Red Purple Black

شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی خه‌ڵاتی ئاكادیمیای ئاسیا په‌سیفیكی به‌ده‌ستهێنا

PDFPrintE-mail

سیناریوی پروژه‌ی فیلمی نوێی (شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی) خه‌ڵاتی 25 هه‌زار دوڵاری سندووقی فیلمی ئاكادیمیای خه‌ڵاتی ئیسكرینی ئاسیا ـ په‌سیفیك APSA   و ئه‌نجوومه‌نی فیلمی ئه‌مه‌ریكای له‌ وڵاتی ئوستوراڵیا به‌ده‌ستهێنا.

  "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" Memories on Stone   ناوی فیلمه‌ تازه‌كه‌ی (شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی) یه‌ كه‌ ئێستا له‌ قۆناغی ئاماده‌كارییه‌، سیناریوی ئه‌م پروژه‌یه‌ له‌ نووسینی هاوبه‌شی (شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی) و (مه‌ممه‌د ئه‌كتاش) ه‌ و بڕیاره‌ له‌ ساڵی داهاتوودا كاری وێنه‌گرتنی ئه‌نجام بدرێت. ئه‌مه‌ دووه‌مین خه‌ڵاتی فیلمی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد"ه‌ كه‌ پێش وێنه‌گرتن وه‌ریده‌گرێت.

سندووقی فیلمی ئاكادیمیای خه‌ڵاته‌كانی ئیسكرین ئاسیا ـ په‌سیفیك ASIA-PACIFIC   و ئه‌نجوومه‌نی فیلمی ئه‌مه‌ریكا، ساڵی 2010 ده‌ستی به‌كار كردووه‌ و ئه‌م خه‌ڵاته‌ له‌ لایه‌ن APSA   وه‌كوو یارمه‌تییه‌كی ئابووری ساڵانه‌، پێشكه‌ش به‌ هونه‌رمه‌ندانی براوه‌ ده‌كرێت.

ئه‌مساڵ خه‌ڵاتی سندووقی فیلمی ئاكادیمیای خه‌ڵاته‌كانی ئیسكرین ئاسیا ـ په‌سیفیك و ئه‌نجوومه‌نی فیلمی ئه‌مه‌ریكا به‌ 4 سینه‌ماكار له‌ وڵاتانی جیهان پێشكه‌شكرا.

ده‌رهێنه‌ری كورد شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی ساڵی 2008 وه‌كوو ئه‌ندامی ئاكادیمیای خه‌ڵاتی سینه‌مایی ئیسكرینی ئاسیا ـ په‌سیفیك APSA   وه‌رگیرابوو، ئه‌م فیستیڤاڵه‌ هه‌موو

ساڵێك له‌ شاری گۆلدكۆئێستی وڵاتی ئوستوراڵیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئاكادیمیای خه‌ڵاتی سینه‌مایی ئسكرینی ئاسیا ـ په‌سیفیك له‌ ساڵی 2006 له‌ ئوستراڵیا بو مه‌به‌ستی دیاریكردنی باشترین به‌رهه‌مه‌كانی سینه‌مایی ئاسیا دامه‌زراوه‌ و هه‌موو ساڵیك بو هه‌موو بوارێك وه‌كوو خه‌ڵاتی ئوسكار، باشترین 5 كاندید هه‌ڵده‌بژێرێت و بانگهێشتیان ده‌كات و خه‌ڵاتی رێزلێنانیان پێی ده‌به‌خشێت و یه‌كێكیان وه‌كوو باشترین ده‌ستنیشان ده‌كات. ساڵی 2007 شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی به‌ فیلمی سینه‌مایی "په‌ڕینه‌وه‌ له‌ غوبار" Crossing The Dust له‌ فیستیڤاڵی ئاسیا په‌سیفیك به‌شداری كرد و یه‌كێك له‌ 5 باشترین ده‌رهینه‌ری فیستیڤاڵ هه‌ڵبژێردرا.

خه‌ڵاتی ئیسكرینی "ئاسیا ـ په‌سیفیك" له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی كوینزله‌ندی ئوستوڕاڵیا و به‌ پشتیوانی یۆنسكۆ و فیدراسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌كێتی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی فیلم (فیاپف) به‌ باشترینه‌كانی سینه‌مای ئاسیا ـ په‌سیفیك پێشكه‌ش ده‌كرێت.

شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا به‌ سیناریۆی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ به‌شی "پروژه‌كانی ئاسیا" له‌ شازده‌یه‌مین فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی پوسان له‌ كۆریای باشوور به‌شداری كرد و توانی خه‌ڵاتی باشترین سیناریوی فیستیڤاڵی گوتێبێرگ به‌ده‌ستبهێنێت.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.asiapacificscreenacademy.com/2011/11/apsa-announces-140000-in-development-grants-to-six-new-asia-pacific-films/