Red Purple Black

چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ری سینه‌مای میسری شیرین عه‌زمی ... چاوپێكه‌وتن: زانا دڵشاد دزه‌یی- قاهیره‌

PDFPrintE-mail

خانمه‌ ئه‌كته‌ری سینه‌مای میسری شیرین عه‌زمی وه‌ك خۆی باسی ده‌كات 40 ساڵه‌ كاری ته‌مسیل ده‌كات، له‌زۆربه‌ی فیلمه‌كان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عادل ئیمام به‌شداریكردووه‌، له‌سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ وڵاتی میسڕ ئه‌ومان له‌ كافتریای "پرۆتلی" له‌قاهیره‌ بینی، خه‌ریكی نێرگه‌له‌كێشان بوو له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی چاوه‌ڕێی ئێمه‌ی ده‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ من له‌كاتی دیاریكراو گه‌یشتم، به‌ڵام ئه‌و نیو كاتژمێر زووتر له‌وی ئاماده‌بوو. پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ بكه‌ین داوای لێكردم جاری باسی كوردستانی بۆ بكه‌م، كه‌ دانیشتنه‌كه‌مان ته‌واو بوو. شیرین عه‌زمی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی به‌ناوبانگی میسره‌، به‌ڵام له‌ هه‌ڵسوكه‌ت و ژیانی ئاسایشیدا هه‌میشه‌ ساده‌ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و به‌ تاكسی هات و دوای دیمانه‌كه‌ش هه‌ر به‌ تاكسیی رۆیشته‌وه‌.

زانا دزه‌یی: ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌كاری هونه‌ری به‌شداریت نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ بڕیاری خۆته‌ یاخود خه‌تای به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانه‌؟

شیرین عه‌زمی: ئه‌وه‌ راسته‌ چه‌ند ساڵێكه‌ كاری كاری باش به‌رهه‌م نه‌هێنراوه‌، كه‌ له‌ئاستی هونه‌ری راسته‌قینه‌ی میسردا بێت، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ هۆكار بێت نه‌توانم به‌هه‌موو كارێك رازی بم، 40 ساڵه‌ كاری ته‌مسیل ده‌كه‌م بۆ من قورسه‌ له‌هه‌موو ئیشێك به‌شداری بكه‌م، تا نه‌زانم ئه‌و ئیشه‌ بۆ كه‌سایه‌تی من باشه‌ یان خراپه‌، ئایا ئیزافه‌ی كاره‌كانم ده‌كات یان نایكات. به‌ڵام لێره‌وه‌ رایده‌گه‌ینم له‌درامایه‌ك به‌شداریم كردووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی هونه‌ری و كه‌سایه‌تی من زۆر گونجاوه‌، مانگی داهاتوو ده‌ست به‌وێنه‌گرتنی ده‌كه‌ین و بۆ مانگی ره‌مه‌زانی ئاماده‌ ده‌كرێت.

زانا دزه‌یی: بۆچونێك هه‌یه‌ پێی وایه‌ رۆژ دوای رۆژ هونه‌ری میسری له‌پاشه‌كشه‌ ده‌دات، تۆش له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌ی، ئه‌گه‌ر وایه‌ هۆكاره‌كه‌ی چییه‌؟

شیرین عه‌زمی: هۆكار زۆرن، هۆكاری ئابووری، هۆكاری سیاسی، من پێم وایه‌ وه‌ستانی هونه‌ری میسری فه‌شه‌ل نییه‌، به‌ڵام دڵنیام له‌رۆژانی داهاتوو هونه‌ری میسری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بارودۆخی خۆی و پێش ده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌رچی له‌ئێستادا وه‌ستاوه‌، به‌ڵام هونه‌ری میسری هونه‌رێكی نه‌مره‌.

زانا دزه‌یی: له‌ئێستا له‌میسردا شانۆ پێشكه‌وتووتره‌ یان سینه‌ما؟

شیرین عه‌زمی: هه‌ردوو بواره‌كه‌ هه‌وادارانی خۆی هه‌یه‌، هاوكات بینینی سینه‌ما له‌ میسر پاره‌ی كه‌متری تێده‌چێت، بۆ نموونه‌ گه‌وره‌ی خێزان ده‌چێته‌ سینه‌ما له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی به‌ پاره‌یه‌كی دیاریكراوی كه‌م، به‌ڵام بۆ شانۆ كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی پێویسته‌.

زانا دزه‌یی: زۆربه‌ی ئافره‌ته‌ هونه‌رمه‌نده‌كانی میسر دوای ماوه‌یه‌ك له‌هاوسه‌ره‌كانیان جیاده‌بنه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو دنیا هه‌یه‌، به‌ڵام تۆ وه‌ك خانمه‌ هونه‌رمه‌ندێك ئه‌وه‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێنیه‌وه‌؟

شیرین عه‌زمی: هاوسه‌رگیری و هونه‌ر پێكه‌وه‌ ناگونجێن و له‌ یه‌كتر دوورن، چونكه‌ هونه‌ر پێویستی به‌ هه‌موو كاته‌كانی رۆژانه‌ت هه‌یه‌، هونه‌رمه‌ند رۆژانه‌ ده‌بێت زیاتر له‌ ١٨ كاتژمێر كار بكات، ئیتر كاتی چی بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌؟ ئه‌مه‌ هۆكاری جیابوونه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان و هاوسه‌ره‌كانییه‌.

زانا دزه‌یی: جیابوونه‌وه‌ی تۆش له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ت هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باستكرد؟

شیرین عه‌زمی: به‌ڵی هه‌ر ئه‌وه‌یه‌، ره‌نگه‌ ورده‌ كێشه‌ و تێنه‌گه‌یشتن روویدابێت، به‌ڵام ئه‌و ورده‌ كیشانه‌ش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ من وه‌ك ژنێكی ماڵه‌وه‌ كاته‌كانم بۆ ماڵ و مێرده‌كه‌م ته‌رخان نه‌كردووه‌، هه‌موو پیاوپێك ئه‌وه‌ قبوڵ ناكات، بۆیه‌ جیابوونه‌وه‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌، من ئێستا له‌و ته‌مه‌نه‌ نامه‌وی شوو بكه‌مه‌وه‌، ئێستا ته‌مه‌نێكم هه‌یه‌ و ته‌مسیلی ته‌مه‌نێكی تر ده‌كه‌م له‌قۆناخه‌كانی ژیانمدا.

زانا دزه‌یی: دوای شۆڕشی میسر زۆرینه‌ی ئه‌كته‌ره‌كانی میسر كرێی به‌شداریكردنیان له‌ فیلم و دراماكان كه‌م كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ش بۆ ئاسانكاری به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان و له‌به‌ر خۆشه‌ویستی هونه‌ری میسری و زیندووكردنه‌وه‌ی هونه‌ری میسری، تۆش كریی به‌شداریكردنت كه‌م كرده‌وه‌؟

شیرین عه‌زمی: ئه‌سڵه‌ن من باوه‌ڕم به‌و شته‌ نییه‌ و كه‌میشم نه‌كردۆته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی له‌راگه‌یاندنه‌كان وایانگوت درۆ بوو، كرێی خۆیان كه‌م نه‌كردبۆوه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر بۆ راگه‌یاندنه‌كان وایانگوت، من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی هونه‌ری میسرییه‌، دڵنیابن ئه‌وه‌ له‌ سیناریۆیه‌ك زیاتر نه‌بوو.

زانا دزه‌یی: ژنه‌ ئه‌كته‌ره‌كانی میسر دوای ماوه‌یه‌ك له‌ ته‌مسیلكردن و كاری هونه‌ری، دواتر حیجاب ده‌كه‌ن و به‌حیجاب ته‌مسیل ده‌كه‌ن، تۆ باوه‌ڕت به‌وه‌ هه‌یه‌، رۆژێك بێت تۆش جیجاب بكه‌ی؟

شیرین عه‌زمی: من ده‌ڵێم حیجاب حیجابی رۆحه‌، نه‌ك حیجابی سه‌ر، شه‌رت نییه‌ من سه‌رپۆش له‌سه‌ر بكه‌م، به‌ڵام ده‌توانم رۆحم سه‌رپۆش بكه‌م، من ئه‌كته‌رم به‌شداری فیلمێك ده‌كه‌م ره‌نگه‌ پێویست بكات سه‌ر پۆشم له‌سه‌ر نه‌بێت، هه‌ر بۆیه‌ پێم وایه‌ حیجابی رۆح له‌حیجابی سه‌رپۆش باشتره‌، له‌گه‌ڵ رێزم بۆ ئه‌و خانمانه‌ ئه‌كته‌رانه‌ی حیجابیان كردووه‌، به‌ڵام من وه‌ك خۆم باوه‌ڕناكه‌م حیجاب بكه‌م.

زانا دزه‌یی: پێتوایه‌ حكومه‌تی داهاتووی میسر حكومه‌تێكی چۆن ده‌بێت؟

شیرین عه‌زمی: ئێمه‌ ئێستا هیچ شتێكمان نییه‌، نه‌ په‌رله‌مان نه‌ سه‌رۆك نه‌ حكومه‌ت، به‌ڵام بۆچوونمان بۆچوونێكی باشه‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌تی داهاتووی میسر.

زانا دزه‌یی: له‌گه‌ڵ شۆڕش بووی یان له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی موباره‌ك؟

شیرین عه‌زمی: شۆرشی میسر ئێمه‌ی له‌ ٣٠ ساڵه‌ی ئازاردان و مافخواردن رزگار كرد، ئێمه‌ له‌ 30ساڵی حوكمێكی مردوو رزگار كرد، له‌ ٣٠ ساڵدا مافی خه‌ڵكێكی زۆر ده‌خورا، نه‌خێر من یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ندی میسر بووم پشتگیرم له‌ شۆڕشگێرانی میسر كرد و چاوه‌ڕوانی ئه‌و رۆژه‌م ده‌كرد.

زانا دزه‌یی: بیستومانه‌ له‌یلا عه‌لوی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر پشتگیری له‌مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی حوسنی موباره‌ك كردبوو، ئێستا له‌ میسر رایكردووه‌، تۆ ئاگاداری؟

شرین عه‌زمی: "به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌" به‌ڕاستی وایه‌؟ وه‌ڵڵا من ئاگادار نیم، به‌س ده‌زانم له‌یلا عه‌لوی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی حوسنی موباره‌ك تێكه‌ڵاوییه‌كی زۆری هه‌بوو، سوودێكی زۆری له‌ ده‌سه‌ڵاتی موباره‌ك وه‌رگرتووه‌.

زانا دزه‌یی: هیچت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بیستووه‌؟

شیرین عه‌زمی: ده‌زانم گه‌ڵێكی زولم لێكراوه‌ و ژماره‌یان زۆره‌، هاوڕێیه‌كی هونه‌رمه‌ندم رۆژێك باسی كوردی بۆ كردم، ئیوه‌ش باسی كوردستانتان بۆ كردم، ئێستا ده‌زانم كورد له‌ كوی و كوی هه‌یه‌، چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا هاتم هه‌رێمی كوردستان بۆ شاری سلێمانی، فێری هه‌ندی وشه‌ی كوردی بووم، به‌ڵام ئێستا تۆ به‌ جۆرێكی تر باسی كوردستانت بۆ كردووم، كه‌ پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، له‌به‌رنامه‌م داده‌نێم هه‌فته‌یه‌ك بۆ سیاحه‌ی خۆم بێمه‌ هه‌ولێر. ئینشاڵڵا له‌وی ده‌تانبینمه‌وه‌ و له‌نزیكه‌وه‌ گه‌لی كورد ده‌بینم، خۆشه‌ویستیم بۆ هه‌موو كوردێك هه‌یه‌ له‌هه‌ر وڵاتێك بن.

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it   


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.