Red Purple Black

نارین فه‌قی: هونه‌رمه‌ندێكی نیشتیمانپه‌روه‌رم ... نه‌مویستووه‌ به‌ پاره‌ی خه‌ڵك خزمه‌تی هونه‌ره‌كه‌م بكه‌م ... چاوپێكه‌وتن: زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

  • ئێستا وه‌ك به‌رپرسێك له‌ حكومه‌تی سوید له‌ به‌شی په‌نابه‌ران كار ده‌كه‌م

له‌به‌ر سه‌رقاڵی بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌لبوومه‌ نوێیه‌كه‌ی، نارین فه‌قی هیچ چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانی ناكات، به‌ڵام وه‌ك خۆی گوتی "چونكه‌ گۆڤاری (سڤیل) لای من خۆشه‌ویسته‌، به‌ڵێنمدا چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بكه‌م، لێره‌وه‌ موژده‌ به‌ گوێگرانم ده‌ده‌م له‌ساڵی نوێدا ئه‌لبوومه‌ نوێكه‌میان پێشكه‌ش بكه‌م". نارین فه‌قی ساڵی 1980 له‌شاری (دێریك هامكۆ) نزیك شاری قامیشلۆ له‌رۆژئاوای كوردستان له‌دایبكووه‌ و ئێستا له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی له‌ ستۆكهۆڵم پایته‌ختی وڵاتی سوید ده‌ژی.

سڤیل: بۆچی سی ساڵه‌ به‌رهه‌می نوێت نییه‌؟

نارین فه‌قی: ئه‌وه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند چی پێشكه‌ش ده‌كات، لای من باشی به‌رهه‌می باش گرنگه‌ نه‌ك به‌رهه‌م كردن له‌پێناوی كردن، ئه‌وه‌ من سی ساڵه‌ به‌یه‌ك ئه‌لبووم خه‌ریكم ده‌مه‌وێت شتێك بكه‌م بمێنێته‌وه‌، ئه‌لبوومه‌ نوێیه‌كه‌م ناوی "زمانی دایك"ـه‌، له‌ 12 تراك پێكهاتووه‌ و ستایله‌كان نوێن و هه‌موو گۆرانییه‌كانم له‌توركیا تۆمار كردووه‌، ئه‌و ئه‌لبوومه‌م باس له‌خه‌م و ئازاره‌كانی كورد ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو گۆرانییه‌كان نوێن بۆیه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر پێیه‌وه‌ خه‌ریكم، پێم خۆشه‌ باسی گۆرانی "زمانی دایك" بكه‌م، كه‌ شیعری مامۆستا ئه‌دیب جه‌لكی و ئاوازی عیماد عه‌لییه‌، ئه‌و گۆرانییه‌م وه‌ك پشتگریی خۆمه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌زمانی دایك، زۆر به‌داخه‌وه‌ تائێستاش گه‌نجانی كورد له‌ئه‌وروپا به‌ زمانی بێگانه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌شاره‌كانی كوردستانی باكور له‌ماڵ زمانی توركی و له‌ سوریا عه‌ره‌بی به‌كاردێن، هیوادارم گۆرانی "زمانی دایك" ببێته‌ كتێبێكی مه‌زن و بزانن چه‌ند گرنگه‌ زمانی دایك به‌كاربێنن نه‌ك بێگانه‌.

سڤیل: ستایلی گۆرانییه‌كانی ئه‌مجاره‌ت چۆنن؟

نارین فه‌قی: گۆرانییه‌كانم به‌ ستایلی مۆدێرن و پرۆڤیشناڵ ئاماده‌ كراوه‌، ده‌توانم بڵێم به‌شێوه‌ی كلاسیكه‌، به‌ڵام فۆلكلۆر نین، به‌ڵكو به‌ شێوه‌ی ئیسپانی و پۆپ و ئۆرێنتاله‌، هه‌ست ده‌كه‌م ستایلی خۆمه‌، جیاوازی ئه‌و ئه‌لبوومه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌لبوومه‌كه‌ی پێشووم كه‌ ساڵی 2009 بڵاوم كرده‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ من ئه‌مجاره‌ باسی زمان دایك و سه‌رده‌می ئێستای كورد ده‌كه‌م، هیوادارم خه‌ڵكی له‌ڕێگه‌ی منه‌وه‌ میوزیكی ره‌سه‌نی كوردی و زمانی دایكیان خۆشتر بووێت، هه‌ر كه‌سێك حه‌ز ده‌كات گوێبگرێت له‌میوزیكی جوان، شیعری جوان و گۆرانی جوان و خۆش، با گوی له‌گۆرانییه‌ تازه‌كانی من بگرێت، له‌منزیكانه‌ بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه‌.

سڤیل: چه‌ند پاره‌ت له‌ ئه‌لبوومه‌كه‌ت خه‌رج كردووه‌؟

نارین فه‌قی: هه‌موو مه‌سروفاتێك خۆم له‌سه‌ر خۆم بوو، من وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك نامه‌وێت به‌ پاره‌ی خه‌ڵكی خۆمان خزمه‌تی هونه‌ره‌كه‌ی خۆم بكه‌م، تائێستا به‌ پاره‌ی خۆم هونه‌ره‌كه‌ی خۆم گه‌یاندۆته‌ ئه‌م رۆژه‌، به‌دڵنیایی نازانم چه‌ند پاره‌م خه‌رجكردووه‌، به‌ڵام مه‌سروفاتێكی زۆرم كردووه‌ و هه‌موو گۆرانییه‌كانم له‌باشترین ستۆدیۆ له‌توركیا و به‌ باشترین ته‌كنیك گۆرانییه‌كانم تۆمار كردووه‌.

سڤیل: بۆچی ئێستا گۆرانیبێژه‌كانی ئێستا كه‌متر گۆرانی نیشتیمانی ده‌ڵێن، زیاتر بۆته‌ گۆرانی ئه‌ڤینداری؟

نارین فه‌قی: له‌هه‌موو دنیا هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك به‌ ستایلێك كار ده‌كات، من به‌خۆم وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی رۆشنبیر حه‌ز ده‌كه‌م خزمه‌تی هونه‌ری كوردی بكه‌م و ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌ستم به‌ گۆرانی گوتن كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌هه‌ر ئه‌لبوومێكم گۆرانییه‌كی نیشتیمانیم گوتووه‌، له‌م ئه‌لبوومه‌شدا گۆرانییم بۆ "زمانی دایك" گوتووه‌ و پێشكه‌شی هه‌موو ماڵێكی كوردی ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ مافێكی ره‌وای هه‌ر كوردێكه‌ به‌زمانی دایك بخوێنن و قسه‌ بكه‌ن.

سڤیل: واتا تۆ خۆت به‌ هونه‌رمه‌ندێكی نیشتیمانپه‌روه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ی؟

نارین فه‌قی: من وه‌كو كچێكی هونه‌رمه‌ند له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی هونه‌ردۆست ساڵی 2003 ده‌ستم به‌گۆرانی گوتن كردووه‌، یه‌كه‌مین گۆرانیم ناوی "نالینكێ"بوو، كه‌ شیعری شاعیری نه‌مر جگه‌رخوێن و ئاوازی محه‌مه‌د شێخۆیه‌، هه‌روه‌ها ساڵی 2009 گۆرانی "هێڤی"ـم تایبه‌ت بۆ ژنانی كورد كرد، ساڵی 2012 ئه‌لبوومه‌ نوێیه‌كه‌م بڵاوده‌بێته‌وه‌ باسی گرنگی زمانی دایكم كردووه‌، كه‌ ده‌بێت هه‌موو كوردێك به‌ زمانی دایك قسه‌ بكه‌ن و واز له‌زمانی بێگانه‌ بێنن، ئه‌وه‌ ئیشی هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ست به‌م مه‌سه‌له‌ نیشتیمانیانه‌ بكات، هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك به‌گۆرانی خۆی و به‌ شیعری خۆی، له‌سه‌ر كوردستان، له‌سه‌ر ئافره‌تانی وڵاته‌كه‌ی، له‌سه‌ر زمانی دایك گۆرانی بڵێت، بێگومان هونه‌رمه‌ندێكی نیشتیمانپه‌روه‌ره‌.

سڤیل: تۆ پێت وایه‌ هونه‌رمه‌ند چۆن سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟

نارین فه‌قی: پێویسته‌ له‌كاری هونه‌ری زۆر ئاگاداری میلله‌ته‌كه‌ی و گوێگرانی بێت، پێشئه‌وه‌ی ئیشێك بكات بیر بكاته‌وه‌ چی ده‌كات و بۆچی كار ده‌كات، به‌روحێكی هونه‌ری كاره‌كانی خۆی پێشكه‌ش بكات، هونه‌رمه‌ند هه‌مووكات موڵكی خه‌ڵكه‌ و دواجار جه‌ماوه‌ر بڕیار ده‌دات سه‌ركه‌وتووه‌ یان نا. . من هونه‌رمه‌ندی سه‌ركه‌وتوو له‌وه‌ ده‌بینم كه‌ هونه‌رمه‌ندێك بێت له‌سه‌رخۆبێت و هه‌ڵبه‌ستی جوان و میوزیكی كوردی ره‌سه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌نگێكی خۆش تێكه‌ڵیان بكات و پێشكه‌شی بكات، ئه‌وه‌یان ده‌بێته‌ خزمه‌تكردن.

سڤیل: كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ له‌ كوردستان بژی، ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌تدا كام شار هه‌ڵده‌بژێری؟

نارین فه‌قی: جاری نازانم كه‌ی به‌ یه‌كجاری ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ و من له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌مم، به‌ڵام پرسیارێكی زه‌حمه‌ته‌ كام شار هه‌ڵده‌بژێرم، هه‌ر شارێك له‌ كوردستان جوانی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، كوردستانی هه‌موو شاره‌كانی خۆش و دڵرفێنه‌.

سڤیل: تۆش وه‌ك هه‌ندی له‌هونه‌رمه‌ندان پێتخۆشه‌ ئیشی بازرگانی بكه‌ی؟

نارین فه‌قی: بێگومان نا. . من كاری بزنسمان ناكه‌م، شه‌ش ساڵه‌ كۆلێژی یاسام ته‌واو كردووه‌ له‌ستۆكهۆڵم و بڕوانامه‌ی ماسته‌رم له‌مافی مرۆڤ هه‌یه‌، ئێستاش وه‌ك به‌رپرسێك له‌ حكومه‌تی سوید له‌ به‌شی په‌نابه‌ران كار ده‌كه‌م.

سڤیل: كه‌واته‌ تۆ وه‌ك ژنه‌ هونه‌رمه‌ندێكی كورد، ئینجا بڕوانامه‌كه‌ت له‌سه‌ر مافی مرۆڤه‌، هه‌ڵوێستت له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی دیارده‌ی ژن كوشتن له‌كوردستان چی بووه‌؟

نارین فه‌قی: هه‌ڵویستم هه‌بووه‌ و هه‌مووكات ئیدانه‌ی ئه‌و توندوتیژیه‌م كردووه‌، ساڵی پار گۆرانیم بۆ ژنانی ئازادیخواز كرد، به‌ڵام به‌ڕاستی زۆر شه‌رمه‌ له‌ كوردستانێكی ئاوه‌دان و ئازاد و دیموكراتی هه‌تا ئێستا توندوتیژی و زوڵم به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان به‌رده‌وامه‌، ئه‌وه‌ بۆ ناوبانگی كوردستان زۆر خراپه‌، مافی پیاو و ئافره‌ت یه‌ك مافه‌، ده‌بێت له‌ قوتابخانه‌ منداڵه‌كان وا فێربكه‌ن جیاوازی له‌ نێوان ژن و پیاو نییه‌، ژن كوشتن كوردایه‌تی نییه‌، به‌ڵكو رێزگرتن له‌ژن نیشتیمانپارێزی و كوردایه‌تییه‌.

سڤیل: حه‌زی تایبه‌تیت چییه‌؟

نارین فه‌قی: خه‌ونی گه‌وره‌ی من هه‌ر چوار پاره‌ی كوردستان ئازاد بێت و كوردستان ببێته‌ وڵاتێكی نموونه‌یی بۆ هه‌ر مرۆڤێك له‌دنیادا، بێته‌ ریزی وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی خه‌ڵكه‌ی به‌خۆشی و ئازادی بژین.

سڤیل: دوا قسه‌ت چییه‌؟

نارین فه‌قی: زۆر سوپاسی گۆڤاری (سڤیل) ـی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م، به‌هیوام سه‌ركه‌وتوو بن، گۆڤاره‌كه‌تان ده‌خوێنمه‌وه‌، پێم خۆشه‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌لبوومه‌ نوێكه‌م سه‌ردانێكی كوردستان بكه‌مه‌وه‌ و كۆنسێرت بكه‌م.

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری سڤیل


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.