Red Purple Black

(شه‌هێن) ی درامای ئاكامی نهێنییه‌كان: دراماكه‌ له‌ هه‌ندی رێكخراوه‌كانی ژنان باشتر خزمه‌تی به‌ ژنان كرد ... چاوپێكه‌وتن: زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

زنجیره‌ درامای "ئاكامی نه‌هێنییه‌كان" كه‌ له‌ 10 ئه‌ڵقه‌ پێكهاتبوو، شه‌وانه‌ له‌كه‌ناڵی كوردسات په‌خشده‌كرا و چیرۆكه‌كه‌ی باسی له‌كێشه‌كانی ژنان ده‌كات، سیناریۆ و ده‌رهێنانی سالار سوڵتان بوو، له‌دراماكه‌دا خانمه‌ ئه‌كته‌ر هه‌ژان هێرش رۆڵی "شه‌هێن" و نزار سه‌لامی رۆڵی "نه‌به‌ز"ی ده‌بینی، كه‌ له‌دراماكه‌دا هاوسه‌ری یه‌كترن و نه‌به‌ز خیانه‌تی لێده‌كات و له‌ئه‌نجامدا شه‌هێن ده‌چێته‌ شێڵته‌رێكی پاراستنی ژنان له‌نه‌به‌ز جیاده‌بێته‌وه‌، دوای ته‌واوبوونی په‌خشی دراماكه‌، (سڤیل) ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ژان هێرش ئه‌نجامدا.

پرسیار: دوای په‌خشی زنجیره‌ درامای "ئاكامی نهێنییه‌كان". تۆ ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی دراماكه‌ بووی، هه‌ندی له‌چالاكوانانی مافی ئافره‌تان پێیان وابوو ئه‌و درامایه‌ كاریگه‌ری زۆر خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر كێشه‌ی ژنان له‌كوردستان، چونكه‌ دراماكه‌ ژنان فێری شێڵته‌ره‌كان ده‌كات و له‌گه‌ڵ بچووكترین كێشه‌ ماڵه‌وه‌ جێبهێڵن تۆ له‌باره‌یه‌وه‌ چیده‌ڵێی؟

هه‌ژان: ئه‌م پرسیاره‌ په‌یوه‌ندی به‌ سینارسته‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌رای من دراما یاخود هه‌ر كارێكی هونه‌ری كارده‌كرێت له‌سه‌ر به‌شێك له‌ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ت، جا ئه‌و ژیانه‌ هه‌ر چییه‌ك بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندی خه‌ڵك به‌رده‌وام بۆ ره‌خنه‌ سه‌یری كاره‌ هونه‌رییه‌كان ده‌كات، ئه‌و چاوه‌ ره‌خنه‌یه‌ی چێژی كاره‌كه‌ی بیرده‌باته‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ بڵێم ئه‌م درامایه‌ ره‌خنه‌ هه‌ڵناگرێت، دواتر سیناریۆی ئه‌و درامایه‌ رووداوی راسته‌قینه‌یه‌، پاشان خیانه‌ت و كێشه‌كانی تریش كێشه‌ی بچووك نه‌بوون تاوه‌كو ژن له‌مێرده‌كانیان قبووڵ بكات، به‌ڵام كۆتایی هه‌موو كێشه‌كانیش جیابوونه‌وه‌ نه‌بوو، هه‌ندی له‌ژنه‌كانیان ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ لای مێرده‌كانیان.

پرسیار: پێت وانییه‌ شێڵته‌ره‌كان وه‌ك هۆتێلێكی خۆش نیشانی ژنان درا؟

هه‌ژان: هیوادارم خه‌ڵك به‌ هه‌ڵه‌ له‌ شێڵته‌ره‌كان تێنه‌گه‌یشتبن، خۆ شێڵته‌ر سجن نییه‌ تاوه‌كو ناخۆش نیشان بدرێت، جێگه‌یه‌كی كاتییه‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌ی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌یه‌ و هیچی تر.

پرسیار: له‌سه‌ر داواكاری خۆت بوو كه‌ به‌شداری له‌و درامایه‌ بكه‌ی یاخود له‌سه‌ر داواكاری تر بووه‌؟

هه‌ژان: بڕوا ناكه‌م هیچ ئه‌كته‌رێك بتوانی نواندن بكات و ویستی خۆی تێدا نه‌بێت، له‌سه‌ره‌تای كاسینی دراماكه‌ كاك سالار ده‌رهێنه‌ری دراماكه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم، بۆ كاره‌كته‌ری شه‌هێن، دوای بیركردنه‌وه‌م واتریش كه‌ تێستم كردم و كاره‌كته‌ره‌كه‌م پێباش بوو، چونكه‌ پێموابوو ئه‌كته‌ر له‌و كاره‌كته‌ره‌دا ده‌توانێت توانای خۆی تێدا ده‌ربخات.

پرسیار: مه‌به‌ستی به‌شداریكردنت له‌و درامایه‌ چی بوو؟

هه‌ژان: وه‌كو له‌سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌م بۆ كرد، كاره‌كته‌ری شه‌هێن سه‌رنجی راكێشام و حه‌زمكرد وه‌كو شه‌هێن به‌رجه‌سته‌ی بكه‌م و هه‌ژان نه‌بم.

پرسیار: بڕوات ده‌كرد دراماكه‌تان ببێته‌ مایه‌ی ره‌خنه‌گرتنی چالاكوانی مافی ژنان؟

هه‌ژان: خۆ كارێكی خراپمان نه‌كردووه‌، به‌ڵام پێموایه‌ له‌زۆر كۆبوونه‌وه‌ و سیمیناری هه‌ندی له‌رێكخراوه‌كانی ژنان باشتر خزمه‌تی به‌ژنان كرد، له‌گه‌ڵ رێزم بۆ ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ڕێزانه‌ی به‌رده‌وام له‌خزمه‌تی ژنان دان.

پرسیار: دوای په‌خشكردنی دراماكه‌، كاتێك له‌بازاڕ یاخود له‌شوێنێكی گشتی خه‌ڵك تۆی ده‌بینی، پرسیاریان لێده‌كری، ئه‌گه‌ر قسه‌یان له‌گه‌ڵت ده‌كرد به‌گشتی چیان ده‌گوت؟

هه‌ژان: من سوپاسی هه‌موو گه‌له‌كه‌م ده‌كه‌م له‌هه‌ر كوێیه‌ك بن، چونكه‌ به‌راستی ده‌ستخۆشییه‌كانیان زیاتر ئه‌ركی منی قورستر كرد، كه‌ كاری باشتر و باشتر بكه‌م، سوپاسی ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كه‌م كه‌ ره‌خنه‌یان هه‌بووه‌ و هه‌وڵده‌ده‌م له‌كاره‌كانی داهاتوومدا سوودی لێوه‌ربگرم.

پرسیار: له‌م درامایه‌دا هاوسه‌ره‌كه‌ت تاچه‌ند هاوكارت بوو؟

هه‌ژان: ده‌روون گێژه‌ن هه‌میشه‌ هاوكارێكی باشی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی منه‌، به‌تایبه‌ت له‌م كاره‌دا كه‌ خۆشی یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر بوو، هه‌ر گرفتێكم هه‌بوایه‌ له‌م كاره‌دا ده‌روون هاوكاری ده‌كردم.

پرسیار: ساڵی چه‌ند له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ده‌رون ژیانی هاوسه‌ریتان پێكهێناوه‌، به‌خۆشه‌ویستی بوو یان به‌رێكه‌وت؟

هه‌ژان: به‌ڵی به‌خۆشه‌ویستی ژیانی هاوسه‌ریمان پێكهێنا و له‌ 10/3/2010 ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیریمان گێڕا.

پرسیار: غیره‌ت له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ت هه‌یه‌، قه‌ت هه‌ست ده‌كه‌ی رۆژێك خیانه‌تت لێ بكات؟

هه‌ژان: به‌پێكه‌نینه‌وه‌، تۆزێك غیره‌م لێی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌خۆشه‌ویستی منه‌ بۆ ئه‌و، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ خیانه‌تم لێ ناكات، چونكه‌ ئێمه‌ هاوڕێیانه‌ ژیان به‌سه‌رده‌به‌ین.

پرسیار: تاچه‌ند خوێندووه‌؟

هه‌ژان: ئێستا خوێندكاری قۆناغی سێیه‌می كۆلیژی راگه‌یاندنم له‌ زانكۆی سلێمانی.

پرسیار: له‌گه‌ڵ ئیشوكاری ناوماڵ چۆنی؟

هه‌ژان: له‌به‌رئه‌وه‌ی من و ده‌رونیش له‌ده‌ره‌وه‌ زۆر سه‌رقاڵین، ماڵه‌وه‌مان لاشیرینه‌ و حه‌زیشم له‌ئیشی ماڵه‌كه‌مه‌ به‌تایبه‌ت چێشتلێنان.

پرسیار: بۆچی فه‌یسبووكت نییه‌؟

هه‌ژان: ئه‌و پرسیاره‌م زۆر لامه‌به‌سته‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی تائێستا من فه‌یسبووكم نییه‌، به‌ڵام چه‌ند كه‌سێك به‌ناوی منه‌وه‌ فه‌یسبووكیان داناوه‌ و به‌ناوی منیشه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام من رێزم بۆیان هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بیستوومه‌ و سه‌یری ده‌كه‌م كاری خراپی پێوه‌ ناكه‌ن و به‌ڕێزه‌وه‌ لاپه‌ره‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بن.

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری سڤیل

zanadzey@yahoo. com


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.