Red Purple Black

هه‌ڵبژێردراوانی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی دهۆك ـ به‌رلین دیاریكران

PDFPrintE-mail

هه‌ڵبژێردراوانی به‌شی پێشبڕكێی كورته‌ فیلمی شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی دهۆك ـ به‌رلین دیاری كران و ته‌ندیسی فیستیڤاڵ، دیپڵۆمای فه‌خری و خه‌ڵاتی نه‌قدی به‌سه‌ر هونه‌رمه‌نداندا دابه‌شكرا.

به‌ پێی ڕاپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی به‌رلین ـ دهۆك، رێوڕه‌سمی كۆتایی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی فیلمی كوردی دهۆك ـ به‌رلین، به‌ به‌شداری ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوان، ده‌رهێنه‌ره‌كانی به‌شداربوو له‌ فیستیڤاڵ و هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ما له‌ هۆڵی كۆنگره‌ی زانكۆی شاری دهۆك به‌ڕێوه‌چوو. له‌م به‌رنامه‌یه‌دا سه‌ره‌تا عادڵ حه‌سه‌ن سه‌رۆكی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی دهۆك ـ به‌رلین سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ وتارێكی پێشكه‌ش كرد و له‌ درێژه‌دا ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوانی فیستیڤاڵ ده‌نگه‌كانی خۆیان راگه‌یاند و ته‌ندیسی فیستیڤاڵ، دیپڵۆمای فه‌خری و خه‌ڵاتی نه‌قدی به‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی سه‌ركه‌توودا دابه‌شكرا.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ری ئه‌م فیستیڤاڵه‌ كه‌ بریتی بوون له‌: مه‌مه‌د ئه‌كتاش به‌رهه‌مهێنه‌ر و سه‌رۆكی كۆمپانیای سینه‌مایی "میتۆس فیلم" له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا وه‌كوو سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوبژیوان، شه‌وكه‌ت ئه‌مین كۆركی ده‌رهێنه‌ری دوو فیلمی سینه‌مایی له‌ هه‌رێمی كوردستان، نیزامه‌دین ئاریچ سترانبێژ و موزیكزان له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، برێند بۆدێر یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی بێرلیناڵه‌ له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا و خاتوو ئێلینا سكرزیۆسكا له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكا ده‌نگه‌كانی خۆیان به‌م شێوه‌یه‌ راگه‌یاند:

ـ پله‌ی یه‌كه‌م:

ته‌ندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فه‌خری پێشكه‌ش كرا به‌ جه‌لال ساعیدپه‌نا بۆ سازكردنی كورته‌ فیلمی "ده‌نگی باران" له‌ شاری سنه‌ له‌ كوردستانی ئێران.

ـ پله‌ی دووه‌م:

ته‌ندیسی زێوینی فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فه‌خری به‌خشرا به‌ بێنیوسا بێریڤان بۆ سازكردنی كورته‌ فیلمی "پیاسه‌ كردن" له‌ شاری برووكسێل له‌ وڵاتی به‌لجیكا.

ـ پله‌ی سێیه‌م:

ته‌ندیسی بوره‌نزی فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فه‌خری پێشكه‌ش كرا به‌ ئارییه‌ن ئانان ئه‌سڵان بۆ سازكردنی كورته‌ فیلمی "پێش بانگ" له‌ شاری ده‌رسیم له‌ باكووری كوردستان.

ـ خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی ناوبژیوان:

ته‌ندیسی فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فه‌خری به‌خشرا به‌ حوسێن حه‌سه‌ن بۆ سازكردنی كورته‌ فیلمی "وڵام نییه‌" له‌ شاری دهۆك له‌ هه‌رێمی كوردستان.

جێی ئاماژه‌ پێدانه‌ له‌ یه‌كێك له‌ رۆژانی فیستیڤاڵدا به‌رێوه‌به‌رانی شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی به‌رلین ـ دهۆك له‌ كارێكی شایسته‌دا به‌ پێشكه‌ش كردنی ته‌ندیس فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فه‌خری و چه‌پكه‌ گوڵ، رێزیان له‌ چه‌ندین كه‌سایه‌تی كورد گرت كه‌ به‌ كار و ماندووبوونی خۆیان خزمه‌تیان به‌ هونه‌ری سینه‌ما كردووه‌، له‌وانه‌: "فاتۆش گونه‌ی" هاوسه‌ری سینه‌ماكاری ناودار و گه‌وره‌ی كورد یۆڵماز گونه‌ی، "محه‌مه‌د موحسین" پێشمه‌رگه‌ی دێرین و هاوڕێی ئێستای سینه‌ماكارانی كورد و عه‌باس غه‌زالی به‌رهه‌مهێنه‌ری چه‌ندین فیلمی سینه‌مایی و فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی و كورته‌ فیلم.

خاڵێكی دیكه‌ی به‌رچاوی شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی به‌رلین ـ دهۆك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار، فیلمی سینه‌مایی "یۆڵ" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری هه‌ڵگری خه‌ڵاتی چڵه‌ به‌ڕووی كان "یۆڵماز گونه‌ی" به‌ زمانی كوردی بڵاوكرایه‌وه‌. ئه‌م فیلمه‌ به‌ هاوكاری كۆمپانیایی "میتۆس فیلم" دوبڵاژكرابۆوه‌ بۆ سه‌ر زمانی كوردی.

شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی دهۆك ـ به‌رلین له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هونه‌ری دهۆك سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ هاوبه‌شی و هاوكاری كۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی ئه‌ڵمانی و هه‌روه‌ها به‌ سپۆنسه‌ری نزیكه‌ی 20 ناوه‌ندی كلتووری، رۆشنبیری و هونه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌ نمایشكردنی 9 فیلمی سینه‌مایی، 4 فیلمی دیكۆمێنتاری و 11 كورته‌ فیلم له‌ به‌شی پێشبڕكێی و 12 كورته‌ فیلم له‌ به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌ سینه‌ماكارانی كورد و بیانی له‌ وڵاتانی توركیا، ئێران، ئه‌ڵمانیا، كه‌نه‌دا، فه‌ره‌نسا، نه‌رویج، به‌لجیكا و هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها 8 سیمیناری پسپۆڕانه‌ له‌سه‌ر هونه‌ری سینه‌ما له‌ رۆژانی 12 تا 17ی دیسه‌مبه‌ری 2011 له‌ هۆڵی كۆنگره‌ی زانكۆی دهۆك و هۆڵی هوتێل ژیانی ئه‌م شاره‌ به‌ڕێوه‌چوو و له‌ لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ پێشوازییه‌كی باشی لێكرا.

راگه‌یاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی به‌رلین ـ دهۆك.

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.