Red Purple Black

ئاری هه‌رسین – به‌رپرسی لقی 21 پارتی: كێرڤی پارتی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای سلێمانی به‌ره‌و هه‌ڵكشانه‌ ... دیمانه‌: ستیڤان شه‌مزینانی

PDFPrintE-mail

* رووداوه‌كانی 17 شوبات كاریگه‌ریی هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێرڤی پارتی له‌ سلێمانی به‌رز ببێته‌وه‌

* ئه‌گه‌ر له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمدا كه‌مته‌رخه‌می هه‌بێت له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌ته‌

ئاری هه‌رسین به‌رپرسی لقی 21 پارتی له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌ی "شه‌پۆل"دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی پارتی له‌ سلێمانی و پاشان باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و پارتی ده‌كات. له‌ به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌شدا باس له‌ ئه‌گه‌ری وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ ده‌كات.

شه‌پۆل: له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو كێرڤی پارتی له‌ سلێمانی رووی له‌ دابه‌زین بووه‌ و له‌ ئێستادا بۆته‌ حزبی چواره‌م. پێتوایه‌ حاڵی حازر دۆخی پارتی و ئاستی جه‌ماوه‌ریی پارتی له‌ سلێمانی چۆنه‌؟.

ئاری هه‌رسین: به‌ رای من ئه‌و قسه‌یه‌ی ئێوه‌ راسته‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25-7-2009 و 7-3-2010 ده‌ركه‌وت كه‌ ئێمه‌ وه‌ك پارتی حزبی سێیه‌م یان چواره‌مین له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای سلێمانی، به‌ڵام من ده‌توانم به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بڵێم كه‌ له‌ ئێستادا كێرڤی پارتی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای سلێمانی به‌ره‌و هه‌ڵكشانه‌، ئه‌مه‌ش نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ سیحرمان كردبێت له‌ خه‌ڵكی، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و ئینتیباعه‌مان له‌لا دروست بووه‌ كه‌ خه‌ڵكی شاری سلێمانی وه‌ك شوێنه‌كانی تری كوردستان پێیانوایه‌ كه‌ پارتی له‌ ئیش و كاری خۆیدا زۆر جیددییه‌، زۆر به‌ په‌رۆشه‌ بۆ سه‌قامیگربوونی دیموكراسی و ئاشتی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا. ئه‌مه‌ش كارێكی كردووه‌ كه‌ جارێكی تر ئه‌و متمانه‌یه‌ ورده‌ ورده‌ به‌ پارتی زیاتر بێت له‌ ناو خه‌ڵكی شاری سلێمانیدا. بۆیه‌ به‌ بۆچوونی من به‌ڵێ ئێمه‌ زۆر فه‌رقمان كردووه‌ به‌به‌راوورد به‌ 7-8 مانگ له‌مه‌وپێش، جیاوازییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌و دابڕاوییه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی هاتووینه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ پێشتر هه‌بوو، ده‌رگامان كراوه‌تره‌ بۆ خه‌ڵك، بۆیه‌ ئێستا دۆخمان له‌ چه‌ند مانگ له‌مه‌وپێش زۆر باشتره‌.

شه‌پۆل: ئایا هیچ داتایه‌كی فه‌رمی و راپرسییه‌كتان له‌ به‌رده‌ستدایه‌ بیسه‌لمێنێت كێرڤی پارتی له‌ پارێزگای سلێمانی به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت یان ئه‌مه‌ ته‌نیا روانگه‌ی خۆتانه‌ وه‌ك پارتی؟.

ئاری هه‌رسین: نا داتا و راپرسیمان نییه‌، به‌ڵام من وتم ئێمه‌ وه‌ك پارتی ئه‌و روانگه‌یه‌مان له‌لا دروستبووه‌، ئه‌و روانگه‌یه‌ش به‌ هۆی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌موو چین و توێژه‌كانی خه‌ڵكی سلێمانی دروستبووه‌، به‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دروستبووه‌ و به‌ ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كه‌ین كه‌ ئێمه‌ وه‌ك پارتی له‌ سلێمانی چاره‌مان گران نییه‌ وه‌ك هه‌ندێك كه‌س لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.

شه‌پۆل: كه‌واته‌ به‌پێی روانگه‌ی ئێوه‌ بێت دوای 17 شوبات، پارتی له‌ سلێمانی له‌ بری ئه‌وه‌ی لاواز ببێت، به‌ره‌و به‌هێزیی ده‌ڕوات. ئایا هۆكاری ئه‌مه‌ چییه‌؟.

ئاری هه‌رسین: به‌ بۆچوونی من رووداوه‌كانی 17 شوبات شتێكی نه‌ویستراو بوون له‌لایه‌ن هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ دڵسۆزی ئه‌م وڵات و نیشتمانی كوردستانه‌ن، به‌ڵام له‌و رووداوانه‌شدا فاكتۆرێكی سته‌ملێكراویی پارتیشی تێدا ده‌ركه‌وت. خۆی عاده‌ته‌ن له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیشدا وایه‌ كه‌ لایه‌نی سته‌ملێكراو زیاتر پشتیوانی لێ ده‌كرێت. له‌ رووداوه‌ی 17 شوباتیشدا پارتی ته‌عه‌دای له‌ كه‌س نه‌كردبوو، نه‌چووبووه‌ سه‌ر كه‌س، به‌ڵكو له‌ ماڵی خۆی دانیشتبوو، خه‌ڵك هاته‌ سه‌ر ئه‌و. ئینجا بۆیه‌ من ته‌سه‌ور ده‌كه‌م به‌هۆی ئه‌و بارگرژییه‌ی هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن به‌ زۆر ویستیان پارتی بهێننه‌ ناویه‌وه‌، پارتی به‌ره‌و هه‌ڵكشان رۆیشت. بۆیه‌ من ده‌توانم بڵێم ئه‌و رووداوانه‌ یه‌كێك بوون له‌و فاكتۆرانه‌ی كاریگه‌ریی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی جارێكی تری كێرڤی پارتی له‌ سه‌ر ئاستی پارێزگای سلێمانی به‌رز ببێته‌وه‌.

شه‌پۆل: دۆخی كوردستان به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی هه‌رێم ده‌ڕوات، ئێوه‌ وه‌ك خۆتان چ پێشبینییه‌ك بۆ ئه‌نجامه‌كانی پارتی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌ت له‌ سنووری سلێمانیدا؟.

ئاری هه‌رسین: به‌شدارییكردن له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا له‌ هه‌ر وڵاتێكی دیموكراسیی دونیادا بریتییه‌ له‌ هونه‌ر. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌ زۆر شته‌وه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ په‌یوه‌ندیی به‌و یاسایه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تۆ هه‌ڵبژاردنی له‌ چوارچێوه‌دا ده‌كه‌یت، په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ به‌شێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كه‌ ئایا به‌ لیستی كراوه‌ یان نیمچه‌ كراوه‌ یاخۆ به‌ لیستی داخراو ده‌بێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ رۆڵ ده‌بینن له‌سه‌ر ئاكامی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان. هه‌تا ئێمه‌ نه‌زانین پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و تا له‌گه‌ڵ دۆستی ستراتیجی سه‌ره‌كی خۆمان "یه‌كێتی" نه‌زانین به‌ چ فۆرم و یاسایه‌ك هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، زه‌حمه‌ته‌ پێشبینییه‌كی دروست و عاقڵانه‌ بكه‌یت له‌سه‌ر ئاكامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان.

شه‌پۆل: پێتوایه‌ یه‌كێتی و پارتی ئه‌مجاره‌ش به‌ لیستی هاوبه‌ش به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان ده‌كه‌ن؟.

ئاری هه‌رسین: هه‌تا ئێستا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌كلا نه‌بۆته‌وه‌، به‌ڵام زۆر ئاساییه‌ چۆن پارتی و یه‌كێتی پێشتر به‌ یه‌ك لیست به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردووه‌، ئاوهاش ئاساییه‌ ئه‌مجاره‌ به‌ یه‌ك لیست به‌شداریی نه‌كه‌ین.

شه‌پۆل: سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت به‌مزووانه‌ ده‌درێته‌وه‌ به‌ پارتی، ئایا پارتی هه‌وڵینه‌داوه‌ شێوه‌ی كابینه‌كه‌ بگۆڕێت بۆ حكوومه‌تێكی بنكه‌ فراوان، ئه‌ویش به‌ به‌شداركردنی ئۆپۆزیسیۆن له‌ حكوومه‌تدا؟.

ئاری هه‌رسین: ئه‌گه‌ر سه‌یری رابردووی پێكهاتن و ته‌شكلیه‌ی ئه‌و كابینانه‌ی حكوومه‌ت بكه‌ین كه‌ به‌ده‌ستی پارتییه‌وه‌ بووه‌، خۆیان بۆ خۆیان قسه‌ ده‌كه‌ن. چوونكه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ حه‌زمان له‌ حكوومه‌تێكی بنكه‌ فراوان بووه‌، ئه‌مه‌ نه‌ك بۆ رازیكردنی ئۆپۆزیسیۆن، نه‌ك بۆ داخستنی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی، به‌ڵكو بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ توانا و بۆچوونه‌كانی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن.

شه‌پۆل: به‌م دواییانه‌ هه‌ست به‌ نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ده‌كرێت. ده‌كرێ بپرسین دوا په‌ره‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر سێ لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن و پارتی چۆنه‌؟.

ئاری هه‌رسین: ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌رشیف بكه‌ن، له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا كه‌ مانگی نۆ یان ده‌ی 2009 كه‌ جه‌نابی كاك نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "كه‌ی ئێن ئێن" ئه‌نجامیدا، كه‌ هه‌مووی سێ چوار مانگ دوای هه‌ڵبژاردنی 25-7 بوو، یه‌كێك له‌و شتانه‌ی جه‌نابی له‌ دیمانه‌كه‌دا باسی كرد ئه‌وه‌ بوو كه‌ وتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان 25 كورسی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌ده‌ستهێناوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ناتوانین گوێ له‌ ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان نه‌گرین كه‌ 25 نوێنه‌ری خۆی ناردۆته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌. ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ پێمانوابوو كه‌ بوونی هێزی ئۆپۆزیسیۆن شتێكی زۆر ئاساییه‌، به‌ڵام هیواخوازین كه‌ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له‌ چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی خه‌ڵكی كوردستاندا جموجۆڵی سیاسیی بكه‌ن. با ئه‌و راستییه‌ش به‌ ئاشكرا باس بكه‌ین كه‌ ئێمه‌ له‌ وڵاتێكداین كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌زموونی ئۆپۆزیسیۆن دروست ده‌بێت، پێویستمان به‌ كات هه‌یه‌ بۆ فێربوون و وه‌رگرتنی ئه‌زموون بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا، هه‌روه‌ك چۆن ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ش پێویستی زۆری به‌ كات هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست و ماقووڵ له‌گه‌ڵ لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداردا بكات.

شه‌پۆل: پێتوانییه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیجی نێوان پارتی و یه‌كێتی فراوان بكرێت و بكرێته‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیجی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی كورستان؟.

ئاری هه‌رسین: به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی هه‌نگاوی جیددی نراوه‌ بۆ دروستكردنی رێككه‌وتننامه‌یه‌كی ستراتیجی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ویش به‌ دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كانی كوردستان كه‌ هه‌موو كات پێش ئه‌وه‌ی لیژنه‌ یان شاندێك بڕوات بۆ به‌غداد كۆبوونه‌وه‌ی ده‌كه‌ن و بڕیاری هاوبه‌ش ده‌رده‌كه‌ن، یان له‌ كاتی بوونی هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر هه‌رێم كۆده‌بنه‌وه‌ و بڕیاری هاوبه‌ش وه‌رده‌گرن و ده‌ده‌ن، جگه‌ له‌مه‌ش فراوانكردنی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیجی وه‌ك فكره‌ هه‌یه‌ و هه‌نگاویشی بۆ نراوه‌. به‌ڵام كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ئه‌وه‌یان من نایزانم.

شه‌پۆل: یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێیانوایه‌ راسپارده‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌ك كاریان پێناكرێت به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن. ئێوه‌ له‌ مباره‌وه‌ چ سه‌رنجێكتان هه‌یه‌؟.

ئاری هه‌رسین: نه‌خێر وانییه‌. ئێوه‌ خۆتان رۆژنامه‌نووسن و ئه‌گه‌ر به‌دواداچوون بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌مه‌، باش ده‌زانن ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رده‌چن، ده‌چنه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، چوونكه‌ لایه‌نی جێبه‌جێكار ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌. ئه‌وان ده‌بێ بڕیاره‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ جێبه‌جێكردندا كه‌موكوڕیی هه‌بێت ئه‌وه‌ خه‌تای حكوومه‌ته‌ كه‌ جێبه‌جێی نه‌كردووه‌ ئه‌گه‌رنا بڕیاره‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رچوون.

شه‌پۆل: كه‌واته‌ تۆ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌ بۆ حكوومه‌ت؟.

ئاری هه‌رسین: ئه‌گه‌ر له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمدا كه‌مته‌رخه‌می هه‌بێت، ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌ نه‌ك سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.