Red Purple Black

مه‌هلێت، گۆرانیبێژه‌ ئه‌سیوپییه‌كه‌ی كوردستان: مامۆستا هه‌ڵكه‌وت پێیگوتم ساڵی 2012 كارێكی تر ده‌كه‌ین .. چاوپێكه‌وتن: زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

مه‌هلێت، ناوی ئه‌و كچه‌ ئه‌سیوپییه‌ كه‌ پێنج ساڵ پێش ئێستا بۆ كاركردن هاته‌ كوردستان، له‌ماڵی ئاوازدانه‌ر هه‌ڵكه‌وت زاهیر ده‌ستی به‌كاركردنكرد، كه‌ ماڵێكی هونه‌رییه‌ و جمه‌ی دێ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ لاوانه‌ی هه‌ڵكه‌وت زاهیر گۆرانیان بۆ ده‌كات، ئه‌مساڵ هه‌ر له‌و ماڵه‌دا مه‌هلێت گۆرانییه‌كی بۆ كرا به‌ناوی "له‌ ئه‌سیوپیا بۆ كوردستان". كه‌ باس له‌ یه‌كسانی و دیمه‌نی جوانی كوردستان ده‌كات.

مه‌هلێت ساڵی 1989 له‌ ئه‌دیساباد له‌دایكبووه‌ و بڕوانامه‌ی دبلۆمی هه‌یه‌، له‌و چاوپێكه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ (سڤیل) مه‌هلێت ده‌ڵی "له‌ ئه‌سیوپیا زیاتر به‌كاری كه‌نیسه‌ خه‌ریكبووم، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ژاری هاتم بۆ كوردستان ئیش بكه‌م". دوای بڵاوكربوونه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌ی، كه‌ ئه‌مساڵ هه‌ڵكه‌وت زاهیر بۆیكرد و كه‌ناڵی هه‌ولێر كلیپی كرد، مه‌هلێت كه‌ به‌زمانی كوردی گۆرانییه‌كه‌ ده‌ڵێت و باسی دیمه‌نه‌ جوانه‌كانی كوردستان و یه‌كسانی نێوان ره‌ش و سپی ده‌كات، ئه‌م گۆرانییه‌ مانگێكه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ری یوتوب 18 هه‌زار جار بینراوه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ مه‌هلێت ده‌ڵێت "ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ پێیان گوتووم و ده‌ستخۆشیم لێكراوه‌، هه‌ست ده‌كه‌م گۆرانییه‌كه‌م سه‌ركه‌وتوو بووه‌، بۆیه‌ من هه‌وڵده‌ده‌م به‌رده‌وام بم، به‌پێی ده‌رفه‌ت و ره‌خساندنی كات، به‌ڵام كارێكی ترم هه‌یه‌ مامۆستا هه‌ڵكه‌وت زاهیر پێیگوتم له‌ ساڵی 2012 كارێكی تر ده‌كه‌ین". ده‌شڵێت "ئه‌و گۆرانییه‌م گوت مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نه‌بوو نیشانی بده‌م ده‌نگم خۆشه‌، خۆشی ده‌نگ جه‌ماوه‌ر ده‌بێ بڕیاری لێبده‌ن، به‌ڵام زۆرتر ویستمان په‌یامی یه‌كسانی و جوانی كوردستان نیشان بده‌ین". مه‌هلێت ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد ماڵه‌وه‌یان گۆرانییه‌كه‌ی ئه‌ویان بینیووه‌ و زۆریان پێ باش بووه‌ و ده‌ستخۆشیان لێكردووه‌، "ماڵه‌وه‌مان حه‌ز ده‌كه‌ن به‌رده‌وام بم، هه‌روه‌ها هاوڕێكانیشم له‌ كوردستان و ئه‌سیوپیا ده‌ستخۆشیان لێكردووم". گوتیشی "گۆرانییه‌كه‌مان ناردووه‌ بۆ كه‌ناڵه‌كانی ئه‌سیوپیا و لێیان داوه‌، داوای چاوپێكه‌وتنم لێده‌كه‌ن و زۆر پێیان خۆش بووه‌".

له‌پرسیارێكی (سڤیل) داوا له‌ مه‌هلێت كرا گۆرانییه‌كی دڵداری به‌زمانی ئه‌سیوپی بۆ كوڕه‌ ئه‌سیوپییه‌كانی كوردستان بكات، مه‌هلێت به‌پێكه‌نیه‌وه‌ گوتی "بیرۆكه‌یه‌كی زۆر جوانه‌ و هه‌وڵیش ده‌ده‌م بیكه‌م، به‌ڵام كوڕه‌كانی كوردستان زۆر جوانترن". ئه‌و كچه‌ ئه‌سیوپییه‌ ئاوا باسی كوردستان ده‌كات "كوردستانم زۆر خۆشده‌وێت، سروشتی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی زۆر باشن و ناخ جوانن، ئه‌سیوپیاش بۆ من دایكی دووه‌مه‌، كوردستان و ئه‌سیوپیا هه‌ردووكیان بۆمن وه‌ك وڵاتی خۆم سه‌یر ده‌كه‌م". مه‌هلێت كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كجاری بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆی دیاری نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ریش بیری ئه‌سیوپیا بكات وه‌ك خۆی ده‌ڵێت مامۆستا هه‌ڵكه‌وت زاهیر ده‌منێرێته‌وه‌ بۆ سه‌فه‌ركردن".

مه‌هلێت له‌سه‌ر ئه‌و خواردنانه‌ی كه‌ له‌ماڵی هونه‌رمه‌ند هه‌ڵكه‌وت زاهیر دروستی ده‌كات ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌و ده‌زانی هه‌موو جۆره‌ خواردنێك دروست بكات، "به‌ڵام مامۆستا هه‌ڵكه‌وت خواردنی ئه‌سیوپی ناخوات، به‌س خواردنی ئێرانی و لوبنانی حه‌ز ده‌كات و ده‌خوات، له‌قوتابییه‌كان لۆكه‌ حه‌ز به‌ خواردنی ئه‌سیوبی ده‌كات و ده‌یخوات". هلێت ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، تائێستا له‌ماڵپه‌ڕی فه‌یسبووك به‌شداری نه‌كردووه‌ و گوتی "به‌ڵام منیش به‌نیازم دایبنێم".

سه‌رچاوه‌: سڤیل

Zanadzey@yahoo. com


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.