Red Purple Black

كه‌ژاڵ ئاده‌می: ئیش بۆ خۆده‌رخستن ناكه‌م ... دیمانه‌: ستیڤان شه‌مزینانی

PDFPrintE-mail

  • *هونه‌ر وه‌‌ك پیشه‌ و ئیش نابینم به‌‌ڵكوو هیوایه‌‌ت و سۆزێكه‌ ئارامی ده‌‌به‌‌خشێته‌ ژیانم
  • *له‌ كلیپه‌‌كاندا جوڵه‌ و جلوبه‌‌رگێك هه‌‌ڵده‌‌بژێرم له‌‌گه‌‌ڵ مۆسیقا و ناوه‌‌ڕۆكی به‌‌رهه‌‌مه‌‌كه‌دا بێته‌‌وه‌
  • له‌‌ گۆرانییه‌‌كانمدا هۆنراوه‌‌كانی خۆم به‌‌كارده‌‌هێنم و شیعره‌كانم ئاوێته‌‌ی مۆسیقا ده‌‌كه‌‌م

كه‌ژاڵ ئاده‌می هونه‌رمه‌ند و شاعیر له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌ی دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانی خۆی و باس له‌ ئه‌زموونی خۆی ده‌كات وه‌ك شاعیر و گۆرانیبێژ.

ستیڤان: تۆ هه‌م شیعر ده‌نووسیت و هه‌م گۆرانیبێژیت، پێتوایه‌ زیاتر خۆت له‌ كام بواریاندا ده‌بینیته‌وه‌؟. له‌ نێوان شاعیربووندا و هونه‌رمه‌ندبووندا خۆت له‌ كامیاندا ده‌بینیته‌وه‌؟.

كه‌ژاڵ ئاده‌می: من ساڵانێكی زۆر پێش له‌وه‌ی گۆرانیبێژ بم شیعرم ده‌نووسی. له‌ واقیعدا شیعره‌كانمن كه‌ هانده‌رمن بۆ نێو دنیای گۆرانیبێژیی. دنیای شیعر شوێنێكه‌ تێیدا ژیانم ته‌فسیر ده‌كه‌‌م و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دنیای ده‌وروبه‌رم ده‌كه‌‌م و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌هێنمه‌ ژێر چاویلكه‌ی ره‌خنه‌وه‌. شیعر مه‌نزڵگه‌ی سكاڵاكانمه‌ و ژووری بزه‌ و ئه‌‌وین و دڵداریمه‌. له‌‌ گۆرانییه‌‌كانمدا هۆنراوه‌‌كانی خۆم به‌‌كارده‌‌هێنم و شیعره‌كانم ئاوێته‌‌ی مۆسیقا ده‌‌كه‌‌م و له‌ ئامێزی گۆرانیدا به‌ گوێی بیسه‌‌ردا ده‌‌یانچرپێنم. كه‌‌واته‌ شیعر و گۆرانییه‌‌كانی من ده‌‌ست له‌‌ ملانی یه‌‌كترن و جودا له‌ یه‌‌كتر نین.

ستیڤان: گۆرانی و شیعری ئافره‌تانی كورد، كه‌متر توانیوویه‌تی له‌ ده‌رگای ماڵی ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر كه‌ نێرینه‌یه‌ بدات. تۆ پێتوایه‌ بۆچی هونه‌رمه‌ندان و شاعیرانی ئافره‌تی كورد هێشتا به‌ هه‌ستی پیاوانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن؟.

كه‌ژاڵ ئاده‌می: له‌‌م ساڵانه‌‌ی ئه‌‌خیردا ئاڵوگۆڕێكی به‌‌رچاو به‌‌سه‌‌ر ئه‌‌ده‌‌‌بیاتی ژناندا هاتووه‌. پێنووسی ژنه‌ ئه‌‌دیبه‌‌كانی ئه‌‌مڕۆ روونتر و بوێرتر له‌ رابردووه‌ و ئه‌‌مه‌ باس له‌ ئاڵوگۆڕێكی فه‌‌رهه‌‌‌نگی ده‌‌كات كه‌ ژنی كۆمه‌‌ڵگای ئێمه‌ به‌ خۆیه‌‌وه‌ بینیوه‌. هه‌‌ندێك له‌ خانمه‌ شاعیره‌‌كانمان چالاكن له‌ بواری ئه‌‌ده‌‌‌بیاتی فێمینیستیدا كه‌ تایبه‌‌ته‌ به‌ هۆشیاركردنه‌‌‌وه‌ و ئاگاداركردنه‌‌وه‌‌ی ژنان و ره‌‌خنه‌گرتن له‌ كۆمه‌‌ڵی پیاوسالاریی و گه‌‌ڕان به‌ ‌دوای ده‌‌سه‌‌ڵاتدا. هه‌‌ندێكی ترمان به‌‌رهه‌‌مهێنه‌‌ری ئه‌‌ده‌‌بیاتی ژنانه‌ن كه‌ ئاوێنه‌‌ی هه‌‌ستی ژنانه‌‌یه‌ و ره‌‌نگدانه‌‌وه‌‌ی ئه‌‌وین و ئاوات و ئازاری ژنه‌ و وه‌‌سفی ئه‌‌و هه‌‌ستانه‌ ده‌‌كات له‌ ژندا هه‌‌یه‌ و بۆ پیاو نامۆیه‌. ئه‌‌مانه‌ هه‌موو سه‌ره‌‌تای خه‌باتێكن به‌‌ره‌‌‌و كۆمه‌‌ڵگایه‌كی یه‌كسان بۆ هه‌‌ردوو ره‌‌گه‌‌زی ژن و پیاو. له‌ ئه‌‌ده‌‌بیاتی ئه‌‌مڕۆی كوردییدا هه‌‌وڵدان بۆ جیاكردنه‌‌وه‌‌ی ئه‌‌ده‌‌بیاتی ژنانه‌ و پیاوانه‌ ده‌‌‌بیندرێت. ژنان هه‌‌وڵده‌‌ده‌‌ن بوێرانه‌‌تر باسی هه‌‌سته‌‌كانی خۆیان بكه‌‌‌ن و هه‌‌ندێك له‌ خانمه‌ ئه‌‌دیبه‌‌كانمان زۆر هۆشیارانه‌ مامه‌‌ڵه‌ له‌‌گه‌‌ڵ به‌‌رهه‌‌مه‌‌كانیان و شێوازی نووسینه‌‌كانیان ده‌‌كه‌‌ن و به‌ مه‌‌به‌‌ستێكی روونه‌‌وه‌ به‌رهه‌‌مه‌‌كانیان ده‌‌خولقێنن. به‌‌ڵام ئه‌‌م هه‌‌وڵدانه‌ شتێك نییه‌ ئامانجی هه‌‌موو ژنه‌ ئه‌‌دیبێك بێت چوونكه‌ هه‌ندێك بڕوایان به‌ پۆڵینكردنی ئه‌‌ده‌‌ب به‌ ناوی ئه‌‌ده‌‌بی پیاوان و ئه‌‌ده‌‌‌بی ژنان نییه‌ و له‌‌سه‌‌‌ر ئه‌‌‌و بڕوایه‌ن هونه‌‌ر مرۆییه‌‌ و نابێ بخرێته‌ قاڵبی ره‌‌گه‌‌زه‌وه‌.

ستیڤان: زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندانی ئافره‌ت رۆڵی جه‌سته‌ فه‌رامۆش ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ وه‌ك ره‌چاوكردنی نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، تۆ چه‌نده‌ هه‌وڵتداوه‌ وه‌ك ژنێكی ئازاد گۆرانی بچڕیت و شه‌رم له‌ جه‌سته‌ی خۆت نه‌كه‌یت؟.

كه‌ژاڵ ئاده‌می: هونه‌رمه‌ند وه‌ك كه‌سێك كه‌ ئاڵای هونه‌ر ده‌گرێته‌ ده‌ست و په‌یامی پیرۆزی هونه‌ر ده‌گه‌یێنێته‌ خه‌ڵك ئه‌ركێكی قورسی له‌ ئه‌ستۆیه‌ و ده‌‌بێ وردبینانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌‌‌گه‌ڵ هونه‌ر و جه‌ماوه‌ر بكات. بڕوام به‌ ئازادیی مرۆڤه‌، شێوازی جوڵه‌ و هه‌‌ڵبژاردنی جلوبه‌‌رگ به‌ سه‌‌ره‌‌كیترین مافی هه‌‌ر مرۆڤێك ده‌‌زانم، به‌‌ڵام گرنگه‌ بایه‌‌خدان به‌ له‌‌ش و جه‌‌سته‌ نه‌‌بێته‌ په‌‌یامی سه‌‌ره‌‌كی هونه‌‌رمه‌‌ند و ناوه‌‌ڕۆك و مانای هونه‌‌ر فه‌‌رامۆش نه‌‌كرێت. منیش وه‌‌كوو ژنێك كه‌ ئازاد بیر ده‌‌كه‌‌مه‌‌‌وه‌ و هه‌‌موو ئامانج و ئاواتم به‌‌رابه‌‌ریی و یه‌‌كسانی مرۆڤه‌‌كانه‌ موشكیله‌‌یێكم له‌‌گه‌‌ڵ جه‌‌سته‌‌ی خۆم نییه‌. له‌ كلیپه‌‌كانیشمدا جوڵه‌ و جلوبه‌‌رگێك هه‌‌ڵده‌‌بژێرم له‌‌گه‌‌ڵ شێوازی مۆسیقا و ناوه‌‌ڕۆك و بابه‌‌تی به‌‌رهه‌‌مه‌‌كانمدا بێنه‌‌وه‌.

ستیڤان: هونه‌رمه‌ندانی ئافره‌ت، زیاتر بایه‌خ به‌ گۆرانی سۆزداریی و عه‌شقانه‌ ده‌ده‌ن، كه‌متر له‌ بواری سروود و ده‌رده‌كه‌ون. تۆ هیچ سروودێكت هه‌یه‌ یان پڕۆژه‌ت هه‌یه‌ سروود یان گۆرانی سیاسیی بڵێیت؟.

كه‌ژاڵ ئاده‌می: من له‌ بنه‌‌ماڵه‌‌یه‌كی شۆڕشگێڕ له‌ دایكبووم كه‌ هه‌‌موو ژیانی خۆیان ته‌‌رخانی رزگاریی نه‌ته‌‌وه‌‌كه‌‌مان و گه‌‌یشتن به‌ كۆمه‌‌ڵگایه‌كی یه‌‌كسان كرد و هه‌‌ر له‌م رێگایشدا چه‌‌ندین شه‌‌هیدمان داوه‌. من هه‌‌رگیز به‌رانبه‌‌ر به‌ بارودۆخی سیاسیی وڵاته‌‌كه‌‌م كه‌‌مته‌‌رخه‌‌م نیم و هه‌‌ركات هه‌‌ست بكه‌‌م كه‌ پێویسته‌ هه‌‌ڵوێست ده‌‌گرم. یه‌‌كه‌‌م به‌‌رهه‌‌می من كه‌ به‌‌ شێوازی كلیپ تۆماركرا گۆرانی "شه‌‌هید" بوو، وه‌‌ك رێزێك پێشكه‌‌ش به‌ رۆحی به‌‌رزی شه‌‌هیدانی وڵاته‌‌كه‌‌م كرد.

ستیڤان: گۆرانییه‌كت به‌شێوه‌ی دوێت له‌گه‌ڵ نه‌جمه‌دینی غوڵامی تۆمار كردووه‌، ئایا پڕۆژه‌ت هه‌یه‌ گۆرانی تر به‌شێوه‌ی دوێت له‌گه‌ڵ هه‌مان هونه‌رمه‌ند یان هونه‌رمه‌ندانی تر تۆمار بكه‌یت؟.

كه‌ژاڵ ئاده‌می: له‌ ئێستادا پڕۆژه‌‌یه‌كی له‌‌و جۆره‌م له‌به‌‌رده‌‌ستدا نییه‌، به‌ڵام هیوادارم له‌ داهاتوودا دیسان بتوانم گۆرانی دوێت به‌‌رهه‌‌م بێنم.

ستیڤان: كلیپ كۆڵه‌كه‌ی گۆرانی هاوچه‌رخه‌، بۆچی تۆ كه‌متر كلیپت بۆ گۆرانییه‌كانت كردووه‌؟.

كه‌ژاڵ ئاده‌می: من هه‌رگیز بۆ خۆده‌رخستن ئیش ناكه‌م. رێگای هونه‌رم به‌ نه‌رم و نیانی گرتووه‌ته‌ به‌ر. ئه‌ركی سه‌ر شانم ئه‌وه‌یه‌ به‌رهه‌می هونه‌ریی بخولقێنم و ئامانجم ئه‌وه‌یه‌ به‌رهه‌مه‌كانم خاوه‌نی بایه‌خی به‌رزی هونه‌ریی بن. من له‌ مێژوو كه‌ڵك وه‌رده‌گرم و بۆ داهاتوو ئیش ده‌كه‌م. هیوادارم به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانم بتوانم بگه‌یێنمه‌ ئه‌و ئاسته‌ی نه‌وه‌ی داهاتوویش بتوانن كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرن. له‌ بواری كلیپیشدا هه‌‌وڵمداوه‌ تا ئه‌‌و جێگای له‌ توانامدا بێت به‌‌رهه‌‌مه‌‌كانم بكه‌‌مه‌ كلیپ و تا به‌ ئه‌‌مڕۆ توانیوومه‌ ژماره‌‌یه‌ك له‌ گۆرانییه‌‌كانم به‌ شێوازی كلیپ تۆمار بكه‌‌م. به‌‌ڵام چوونكه‌ وه‌‌ك هونه‌‌رمه‌‌ندێكی سه‌‌ربه‌‌خۆ ئیش ده‌كه‌م ئه‌‌سته‌‌مه‌ بتوانم هه‌‌موو مانگێك كلیپی نوێ تۆمار بكه‌‌م.

ستیڤان: رات چییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ به‌ پاره‌ ئاهه‌نگی حزبی یان خێزانی ده‌گێڕن؟.

كه‌ژاڵ ئاده‌می: زۆر له‌‌گه‌‌ڵ ئه‌‌و شته‌ نیم به‌‌ڵام دیاره‌ هه‌‌ر هونه‌‌رمه‌‌‌ندێك ئازاده‌ بۆ خۆی جێگه‌ و بایه‌‌خی خۆی دیاری بكات.

ستیڤان: ئه‌گه‌ر گۆرانیبێژ نه‌بوویتایه‌، به‌ ته‌نیا شیعرت ده‌نووسی یان له‌گه‌ڵ شیعرنووسیندا پیشه‌یه‌كی دیكه‌شت هه‌ڵده‌بژارد؟.

كه‌ژاڵ ئاده‌می: من هونه‌‌ر وه‌‌ك پیشه‌ و ئیش نابینم به‌‌ڵكوو هیوایه‌‌ت و سۆزێكه‌ كه‌ ئارامی ده‌‌به‌‌خشێته‌ ژیانم. له‌ زانكۆ له‌ بواری پزیشكی ده‌روونناسیدا ده‌‌خوێنم و خوێندن و ئیشكردن له‌ بواری ده‌‌روونناسیدا هه‌‌رده‌‌م حه‌‌ز و هیوایه‌‌تم بووه‌ و ئێستاش زۆر دڵخۆشم به‌‌وه‌‌ی به‌‌م ئاواته‌‌م گه‌‌یشتووم و له‌م بواره‌‌دا ده‌‌خوێنم و بێگومان له‌ داهاتوویشدا هه‌‌ر له‌‌م بواره‌‌دا ئیش ده‌‌كه‌‌م و هیوادارم زانیارییه‌‌كانم له‌‌ بواری ده‌‌روونناسیدا یارمه‌‌تیده‌‌رم بێت بۆ خۆلقاندنی شیعر و گۆرانی به‌‌هێزتر و به‌پێزتر.

ستیڤان: ئایا به‌رنامه‌ت نییه‌ بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ باشووری كوردستان هه‌م كاری هونه‌ریی بكه‌یت هه‌م كونسێرت؟.

كه‌ژاڵ ئاده‌می: منیش وه‌‌كوو هه‌‌موو ئه‌‌وانه‌‌ی له‌ وڵاته‌‌كه‌‌یان دوورن هه‌‌رده‌‌م به‌ ئاواتی گه‌‌ڕانه‌‌وه‌‌ی دووباره‌ و سه‌‌ردانی كوردستانم. له‌ ئێستادا پلانی گه‌‌ڕانه‌‌وه‌‌م نییه‌ به‌‌ڵام هیوادارم له‌ داهاتوودا ئه‌‌م هه‌‌له‌‌م بۆ بڕه‌‌خسێت و دیدارم به‌ دیدارتان شاد بێته‌‌وه‌.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.