Red Purple Black

هونه‌رمه‌ند زاهیر عه‌بدوڵڵا: هه‌موو شتێكم بۆ یه‌كێتی كرد هیچی بۆ نه‌كردم، ئێستا پارتیم هیچم بۆ پارتی نه‌كردووه‌ هه‌موو شتێكی بۆ كردم ... چاوپێكه‌وتن و فۆتۆ: زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

من و سه‌لام كۆیی پشتی سه‌عدون یونسمان گرت ده‌ست به‌ئیش بكاته‌وه‌، به‌ڵام سه‌عدون ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نییه‌ پشتی پێبه‌ستی

هونه‌رمه‌ند زاهیر عه‌بدوڵڵا ئه‌كته‌رێكی ناوسراوی شاری هه‌ولێره‌، به‌شداری له‌و شانۆگه‌ری و كورته‌ ته‌مسیلانه‌ كردووه‌ كه‌ ئێستاش لای خه‌ڵكی هه‌ولێر باسده‌كرێنه‌وه‌، خه‌ڵك به‌قۆناخی ئیشكردنی ئه‌وان ده‌ڵێن "سه‌رده‌می زێرینی شانۆ و ته‌مسیل" له‌هه‌ولێر، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه‌ زۆر به‌كه‌می به‌شداری له‌كاری هونه‌ری ده‌كات و ئێستا به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی گشتییه‌ له‌ هه‌ولێره‌. له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ (سڤیل) ـدا باس ژیانی هونه‌ری و لایه‌نه‌ تایبه‌تییه‌كانی ژیانی خۆی ده‌كات.

زانا دزه‌یی: له‌زۆربه‌ی كاره‌ هونه‌رییه‌كانت، پیاوێكی توڕه‌ و فیتنه‌چی و ره‌زیلی، من تۆم وانه‌بینیووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ تاچه‌ند له‌ كه‌سایه‌تی منداڵیت هه‌بووه‌؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: ئێستا وانیم ئه‌وجا له‌منداڵی كو وا ده‌بم! له‌سه‌ره‌تاوه‌ وارێكه‌وت كاتێك من ساڵی 1972 ده‌ستم به‌كاری ته‌مسیل كرد له‌گه‌ڵ مامۆستای گه‌وره‌م سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان، ئه‌مساڵه‌ی من باسی ده‌كه‌م له‌قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی جه‌مهوری قوتابی قۆناخی دووه‌م بووم، كاك سه‌باح و ته‌حسین ته‌ها له‌چالاكی قوتابخانه‌كان بوون، كاك سه‌باح شانۆگه‌ریه‌كی هه‌بوو هاته‌ قوتابخانه‌كه‌مان قوتابی هه‌ڵبژێرێت، ته‌حسین ته‌هاش هات ئاهه‌نگێكی هه‌بوو ئه‌ویش ده‌یویست كوڕه‌ ده‌نگخۆشه‌كان هه‌ڵبژێرێت، من ناوم له‌گۆرانی نووسی، چونكه‌ له‌ حه‌مام گۆرانیم ده‌گوت ده‌نگم خۆشبوو وامده‌زانی ده‌نگم خۆشه‌، بۆ به‌یانی ناوه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ و له‌تابلۆی ئاگارداركردنه‌وه‌یان دابوو، ناوم له‌ شانۆ گه‌ڕایه‌وه‌، زۆرم پێناخۆش بوو، چوومه‌ لای ته‌حسین ته‌ها پێمگوت مامۆستا من له‌گۆرانی ناوم نوسیووه‌ بۆچی له‌شانۆ هاتۆته‌وه‌، سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان له‌ته‌نیشی دانیشتبوو وه‌ڵامی دامه‌وه‌ گوتی كوڕم تۆ بۆ ته‌مسیل باشی، ئه‌وكات زانیم شانۆ هه‌یه‌ و مامۆستا هه‌یه‌.

له‌وی مامۆستا سه‌باح له‌شانۆگه‌ریه‌كه‌ی خۆی به‌شداری پێكردین و له‌و ئیشه‌دا قوتابییه‌ باشه‌كانی هه‌ڵبژارد گوتی من تیپی هونه‌ری هه‌ولێرم هه‌یه‌ و ئێواران سه‌ردانم بكه‌ن، ئینجا ورده‌ ورده‌ تێكه‌ڵی شانۆ بووم. ساڵی 1976 مامۆستا سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان گوتی تۆ ئه‌كته‌رێكی چاكی ده‌مێكه‌ دامناوه‌ رۆڵێكی به‌رچاوت بده‌می، ئه‌وه‌بوو رۆڵی "ئومه‌ر چاوچنۆك"ـی دامی، له‌و شانۆگه‌ریه‌كه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتوو بووم، ده‌رهێناره‌كان چاویان له‌وه‌ بوو ئیشیان له‌گه‌ڵ بكه‌م و رۆڵی شه‌ڕ و سلبیم بده‌نی.

زانا دزه‌یی: كه‌واته‌ سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان نه‌یهێشت گۆرانی بڵێی؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: به‌ڵی، له‌وانه‌یه‌ ئێستا گۆرانیبێژێكی فاشیل بام.. ده‌بوومه‌ ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ی كه‌س گوێیان لی راناگرێت.

زانا دزه‌یی: دواجار خوێندنی چیت ته‌واوكرد؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: ده‌رچووی په‌یمانگای سناعه‌م، به‌شی كاره‌با، ئێستاش نازانم یه‌ك پلاكی كاره‌با ببه‌ستم، چونكه‌ ئه‌و حه‌زی من نه‌بوو، كاتێك سێیه‌می ناوه‌ندیم ته‌واوكرد په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌س له‌ به‌غدا هه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی من كوڕی گه‌وره‌ی ماڵ بووم دایكم نه‌یهێشت بچمه‌ به‌غدا و گوتی تۆ بڕۆی من شتێكم لی به‌سه‌ردێت.

زانا دزه‌یی: وێنه‌ی گه‌نجیتم بینیووه‌، گه‌نجێكی جوان و قۆزی، جگه‌ له‌وه‌ش كه‌سێكی زۆر شیكی، كه‌واته‌ له‌گه‌ڵ دڵداری چۆن بووی؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: ئێستاش قۆزم، دڵداری زۆریشم كردووه‌، پێش ته‌مسیل و گۆرانی و ئه‌وانه‌، ساڵی شه‌سته‌كان كه‌ له‌سه‌ره‌تای بووم پیاوێكی گه‌وره‌ی نورانی زانا داخیلی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ بوو، ناوی مامۆستا حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامییه‌، پلكمی خواست، دایك و باوكم بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ نه‌خوێنده‌وار بوون، من و خوشكێكم ده‌مانخوێند، ئه‌گه‌رنا ئه‌وانی تر كه‌ دوو داپیر و دوو باپیر دایك و باوكم هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌ژیان یه‌ك مه‌نجه‌ڵ نان ده‌خورا كه‌س خوێنده‌واری نه‌بوو، ئه‌و پیاوه‌ هات دنیایه‌كی دیكه‌ی به‌من نیشاندا و زۆر شتی فێركردم، ده‌چوومه‌ ماڵیان مه‌كته‌به‌یه‌كی هه‌بوو هانیده‌دام كتێب بخوێنمه‌وه‌، شیعر و چیرۆكی منداڵان.

زانا دزه‌یی: بۆچی خۆت له‌ مه‌سه‌له‌ی دڵدارییه‌كه‌ دزییه‌وه‌؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: "به‌پێكه‌نینه‌وه‌" دایك و باوكم وایان فێركردبووین كچانی گه‌ڕه‌كی خۆمان خوشكمانن، زۆربه‌ی ماڵه‌كانی گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ وافێركرابوون، له‌به‌رئه‌وه‌ دڵداریمان له‌گه‌ڵ كچانی گه‌ڕه‌كانی تر ده‌كرد، یان له‌سه‌ر رێگای مه‌كته‌بی كچان ده‌وستاین ئه‌گه‌ر كچێكمان پێجوان بوایه‌ چاودێریمان ده‌كرد. هه‌تا گه‌یشتمه‌ ئه‌و قۆناخه‌ی كچێكم خۆشده‌ویست له‌گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌بان بووم، ساڵێكی خوێندنم، دووه‌می ناوه‌ندیم له‌سه‌ر ئه‌و كچه‌ دانا. به‌حیساب بۆ خوێندن ده‌رۆم، ده‌چووم له‌به‌رامبه‌ر ماڵی ئه‌وان راده‌وه‌ستام.

كچێكی دیكه‌ هه‌بوو ماڵیان له‌پشت قوتابخانه‌ی جمهوری بوو، ئه‌وكاته‌ زۆر لاواز و جورجه‌ بووم، له‌كۆڵانه‌كه‌یان دوكاندارێك هه‌بوو زانیبووی زۆر هاتۆچۆی كۆڵانه‌كه‌یان ده‌كه‌م، رۆژێك بانگی كردم و گوتی كوڕی كێی؟ پێمگوتم تۆ چ ئیشت هه‌یه‌... گوتی ئه‌دی لۆ ئه‌وه‌نده‌ دێیه‌ ئه‌و كۆڵانه‌ ماڵی كێت لێره‌یه‌.. گوتم ماڵی كه‌سم لێره‌ نییه‌.. قه‌میسه‌كه‌ی گرتم و گوتی مل تڕتڕۆك جارێكی تر بێیه‌وه‌ ئه‌و كۆڵانه‌ هه‌ردوو چاوت ده‌ردێنم، له‌ترسان ئه‌ویشم ته‌رك كرد.

تاقۆناخێك ئه‌و شتانه‌ هه‌بوون، ئه‌وه‌بوو شیرین خانم خواست، به‌ڵام ئه‌و به‌دڵداری نه‌بوو، خزمی خۆم هه‌بوو له‌كۆییه‌، ئه‌ویان بۆ ده‌ستنیشان كردم، ساڵی 1980 چووینه‌ داخوازی، دایكی گوتی بچووكه‌ ناده‌ین، ساڵێك له‌سه‌ری وه‌ستام و ساڵی پاشتر رازی بوون و له‌ 12/12/1982 گواستمه‌وه‌.

زانا دزه‌یی: تۆ یه‌كێكی له‌ئه‌كته‌ره‌ دیاره‌كانی شاری هه‌ولێر، به‌شداری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ت كردووه‌ كه‌ پێیان ده‌گوتری "زێرین" به‌بڕوای تۆ هۆكاری په‌رتبوونی هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ وایكرد زه‌ره‌رێكی گه‌وره‌ به‌ شانۆ و درامای هه‌ولێر بدات؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: ئه‌وه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌ی له‌پاش راپه‌ڕینه‌وه‌ دروست دروست بوو، ئه‌گه‌رنا پێش راپه‌رین هه‌موومان یه‌ك ده‌نگ بووین، به‌ڵام دوای راپه‌رین هونه‌رمه‌ندان دابه‌شبوون به‌سه‌ر حیزبه‌كان، ئه‌و حیزباتییه‌ رۆحی هونه‌ری له‌ناو هونه‌رمه‌نده‌كان كوشت، هه‌نێكمان بووینه‌ یه‌كێتی و هه‌ندێكی تر بوونه‌ پارتی، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌راگه‌یاندن ئیشیان كرد، ئه‌و ململانێیه‌ی كه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو حیزبه‌ دروست بوو ئێمه‌شی گرته‌وه‌، چونكه‌ سه‌ره‌تا به‌و نیازه‌ چووینه‌ ناو حیزبه‌كان كوردایه‌تی ده‌كه‌ین، دواتر تووشی ململانێی یه‌كتر بووین. هۆكاری دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ پاش راپه‌رین باری گوزه‌رانی ژیان زه‌حمه‌ت بوو، من دووجار مه‌كته‌بی ناو ماڵی خۆم فرۆشت كه‌ ده‌گه‌یشته‌ دوو هه‌زار كتێب، بۆئه‌وه‌ی بتوانم جه‌ژنان جل بۆ منداڵه‌كان بكڕم. ئه‌و دوو هۆكاره‌ وایكرد تائێستاش خۆمان نه‌گرتۆته‌وه‌.

زانا دزه‌یی: ئه‌ی بۆچی هونه‌رمه‌ندانی سلێمانی به‌مجۆره‌ی هه‌ولێر په‌رتوبڵاو نه‌بوون و له‌كاركردن به‌رده‌وام بوون؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: ئه‌وانیش په‌رتبوون، به‌ڵام ئه‌وان وشیاری هونه‌ریان زیاتر بوو توانیان زوو هه‌ڵسنه‌وه‌، چونكه‌ له‌وی ده‌رهێنه‌ری زۆر و باشیش هه‌یه‌، ئێمه‌ لێره‌ ئه‌زمه‌ی ده‌رهێنه‌رمان هه‌یه‌، ئێستا من دوو نووسینی زۆر چاكم ئاماده‌یه‌ نازانم به‌كام ده‌رهێنه‌ری بده‌م ئیشی تێدا بكات.

زانا دزه‌یی: ئه‌ی بۆچی نووسینه‌كه‌ت ناده‌ی به‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی سلێمانی، كه‌ تۆ ده‌ڵێی ده‌رهێنه‌ری باشی تێدایه‌؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: ئیشه‌كانی من ته‌واو هه‌ولێرییه‌، ده‌بێت ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ له‌ورده‌واله‌ی هه‌ولێر بزانی و ئه‌و روحه‌ هه‌ولێرییه‌ی ناو نووسینه‌كه‌م بمێنێته‌وه‌ ئه‌وجا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.

زانا دزه‌یی: به‌ڵام له‌هه‌ولێر ئێستاش سی ده‌رهێنه‌ری باشی وه‌ك "سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان و ته‌لعه‌ت سامان و سه‌عدون یونس" له‌هه‌ولێر هه‌یه‌، بۆ سیناریۆكه‌ت به‌وان ناده‌ی و جارێكی دیكه‌ی هه‌موو كۆببنه‌وه‌؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: هه‌ر سێكیانم تاقیم كردۆته‌وه‌، ئێستا ئه‌وانیش ئه‌و تاقه‌ته‌یان نه‌ماوه‌.

زانا دزه‌یی: به‌ڵام هونه‌رمه‌ند سه‌عدون یونس ده‌ڵێت "بۆ ئیشكردن گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ هه‌ولێر" ده‌شڵی "به‌هێز و تاقه‌تی خۆمم و ئێستاش ده‌توانم وه‌ك جاران ئیشی جوان بكه‌م". ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكی باشه‌ ئیش بكه‌نه‌وه‌، بۆ سیناریۆكه‌تی پێشكه‌ش ناكه‌ی؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: 10 ئیشم هه‌بی یه‌ك ئیشی ناده‌می، ته‌جروبه‌م له‌گه‌ڵی هه‌یه‌، من پشت به‌دیوارێك ده‌به‌ستم كه‌ نه‌روخێت، شت زۆره‌ به‌س نامه‌وی هه‌موو شتێك بڵێم، سه‌عدون یونس له‌ 1996 چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و چه‌ندینجار هاته‌وه‌ یه‌ك ئیشی پێنه‌كرا، كاتێك ته‌رمی "سه‌میره‌ خان"ـی هێنایه‌وه‌، من و سه‌لام مۆیی بڕیارماندا پشتی بگرین و ئیشێكمان كرد، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ چه‌ندینجار گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ یه‌ك ئیشی نه‌كردووه‌ چونكه‌ كه‌س پشتی ناگرێت، ئێمه‌ش پشتی ناگرین، چونكه‌ هونه‌رمه‌ندێكه‌ جێگای متمانه‌ نییه‌.

زانا دزه‌یی: شانۆ و دراما له‌ هه‌ولێر پێشكه‌وتووتره‌ یان له‌ سلێمانی؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: بێگومان له‌ سلێمانی پێشكه‌وتووتره‌، له‌هه‌ولێر قاتوقری ده‌رهێنه‌ر و ده‌ق و هۆڵمان هه‌یه‌، له‌هه‌ولێر به‌س ئه‌كته‌ری باشمان هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌هه‌ولێر وه‌ك مێگه‌له‌ مه‌ڕێكمان لێهاتووه‌ شوانمان نییه‌ و شه‌وانه‌ كۆنه‌كانی هه‌ولێر لێكه‌تینه‌، هه‌تا ئه‌و شوانه‌ دروست نه‌بێته‌وه‌ قه‌ت ناتوانین وه‌ك جاران كۆبینه‌وه‌ و ئیشی جوان بكه‌ین.

زانا دزه‌یی: باسی حیزبایه‌تی هونه‌رمه‌نده‌كانت كرد، به‌ڵام تۆش حیزبایه‌تیت كرد، یه‌كێتی بووی، دواتر بووی به‌ پارتی، بۆچی ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ت كرد؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: له‌به‌ر یه‌ك شت، ویستم بژیم، ویستم له‌ناو له‌ناو ململانێكاندا نه‌بمه‌ قوربانی، بۆئه‌وه‌ی ماڵ و منداڵم نه‌ڵێن بابه‌ لۆ ناتوانی بمانژێنی، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك و وه‌ك ئینسانێك نه‌مویست سبه‌ی شه‌رمه‌زاری ماڵ و منداڵم نه‌بم.

زانا دزه‌یی: كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بۆی نه‌كردی پارتی بۆیكردیت؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: به‌ڵی، بنووسه‌ هه‌موو شتێكم بۆ یه‌كێتی كرد، گه‌نجاتی خۆم له‌سه‌ردانا و سجنی هه‌یئه‌ی كه‌ركووكم دیت، پێشمه‌رگایه‌تیم بۆیكرد له‌پێناوی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران و یه‌كێتی، هیچیان بۆ نه‌كردم، ئێستا پارتیم و هیچم بۆ پارتیش نه‌كردووه‌ و هه‌موو شتێكیان بۆ كردووم، یه‌ڵڵا ئه‌وه‌ بكه‌ مانشێت.

زانا دزه‌یی: به‌ڵام ده‌ڵێن تۆ له‌كاك كۆسره‌ت توڕه‌ بووی بۆیه‌ وازت له‌یه‌كێتی هێنا، ئه‌وه‌ تاچه‌ند راسته‌؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: ناخێر وانییه‌، من ناوی كه‌س ناده‌م، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاك كۆسره‌ت یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئێستاش خۆشمده‌وێت، خه‌ڵكی تر هه‌یه‌ لێی توڕه‌ بوومه‌، ئه‌وه‌ی به‌رپرسی من بوو له‌ راگه‌یاندن له‌وان توره‌ بووم.

زانا دزه‌یی: هیچكات له‌لایه‌ن شه‌خسی سیاسی هاوكاری مادی كراوی؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: به‌ كۆمه‌ڵه‌ سوودمه‌ند بووین، بۆ نموونه‌ هێرۆخان هاوكاری هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی "به‌رنامه‌ی به‌رنامه‌" كردووه‌، به‌ڵام به‌ته‌نیا هاوكاری من نه‌كراوه‌، ره‌نگه‌ له‌و گه‌وره‌تر هاوكاری ئێمه‌ی كردووه‌.

زانا دزه‌یی: بۆچی وازت له‌"به‌رنامه‌ی به‌رنامه‌" هێنا، له‌به‌رئه‌وه‌ بوو، كه‌ بووی به‌ پارتی؟

زاهیر عه‌بدوڵڵا: نا ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر پارتی و یه‌كێتی نه‌بوو، من كه‌ هاتمه‌وه‌ هه‌ولێر، بۆمن زۆر زه‌حمه‌ت بوو هاتوچۆی ئه‌و رێگایه‌ بكه‌م، بارودۆخی كوردستان باش نه‌بوو، پێمگوتن ئه‌و وه‌زعه‌ بۆمن ناچێته‌سه‌ر، بۆئه‌وه‌ی بزانن من له‌سه‌ر پارتی وازم له‌ "به‌رنامه‌ی به‌رنامه‌" نه‌هێناوه‌، دوای پێنج مانگ هێرۆ خان خه‌به‌ری بۆ ناردم و گوتی ئێستاش ئه‌گه‌ر زاهیر مووچه‌ی به‌رنامه‌ی به‌رنامه‌ی ده‌وێت بۆی ده‌نێرم، گوتم سوپاس، وه‌زعم زۆر باشه‌ باچیدیكه‌ نه‌ینێری.

زانا دزه‌یی: من پرسیارێكم نه‌ما، سوپاست ده‌كه‌م.

زاهیر عه‌بدوڵڵا: سوپاستان ده‌كه‌م، هیوادارم ئه‌و قۆناخه‌ی ئێستا كه‌ دراما و شانۆی كوردی به‌تایبه‌ت له‌شاری هه‌ولێر پێدا تێده‌په‌ری زوو ته‌واو ده‌بێت، بۆئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانی راسته‌قینه‌ بێنه‌وه‌ مه‌یدان و خه‌ڵكی گه‌نده‌ دووركه‌وێته‌وه‌.

zanadzey@yahoo. com

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری سڤیل


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.