Red Purple Black

هیوا میرزا سابیر – ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامی: یه‌كگرتوو كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌كردووه‌... دیمانه‌: ستیڤان شه‌مزینانی

PDFPrintE-mail

*كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم پێچه‌وانه‌ و دژی سیاسه‌تی ئۆپۆزیسیۆن نییه‌

* تا ئێستا زۆرینه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن پاشگری ئیسلامی له‌ ناوی یه‌كگرتوو نه‌كرێته‌وه‌

* په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا باشه‌

هیوا میرزا سابیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌ی "شه‌پۆل"دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر بارودۆخی ناوخۆیی یه‌كگرتووی ئیسلامی و ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ له‌ ناو یه‌كگرتوو دیموكراتی بوونی نه‌بێت. له‌ به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا پێیوایه‌ له‌ناو یه‌كگرتوو كێشه‌ی ناوچه‌گه‌ریی و ده‌سته‌گه‌ریی بوونی نییه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌وجۆره‌ نییه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ وێنای بۆ ده‌كێشرێت. له‌ به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌شدا ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوو باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كگرتوو و پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا ده‌كات و ده‌ڵێت په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانمان زۆر باشن.

ستیڤان:  سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كگرتوو له‌ دیمانه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: له‌ ناو یه‌كگرتوو دیموكراتییه‌ت بوونی نییه‌. ئێوه‌ چۆن سه‌یری دۆخی ناوخۆیی یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌كه‌ن؟.

هیوا میرزا: ئه‌گه‌ر دیموكراتی بریتی بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی ئازاد و رێزنان له‌ رای زۆرینه‌ و ئازادیی ئیراده‌ و بیروڕا و پابه‌ندبوون به‌و پرنسیپانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن زۆرینه‌وه‌ بڕیاردراون، بێگومان یه‌كگرتوو نموونه‌یه‌كی جوانی له‌م روانگه‌وه‌ پێشكه‌ش كردووه‌. ئه‌گه‌ر به‌ واقیع و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بچوێنرێت، له‌ولایشه‌وه‌ ئێمه‌ ئاسۆیه‌كی به‌رزتر و رۆشنترمان بۆ خۆمان دیاری كردووه‌. نابی به‌وه‌ی هه‌یه‌ رازی بین به‌ڵكو ده‌بێت باشتر و چاكتر و په‌ره‌سه‌ندوتری بكه‌ین، ناوخۆی یه‌كگرتوویش له‌ بارێكی ئاساییدایه‌، جیاوازیی بیروڕا و بۆچوونه‌كان هێمای گه‌شه‌كردن و هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و كامڵ بوون.

ستیڤان:  ده‌وترێت دوو جۆر ده‌سته‌گه‌ریی له‌ ناو یه‌كگرتوودا هه‌یه‌، جۆری یه‌كه‌م بریتییه‌ له‌ بوونی باڵی موحافیزكار و باڵی چاكسازییخواز. جۆری دووه‌م بریتییه‌ له‌ باڵی سۆرانی و باڵی بادینی. ئایا پێتوایه‌ ئه‌م جۆره‌ ده‌سته‌گه‌رییه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر ئاینده‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی؟.

هیوا میرزا: ده‌توانم ئه‌وه‌ بڵێم بوونی را و بۆچوونی جیاواز له‌ ناوماندا بۆ شێوازی گۆڕانكاریی و نوێكاریی و داهێنانكاریی، سه‌ركردایه‌تی حزب مامه‌ڵه‌یه‌كی بابه‌تی و واقیعی له‌گه‌ڵ ده‌كات، تا ئێستا یه‌كگرتوو به‌و شێوه‌ی كه‌ ئێوه‌ وێنای ده‌كه‌ن دابه‌ش نه‌بووه‌ و پارێزراوه‌ له‌ نه‌خۆشی ناوچه‌گه‌ریی و ده‌مارگیریی.

ستیڤان:  له‌ ماوه‌ی حه‌ڤده‌ ساڵی رابردوو هه‌ر ته‌نیا مامۆستا سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری یه‌كگرتوو بووه‌. ئایا پێتوانییه‌ ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ مۆنۆپۆڵ؟. ئایا ئه‌مینداری ئێستای یه‌كگرتوو هیچ ركابه‌رێكی تری نییه‌ شایسته‌ بێت بۆ پۆستی ئه‌مینداری گشتیی؟.

هیوا میرزا: له‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی و ئازادیی و یاسا سه‌روه‌ریدا پێویسته‌ رێز له‌ شایسته‌یی و پسپۆریی و ئه‌زموون و توانای تاكه‌كانی بگیرێت، كه‌سی گونجاو له‌ شوێنی گونجاوی خۆیدا دابنرێت، تاكه‌كان له‌ كاتی هه‌ڵبژاردندا ئازادبن له‌ خۆ پاڵاوتن و ده‌نگداندا. ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت وه‌ك راستییه‌ك دووباره‌ی بكه‌مه‌وه‌ بوونی مامۆستا (سه‌لاحه‌دین) وه‌ك ئه‌مینداری یه‌كگرتوو له‌ ماوه‌ی حه‌ڤده‌ ساڵی رابردوودا مونۆپۆل نییه‌، ئه‌ندامانی كۆنگره‌كانی یه‌كگرتوو به‌وپه‌ڕی ئازادیی و راشكاویی و به‌ دوور له‌ هه‌ر خۆ سه‌پاندن و كار بۆ كردنێكی پێشوه‌خت ئه‌و به‌ڕێزه‌یان به‌ شایسته‌تر و لێهاتووتر له‌ ئێَمه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ زانیوه‌ و له‌و روانگه‌یه‌وه‌ متمانه‌ و ده‌نگیان پێداوه‌.

 ئه‌م كار و پرۆسه‌یه‌ش هیچ تانه‌ و ناته‌واوییه‌كی نییه‌ و پێویسته‌ رێز له‌ ئیراده‌ی زۆرینه‌ بگرین، ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو كه‌سی لێهاتوو و شایسته‌ی بۆ پۆستی ئه‌مینداریی تێدا نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ تا ئێستا توانا و لێهاتن و هێزی ئیداره‌ی مامۆستا سه‌لاحه‌دین له‌ ئاست ئه‌و پۆست و به‌رپرسیارێتییه‌دایه‌. من ئه‌وه‌ به‌ نادیموكراسی و خۆسه‌پاندن و نادادپه‌روه‌ریی و هه‌ڵه‌ ده‌زانم به‌ناوی نوێكاریی و هاوچه‌رخبوون، حزب و جه‌ماوه‌ر له‌ به‌هره‌ و ئه‌زموونی كه‌سایه‌تییه‌ دڵسۆز وشایسته‌كان بێبه‌ش بكرێن.

ستیڤان:  له‌ كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا، یه‌كگرتووی ئیسلامی، داوای رووخانی ده‌سه‌ڵاتی ده‌كرد، به‌ڵام به‌مدواییانه‌ ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم كۆبۆته‌وه‌. ئایا ئه‌م هاودژیی نییه‌ له‌ سیاسه‌تی یه‌كگرتوودا؟. ئایا پاساوه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم چین؟.

هیوا میرزا: یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تری موعاره‌زه‌ پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شیان بۆ چاكسازیی و گۆڕانكاریی ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵات كردووه‌ و به‌رده‌وامیشن له‌سه‌ر داواكه‌ی خۆیان، داوای گۆڕینی حكوومه‌ت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بوو.. سیاسه‌ت و نه‌هجی یه‌كگرتوو روون و راشكاو و دیاره‌ و سه‌رۆكی هه‌رێم جێگه‌ی رێزی هه‌موو تاكێك و لایه‌نێكی هه‌رێمه‌ و سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان یاسایی و ئاسایی و پێویستیشه‌ و پێچه‌وانه‌ و دژی سیاسه‌تی موعاره‌زه‌ نییه‌. كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمدا نه‌كراوه‌ و له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا كه‌ی نهێنی هه‌یه‌؟، هیچ پێویستییه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان به‌ نهێنی بێت. وه‌ك وتم یه‌كگرتوو راشكاو و شه‌فاف و بوێره‌ له‌ راگه‌یاندنی په‌یوه‌ندیی و قه‌ناعه‌ت و سیاسه‌ت و پڕۆژه‌كانیدا.

ستیڤان:  لێره‌ و له‌وێ بانگه‌شه‌ بۆ دامه‌زراندنی حزبێكی ئیسلامی كوردیی هاوشێوه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌كرێت. "عه‌بدولڕه‌حمان سدیق"یش ده‌ڵێت مۆدیلی ئه‌م حزبانه‌ ئیسلامییانه‌ی ئێستا به‌سه‌رچووه‌. پێتوانییه‌ به‌ دامه‌زراندنی حزبێكی له‌و جۆره‌ پێگه‌ی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ به‌ره‌و لاوازیی ده‌ڕوات؟.

هیوا میرزا: دامه‌زراندنی حزب و رێكخراو مافێكی یاسایی هه‌ر تاك و گروپێكه‌، به‌لای منه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت حزبێكی وا كارا و خزمه‌تگوزار و چاكساز و گۆڕانكار دابمه‌زرێنن پیرۆزباییان لێده‌كه‌م، هه‌رگیز ئه‌وه‌یش مه‌ترسی نابێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، به‌ڵكو هه‌موومان پێكه‌وه‌ خزمه‌تی ئه‌م نیشتمانه‌ ده‌كه‌ین.

ستیڤان:  جار به‌ جار له‌ناو یه‌كگرتوودا جه‌ده‌ل له‌سه‌ر لێكردنه‌وه‌ی پاشگری ئیسلامی له‌ "ناو"ی یه‌كگرتوو گه‌رم ده‌بێت. ئایا تا چه‌نده‌ ئه‌و ره‌وته‌ی ئه‌م داوایه‌ی هه‌یه‌، ره‌وتێكی به‌هێزه‌ له‌ ناو یه‌كگرتوودا؟.

هیوا میرزا: به‌لای ئێمه‌وه‌ ناو گرنگ نییه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی ناوه‌ڕۆك و كار و پڕۆژه‌ و به‌رهه‌م گرنگه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ پاشگری (ئیسلامی) كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نییه‌، راكانیش له‌و باره‌وه‌ جیاوازن و تا ئێستا زۆرینه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن پاشگری ئیسلامی له‌ پێشتره‌، ئه‌و بابه‌تانه‌یش له‌ كۆنگره‌ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت و ئێمه‌یش كۆنگره‌مان له‌ پێشه‌ و هه‌موو پڕۆژه‌ و پێشنیار و بۆچوونێك له‌وی یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه‌.

ستیڤان:  به‌م دواییانه‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ ئه‌مینداری یه‌كگرتوو پاره‌یه‌كی زۆری له‌ حكوومه‌تی ئاكه‌په‌ وه‌رگرتووه‌. ئه‌م ده‌نگۆیه‌ چه‌ند راسته‌ و په‌یوه‌ندییتان چۆنه‌ له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا؟.

هیوا میرزا: پڕوپاگه‌نده‌ و بابه‌تی دوور له‌ راستی له‌م باره‌وه‌ ده‌وروژێنرێت. یه‌كگرتوو مامه‌ڵه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی روون و ئاشكران و هه‌مووی له‌ خزمه‌تی هه‌رێم و دۆزه‌كه‌یدایه‌، په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا باشه‌.