Red Purple Black

هه‌ڵبژێردراوانی حه‌وته‌مین فیستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن دیاریكران

PDFPrintE-mail

هه‌ڵبژێردراوانی به‌شی پێشبڕكێی حه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن و بیرئانینی ده‌رهێنه‌ری ناودار و گه‌وره‌ی كورد "یه‌ڵماز گۆنه‌ی" دیاریكران.

به‌ پێی راپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن، رێوڕه‌سمی كۆتایی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن به‌ به‌شداری ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوان، ده‌رهێنه‌ره‌كان و هه‌روه‌ها ئه‌كته‌ره‌كانی كورد و بیانی فیلمه‌كانی به‌شداربوو له‌ فیستیڤاڵ، له‌ هۆڵی سینه‌مای "پیكچێر هاوس"ی شاری له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌چوو و له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی حه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن، هه‌ڵبژێردراوانی به‌شی پێشبڕكێی سێیه‌مین بیرئانینی ده‌رهێنه‌ری ناودار و گه‌وره‌ی كورد "یه‌ڵماز گۆنه‌ی" دیاریكران و ته‌ندیسی فیستیڤاڵ و خه‌ڵات به‌سه‌ریاندا دابه‌شكرا.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ كه‌ بریتی بوون له‌: "ماریا ئۆلسێن" Marie Olesen   به‌رهه‌مهێنه‌ر، دیكۆمێنتساز رۆژنامه‌نووس له‌ به‌ریتانیا، "ڤیدا ساڵحی" Vida Salehi   سیناریۆنووسی زنجیره‌ دراما ته‌له‌فیزیۆنی و كورته‌ فیلمه‌كان و به‌رپرسی كۆمپانیای سینه‌مایی "ستاك فیلمی سنه‌" له‌ كوردستانی ئێران، "نه‌زیره‌ توران" Nazire Turan   ده‌رهێنه‌ری چه‌ندین كورته‌ فیلم و ده‌رچووی توێژینه‌وه‌ی سینه‌ما و میدیا له‌ باكووری كوردستان، "ئازاد ناسح عه‌لی" (ئازاد كه‌ركووكی) Azad Nasseh Ali   ده‌رهێنه‌ری چه‌ندین كورته‌ فیلمی چیرۆكی و دۆكیۆمێنتی و زنجیره‌ درامای ته‌له‌فیزیۆنی و ده‌رچووی سینه‌ما له‌ زانكۆی فیلمی مۆسكۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان و "شیار عه‌بدی" Shiar Abdi   ده‌رهێنه‌ری چه‌ندین كورته‌ فیلم له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌نگی خۆیان له‌ به‌شی پێشبڕكێی سێیه‌مین خولی بیرئانینی ده‌رهێنه‌ری ناوداری كورد "یه‌ڵماز گۆنه‌ی" به‌م شێوه‌یه‌ راگه‌یاند:

پله‌ی یه‌كه‌م:

ـ كورته‌ فیلمی "هه‌نار میوه‌ی به‌هه‌شت" له‌ ده‌رهێنانی ته‌یموور قادری له‌ كوردستانی ئێران، پله‌ی یه‌كه‌می فیستیڤاڵی به‌ده‌ستهێنا و خه‌ڵاتی زێڕی پێبه‌خشرا.

پله‌ی دووه‌م:

ـ كورته‌ فیلمی "پێنج به‌رد" له‌ ده‌رهێنانی "كه‌نان تێكس" و "ریزا بارووت" له‌ باكووری كوردستان، پله‌ی دووه‌می به‌شی كێبڕكێی بیرئانینی "یه‌ڵماز گۆنه‌ی" به‌ده‌ستهێنا و خه‌ڵاتی نوقره‌ی فیستیڤاڵی پێبه‌خشرا

ـ پله‌ی سێیه‌م:

كورته‌ فیلمی "نیشتمانی پاڵه‌وانه‌كان" له‌ ده‌رهێنانی "سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌" له‌ هه‌رێمی كوردستان، پله‌ی سێیه‌می ئه‌م به‌شه‌ی فیستیڤاڵی به‌ده‌ستهێنا و خه‌ڵاتی نوقره‌ی پێبه‌خشرا.

خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ران:

ـ كورته‌ فیلمی "ده‌نگی باران" له‌ ده‌رهێنانی "جه‌لال ساعید په‌نا" له‌ كوردستانی ئێران، خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ی پێبه‌خشرا.

ـ هه‌روه‌ها كورته‌ فیلمی "برێشك" (سووتان) له‌ ده‌رهێنانی "سه‌ربه‌ست ره‌زا گه‌رمیانی" له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ هۆی ناوه‌رۆكی فیلمه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئافره‌تان، له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ری فیستیڤاڵه‌وه‌ رێزی لێگیرا.

له‌م خوله‌ی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ندا، 18 فیلمی سینه‌مایی، 30 فیلمی دۆكیۆمێنتاری، 20 كورته‌ فیلم له‌ به‌شی پێشبڕكێی و هه‌روه‌ها 36 كورته‌ فیلم له‌ به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی (لاوه‌كی) له‌ ده‌رهێنه‌رانی كورد و بیانی له‌ وڵاتانی عێراق، ئێران، توركیا، ئینگلته‌را، سوید، ئه‌ڵمانیا، سووریا، فه‌ره‌نسا، نه‌مسا، هۆڵه‌ندا، ئیتاڵیا، ئیمارات، نه‌رویج، فه‌له‌ستین و... نمایشكران و به‌ گشتی به‌شدار بوونی ئه‌م هه‌مووه‌ فیلمه‌ له‌ ده‌رهێنه‌رانی كورد و بیانی، یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ به‌رچاوه‌كانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌.

حه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن و سێیه‌مین خولی پێشبڕكێی "یه‌ڵماز گۆنه‌ی بۆ كورته‌ فیلم" به‌ نمایشكردنی 104 فیلمی سینه‌مایی، فیلمی دۆكیۆمێنته‌ری، ئه‌نیمه‌یشێن و كورته‌ فیلم به‌ ناوه‌رۆكی چیرۆكی و دۆكیۆمێنته‌ری له‌ ده‌رهێنه‌رانی كورد و بیانی له‌ رۆژانی 17 تا 27ی نۆڤه‌مبه‌ری 2011 له‌ سینه‌مای "هاكنی پیكچێر هاوس" و "ویستبۆرن ستۆدیۆ" له‌ شاری له‌نده‌نی پێته‌ختی وڵاتی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌چوو.

هه‌روه‌ها شاره‌وانی كێنزیگتێن و چێلسی خاتوو جۆلی میلز له‌ رۆژئاوای له‌نده‌ن، رۆژی 25ی نۆڤه‌مبه‌ر له‌ هۆڵی "ویستبۆرن ستۆدیۆ"ی شاری له‌نده‌ن ئاماده‌بوو و به‌ ره‌سمی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ی له‌ رۆژئاوای له‌نده‌ن كرده‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن.

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.