری باشمان هه‌یه‌ له‌ بـــــــواری شانۆ و درامادا کـــــــــه‌ به‌رهه‌مه‌کانیان بووبێته‌ به‌ردی بناغه‌ بۆ خولقاندنی هونه‌رێکی ڕه‌سه‌نی کوردی . ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، هونه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی کارێکی به‌ ( کۆمه‌ڵ ) ه‌ واته‌ کاری ده‌سته‌ جه‌معی یه‌ بۆیه‌ هونه‌ری سه‌رکـــه‌وتوو له‌ سه‌رجه‌م فاکته‌ره‌کان پێک دێت و هه‌موو ئه‌وانه‌ی کاری تێا ئه‌که‌ن ڕۆڵیان ده‌بێت له‌سه‌رکه‌وتن یان سه‌رنه‌که‌وتنی به‌رهه‌مه‌که‌ به‌ڵام له‌ دواجاردا کارێکی وه‌ک درامای ته‌له‌فیزێۆنی ده‌چێته‌ ژێر کۆنتڕۆڵی ده‌رهێنه‌ره‌وه‌ بۆیه‌ ده‌رهێنه‌ر به‌ر پرسیارێتی سه‌ره‌کی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی ده‌قی سه‌رکه‌وتوو له‌ لایه‌ن ده‌رهێنه‌ره‌وه‌ فاکته‌ری به‌ هێزی کاره‌که‌ی ده‌بێت.

   {{{{ پرسیاره‌ تایبه‌تیه‌کان }}}}}

ئاسایش، ، ، جوانترین دیمه‌ن له‌ ژیانی تۆدا له‌ شانۆ، دراما، سینه‌مادا دیبێتت کامه‌یه‌ که‌ هه‌میشه‌ له‌ یادت بێت. ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، جوانترین دیمه‌ن له‌ ژیانی هونه‌ریمدا به‌سه‌رهاتێک له‌ زنجیره‌ درامای ڕابووندا ڕۆڵی کــــــه‌سایه‌تیه‌کم به‌ کچێک به‌خشی بوو له‌ ناو دراماکه‌دا دایک و بـــــــاوکی پێکه‌وه‌ ناگونجێن و هــــــه‌میشه‌ شه‌ڕیان بوو له‌ دیمه‌نێک که‌ کچه‌که‌ هه‌یبوو دایک و باوکی لێان ده‌بێته‌ شه‌ڕ و باوکــــــــه‌که‌ ده‌ریان ده‌کات له‌ کاتی وێنه‌گرتنی ئه‌و دیمه‌نه‌ کچه‌که‌ ده‌بێ بگری، ، ده‌ستی کرد به‌ گریان دیمه‌نه‌که‌ ته‌واویش بوو کچه‌که‌ هه‌ر ده‌گریا پێم ووت دیمه‌نه‌که‌ ته‌واو بوو بۆ هه‌ر ئه‌گریت ؟ له‌ دوایدا زانیم که‌ ئه‌و شه‌وه‌ دایک و باوکی ئه‌صلی خۆی شه‌ڕیان کردبوو منیش تا ئه‌و ساته‌ به‌و ڕووداوه‌م نه‌زانیبوو.

ئاسایش، ، دوا پڕۆژه‌ت له‌ شانۆ و درامادا. ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، دوا پڕۆژه‌م زنجیره‌ درامـــــــــــــــای په‌پوله‌ ماندوه‌کانه‌ که‌ بریتیه‌ له‌ پانزه‌ ئه‌ڵقه‌ بۆ ته‌له‌فیزێۆنی گه‌لی کوردوستان به‌رهه‌مدێت.

ئاسایش، ، ، له‌ شانۆدا هاوڕی ئازیزه‌کانت کامانه‌ن که‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرتانان و په‌یوه‌ستی پێــــــــــــانـــــه‌وه‌. ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، هه‌موو ئه‌و هونــــه‌رمه‌ندانـــه‌ی کاری هونـــه‌ریان له‌ گه‌ڵـــدا کردوم ئازیز و هاوڕێمن.

ئاسایش، ، ، له‌ ئێستــادا ئێوه‌ وه‌ک سه‌رۆکی سه‌ندیکای هونه‌رمه‌ندان لقی سلێمانی کار ده‌که‌ن.  ئایا له‌و بڕوایه‌دان ئه‌م سه‌ندیکایه‌ ده‌توانی هه‌موو خه‌ونی هونه‌رمه‌ندان بێنێته‌ دی بۆ ئـــــــــه‌وه‌ی سه‌ندیکایه‌کی به‌ هێزو یه‌کگرتوو بێت. ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، به‌و ئامانجه‌ له‌ سه‌ندیکا کــــار ده‌که‌ین که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هونه‌رمه‌ندانا بێت، پشتگیریان ده‌که‌ین له‌ به‌ ده‌ست هێنانی مافه‌کانیان و زه‌مینه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌کانیان بڕه‌خسێنین تا ئه‌فڕاندن، داوا له‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین که‌ هاوکارمان بن بۆ خزمه‌ت به‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان به‌بێ جیاوازی.

باشترینیان کامانه‌ن، ، ، ، ، ، ، ،

گۆرانی کوردی یا بیانی. ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، به‌ لای منه‌وه‌ گۆرانی کوردی .

ئاسایش، ، ، جوانترین گۆرانی و ئاوازی کوردی. ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، ، هه‌موو گۆرانیه‌کانی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان.

ئاسایش، ، ، ، ، باشترین ده‌رهێنه‌ری کورد، ، سه‌رکه‌وتوترین درامای کوردی. ؟

نه‌جم هۆگر، ، ، ، به‌همه‌نی قوبادی، ، ، دراماکانی کوردی تا ئێستا له‌ هه‌نگاوناندان بـــــــــه‌ره‌و ئاستی هونه‌ری باڵا بۆیه‌ خوازیارم درامای سه‌رکه‌توو پێشکه‌توو که‌ خزمه‌ت به‌ هونه‌ری گه‌له‌که‌مان بکات بێته‌ گۆڕێ .  له‌ شانۆشدا به‌ ڕای من ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ی گوزارشت له‌ ئه‌ندێشه‌و ئازاره‌کانی مرۆڤی کوردو کۆمه‌ڵگه‌کـــه‌مان بکات لای بینه‌ری کورد ئه‌وه‌ زۆرترین ڕه‌واجی ده‌بێت کاری شانۆیی سه‌رکه‌وتوو له‌ کارێک بۆ کارێکی تر یان لــــــــــه‌ ستایلێک بۆ ستایلێکی دی ده‌گۆڕێت سه‌رکه‌وتنی کاری هونه‌ری له‌ ئاسته‌کاندا ئه‌گۆڕی بۆ نموونه‌ ڕه‌نگه ‌کارێکی هونه‌ری شانۆ لـــه‌ ڕووی هونه‌رییه‌وه‌ زۆر سه‌رکه‌وتوو بێت به‌ڵام بیرۆکه‌که‌ی سه‌رکه‌وتوو نه‌بێت یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

ئاسایش، ، ، ، ، له‌ دوایدا زۆر سوپاستان ئه‌که‌م بۆ ئه‌م ساته‌ بۆ ئه‌نجامدانی دیدار و هیوای سه‌رکه‌وتن و بـــه‌رده‌وامیتان بۆ ده‌خوازم له‌ کاره‌کانتانا.

نه‌جم هۆگر، ، ، ، ،  زۆر سوپاس بۆ به‌ڕیزتان هیوادارم هونه‌ری ئێمه‌ش بگاته‌ ئاستی گه‌لانی پێسکه‌وتوو.

 

 

 

ئاسایش عوسمان دانش- 20 ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵــــــی 2011 بۆرۆس، ، ، ، سوید

 

 

 

 

 

 

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.