Red Purple Black

هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار فه‌یسه‌ڵ عوسمان و بارانی شین ... ئاشتی گه‌رمیانی.. هه‌ولێر

PDFPrintE-mail

سروشت و باران و چیا و گوندو ده‌م و چاوه‌کان.. ڕه‌نگ دانه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ له‌ناو دونیای ئه‌م نیشتیمانه‌دا، مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر.. کرداره‌کانی مرۆڤ له‌گه‌ڵ که‌ره‌سته‌ مردووه‌کانی ئه‌م ده‌وروبه‌ره‌.. ڕه‌نگه‌کان که‌به‌چاو نمایشی لێ ده‌کرێت و ده‌ست نیشانی ئه‌و باکگراونه‌ ده‌که‌ن که‌ پێك ده‌که‌ون له‌گه‌ڵ چوار چێوه‌ی بینیندا.. ئه‌و فۆرمانه‌ له‌ چوار چێوه‌ی ئه‌و تابلۆیانه‌ن که‌ هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار ( فه‌یسه‌ڵ عوسمان ) له‌دوا چالاکی هونه‌ریدا که‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌هۆڵی میدیا له‌ 17 / 11 / 2011 دا نمایشی کردبوو.

چۆن مرۆ له‌ سروشت ده‌ڕوانێت وه‌ چۆن بیری لێ ده‌کاته‌وه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ چاوێکی هونه‌ری و تێڕوانینێکی ئه‌کادیمی ده‌وێت به‌تایبه‌ت له‌ ڕوانگه‌ی جوانی و به‌های ڕه‌نگه‌کانه‌وه‌، چۆن مرۆڤ له‌ ناوه‌ڕوه‌کی تابلۆکان تێ گه‌یشتنی ده‌بێت، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ نزیك بوونه‌وه‌و لێ تێ گه‌یشتنه‌ وورده‌کانی ئه‌و فۆرمانه‌ی که‌ هونه‌رمه‌ند به‌رجه‌سته‌ی ده‌کات وه‌ ده‌یانخاته‌ ڕوو، قوتابخانه‌ی ئه‌کادیمیه‌ت ئه‌و شێوازه‌یه‌ که‌ هونه‌رمه‌ند به‌کاری هێناوه‌ له‌ کاره‌ هونه‌ری یه‌کانیدا، هه‌ڵبه‌ته‌ کارتێکراوی قوتابخانه‌ وه‌ ڕێبازه‌ جیهانی یه‌کان به‌شێکن له‌و قۆناغه‌ی که‌ هونه‌رمه‌ند فه‌یسه‌ڵ عوسمان له‌ ڕوو به‌ری کاره‌کانیدا به‌کاری هێناوه‌، وه‌ گۆڕان کاری له‌ شێوازێکه‌وه‌ یان فۆرمێکه‌وه‌ بۆ فۆرمێکی تر قۆناغێك بووه‌ له‌ ژیانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ندا.

له‌کاره‌ هونه‌ری یه‌کانی ئه‌م نمایشه‌ دوایه‌دا تێکڕای کاره‌کان ئه‌و دیارده‌یه‌ن که‌ ده‌ربڕین له‌ جوانی وه‌ سروشتی کوردستان ده‌کات به‌ چیاوکانی و گوندو خه‌ڵکه‌وه‌ وه‌ به‌ مرۆڤ و ده‌وروبه‌ری یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ هونه‌رمه‌ند فه‌یسه‌ڵ عوسمان له‌کاتی خۆیدا کۆمه‌ڵێك کاری گوڵی ڕیالیستی پێش که‌ش کردین وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌م قوتابخانه‌ هونه‌ری یه‌ی هه‌ڵبژاردبوو.. بۆیه‌ زۆر ئاسایی یه‌ که‌ هونه‌رمه‌ند چی ڕێبازو چ قوتابخانه‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرێت له‌کاروانی هونه‌ریدا وه‌ له‌داهاتووه‌کانیدا، هه‌ڵبژاردنی فۆرم و دا‌ڕشتن کارێکی وا ئاسان نی یه‌ من بێگومانم له‌وه‌ی که‌ کاتێکی زۆری ده‌وێت له‌تاقی کردنه‌وه‌ی هونه‌ری وه‌ ده‌ست نیشان کردنی ئه‌و ڕێبازه‌ هونه‌ری یه‌.

خاڵێکی گرنگ هه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕیین به‌ شوێنیدا ئه‌ویش ئایا کێ ده‌رگا بۆ ئه‌م جۆره‌ کارانه‌ ده‌کاته‌وه‌ ! ئایا هه‌موو که‌سێك ئاره‌زووی ئه‌م ڕێبازه‌ هونه‌ری یه‌ی هه‌یه‌، ئایا خه‌ڵك چێژ له‌م هونه‌ره‌ وه‌رده‌گرن ؟ ئایا خه‌ڵکانێك هه‌ن تا ئیستاش له‌ جیهاندا تامه‌زرۆی ئه‌م جۆره‌ ڕێبازه‌ هونه‌ری یه‌ بن، بێگومان له‌هه‌ر قوتابخانه‌یه‌کدا جۆره‌ خه‌ڵك و تامه‌زرۆیه‌کی خۆی هه‌یه‌، وه‌ خه‌ڵكانێك هه‌ن ڕۆژانه‌ ده‌گه‌ڕێن به‌ گه‌له‌ری یه‌کان له‌ وولاتانی جیهاندا که‌ چ جۆره‌ کارێك نمایش ده‌کرێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌وولاتی مندا ڕه‌نگدانه‌وه‌کان پێچه‌وانه‌ بونه‌ته‌وه‌، که‌له‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌کوردستاندا ئاماده‌بوونی هونه‌ری زۆر که‌مه‌ وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئاماده‌ ده‌بێت له‌ڕێگای ناسیاری و داوه‌ته‌وه‌یه‌وه‌، ئه‌گینا خه‌ڵکانێك نی یه‌ وه‌کو پیشه‌یه‌ك سه‌ر به‌ گه‌له‌ری یه‌کاندا بکه‌ن و به‌دوای هونه‌رێکی ڕه‌سه‌ندا بگه‌ڕێن، له‌کاتێکدا هونه‌ری وولاته‌که‌مان که‌متر نی یه‌ له‌ وولاتانی ده‌وروبه‌ر یان جیهانی، چونکه‌ زمان و هونه‌ری هاوچه‌رخ کاروانێکی ستاندارته‌ وه‌ وولاتان په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن و که‌لتووری وولاته‌که‌یانی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌ن.

هونه‌رمه‌ند فه‌یسه‌ڵ عوسمان یه‌کێکه‌ له‌و کاروانه‌ هونه‌ری یه‌ وه‌ خاوه‌ن ئه‌زموونێکی هونه‌ری کوردی یه‌ له‌اناو چوارچێوه‌ی هاوچه‌رخیدا، له‌کاتێکیشداکه‌ هونه‌ره‌که‌ی گه‌یاندۆته‌ وولاتانی ده‌ره‌وه‌ وه‌کوردستان به‌تایبه‌تی، گرنترین وێستگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وامی هونه‌رمه‌ند گرنگی ده‌دات به‌ ژیانی که‌لتووری وه‌ ئه‌زموونه‌کانی.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.