Red Purple Black

زانا رۆستایی- ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شورای كۆمه‌ڵی ئیسلامی: په‌یوه‌ندییه‌ حزبییه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی ئاساییه‌... دیمانه‌: ستیڤان شه‌مزینانی

PDFPrintE-mail

  * ده‌سه‌ڵات ته‌نیا داواكارییه‌ حزبییه‌كانی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی جێبه‌جێكردووه‌

* مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌ندی كێشه‌ی تێدابوو، به‌ڵام ئێستا چاره‌سه‌ر كراوه‌

* كۆمه‌ڵ نه‌یتوانیوه‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ئاسته‌ی پارتی و یه‌كێتی هه‌یانه‌

 

زانا رۆستایی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شورا و به‌رپرسی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ رێی ئه‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌ی گۆڤاری "شه‌پۆل"ه‌وه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند پرسێكی هه‌ستیاری سیاسیی و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانی كوردستان نه‌بوونه‌ته‌ پاشكۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، وتیشی: كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوتله‌گه‌ریی تێدا نییه‌، به‌ڵام زه‌مینه‌یه‌كی ئازادیش هه‌یه‌ بۆ رای جیاواز. له‌ به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا رۆستایی باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی تا ئێستا نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستی په‌یوه‌ندیی پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ و له‌ به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌شدا وتی: هه‌ر كاتێك گه‌ل و نیشتیمان و ئاینمان پێویستی به‌ گیان فیداكردن و چه‌كداریی هه‌بێت كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ هێزه‌كانی تری كوردستان دوا ناكه‌وێت.

ستیڤان: لێره‌ و له‌وێ ده‌وترێت، تموحی هه‌ر سێ لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن له‌ گۆڕینی سیستمه‌وه‌ بوو به‌ گێڕانه‌وه‌ی بودجه‌كانیان. ئایا ئێوه‌ پرسی گۆڕینی سیستمان كردووه‌ به‌ قوربانی گێڕانه‌وه‌ی بودجه‌؟. بۆچی ئه‌وه‌نده‌ی فشارتان بۆ گێڕانه‌وه‌ی بودجه‌ كرد، فشارتان بۆ هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كی تر نه‌كرد؟.

زانا رۆستایی: ئه‌م قسه‌یه‌ دووره‌ له‌ راستیی چوونكه‌ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی سیسته‌می سیاسیی تووشی سزای سیاسیی و بوودجه‌ بڕین بوون. هه‌روه‌ها كه‌مترین فشار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌كارهات به‌ به‌راوورد له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كانی تر، داواكاریی گێڕانه‌وه‌ی بودجه‌ له‌ كۆتایی لیستی داواكارییه‌كان بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ش یاری ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ ته‌نیا داواكارییه‌ حزبییه‌كانی جێبه‌جێكرد بۆ ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی پرسیار بخاته‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن، به‌ڵام هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له‌و یارییه‌ حاڵی بوونه‌ و له‌م یارییه‌ش ده‌بی لایه‌نی ده‌سه‌ڵات تووشی دۆڕان بكه‌ن و ئه‌و بیره‌ی بۆ ئۆپۆزیسیۆنیان لێداوه‌ خۆیان ده‌كه‌ونه‌وه‌ ناوی.

ستیڤان: هه‌ندێك ناوه‌ندی رۆژنامه‌وانی، خۆپیشاندانی دوو مانگی شاری سلێمانی وه‌ك گه‌مه‌یه‌كی كۆماری ئیسلامی ئێران سه‌یر ده‌كه‌ن. ئایا ئێران رۆڵی چی بوو له‌و پرۆسه‌یه‌دا؟.

زانا رۆستایی: ئه‌م پرسیاره‌ زۆر له‌وه‌ بچووكتره‌ كه‌ وه‌ڵام بدرێته‌وه‌.

ستیڤان: د. فایه‌ق گوڵپی پێیوایه‌ كه‌ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی بوونه‌ته‌ پاشكۆی گۆڕان، ئایا ئێوه‌ بوونه‌ته‌ پاشكۆی گۆڕان؟. هه‌ست ناكه‌یت ئێوه‌ زیاتر شوێن پلانه‌ ستراتیجییه‌كانی گۆڕان كه‌وتوون؟.

زانا رۆستایی: نه‌خێر، به‌ڵام گۆڕان ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی زیاتر بووه‌ له‌ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و ئه‌و سی لایه‌نه‌ هه‌موو بڕیاره‌كانیان به‌ راوێژ و ته‌وافوق ده‌ده‌ن.

ستیڤان: باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌ هاوپه‌یمانی سێ لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌. ئایا ئێوه‌ بیرتان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ به‌ ته‌نیا و جیاواز له‌ گۆڕان و یه‌كگرتوو وه‌ك لایه‌نێكی ئۆپۆزیسیۆن به‌ سه‌ربه‌خۆیی كار بكه‌ن؟.

زانا رۆستایی: هه‌ر لایه‌نێكی ئۆپۆزیسیۆن سه‌ربه‌خۆیه‌ و كۆمه‌ڵی ئیسلامیش یه‌كڕیزیی ئۆپۆزیسیۆنی زۆر لا مه‌به‌سته‌ و ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ لاواز ناكات.

ستیڤان: له‌ حاڵی حازردا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌كان خه‌ڵكیان كوشتووه‌ و ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكیان هانداوه‌ و ئه‌وانه‌شی كه‌مته‌رخه‌م بوون، رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌. ئێوه‌ وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن به‌ گشتیی و كۆمه‌ڵ به‌ تایبه‌تی ئاماده‌ن ئه‌و ئه‌ندامانه‌تان راده‌ست بكه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن یاساوه‌ داوا بكرێن؟.

زانا رۆستایی: ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا ته‌قه‌كه‌ران و پیاوكوژان ته‌سلیم به‌ یاسا كران، ئه‌وا هه‌ر كه‌سێكی كۆمه‌ڵ ئه‌گه‌ر دادگا داوای كرد ئاماده‌ ده‌بێت بۆ چوونه‌ به‌رده‌م یاسا.

ستیڤان: به‌رده‌وام گوێمان له‌وه‌ ده‌بێت ناكۆكی و كوتله‌گه‌ریی له‌ ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ به‌هێزبووندایه‌. له‌و نێوه‌نده‌دا به‌مدواییه‌ هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ ناكۆكی له‌ نێوان لایه‌نگرانی ئارام قادر و مه‌لا عه‌لی باپیر له‌ گه‌رمیان پێكدا هه‌ڵپڕژاوان. سروشتی ململانێ و كوتله‌گه‌ریی له‌ ناو كۆمه‌ڵدا چۆنه‌؟.

زانا رۆستایی: مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیان هه‌ندی كێشه‌ی تێدابوو چاره‌سه‌ر كران و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوتله‌گه‌ریی تێدا نییه‌، به‌ڵام زه‌مینه‌یه‌كی ئازادیش هه‌یه‌ بۆ رای جیاواز.

ستیڤان: هه‌میشه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كۆمه‌ڵی ئیسلامی هاوكاریی له‌ ئێران وه‌رده‌گرێت، ئایا په‌یوه‌ندیی ئێوه‌ و كۆماری ئیسلامی ئێران چۆنه‌؟.

زانا رۆستایی: تا ئێستا كۆمه‌ڵ نه‌یتوانیوه‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ پارتی و یه‌كێتی یان هه‌ندی حزبی تر له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یانه‌.

ستیڤان: ئایا پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت كۆمه‌ڵی ئیسلامی ببێته‌وه‌ به‌ هێزێكی چه‌كدار؟. چوونكه‌ وه‌ك ده‌وترێت بیرۆكه‌ی جیهادكردن له‌ ناو بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی ئێوه‌دا زۆر به‌هێز و فراوانه‌.

زانا رۆستایی: هه‌ر كاتێك گه‌ل و نیشتیمان و ئاینمان پێویستی به‌ گیان فیداكردن و چه‌كداریی هه‌بێت كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ هێزه‌كانی تری كوردستانی دوا ناكه‌وێت، به‌ڵام بیر له‌وه‌ ناكرێته‌وه‌ رووی چه‌ك به‌رامبه‌ر هێزه‌ كوردییه‌كان بكرێته‌وه‌ و له‌ رابردووشدا كۆمه‌ڵی ئیسلامی خۆی پاراستبوو له‌ شه‌ڕی ناوخۆ، مه‌گه‌ر بۆ به‌رگریی له‌ خۆكردن نه‌بێت و له‌گه‌ڵ نه‌مانی مه‌ترسیی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌كان، كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان به‌شی سه‌ربازیی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و ئێستا كۆمه‌ڵ حزبێكی سیاسیی مه‌ده‌نییه‌.

ستیڤان: په‌یوه‌ندییتان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حزبی حوكمڕانی كوردستان "پارتی و یه‌كێتی" چۆنه‌؟. باس له‌وه‌ ده‌كرێت له‌ مام جه‌لال نزیكبوونه‌ته‌وه‌؟.

زانا رۆستایی: په‌یوه‌ندیی حزبییمان ئاساییه‌ و كێشه‌كانی ئێمه‌ وه‌كوو ئۆپۆزیسیۆن له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و شێوازی حوكمڕانیانه‌ گه‌رنا وه‌كو دوو حزب په‌یوه‌ندییمان ئاساییه‌ و له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتیش، كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر یه‌ك مه‌سافه‌ راوه‌ستاوه‌ له‌به‌رامبه‌ریان.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.