Red Purple Black

هونه‌رمه‌ند كه‌مال محه‌مه‌د: ئه‌گه‌ر شه‌ش كه‌س پێمبڵی گۆرانی مه‌ڵی واز دێنم ... چاوپێكه‌وتن: زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

هونه‌رمه‌ند كه‌مال محه‌مه‌د به‌ "گۆرانیبێژی عاشقان" ناسراوه‌، یه‌كێك له‌دیارترین گۆرانیبێژه‌كانی سلێمانییه‌، چه‌ند ساڵێكه‌ كوردستانی جێهێشتووه‌ له‌وڵاتی سوید ده‌ژی، ده‌ڵێت "ناتوانم به‌بی كوردستان بژیم و هه‌موو ساڵ 10جار ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌". كه‌مال محه‌مه‌د له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ (سڤیل) رایگه‌یاند "ئه‌گه‌ر بزانم خه‌ڵك له‌گۆرانییه‌كانم بێزارن و شه‌ش كه‌س پێمبڵێ گۆرانی مه‌ڵی حه‌وته‌مین كه‌س خۆمم، ئیتر واز له‌گۆرانی دێنم".

سڤیل: ئه‌م ساڵ ئه‌لبوومێكی نوێی گۆرانیت بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام گوێگره‌كانت هه‌ر گۆرانییه‌ كۆنه‌كانی تۆیان لاجوانتره‌ و زیاتر چێژ له‌گۆرانییه‌كانت ده‌بین وه‌ك له‌وه‌ی ئێستا، هۆكاری ئه‌وه‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێنیه‌وه‌؟

كه‌مال محه‌مه‌د: هونه‌رمه‌ند ده‌بی بیر له‌شته‌ كۆنه‌كان بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند هونه‌رێكی كۆنی نه‌بێت ناتوانی شێوازێكی تازه‌ له‌گۆرانی پێشكه‌ش بكات، من سوپاسی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ گۆرانییه‌ كۆنه‌كانی منیان لاجوانتره‌ له‌وانه‌ی ئێستام، هه‌میشه‌ بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ له‌گۆرانییه‌ تازه‌كانم گۆرانییه‌ كۆنه‌كانیشم تازه‌ بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام خۆشه‌ هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر یه‌ك شێوازی گۆرانی به‌رده‌وام نه‌بی، گۆڕانكاری هونه‌رمه‌ند به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌بات.

سڤیل: ساڵی رابردوو راتگه‌یاند هیچتر ئه‌لبووم ناكه‌ی، له‌جیاتی ئه‌لبووم گۆرانیه‌كی درێژ ده‌كه‌ی، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ ئه‌لبوومت كرد و گۆرانییه‌ درێژه‌كه‌شت نه‌كرد، بۆچی؟

كه‌مال محه‌مه‌د: هێشتا گۆرانییه‌ درێژه‌كه‌م تۆمار نه‌كردووه‌، خوازیارم ئه‌و گۆرانییه‌ وه‌ك حیكایه‌تێك بكه‌م و ماوه‌كه‌ی 20 یاخود 30 ده‌قیقه‌یه‌ بێت، به‌ڵام ئه‌و گۆرانییه‌ هێزی میزیك و شیعری ده‌وێت، هه‌میشه‌ تێكست به‌لای منه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی هونه‌ری گۆرانییه‌، ئه‌گه‌ر تێكسته‌كه‌ به‌هێز نه‌بوو خه‌ڵك گوێی لی ناگرێت، به‌ڵی راستده‌كه‌ی كاتی خۆی وتم ئه‌لبووم ناكه‌م، به‌ڵام ئینشاڵڵا به‌درۆ ده‌رناچێت و هیوادارم بتوانم له‌داهاتوویه‌كی نزیك ئه‌وه‌ بكه‌م.

سڤیل: داتناوه‌ له‌گۆرانییه‌ درێژه‌كه‌ باس له‌چی بكه‌ی؟

كه‌مال محه‌مه‌د: بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ گۆرانییه‌ك بێت به‌ده‌ر له‌خۆشه‌ویستی، من ده‌مه‌وێت گۆرانییه‌كه‌ وابێت پیر و منداڵ گوێی لێی بگرن و پێیان خۆش بێت، له‌گۆرنییه‌كه‌دا باس له‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌ پاكی و دڵسۆزه‌ییه‌وه‌ له‌كوردستان كار ده‌كه‌ن.

سڤیل: ساڵانی هه‌شتاكان ئێوه‌ گروپێك بوون له‌سلێمانی كارتان ده‌كرد "تۆ و كاروان عوسمان و سالار مه‌حموود" به‌ڵام بۆچی زیاتر گۆرانییه‌كانی كاروان عوسمان له‌نو خه‌ڵك باس ده‌كری؟

كه‌مال محه‌مه‌د: من خۆشحاڵم توانیبێتم له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ كارم كردووه‌، ئه‌گه‌ر گۆرانییه‌كانی كاروان عوسمان رۆیشتبێته‌ ناو خه‌ڵك من پێم خۆشه‌، یه‌كه‌م كه‌س من بووم له‌كۆنسێرتی خۆم باسی كاروان عوسمانم كرد و گۆرانییه‌كی ئه‌وم گوتووته‌وه‌، دوای من له‌م ساڵانه‌ نازدار و كاروان كامیل گۆرانی كاروانیان گوته‌وه‌.

سڤیل: هیچكات بیرت له‌وه‌كردۆته‌وه‌ واز له‌گۆرانی گوتن بێنی؟

كه‌مال محه‌مه‌د: تائێستا بیرم له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ واز له‌گۆرانی بێنم، به‌ڵام بیرم له‌وه‌كردۆته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بزانم خه‌ڵك بێَزاره‌ له‌ گۆرانییه‌كانم واز له‌گۆرانی دێنم، ئه‌گه‌ر شه‌ش كه‌س پێمبڵی كاك كه‌مال گۆرانی مه‌ڵی حه‌وته‌مین كه‌س خۆمم ئیتر گۆرانی ناڵێم، مرۆڤ له‌و پیشه‌ی كه‌ كاری تێدا ده‌كات خۆی ده‌زانی تاچه‌ند سه‌ركه‌وتووه‌.

سڤیل: تۆ هاوڕێی منداڵی هونه‌رمه‌ند میدیا حوسێنی، ئێستا وه‌ك هاوڕێیه‌ك له‌چ شتێك ده‌توانی ئامامۆژگاری بكه‌ی؟

كه‌مال محه‌مه‌د: من ناتوانم ئامۆژگاری میدیا حوسێن بكه‌م، ئێستاش مامۆستای منه‌، كه‌سێكی نووسه‌ر و ئه‌دیبه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ گوتوومه‌ خۆزگه‌ به‌س شیعری بنووسیبایه‌، كۆمه‌ڵێك شیعری جوانی ئه‌وم كردۆته‌وه‌ گۆرانی، ئه‌و زۆر جوان شیعر ده‌نووسێت، له‌به‌رئه‌وه‌ من هه‌میشه‌ له‌نزیكه‌وه‌ به‌كاك میدیام گوتووه‌ خۆزگه‌ تۆ به‌س شیعرت بنووسیبایه‌، نه‌ك گۆرانی، ئه‌وه‌ باشتر بوو.

سڤیل: هیچكات گله‌یی ئه‌وه‌ت له‌ جه‌لال سه‌عید نه‌كردووه‌ گۆرانی گوتن ساردبۆته‌وه‌ و گۆرانی ناكات؟

كه‌مال محه‌مه‌د: كاك جه‌لال په‌یامی خۆی گه‌یاند، هونه‌رمه‌ندێكه‌ ئێستاش گوێی من لێی تێرنابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر گه‌نجێك بێته‌ لای من باسی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بكات ئه‌وه‌ به‌سه‌، جه‌لال سه‌عید گه‌یشته‌ ئه‌و په‌یامه‌ی كه‌ خه‌ڵك باسی بكات، من گوێم له‌ گۆرانییه‌كانی كاك جه‌لال و چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی تر بووه‌ وایكرد منیش له‌گۆرانی نزیكبه‌مه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئینكاری له‌ حه‌یرانه‌كانی عاره‌ب عوسمان ناكرێت، خه‌ڵك ده‌باته‌وه‌ ده‌شتی هه‌ولێر و شته‌ كۆن و جوانه‌كانمان بیردێنێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ په‌یامی خۆیان گه‌یاندووه‌.

سڤیل: گوێگری گۆرانییه‌كانت له‌ هه‌ولێر زۆرن، به‌ڵام بۆچی كۆنسێرتێك له‌م شاره‌ نه‌كردووه‌؟

كه‌مال محه‌مه‌د: هه‌ولێر مالێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ من، ده‌توانم بڵێم كوڕی هه‌ولێرم، شارێكه‌ به‌ده‌ر له‌ سلێمانی زۆر تێیدا ژیاوم، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر كاری زۆرم كردووه‌ و یادگاری جوانیشم له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌، من له‌ هه‌ولێر دانه‌بڕوام، هه‌ولێر كلیلی قوفلی هونه‌ری ئێمه‌شه‌، ئه‌گه‌ر گۆرانی بڵێی و له‌ هه‌ولێر شه‌هاده‌ نه‌هێنی ئه‌و هونه‌ره‌ جوان نییه‌، ئینشاڵڵا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك دێمه‌ شاری هه‌ولێری خۆشه‌ویست و له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و شاره‌ كۆده‌بمه‌وه‌.

سڤیل: هونه‌رمه‌ند رۆژ كه‌ریم ده‌ڵی ئاماده‌م له‌كوردستان ئیشی شوفێری ته‌كیسی بكه‌م، تۆش بگه‌ڕێیته‌وه‌ كوردستان ئاماده‌ی هه‌موو ئیشێك بكه‌ی؟

كه‌مال محه‌مه‌د: من ئاماده‌م هه‌موو ئیشێك بكه‌م له‌پێناوی ژیان و خزمه‌ت، به‌ڵام باڕاستت پێبڵێم ئیشه‌كه‌ی من هونه‌ره‌، له‌ هونه‌ر بترازی ئیشی دیكه‌م بۆ ناكری، من ده‌توانم به‌س گۆرانی بڵێم، له‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كاك رۆژ كه‌ریم رام جیاوازه‌، ئه‌گه‌ر بچمه‌ هه‌ر كارێكی دیكه‌ به‌ره‌و پاره‌ و جیهانی سه‌رمایه‌داری ده‌ڕۆم، وام بیركردۆته‌وه‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی كه‌ من ماومه‌ بۆ كاری هونه‌ری ته‌رخانی بكه‌م.

سڤیل: كه‌ی به‌ یه‌كجاری ده‌گه‌ڕێیه‌وه‌ سلێمانی؟

كه‌مال محه‌مه‌د: من خزمم هه‌یه‌ له‌ كوردستان، به‌س كه‌سی نزیكم نییه‌، دایك و باوك و خوشك و برام له‌ كوردستان نه‌ماوه‌، دایك و باوكم كۆچی دواییان كردووه‌، برایه‌كم پێشمه‌ڕگه‌ بووه‌ شه‌هید بوو، خۆم و دوو خوشكم ماوینه‌ته‌وه‌، دوو خوشكه‌كه‌شم له‌ هه‌نده‌رانن، من قه‌ت خۆم له‌كوردستان به‌ میوان دانانێم، بۆیه‌ هه‌موو ساڵێك نزیكه‌ی 10 جار ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ كوردستان.

zanadzey@yahoo. com  


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.