Red Purple Black

هونه‌رمه‌ندان "ده‌لیل میرساز و تریفه‌" سروودێك بۆ شه‌هیدانی كورته‌ك تۆمار ده‌كه‌ن

PDFPrintE-mail

له‌ رابه‌ر ره‌شیده‌وه‌ ...

 به‌ مه‌به‌ستی دیكۆمێنتكردن و به‌ مێژووكردنی تاوان و ره‌شه‌كوژییه‌كانی رژێمه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان و وه‌كو رێزلێنانێك له‌ گیانی شه‌هیدانی گوندی بۆڵه‌ی چیای كورته‌ك و له‌ درێژه‌ی كارو چالاكییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ری دیجله‌، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی سروودبێژ "ده‌لیل میرسازو تریفه‌ خدر" به‌ هاوبه‌شی سروودێك بۆ (7) شه‌هیده‌كه‌ی كورته‌ك ده‌چڕن. سرووده‌كه‌ به‌ هه‌ردوو شێوه‌زاری سۆرانی و كرمانجییه‌و هۆنراوه‌ی "رابه‌ر ره‌شیدو ده‌لیل میرساز"و ئاوازه‌كه‌یشی یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ شۆڕشگێڕییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی خه‌باتكار "ده‌لیل میرساز"و له‌ دابه‌شكردنی مۆسیزیان (مسته‌فا عه‌باس) ه‌. له‌ رۆژانی 24و25/11/2011 له‌ سلێمانی و بناری چیای پیره‌مه‌گرون و له‌سه‌ر گڵكۆی شه‌هیدانی كورته‌ك له‌ رانیه‌ له‌ لایه‌ن وێنه‌گری هونه‌رمه‌ند (بڕیار عه‌فرینی) و وێنه‌گر (رامان رۆژهه‌ڵاتی) یه‌وه‌ كاری وێنه‌گرتنی بۆ كراوه‌و له‌مڕۆژانه‌یش كاری مۆنتاژی ته‌واو ده‌بێت و بڕیاروایه‌ له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانی (MMCو ROJ   تیڤی و NEWROZ   تیڤی) بڵاوبكرێته‌وه‌.

   شایانی ئاماژه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشی دڕندانه‌ی فڕۆكه‌كانی رژێمی توركیای ره‌گه‌زپه‌رست بۆ سه‌ر هه‌رێمی قه‌ندیل، (7) هاووڵاتی گوندی بۆڵه‌ له‌ چیای كورته‌ك له‌ رۆژی 2011/8/21 بوونه‌ قوربانی كه‌ بریتی بوون له‌: (مام حوسێن مسته‌فاو شه‌هید مێرێ و رێزان حوسێن مسته‌فاو ئۆسكار عوزێر حوسێن و سۆنیا شه‌ماڵ حه‌سه‌ن و زانا حوسێن مسته‌فا و سۆلین شه‌ماڵ حه‌سه‌ن). هه‌ر لێرشه‌وه‌ خوازیارین دۆسیه‌ی ئه‌م شه‌هیده‌ نه‌مرانه‌ بگه‌یه‌نرێته‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی و تاوانباران به‌ سزای خۆیان بگه‌یه‌نرێن.

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.