Red Purple Black

عیماد عه‌لی – چاودێری سیاسیی: به‌ فه‌رمانی سه‌ركردایه‌تی حزبێكی باڵاده‌ست به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا كرایه‌ سكرتێری زه‌حمه‌تكێشان ... دیمانه‌: ستیڤان شه‌مزینانی

PDFPrintE-mail

   * باڵی قادر عه‌زیز حزبی زه‌حمه‌تكێشانه‌، به‌ڵام باڵی به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا پارتی زه‌حمه‌تكێشانه‌

*له‌ سه‌ركردایه‌تی زه‌حمه‌تكێشاندا خه‌ڵك هه‌بوو قادر عه‌زیز كۆكه‌ی بكردایه‌ ئه‌و له‌ دوایه‌وه‌ ده‌كۆكی به‌ڵام یه‌كه‌م كه‌س بوو پێشڕه‌وایه‌تی جیابوونه‌وه‌ی كرد

عیماد عه‌لی چاودێری سیاسیی و ئه‌ندامی پێشووی سه‌ركردایه‌تی حزبی زه‌حمه‌تكێشان، له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌ی "شه‌پۆل"دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی ناو حزبی زه‌حمه‌تكێشان و هۆكاره‌كانی وازهێنانی له‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی زه‌حمه‌تكێشان ئاشكرا ده‌كات و تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی گرنگی هاوشێوه‌.

شه‌پۆل: هۆكاره‌كانی جیابوونه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی زه‌حمه‌تكێشان له‌ باڵی قادر عه‌زیز چی بوو؟. بۆچی زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ له‌ باڵی قادر عه‌زیز جیابوونه‌وه‌؟.

عیماد عه‌لی: بێگومان كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌بوون، چ له‌ نێوخۆی حزب بێت یان ده‌ره‌وه‌، جگه‌ له‌ فشار و نه‌بوونی ره‌وشێكی ته‌ندروستی حزبایه‌تی راسته‌قینه‌ و كه‌می باوه‌ڕبوون به‌حزبایه‌تی و پابه‌ند نه‌بوون به‌ بیروباوه‌ڕ، ته‌نیا به‌ وه‌زیفه‌كردنی كاروباری حزبی و به‌ دواكه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ شه‌خسییه‌كان، نه‌بوونی داموده‌زگایی له‌ كاروباری سیاسیدا، ده‌ردانی سه‌لبی و لێكترازانی هه‌مه‌جۆریشی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. جگه‌ له‌مه‌ش وه‌لائی ئه‌م جۆره‌ حزبانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و نه‌بوونی هه‌ڵوێستی راست و گونجاو له‌مه‌ڕ رووداوه‌كان و نه‌بوونی جورئه‌ت له‌ خۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن، كزیی بیروباوه‌ڕ هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ له‌و جیابوونه‌وانه‌، ئه‌م بۆچوونه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی جیاده‌بنه‌وه‌ یان ده‌مێننه‌وه‌ پڕ بیروباوه‌ڕترن له‌وانیتر، نه‌خێر له‌وانه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حزبه‌ بچووكانه‌ن باوه‌ڕیان له‌وانه‌ زیاتر بێت كه‌ له‌ ناو حزبه‌كاندا وه‌ك پیشه‌یه‌ك كاری حزبایه‌تی خۆیان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ی راستیش بێت ته‌نانه‌ت بڕێكیان توانای ئه‌وه‌یان نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حزبانه‌ خزمه‌ت بكه‌ن یان پیشه‌یه‌كی تریان هه‌بێت ژیانی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن.

له‌و قه‌یرانه‌ زۆره‌شدا، دیاره‌ وه‌ك حزبه‌كانی تر، سه‌ركردایه‌تی زه‌حمه‌تكێشان له‌وباره‌وه‌ ته‌حه‌مولی زۆرینه‌ی خه‌تاكه‌ ده‌كه‌ن به‌ سكرتێر و مه‌كته‌بی سیاسیشه‌وه‌. فه‌راهه‌م نه‌كردنی دیموكراسی راسته‌قینه‌ و نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت له‌ نێوخۆی حزب و ته‌كه‌تولبازیی و ململانێی توند، به‌ڵكو ملشكاندنی نێوان مه‌كته‌ب سیاسییه‌كان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی حكومی و پاره‌ و پول و دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ته‌سكه‌كانیان، گه‌یشته‌ خاڵی بنبه‌ست و بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی وای له‌نێوانیاندا دروست كردبوو كه‌ فیلی له‌به‌یندا تێده‌په‌ڕی نه‌ك حزبه‌ گه‌وره‌كان به‌ته‌نیا ئیستغلالی بكه‌ن. ئه‌وه‌ش ناشاردرێته‌وه‌ زۆرجار ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستی سه‌رپێیانه‌ ئه‌گه‌ر راست و دروست و مه‌بده‌ئیش بێت، بێ دیراسه‌تی عیلمیانه‌ كاریگه‌ریی سه‌لبی ده‌بێت له‌و بواره‌دا، به‌ هه‌ڵه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان و ئاڵۆزبوونی كێشه‌ی به‌رده‌وام، كار گه‌یشته‌ جیابوونه‌وه‌، له‌و به‌ینه‌شدا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ندێك له‌ مه‌كته‌ب سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا رۆڵی خۆی گێڕا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، كه‌ بودجه‌كه‌ش درا به‌ باڵه‌كه‌ی به‌ڵێن به‌ روونی لایه‌نگیریی ئاشكرای ده‌سه‌ڵاتی ده‌رخست.

شه‌پۆل: به‌رده‌وام باس له‌وه‌ ده‌كرێت جیابوونه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی زه‌حمه‌تكێشان به‌ ده‌ست و هاندانی حزبێكی باڵاده‌ست بووه‌ و په‌یوه‌ندیی به‌ ناوخۆی حزبه‌كه‌وه‌ نه‌بووه‌؟. ئێوه‌ له‌مباره‌وه‌ چی ده‌ڵێن؟.

عیماد عه‌لی: جگه‌ له‌وه‌ی كێشه‌ نێوخۆییه‌كان هۆكارێك بوون، بێگومان حزبی باڵاده‌ستیش ئاگره‌كه‌ی خۆش كرد، پابه‌ند بوون و ملكه‌چبوونی هه‌ندێك مه‌كته‌ب سیاسیی به‌و حزبانه‌ و جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانیان رۆڵی گه‌وره‌ی خۆی هه‌بوو له‌و باره‌وه‌. من نموونه‌یه‌كت بۆ دێنمه‌وه‌ وه‌ك مشتێك له‌ خه‌روارێك، كه‌ تا ئێستا باسم نه‌كردووه‌: پاش جیابوونه‌وه‌ و به‌ستنی كۆنگره‌ و هه‌ڵبژاردنی سه‌ركردایه‌تی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی، له‌ پاش كۆتاییهاتن به‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی و هه‌ڵبژاردنی مه‌كته‌بی سیاسی و سكرتێر، له‌گه‌ڵ به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا و سه‌عد خالید له‌ سه‌یاره‌یه‌كدا بووین به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ ده‌چووین، به‌ڵێن یه‌كسه‌ر له‌ سه‌یاره‌كه‌دا ته‌له‌فۆنی بۆ سه‌ركردایه‌تییه‌كی یه‌كێك له‌ حزبه‌ باڵاده‌سته‌كه‌ كرد و وتی: كاكه‌ ئه‌وه‌ به‌ قسه‌ و دڵی تۆمان كرد و من بووم به‌ سكرتێری حزبه‌كه‌، ئه‌ویش ده‌ستخۆشی لێكرد.

شه‌پۆل: پاساوه‌كانی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی له‌ كاتی جیابوونه‌وه‌دا مۆنۆپۆڵكردنی حزب بوو له‌لایه‌ن قادر عه‌زیزه‌وه‌، ئایا باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی به‌شدارنه‌بوون له‌ سیاسه‌تی سه‌ره‌كی حزبی زه‌حمه‌تكێشاندا؟.

عیماد عه‌لی: من ناڵێم كاك قادر عه‌زیز دیموكراسییه‌تێكی عه‌یاره‌ بیست و چوار و شه‌فافیه‌تێكی فولی پراكتیزه‌ كردووه‌، نه‌خێر زۆرێك له‌ بڕیاره‌كانی تاكڕه‌وانه‌ش بووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت ئه‌و ئه‌ندام مه‌كته‌ب سیاسییانه‌ی ئێستا باڵه‌كه‌ی به‌ڵێن به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن له‌ ئه‌و باشتربن یان رۆڵیان نه‌بووه‌ له‌ قه‌یرانه‌كانی ئه‌و حزبه‌ و سه‌رده‌میانه‌ و مه‌بده‌ئیانه‌ كاریان كردووه‌، به‌ڵكو باوه‌ڕ بكه‌ هه‌یانبوو كه‌ كاك قادر كۆكه‌یه‌كی بكردایه‌ ئه‌و له‌ دوایه‌وه‌ ده‌كۆكی و به‌رده‌وام سه‌ری زمانی و بن زمانی ئه‌وه‌ بوو كه‌ وه‌ك توتیئاسا ده‌یووت: وه‌ك كاك قادر ده‌ڵێت و وه‌ك كاك قادر بۆی ده‌چێت و وه‌ك كاك قادر ده‌فه‌رموێت، بۆ به‌دبه‌ختیش، یه‌كه‌م كه‌س بوو پێشڕه‌وایه‌تی جیابوونه‌وه‌كه‌ی كرد.

شه‌پۆل: گۆڤاری لڤین ئه‌وه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌ تۆ به‌ هاندانی ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی و له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی ئۆتۆمبیلێكدا وازت له‌ باڵی مه‌كته‌ب سیاسیی حزبی زه‌حمه‌تكێشان هێناوه‌. ئایا ئه‌مه‌ چه‌ند راسته‌؟.

عیماد عه‌لی: ئه‌م پرسیاره‌ له‌ كاك قادر كراوه‌ له‌و گۆڤاره‌دا، ئه‌ویش حه‌قیقه‌تی له‌وێدا باس كردووه‌ و من لێره‌دا دووباره‌ی ناكه‌مه‌وه‌، هه‌موو خه‌ڵك ده‌زانێت سه‌یاره‌كه‌ هی زه‌حمه‌تكێشان بوو نه‌ك هی ئه‌ندامێكی مه‌كته‌ب سیاسیی یه‌كێتی، له‌ جیابوونه‌وه‌ برا و دواتر له‌گه‌ڵ خۆم له‌ كاتی ئیستقاله‌كه‌م هێنامه‌وه‌. به‌ڵام كه‌ ئه‌وه‌م له‌ گۆڤاری لڤین خوێنده‌وه‌ یه‌كسه‌ر ته‌له‌فونم بۆ سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی كرد و وتم كاكه‌ ئه‌وه‌ بوختان و ته‌شهیره‌ كه‌ تۆ بێ به‌ڵگه‌ به‌خه‌یاڵێكی ناوه‌ڕۆك گوماناوییه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ت كردووه‌، باوه‌ڕ بكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی نوتقی به‌سترابێت یه‌ك وشه‌ چییه‌ له‌ده‌می نه‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌، چی پێبڵێم، وتم ئه‌گه‌ر شكاتیش بكه‌م دیسان ده‌ڵێت ئه‌وه‌ مه‌كته‌ب سیاسییه‌كی له‌ پشته‌وه‌یه‌، بۆ پڕ فرۆشی گۆڤاره‌كه‌ی. بۆیه‌ منیش وتم نابێت به‌ عه‌قڵی ئه‌و براده‌ره‌ بیر بكه‌مه‌وه‌، وتم من قه‌ت ناڵێم به‌ پێی زانیارییه‌كان و رای خه‌ڵك باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌حمه‌د میره‌ جاشی ئیسلامی سیاسییه‌ و له‌ سێبه‌ردا كار بۆ ئه‌وان ده‌كات، نه‌خێر قه‌ت رێگه‌ به‌ خۆم ناده‌م قسه‌ی خه‌ڵك دووباره‌ بكه‌مه‌وه‌.

شه‌پۆل: ئێستا دوو حزبی زه‌حمه‌تكێشان هه‌یه‌، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت پرسیار بكه‌م ئایا جیاوازیی چییه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو حزبه‌دا؟.

عیماد عه‌لی: ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت به‌ كوردیی و كورتیت بۆ بڵێم، لای من، باڵه‌كه‌ی قادر عزیز، حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانه‌، باڵه‌كه‌ی "به‌ڵێن"یش، پارتی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان. ئه‌گینا هیچ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ په‌یدا ناكه‌م لێره‌دا باس بكرێت. به‌ هه‌زار زه‌ڕه‌بینیش له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع جیاوازیی له‌ نێوان زلهێزه‌كاندا نادۆزیته‌وه‌، حزبایه‌تی بووه‌ به‌ وه‌زیفه‌یه‌كی به‌ده‌ستهێنانی قازانجی زل و خێرای دارایی له‌م كاته‌دا، ئینجا وه‌ره‌ خۆت هیلاك بكه‌ له‌و نێوه‌دا و به‌ دوای جیاوازیی دوو باڵی حزبێكی بچووكدا بگه‌ڕێ هه‌مان كاره‌كته‌ر و ئیدعای له‌ پشته‌وه‌ بێت.

شه‌پۆل: بۆچوونێك هه‌یه‌ پێی وایه‌ رۆڵی حزبه‌ بچووكه‌كان كۆتایی پێهاتووه‌. به‌ بڕوای ئێوه‌ باشترین هه‌ڵبژارده‌ له‌به‌رده‌م حزبه‌ بچووكه‌كاندا چییه‌؟. خۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یان یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ حزبه‌ گه‌وره‌كان؟.

عیماد عه‌لی: ئه‌گه‌ر حزبه‌ بچووكه‌كان به‌ خۆداچوونه‌وه‌یه‌كی خێرا به‌ خۆیاندا بكه‌ن و له‌ یه‌كتر نزیك ببنه‌وه‌ و یه‌كبگرن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا، له‌وانه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی تریش بمێننه‌وه‌، ئه‌وانیش مێژوویه‌كیان هه‌یه‌ له‌ خه‌باتی رزگاریخوازیی كوردستان، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌ی له‌ بارودۆخی كوردستان و بیركردنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ و پێداویستییه‌كانی سه‌رده‌م و ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی له‌ ئه‌وله‌ویاتدا هاتۆته‌ كایه‌وه‌ له‌ فكر و ئامانجی خه‌ڵكدا، وا فه‌رز ده‌كات پله‌به‌ندیی و جۆری حزبه‌كانیش بگۆڕێت و پێویستی بوونی هه‌ندێكیان نه‌مێنێت، بۆیه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و جه‌ماوه‌ریبوون و ده‌نگ، سه‌نگی مه‌حه‌كن و حزبه‌كان ده‌ده‌نه‌ بێژنگ. ئه‌گه‌ر فریای خۆیان نه‌كه‌ون به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت چ به‌ یه‌كگرتن یان خودگۆڕینی ریشه‌یی، ئه‌وه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان حه‌تمییه‌. له‌وێشدا یه‌كگرتن یان توانه‌وه‌ له‌نێو حزبه‌ گه‌وره‌كانیش یه‌كێكه‌ له‌ خه‌یاره‌كان.

تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ ژماره‌ "3" گۆڤاری "شه‌پۆل" له‌ كۆتایی ئۆكتۆبه‌ری 2011 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.  


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.