Red Purple Black

ئاریشه‌كانی شانۆی شه‌قام و فیستیڤاڵی ده‌ربه‌ندیخان ... حه‌مه‌سوار عه‌زیز

PDFPrintE-mail

 ماوه‌یه‌كی زۆر نییه‌ وه‌ك بینه‌ری كورد ئاشنایه‌تیمان له‌گه‌ل شانۆی شه‌قام هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ بیروڕا وایه‌ سه‌ره‌تاكانی شانۆی كوردی له‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌، دواترین چالاكیه‌كانی شانۆی شه‌قام له‌ كوردستان فیستیڤاڵی ده‌ربه‌ندیخان بوو كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ شانۆی شه‌قام و تیایدا له‌ ماوه‌ی دوو رۆژ چه‌ندین نمایشی شانۆیی له‌ باخچه‌و شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره‌ پێشكه‌ش كرا، لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م له‌ ڕوانگه‌ی قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و نمایشانه‌، بنه‌ماكانی شانۆی شه‌قام شڕۆڤه‌ بكه‌م.

گوتار له‌ شانۆی شه‌قام:

شانۆی شه‌قام شانۆییه‌كی كات و ساتییه‌ و بایه‌خ به‌و ساته‌و شوێنه‌ ده‌دات كه‌ نمایشه‌كه‌ی تیاییدا پێشكه‌شده‌كرێت، له‌ زۆرینه‌ی كاتتدا گوتاری شانۆی شه‌قام گوتارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یا په‌روه‌رده‌یی یه‌، هه‌ندێك جاریش بۆ پاراستنی ژینگه‌ یا وه‌ك فاكته‌ری ڕێكلامكردن له‌ بواری ئابووری و سیاسه‌تدا سوودی لێوه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام له‌ زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌كان جۆری بابه‌ته‌كه‌ پابه‌نده‌ به‌و شوێنه‌ی كه‌ نمایشه‌كه‌ی تیادا پێشكه‌شده‌كرێت، به‌و مانایه‌ی قسه‌ كردنه‌ له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندو ئاریشه‌ و دیارده‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی ئه‌و شوێنه‌.

ئه‌وه‌ی من له‌و فیستیڤاڵه‌ بینیم زۆرینه‌ی نمایشه‌كان بارگاوی كرابوون به‌ گوتارێكی سیاسی شمولی، به‌و مانایه‌ی زۆرینه‌ی نمایشه‌كان هه‌وڵدان بوو بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسێكی سیاسی یا نه‌ته‌وه‌یی یا ئابووری یا كۆمه‌ڵایه‌تی شمولی، كه‌ پانتایی و دووری هه‌مه‌لایه‌نی هه‌یه‌و ناكرێت له‌ نمایشێكی داهێنراوی شه‌قامدا قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت.

گوتار له‌ نمایشی شه‌قام له‌و پرسه‌ هه‌نووكه‌ییانه‌ كورت ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خودی ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ نمایشه‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بووان بتوانن له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كان به‌شداربن و ئه‌وانیش قسه‌یان هه‌بێت، بۆیه‌ ده‌كرێت له‌ شاروچكه‌یه‌كی وه‌ك ده‌ربه‌ندیخان شانۆی شه‌قام قسه‌ له‌سه‌ر ئاریشه‌كانی ژینگه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكات، یا قسه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كانی شاره‌وانی و په‌روه‌رده‌ و هاتووچۆو ڕێگاو بان و گه‌شتیاری و خزمه‌تگوزارییه‌كان بكات، یا كێشه‌ی لاوان و ژنان و منداڵان. . تاد.

 له‌م روانگه‌وه‌ ده‌كرێت گوتاری زۆرێك له‌و نمایشانه‌ی كه‌ له‌و فیستیڤاڵه‌ پێشكه‌شكران به‌ ناگونجاو ناوببه‌ین، ته‌نها هه‌ردوو نمایشی (ژیان به‌خشبه‌) ی كۆیه‌و (له‌ پشت چاویلكه‌ی ئه‌توره‌وه‌) ی شاری مه‌لایه‌ری ئێران نه‌بێت، كه‌ ئه‌و نمایشه‌ی دووه‌میان باس له‌ كێشه‌یه‌كی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك ده‌كات له‌ شاره‌ پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان، ئه‌ویش كێشه‌ی میترۆ و ئه‌و ئاریشانه‌ی كه‌ له‌نێو ئه‌و هۆكاره‌ گرنگه‌ی گواستنه‌وه‌ ڕووده‌دات.

له‌ هه‌مانكاتتدا ناكرێت له‌ نمایشی شه‌قام په‌نا بۆ سیمبوڵ و گوتارێكی فه‌لسه‌فی وشك ببه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ نمایشی (تۆ. . . یا من كێم؟) ی تیپی شانۆی گه‌لی چه‌مچه‌ماڵ بینیمان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بینه‌ری شه‌قام له‌و ساته‌ فیزیكی و ده‌روونییه‌دا ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدا نابێت سیمبوڵ و داڵه‌كانی ئه‌و نمایشه‌ شیبكاته‌وه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئه‌و خواستی بینینی ئه‌و نمایشه‌ی نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ له‌وێ نییه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌ر زوو شوێنه‌كه‌ به‌جێبهێلێت.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ شێوازی گه‌یاندن له‌ شانۆی شه‌قام له‌ زۆرینه‌ی كات ده‌بێ پشت به‌ كۆمیدیا و نمایشی ڕه‌زاسووك ببه‌ستێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بینه‌ره‌ی كه‌ له‌وی كۆبۆته‌وه‌ بێزار نه‌بێت و بتوانێت كاتێكی زیاتر به‌ ده‌م نمایشه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر ببات، به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌موو نمایشه‌كانی ئه‌و فیستیڤاڵه‌ كۆمیدیا فه‌رامۆش كرابوو، له‌ هه‌موو نمایشه‌كان گوتارێكی زۆر جیددی كاری له‌سه‌ر كرابوو، كه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ ناچێته‌ نێو خودی گوتاری شانۆی شه‌قام، مه‌گه‌ر ته‌نها له‌ هه‌ردوو نمایشه‌كه‌ی گروپی (مه‌لایه‌ر) ی شاری هه‌مه‌دانی ئێران نه‌بێت، كه‌ نمایشه‌كانیان به‌شێوازی كۆمیدی پێشكه‌ش كردو بینه‌ریش بێئه‌وه‌ی له‌ زمانی نمایشه‌كه‌ تێبگات، كاتێكی خۆشی له‌گه‌ڵ به‌سه‌ر برد.

شانۆی شه‌قام چییه‌؟

ئایا هه‌موو ئه‌و نمایشانه‌ی له‌ شه‌قامێك یا گۆڕه‌پانێك یا پاڕكێك نمایشده‌كرێن پێیان ده‌ووترێت شانۆی شه‌قام؟ ئایا كارێكی گونجاوه‌ نمایشێكی شانۆیی كه‌ له‌ هۆڵێك نمایشده‌كرێت دواتر به‌ هه‌مان ستایل بیگوازینه‌وه‌ بۆ سه‌ر شه‌قام؟

ئه‌وه‌ی من له‌ فیستیڤاڵی ده‌ربه‌ندیخان بینیم زۆرینه‌ی ده‌رهێنه‌ره‌كان نه‌یانتوانیبوو تێگه‌یشتنی شانۆی شه‌قام له‌ نمایشه‌كان به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆرینه‌ی نمایشه‌كان گواستنه‌وه‌ی دیمه‌نی شانۆیی بوو له‌ نێو هۆڵه‌كان بۆ سه‌ر شه‌قام، ئه‌مه‌ش وایكردبوو بنه‌ماكانی شانۆی شه‌قام له‌و نمایشانه‌ ئاماده‌بوونی نه‌بێت.

ئیرتیجال ره‌گه‌زێكی بنه‌ڕه‌تی شانۆی شه‌قامه‌ كه‌چی له‌ زۆرێك له‌و نمایشانه‌ ئه‌و ره‌گه‌زه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بوونی نه‌بوو، زۆرینه‌ی ئه‌كته‌ره‌كان پابه‌ند بوون به‌ تێكستێكی پێشوه‌خت نووسراو و نه‌یانده‌توانی به‌سه‌رییدا باز بده‌ن، مه‌گه‌ر ته‌نها به‌شێوه‌یه‌كی كاڵ له‌ نمایشی (سواڵكه‌ره‌كه‌) ی كه‌ركوك نه‌بێت.
ره‌گه‌زێكی تر له‌ شانۆی شه‌قام به‌شدارپێكردنی بینه‌ره‌ له‌ نێو ڕه‌وتی نمایشه‌كه‌، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ گوتاری نمایشه‌كه‌و سروشتی كاركردنی نمایشه‌كه‌، وه‌ك باسمكرد ئه‌گه‌ر گوتاره‌كه‌ هه‌نووكه‌یی و ساده‌ بێت و گوزارشت له‌ ئاریشه‌و كێشه‌كانی ئه‌و بینه‌ره‌ی ئه‌وی بكات، ئه‌وه‌ بێگومان ده‌رگا بۆ به‌شداریكردنی بینه‌ر ده‌خاته‌ سه‌رپشت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌كته‌ره‌كان توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت به‌ شێوه‌یه‌كی ئیرتیجالی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دروست بكه‌ن و په‌ره‌ی پێبده‌ن.

له‌ شانۆی شه‌قام بینه‌ر به‌و مانا ته‌قلییدییه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌كته‌ره‌و نمایشه‌كه‌ ده‌توانێت سوودیان لێوه‌ربگرێت، بۆیه‌ نمایشی شانۆیی شه‌قام نمایشێكی كراوه‌یه‌و له‌كاتی نمایشكردنییدا ته‌واو ده‌بێت و ده‌بێته‌ ئه‌و نمایشه‌ی كه‌ پێی بووترێت شانۆی شه‌قام.

به‌لام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌و فیستیڤاڵه‌ بینیمان ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌رگا به‌ڕووی به‌شداریكردنی بینه‌ر له‌ نمایشه‌كان داخرا بوو، ته‌نها له‌ نمایشی (سواڵكه‌ره‌كه‌) ی كه‌ركوك و نمایشی (چوونه‌ ژووره‌وه‌ له‌ ده‌رگای ته‌نگ) ی بابل نه‌بێت، كه‌ په‌راوێزێك بۆ به‌شداریكردنی بینه‌ر ده‌بینرا.

بنه‌مایه‌كی تری شانۆی شه‌قام شێوازی ئه‌داكردنی ئه‌كته‌ره‌ له‌ نمایش، له‌ شانۆی شه‌قام ئه‌كته‌ر پێویستی به‌ ستایلی ریالیزمییانه‌ی ستانسلاڤسكی نییه‌ له‌ كاتی ئه‌دا كردنی كاره‌كته‌ره‌كان، بۆیه‌ هه‌موو جۆره‌ ته‌قه‌موس و ڕووچوونێك به‌ناو كاره‌كته‌ره‌كان ره‌تده‌كرێته‌وه‌و به‌ زیانی نمایشه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت، لێره‌دا ڕه‌گه‌زه‌كانی ئیرتیجال، ته‌غریب، زیاده‌ڕۆیی (مبالغه‌)، سیمای ئه‌داكردنی ئه‌كته‌ر پێكده‌هێنن، بۆیه‌ له‌ شه‌قامدا تۆ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ نیت كه‌ نیشانی ده‌ده‌یت، نابێَت بینه‌ریش وا لێبكه‌یت كه‌ به‌و كاره‌كته‌ره‌ بتناسێت، رۆلی تۆ له‌وه‌دا كورتكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێیان بڵێی ئه‌وه‌ (نه‌ك خۆت) ئه‌و كاره‌كته‌ره‌یه‌ كه‌ تۆ نیشانیان ده‌ده‌یت.

به‌داخه‌وه‌ له‌ زۆرێك له‌و نمایشانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ئه‌داكردنی كلاسیكی ئه‌كته‌ر باڵی به‌سه‌ر نمایشه‌كان كێشابوو، به‌ تایبه‌تیش نمایشه‌كانی "كفری، كۆیه‌، ده‌ربه‌ندیخان، قه‌ڵادزێ، هه‌ڵه‌بجه‌، چه‌مچه‌مال (سێوه‌كانی نیشتیمان) "، ئه‌م شێوازه‌ ئه‌داكردنه‌ كه‌ له‌م نمایشانه‌ بینیمان ده‌ره‌نجامی تێنه‌گه‌یشتن و ڕانه‌هێنانی ئه‌كته‌ره‌ له‌ پڕه‌نسیبه‌كانی شانۆی شه‌قام.

چه‌ند ڕه‌گه‌زێكی تر له‌ شانۆی شه‌قام بایه‌خی زۆریان هه‌یه‌ وه‌ك موزیك، سه‌ما، ماسك وجل و به‌رگ، ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری زۆریان هه‌یه‌ به‌سه‌ر خوڵقاندنی ئه‌و كه‌شه‌ی كه‌ شانۆی شه‌قام پێویستیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بینه‌ر به‌لای خۆییدا ڕابكێشێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ نمایشه‌ كوردییه‌كانی ئه‌و فیستیڤاڵه‌ ده‌بینین له‌ په‌راوێزێكی زۆر لاوازدا كار له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌گه‌زه‌ گرنگانه‌ كرابوو، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ندێك نمایشدا زۆرینه‌ی ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ بوونیان نه‌بوو، وه‌ك نمایشه‌كانی (چه‌مچه‌ماڵ، كفری، سلێمانی، قه‌ڵادزێ، هه‌ڵه‌بجه‌، كۆیه‌، ده‌ربه‌ندیخان)، له‌ نمایشه‌كانی تریش به‌شێوه‌یه‌كی زۆر لاواز كاری له‌سه‌ر كرابوو.

ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه‌ باسمان كرد له‌ نمایشی (له‌ پشت چاویلكه‌ی ئه‌توره‌وه‌) گروپی مه‌لایه‌ر بڕوانین، ده‌بینین زۆرێك له‌و بنه‌مایانه‌ به‌ زه‌قی له‌و نمایشه‌ ده‌بینرێن، گوتاری نمایشه‌كه‌ باسی له‌ كێشه‌یه‌كی هه‌نووكه‌یی ده‌كرد، ئیرتیجال پانتایی زۆری له‌ نمایشه‌كه‌ به‌ركه‌وتبوو، ستایلی ئه‌داكرانی ئه‌كته‌ره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاوێته‌یه‌ك بوو له‌ تیۆرییه‌كه‌ی برێخت و شێوازی ئیرتیجالی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زیاده‌ڕۆیی (مبالغه‌) له‌ جووله‌و ئه‌دای دیالۆگ و جلوبه‌رگ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌بینرا، موزیك به‌ شێوازێكی جوان كاری خۆی ده‌كردو له‌گه‌ڵ سه‌ماو جوله‌ی ئه‌كته‌ره‌كان هارمۆنییه‌كه‌ی خێرا له‌ ڕیتم و كۆمیدی له‌ فۆڕم به‌ نمایشه‌كه‌ ده‌به‌خشی، جلوبه‌رگ له‌ شێوازو ڕه‌نگدا كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر سه‌رنجڕاكێشانی بینه‌ر.

ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكمان پێمانوابێت كه‌ نواندن له‌ شانۆی شه‌قام ئاسان بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌داكردن له‌ شانۆی شه‌قام قورسه‌ و پێویستی به‌ ئه‌كته‌ری بوێر و رۆشنبیرو هۆشیار هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت شاره‌زایی له‌ سه‌ماكردن و گۆرانی گووتن و ئیرتجال هه‌بێت و بتوانێت له‌ سیاقی نمایشه‌كه‌ ئیرتیجال بكات و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل بینه‌ر دروستبكات و په‌یامی بنه‌ڕه‌تی نمایشه‌كه‌ش به‌ لاڕێدا نه‌بات، بۆیه‌ ئه‌كته‌ر له‌ شانۆی شه‌قام تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌و مه‌رج نییه‌ ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی كه‌ له‌نێو هۆڵه‌كان نواندن ده‌كه‌ن توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت له‌ شانۆی شه‌قام ئه‌دا بكه‌ن.

به‌داخه‌وه‌ له‌ زۆرینه‌ی زۆری نمایشه‌كانی ئه‌و فیستیڤاڵه‌ تێنه‌گه‌یشتن هه‌بوو بۆ ستایل و شێوازی ئه‌داكردنی ئه‌كته‌ر له‌ شانۆی شه‌قام، من پێموایه‌ زۆرینه‌ی ئه‌كته‌ره‌كانی ئه‌و فیستیڤاڵه‌و هه‌ندێك له‌وانه‌ش كه‌ خه‌ڵاتیان وه‌رگرت، ئه‌داكردنیان له‌ نمایشه‌كان زۆر ته‌قلییدی و ریالیستیانه‌ بوو، كه‌ زۆر له‌گه‌ڵ شانۆی شه‌قام ناكۆكه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئه‌كته‌ره‌كانی گروپی مه‌لایه‌ر و چه‌ند ئه‌كته‌رێك له‌ نمایشه‌كانی تر، بۆ نمونه‌ (كۆسره‌ت عه‌بدوڵره‌حمان و رێبین قادر له‌ نمایشی سواڵكه‌ره‌كه‌ی كه‌ركوك، ئه‌حمه‌د مۆنیكا و وسام عه‌دنان له‌ نمایشی "شارع الواقعه‌" ی به‌غداو ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د له‌ نمایشه‌كه‌ی بابل.

گروپی مه‌لایه‌ر و نمایشه‌كه‌ی به‌غدا:

له‌ تێبینییه‌كانی سه‌ره‌وه‌دا باسمان له‌ نمایشی (له‌ پشت چاویلكه‌ی ئه‌توره‌وه‌) ی گروپی مه‌لایه‌ری شاری هه‌مه‌دانی ئێران كرد، ده‌كرێت ئه‌م نمایشه‌ به‌ نمونه‌ی نمایشی شانۆی شه‌قام وێنا بكه‌ین، چونكه‌ زۆرینه‌ی ڕه‌گه‌زه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی شانۆی شه‌قام له‌و نمایشه‌ ده‌بینرا.

نمایشێكی تری جوانی فیستیڤاڵه‌كه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، نمایشی شانۆیی (شارع الواقعه‌) بوو كه‌ له‌ لایه‌ن مونته‌دای شانۆی به‌غدا له‌ ئاماده‌كردن و ده‌رهێنانی (ته‌حریر ئه‌سه‌دی) پێشكه‌شكراو تیاییدا هه‌ردوو ئه‌كته‌ری داهێنه‌ر (ئه‌حمه‌د مۆنیكا و وسام عه‌دنان) ئه‌دای كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌و نمایشه‌یان كرد.

ڕه‌نگه‌ به‌پێوه‌ری شانۆی شه‌قام ئه‌م نمایشه‌ زۆرێك له‌ پێوه‌ره‌كانی ئه‌م ستایله‌ی تێدا نه‌بێت، به‌ڵام وه‌ك نمایشێكی شانۆیی كه‌ له‌ شه‌قام پێشكه‌ش كرا، یه‌كێك له‌و نمایشه‌ جوانانه‌ بوو كه‌ ناكرێت هه‌روا به‌ ساده‌یی به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕین.

به‌ بینینی من جوانترین لایه‌نی ئه‌و نمایشه‌ ئه‌داكردنی هه‌ردوو ئه‌كته‌ره‌كه‌ی نمایشه‌كه‌ بوو، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ندێ جار من دوو ئه‌كته‌رم له‌ نمایشه‌كه‌ نه‌ده‌بینی، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌كته‌رێك و سێبه‌ره‌كه‌ی یا ئه‌كته‌رێك و عه‌كسه‌كه‌ی له‌ ئاوێنه‌كه‌ی به‌رده‌می ده‌رده‌كه‌وتن، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌بوو كه‌ هارمۆنیه‌كی هاوبه‌ش له‌ ئه‌داكردنی هه‌ردوو ئه‌كته‌ره‌كه‌ كاری له‌سه‌ر كرابوو، بۆیه‌ به‌ بڕوای من هه‌ردوو ئه‌كته‌ره‌كه‌ی ئه‌م نمایشه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌بوون خه‌ڵاتی باشترین نواندنی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌رنه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ لێژنه‌ی دادوه‌ری ڕایه‌كی تریان هه‌بوو یه‌كێك له‌ ئه‌كته‌ره‌كانیان كه‌ (وسام عه‌دنان) بوو له‌ خه‌ڵات بێبه‌شكرد كه‌ زۆر شایسته‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌ بوو، ئه‌وه‌ش كه‌مكردنه‌وه‌ نییه‌ له‌ تواناكانی (رێبین قادر) كه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ (ئه‌حمه‌د مۆنیكا) خه‌ڵاتی ئه‌كته‌ری یه‌كه‌میان وه‌رگرت.

لایه‌نێكی جوانكاری له‌م نمایشه‌ سینۆگرافیای نمایشه‌كه‌و مامه‌ڵه‌كردنی ده‌رهێنه‌ر بوو له‌ ته‌وزیفكردنی ئه‌و سینۆگرافیایه‌ له‌ خزمه‌ت بیرۆكه‌ی نمایشه‌كه‌، له‌ هه‌مانكاتتدا ته‌وزیفكردنی ئه‌كته‌ر وه‌ك به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌ سینۆگرافیای نمایشه‌كه‌، له‌وه‌ش زیاتر ده‌رهێنه‌ر چه‌ندین دیمه‌نی كورتی وه‌ك كۆڵاج له‌ نمایشه‌كه‌ به‌كارهێنا، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری پۆزه‌تیفی به‌سه‌ر ڕێتمی نمایشه‌كه‌و دیدگای جوانكاری نمایشه‌كه‌ هه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ك نمایشه‌كه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ كلاكێتێكی سینه‌مایی خۆی نیشان ده‌دا كه‌ چه‌ند گرته‌یه‌ی چیرۆكێك بگێڕنه‌وه‌، ئه‌ویش چیڕۆكی جه‌نگ و نه‌هامه‌تییه‌كانی دوای جه‌نگ بوو.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.